هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

عه‌ره‌فات كه‌ره‌م سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز هاواری ده‌كرد و ده‌یوت؛ ئه‌م دیموكراسییه‌ی عیراق ئێمه‌ دروستمان كردووه‌ و، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ئێمه‌ له‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بین و، به‌غدا بۆ كه‌س به‌جێ ناهێڵێن، موزایه‌ده‌مان به‌سه‌ردا بكات و، یه‌كه‌مین شوێن په‌نای بۆ به‌رین بۆ وتوێژ به‌غدایه‌. هه‌ر لێره‌دا كۆمه‌ڵێك پرسیارم به‌میشكدا هات:
A- ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسیه‌ و ئێوه‌ دروستتان كردووه‌، بۆچی ئه‌م ماوه‌ دوورودرێژه‌ ته‌بڵی ئه‌وه‌ لێده‌ده‌ن كه‌ عیراق له‌ شڵه‌ژانێكدا ده‌ژی و، بواری پراكتیزه‌كردنی دیموكراسی تێدا نابێته‌وه‌ و، هه‌ر به‌عه‌قڵی ناوه‌ندێتی و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و كه‌مایه‌تیه‌كانی تردا ده‌كات و، هه‌زار و یه‌ك نمونه‌ی پێشیلكاریتان باس ده‌كرد و، به‌هانه‌تان بۆ نادیموكراسیبونی به‌غدا ده‌هێنایه‌وه‌.
B- ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دیموكراسیتان له‌به‌غدا چه‌سپاندووه‌، خێره‌ له‌ كوردستان ئه‌وه‌ی به‌ دیموكراسیتان كرد با به‌ده‌واری شڕی نه‌كردبێت و گرنگترین و پێویسترین ده‌زگای دیموكراسیتان په‌كخست. كه‌سانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكتان به‌ فه‌رمانی حزب نارده‌ ماڵه‌وه‌ و، شه‌قێكتان وه‌شاندوه‌ هه‌ر وه‌ك سه‌ركرده‌ ملهوره‌كان قاچتان له‌ چمكی كه‌واكه‌ گیری به‌ستووه‌ و لیی نابێته‌وه‌ و بۆتان چاره‌نه‌كرێت.
C- ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسی بێت و ئێوه‌ش بنیاتنه‌ری بن، بۆچی ئیستا و هه‌ر له‌م كاته‌دا حزبه‌كه‌ی كاكه‌ عه‌ره‌فات ده‌ڵێت: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ناكۆكیه‌كانی به‌غدا و كوردستان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و جیابونه‌وه‌یه‌ و وا موزایه‌ده‌ به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیه‌شه‌وه‌ ده‌كه‌ن, كه‌ خه‌ڵك واده‌زانێت سالێك نابات ئاڵای كوردستان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌شه‌كێته‌وه‌.
D- ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسیه‌ و ئێوه‌ش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌تان به‌خوتان داوه‌ كه‌ ئه‌ودیموكراسیه‌ته‌ به‌ری ره‌نجی ئێوه‌یه‌. خێره‌ هه‌ر به‌ قسه‌ی ئێوه‌، هه‌ر ئه‌م به‌غدایه‌ ماف و پێویستیه‌كانی گه‌لی كوردستان دابین ناكات و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌یسه‌ر ناكات، كه‌ به‌خۆتان به‌ ئاشكرا قسه‌ له‌م باره‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵین له‌ ناعه‌داله‌تی به‌غدا په‌نامان بۆ شوێنی تر بردووه‌.
E- ئه‌گه‌ر ئێوه‌ دیموكراسیتان له‌ به‌غدا چه‌سپاندووه‌، یه‌كێك له‌كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی دیموكراسی به‌باشی به‌كارهێنانی ئابووری وڵاته‌ و باشكردنی داهاتی خه‌ڵك و به‌یه‌كسانی مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاوڵاتیاندا، ئه‌ی خێره‌ ئێوه‌ ئیدعای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ باشترین رێگه‌ بۆ خزمه‌تی كوردستان و راییكردنی كاروباری ئیداری هه‌رێم له‌ رێی سه‌ربه‌خۆی ئابوورییه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌به‌غدا ده‌بێت و، به‌م بۆچونه‌تان یه‌ك دونیا زه‌ره‌ر‌تان له‌ كوردستان دا و خستتانه‌ قه‌یرانێكی ئابوری واوه‌ كه‌ ناتوانن ته‌نانه‌ت مه‌عاشی فه‌رمانبه‌ران دابین بكه‌ن .
F- ئه‌گه‌ر ئێوه‌ شانازی به‌ دیموكراسی به‌غداوه‌ ده‌كه‌ن، بۆچی هه‌را وهوریاتان گه‌یشتۆته‌ ئاسمان و ده‌ڵێن ‌تا ئێستا به‌غدا هیچ حه‌قوحقوقی پێشمه‌رگه‌ و جوتیارانی دابین نه‌كردووه‌ و فه‌رقو جیاوازی له‌ نێوان ئه‌و هێزانه‌دا ده‌كات كه‌ شه‌ری داعش ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت رێگڕی ده‌كات له‌ گه‌یشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌ به‌خشراوه‌كانی ده‌وڵه‌تانیش به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
G- جا ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسی بێت و ئێوه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆڵی سه‌ره‌كیتان بینیوه‌ له‌و چه‌مكه‌ چه‌سپیوه‌دا، بۆچی په‌یوه‌ندیه‌كانتان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وره‌به‌ر و جیهاندا به‌ده‌ر له‌ به‌غدا ده‌به‌ستن و ئاستی په‌وه‌ندیه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌ر هیچ نه‌بێت با به‌قه‌ده‌ر ئه‌وان نیه‌.
H- ئه‌گه‌ر به‌غدا دیموكراسیه‌كه‌ی ئێوه‌ پراكتیزه‌ ده‌كات، بۆچی نارازیبون له‌ده‌ركردنی وه‌زیره‌كه‌تان له‌ به‌غدا و یه‌كێك بۆ جێگره‌وه‌ی دانانێن و به‌ قسه‌ی خۆتان هه‌رچی به‌رپرسی ئێوه‌ له‌به‌غدا بێت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ده‌رده‌كرێن، به‌ قسه‌ی ئێوه‌ بێت؛ ئه‌مانه‌ی ئێوه‌ ده‌ست و داوێن پاك و زاهیدن و ئه‌وان بوختانیان بۆ ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی راوه‌دویان ده‌نێن و راده‌كه‌ن بۆ كوردستان.
لێره‌دا ده‌بێت یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و بۆ خه‌ڵكی كوردستان روونی بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م دووفاقیه‌ته‌ وه‌لاوه‌نێن، یان به‌غدا مافی كوردی زه‌وت كردووه‌ و نادیموكراسیه‌ و باشترین چاره‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه‌یه‌، یان دیموكراسی عه‌یار بیست و چواره‌ و ئێوه‌ ده‌ستان هه‌یه‌ له‌و سیما جوانه‌ی و به‌رهه‌می دیموكراسیه‌ته‌كه‌ی به‌ر ئێوه‌ش ده‌كه‌وێت و ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ودا رێكبكه‌ون، نه‌ك ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بكه‌نه‌ داری ده‌ستتان بۆ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانتان له‌مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد یان له‌ملاوئه‌ولا دا، نه‌ك بۆچه‌واشه‌كاری شیعاری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به‌كار بێنن.
له‌وێشدا ئه‌گه‌ر به‌غدا مافه‌كانی كوردی به‌و دیموكراسیه‌ دابینكردووه‌ و ده‌توانێت ته‌نانه‌ت میله‌تی كرودیش بخهاته‌ خێرو خۆشیوه‌ ئه‌ی ئه‌م ئیدعا چه‌واشه‌كاریه‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌تان بۆچیه‌. له‌م راوبۆچون و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌ی پاتری جوهه‌ری نیاز و مه‌رامی پارتی له‌م سه‌رقاڵكردنه‌ی خه‌ڵك به‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ته‌نها ریفراندۆمیان وه‌ك كارتێك ده‌وێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌غدایه‌ی كه‌ به‌خۆیان دیموكراسیان تێدا فه‌رزكردووه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی به‌كار بێنن و هیچیتر

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت