هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

له‌م كاته‌دا كه‌ گه‌لی توركیا به‌ده‌ست قه‌یرانه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌تایبه‌تی له‌م رۆژانه‌دا (وا چاوه‌روان ده‌كرێت درێژه‌بكێشێت)، داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی توركیا شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌لارێكی چوار نهۆمی له‌ توركیا له‌ زێری عه‌یار بیست و چوار دروستكراوه‌ و ته‌نانه‌ت حه‌نه‌فیه‌ و جوانكاری و نه‌خشه‌ی دیواری ده‌ره‌ و ناوه‌وه‌ی له‌و ئاڵتونه‌یه‌. ئا له‌م بۆچون و قه‌ناعه‌ته‌ی حكومه‌ت و حزب و كه‌سانێك بروانه‌ كه‌ شه‌و و رۆژ ئیدعای یه‌كسانی و خزمه‌تی خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌ت ده‌كه‌ن و ژیانی خه‌ڵك جگه‌ له‌ سته‌م و سه‌ختی هیچ به‌خۆیه‌نه‌وه‌ نابینێت.
ئه‌وه‌ی له‌ ژیانی دانیشتوانی توركیا وردبێته‌وه‌ ده‌زانێت جیاوازی ئاستی ژیانیان له‌ چ ئاستێكدایه‌، خه‌ڵكانێك هه‌موو ئێشێك ( دوور له‌ بنه‌ما و ئه‌و قسانه‌ی كه‌ سه‌رۆك و عه‌قیده‌كه‌ی ده‌یكه‌ن ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر حسابی و شه‌ره‌ف و كه‌رماه‌ت و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كانیش بێت) له‌ پێناو لیره‌یه‌كدا ده‌كه‌ن و، له‌به‌رامبه‌ردا خه‌لكی تریش چه‌ند زیاده‌رۆیی له‌ ‌ده‌ستبڵاوی بێ سنوور و به‌ فیرۆدانی ماڵ و موڵك و له‌ خۆباییبوون و نه‌بونی یه‌ك زه‌ڕه‌ هه‌ستكردن به‌ ئازار و مه‌ینه‌تی ئه‌ویتر ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر به‌دوای هۆكاره‌وه‌ بگه‌رێیت جگه‌ له‌م سیستمه‌ تێكه‌ڵاوه‌ تاك و ده‌گمه‌ن و بێ وێنه‌یه‌ی رژێمی ئیسلامی سه‌ڵته‌نه‌تی و ئیمبراتۆریانه‌ی نوێی ئۆردوگان هیچ شتێكی تێدا نادۆزیته‌وه‌.
بۆیه‌ له‌م روانگه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ی سه‌رسامه‌ به‌ سیستمه‌ ئیسلامیه‌كه‌ی توركیا و به‌ كه‌سایه‌تی ئه‌ردۆگان و و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی، كه‌ شه‌و و رۆژ قه‌وانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری ده‌داته‌وه‌، با وه‌ڵامی خۆی بداته‌وه‌، باوه‌ر به‌ عه‌قیده‌یه‌ك وا ده‌كات كه‌ ده‌ڵێت خزمه‌تی هه‌ژار و دامام و سه‌رگه‌رادن و سه‌ره‌رێ و بێ ده‌رامه‌ت له‌ ناخی ئایینه‌كه‌یدایه‌و شه‌و رۆژ به‌ گو‌ێی لایه‌نگر و هه‌وادارانیاندا ده‌ده‌نه‌وه‌ ئه‌م ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ و پراكتیزه‌كردنی ئه‌و عه‌قڵیه‌ت و بۆچونه‌ی به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ له‌ توركیا ده‌كرێت، چیه‌؟
له‌م كاته‌دا كه‌ به‌رده‌وام به‌های لیره‌ی توركی له‌ هاڕه‌كردندایه‌ و ئه‌ركی هه‌ژاران قورستر ده‌بێت و كاری نابه‌جێی دوور له‌ جه‌وهه‌ر و رووكه‌شی ئه‌و باوه‌ره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، باشتر نیه‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ تا بیناقاقیان هاتووه‌ له‌جیاتی شانازی كردن به‌ كۆشك و ته‌لار و كاری رواڵه‌تی بێ بایه‌خ كه‌ جگه‌ له‌ خۆ به‌زلزانی و لوتبه‌رزی هیچ قازانجێكی بۆ خۆیان و بۆ كه‌سیش نیه‌. ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ ته‌حه‌دا كردن به‌م عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ نابێت، كه‌ له‌ دواییدا جگه‌ له‌ ماڵوێرانی هیچیان بۆ ناگه‌رێته‌وه‌ و یاریكردن له‌سه‌ر حسابی میله‌ت و به‌‌تایبه‌تی هه‌ژاران جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و خۆزه‌لیل كردن هیچی تر نیه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بێت باجه‌كه‌ی بده‌ن، ئه‌مرۆ سه‌ختیه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر چینه‌ داماوه‌كه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بێت باجه‌كه‌ی بده‌ن و چاره‌نوسیان نادیار ده‌رده‌كه‌وێت و كاریگه‌ری ئه‌و گۆرانه‌ چاوه‌روانكراوه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ش ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ ئێمه‌، كه‌ تا ئێتا به‌ده‌ستی گه‌نده‌ڵی و نه‌زانی و بێ حیكمه‌تی ده‌سڵاتی كوردستان ده‌ناڵیین، له‌ به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكی لاساییكه‌ره‌وه‌ی سوڵتان و حزب و عه‌قیده‌كه‌ی په‌ند له‌م كرده‌وانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رز وه‌ربگرن و له‌مه‌ زیاتر پۆز به‌ شێوه‌ سیستمه‌كه‌ی ئه‌ردۆگانه‌وه‌ لێنه‌ده‌ن و خه‌ڵكی كوردستان توشی ماڵوێرانی زیاتر نه‌كه‌ن. ‌

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.