هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئه‌گه‌ر پارتی له‌به‌رچه‌ندین هۆكاری خودی و به‌تایبه‌تی بازدان به‌ سه‌ر كێشه‌ و قه‌یرانه‌كاندا ده‌ستی بۆ ریفراندۆم بردبێت، به‌ڵام ناكرێت خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانی پارتیش هه‌ڵوێستی راستوره‌وا له‌مه‌ر پرسه‌ گشتی و ره‌هه‌نده‌ نیشتمانیه‌كان به‌ شتی تایبه‌تیه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی دوژمنانی گه‌لی كوردستانیش به‌ قازانج بۆ میله‌ته‌كه‌مان بكه‌وێته‌وه‌ نابێت ره‌تبكرێته‌وه. له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌نده‌ كوردستان نوقمی ململانێی حزبی كراوه‌، سه‌ریان له‌ خه‌ڵك تێكداوه‌ و به‌ زه‌حمه‌ت چاك له‌ خراپ جیاده‌كرێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌م كه‌ زۆرێك له‌ رۆشنبیرانیش به‌و ده‌رده‌ براون و هه‌وڵی رێنوێنی هه‌ڵه‌ش به‌گه‌لی كوردستان ده‌ده‌ن. لێره‌دا دوور له‌ درێژدادریی و ململانێی حزبی و كێبركێی پۆپۆلیستانه‌، ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ به‌سن كه‌ وامان لێبكات له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا بین:
1- له‌ ڕووی كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یزانین ته‌نانه‌ت پیاده‌كردنی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان زۆر دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام هه‌مووان باش ده‌زانن كه‌ له‌م وه‌زعه‌ ئاڵۆزه‌ و شه‌ریی داعش و ناكۆكی ناوچه‌یی نێوان ده‌وڵه‌تان، ئه‌م ئامانجه‌ و كاته‌كه‌ی فه‌راهه‌م نه‌بێت ئه‌وا له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ گۆرینی بارودۆخه‌كه‌ و فه‌راهه‌مبونی نیمچه‌ ئارامی و ئۆقره‌یی وڵاتانی ده‌وروبه‌رو ناوه‌ندی عیراق، ئه‌وا هیچ بوارێك بۆ ئه‌م ئامانجه‌ چاره‌نوسسازه‌ نامێنێت.
2- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌باوره‌دا نین كه‌ كتوپر گه‌لانی سه‌رده‌ستی ئه‌م وڵاتانه‌ی له‌مه‌ر خۆمان ته‌نانه‌ت له‌ داهاتویه‌كی دووریشدا بگۆرێن بۆ خه‌ڵكێكی ئازاد و مرۆڤدۆست وڵاتێكی دیموكراسی و پێشكه‌وتووی عه‌یار بیستوچوار و بورای ئه‌وه‌مان بده‌ن بۆ مافی ره‌وای خۆمان به‌ شێوه‌یه‌كی دیموكراسی داواكاری و حه‌قی ره‌واو ته‌نانه‌ت ڕاووبۆچونی تایبه‌ت به‌ چاره‌نوسمان ده‌ربرین.
3- كه‌س له‌وباوه‌ره‌دا نیه‌ كه‌ گه‌لانی ئه‌م وڵاتانه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانیش كه‌ زاده‌ی بیرو رۆشنبیری و مێژوو و دابونه‌ریتی ئه‌م گه‌لانه‌ن بگۆرێن بۆ هاوشێوه‌ی گه‌لانی ئه‌وروپا و به‌ روحیه‌تی مرۆڤدۆستیه‌وه‌ مافی گه‌لانی تر له‌به‌رچاو بگرن.
4- بارودۆخی خودی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌زعێكدایه‌ كه‌ ناكرێت چاوه‌رێی ئه‌وه‌ی لێبكرێت له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا وا رێكبخرێته‌وه‌ كه‌ ته‌بایی و یه‌كریزی و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی وای تێدا دروست بێت كه‌ به‌یه‌ك ده‌نگ و هاورای یه‌كتر بریاربده‌ن و ڕاست و چه‌وتی هه‌ڵوێسته‌كان به‌ زانستیانه‌ یه‌كلابكه‌نه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی دروستی له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ دیاری كردنی هه‌ڵوێستێكی یه‌كانگیر له‌مه‌ر پرۆسه‌یه‌كی چاوره‌نوسسازی وه‌ك ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، بۆیه‌ له‌م كاته‌ باشتر نابینینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر زۆر یه‌كگرتووش بین.
5- له‌كاتێكدا بگه‌ینه‌ دوا قۆناغی مانه‌وه‌ی داعش و بنبركردنی ده‌ستی عیراق و دسه‌ڵات و ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ پشتیه‌وه‌ن ئه‌وه‌نده‌ واڵاده‌بن كه‌ نه‌ك هه‌ر ناوێرین باسی ریفرانۆم بكه‌ین به‌ڵكو داواكری و فه‌رمانی ئه‌وان له‌م وه‌زعه‌مان خراپتر به‌سه‌ردا دێنن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری زاڵبونی هێزی ناوه‌ند به‌سه‌ر هه‌رێمدا زیاتر ده‌بێت له‌ سه‌رجه‌م رووه‌كانی سیاسی و عه‌سكری و ئیداری و داراییشه‌وه‌.
6- گه‌رانه‌وه‌ له‌ بریاری ریفرانۆم ده‌بێته‌ هۆكاری دارمانێكی ده‌روونی و سیاسی و به‌ردانی وره‌ و، روحی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ده‌كه‌وینه‌ حاڵه‌تی هه‌ست به‌ ژێر ده‌ستیی و رازیبون به‌ هه‌ر بریارێكی ناوه‌ند.
7- ئه‌گه‌ر خودی بریاره‌كه‌ به‌ ناچاری و به‌هۆكاری خودی حزبیه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ڵام به‌ ناچاری له‌قازانجی گشتی بكه‌وێته‌وه‌ هیچ زه‌ره‌ به‌ كه‌س نادات.
8- به‌راورد به‌ قازانج هیچ كاتێك زه‌ره‌ری ریفراندۆم له‌ قازانجی زیاتر نابێت، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر هۆكارێكیشه‌وه‌ بكرێت و هه‌ر مه‌به‌ستێكی حزبی و كه‌سیشی له‌دواوه‌ بێت، بۆیه‌ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌گه‌ر قازانجیشی نه‌بێت زه‌ره‌ری نابێت، ئه‌گه‌ر وه‌ك كارتێكیش به‌كار بێت و له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نی باڵاده‌ست له‌قازانجی گشتی ده‌كه‌وێته‌وه‌.
9- به‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم سه‌ركرده‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ پارتیشه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵوێستێكه‌وه‌ كه‌ بواری گه‌رانه‌وه‌یان نابێت و ده‌كه‌ونه‌ ژێر به‌رپرسیارێتیه‌كه‌وه‌ كه‌ ناتوانن خۆیان لێ بدزنه‌وه‌.
10- نمونه‌ی زۆرمان له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ یه‌كه‌م جاریشدا له‌ جۆی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی نه‌هاتبێت، به‌ڵام دواجار هه‌ر گه‌لانی خاوه‌ن ئیراده‌ له‌ خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی و له‌ رێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ به‌ ئامانج گه‌یشتوون.
11- له‌وباوه‌ره‌دا نین كه‌ بارودۆخی نێوخۆیی كوردستان و په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك بێت دوور له‌ فه‌رمانی ته‌وه‌ر و جه‌مسه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ بجوڵێنه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستێوه‌ردان ڕێگه‌ نادات به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زه‌مینه‌سازیه‌كی وا بكرێت ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ریفرانۆم لەمڕۆ باشتر بێت و مه‌یسه‌ری بكات.
بۆیه‌ به‌ هۆكارگه‌لێكی تر و له‌به‌رچاو گرتنی واقعی ئه‌مرۆی ناوچه‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ی هاوكێشه‌كان و وردبونه‌وه‌ و له‌به‌رچاو گرتنی وه‌زعی تایبه‌تی و گشتی هه‌رێمی كوردستان و عیراق، تا دوابكه‌وین بواری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
من لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ نیه‌ كه‌ باوره‌یان به‌ ده‌وڵه‌تی كوردی نیه‌ و له‌ ناخه‌وه‌ عیراقچین، ئه‌وان ئازاندن له‌ راوبۆچونی خۆیان و فكر و ئایدۆلۆجیا و عه‌قیده‌یان، كه‌ به‌ بنه‌ما باوره‌یان به‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان نیه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ریان به‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستان هه‌موو بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تبونی هه‌یه‌ و تا ئێستا تاكه‌ میله‌تێكه‌ غه‌دری لێكرابێت و بێ ده‌وڵه‌ت بێت. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌موو تواناوه‌ له‌گه‌ل ڕیفرادنۆم و ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردستان بین. ‌

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت