هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن: مه‌رج نیه‌ راپرسی بۆ جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی بێت له‌ ئانوساتی خۆیدا. ده‌كرێت بپرسین؛ ئایا به‌ریتانیا كه‌ راپرسی بۆ ده‌رچون له‌ یه‌كێتی ئۆرپا كرد، ده‌توانێت بڵێت: ئه‌وه‌ راپرسیمان كرد و له‌شوێن خۆمان ده‌مێنینه‌وه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین فشار بخه‌ینه‌ سه‌ر یه‌كێتی ئۆروپا و هه‌ندێك ئامانجی تایبه‌تی خۆمان دێنینه‌دی و هه‌ر كاتێكمان كه‌فی كرد، ئه‌وجا به‌ سوك و ئاسانی فرته‌ی لێده‌كه‌ین و ده‌كشێینه‌وه‌ و ده‌رئه‌نجامی ریفرادنۆمه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. یان سكوتله‌ندا بڵێت: ئێمه‌ ریفراندۆمان كرد و گه‌له‌كه‌مان بریاریی مانه‌وه‌ی له‌گه‌ل به‌ریتانیا_ دا، به‌ڵام هه‌ركاتێك ئێمه‌ مه‌یلمان لێبوو ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ین و ده‌مێنینه‌وه‌، یان سورده‌بین له‌سه‌ر جیابونه‌وه‌ و پێویست به‌ ریفراندۆمی تر ناكات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌؟ نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌كی یاسایی و ئاسایی، له‌ هیچ شوێن و سیستمێكدا، ریفرادنۆم نه‌بۆته‌ ئامرازێكی سیاسی و كارتی فشار و خۆ دورخستنه‌وه‌ له‌ قه‌یران و رزگاربون له‌ باری قورسی شه‌خسی و حزبی لایه‌نێك یان كه‌سێك.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و ئه‌وانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی گوزه‌ركردن له‌م قۆناغه‌ و په‌رینه‌وه‌ له‌م وه‌زعه‌ ناله‌باره‌ بێت كه‌تێی كه‌وتون و هه‌رێمیان توشی شكستی هه‌مه‌چه‌شن كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت سۆز و مه‌یل و دڵسۆزی خه‌ڵك بۆ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌یان بهه‌ژێنن و بۆ داپۆشینی كاره‌ خراپه‌كانیان به‌كاری بێنن و، بۆ ئامانجی ته‌سكی حزبی و خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵكه بێت، ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی تره‌، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وه‌ ریفراندۆم ته‌نها بۆ مه‌به‌ستێك و ئامانجێكی تایبه‌تی ده‌كرێت، له‌ پاش ته‌وابونی پرۆسه‌كه‌ ده‌سه‌ڵات ناچاره‌ پابه‌ند بێت پێوه‌ی نه‌ك ته‌نها بۆ ته‌كتیك و كارتی فشاری سیاسی به‌كاری بێنێت.
بۆیه، له‌م ئانوساته‌ هه‌ستیاره‌دا، زۆر شتمان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌، له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئامانجه‌كان، دیاره‌ جگه‌ له‌ ئامانجی تایبه‌تی شه‌خسی و حزبی و ده‌رچون له‌ قه‌یرانه‌ گه‌وره‌ و هه‌مه‌جۆره‌كان، وا ده‌رده‌كه‌وێت به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت راوبۆچونی هاوپه‌یمانه‌ ئیقلیمی و جیهانیه‌كانیان بزانن و خه‌ڵكه‌كه‌ی كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ فریو بده‌ن، كه‌ ریفراندۆم به‌ ناوی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ ده‌كه‌ن و” له‌كۆتایی پرۆسه‌كه‌ش قۆناغه‌كه‌ تێپه‌رێنن و دواتر خه‌ڵك بده‌نه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر و خۆیان لێ بكه‌ن به‌ كه‌ره‌ی شه‌ربه‌ت و میله‌ت توشی نسكۆی گه‌وره‌ بكه‌ن. ئه‌گینا گه‌وره‌ترین ئامرازی سه‌ركه‌وتن له‌ پرۆسه‌یه‌كی یاسایی و ئاسایی وه‌ك ریفراندۆم، زه‌مینه‌خۆش كردن و ئاماده‌كاری مادی و مه‌عنه‌ویه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی گه‌وره‌ی وه‌ ك سه‌ربه‌خۆیی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌وه‌ و به‌ پرۆسه‌یه‌كی ئازادو یاسایی و سه‌رده‌مانه‌ی وه‌ك ریفراندۆمه‌وه‌. ئه‌گینا ریفراندۆم ئامرازێك نیه‌ بۆ فشار و ململانێی سیاسی به‌ده‌ست لایه‌نه‌كانه‌وه‌. بۆیه‌، لێره‌دا ئه‌گه‌ر له‌ دواجاردا میله‌ت توشی نه‌هامه‌تیه‌كی تر بكه‌ن، ئه‌وه‌ متمانه‌ به‌ رێگه‌ یاسییه‌كانیش نامێنێت و خه‌ڵك له‌ خاك و نیشتمان داده‌برن و به‌ ملكه‌چی ده‌یهێڵنه‌وه‌ و ریفراندۆمیش جێگه‌ی ته‌بڵی هه‌ڵپه‌ركێی نه‌ورۆز ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بۆ چه‌ندین ساڵه‌ جاردانی سه‌ربه‌خۆییان كردۆته‌ ئه‌و ته‌پڵه‌ و وه‌ك ئامرازێك بۆ خۆ قوتاركردن له‌ به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ و تێپه‌راندنی قه‌یرانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كاری دێنن. ‌

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت