عیماد عه‌لی: ئایا به‌سه‌رۆك بونی به‌رهه‌م صاڵح له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌؟!

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

لێره‌ له‌ رووی شه‌خسیه‌وه‌ قسه‌ ناكه‌م و بۆ به‌رگری كردنیش نیه‌ له‌ هیچ كاندیدێكی تر بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقێك وه‌كو هاوڵاتیه‌ك هیچ هه‌ستێكی ئینتمابونم بۆی نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ حه‌ق و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد بێت، كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ی بۆ كورد ماوه‌ته‌وه‌ ده‌بێت ته‌نها له به‌غدا بۆ سود بگه‌رێین و پراگماتیانه‌ ره‌فتار بكه‌ین نه‌ك هه‌وڵی به‌ دیموكراسی كردن و ئازادی و مافی گه‌لان و كه‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تیان دابین بكرێت وه‌ك زۆر له‌ حزب و كه‌سایه‌تی و لایه‌نی كوردستانی ئیدعای ده‌كه‌ن و ئه‌وانیتر و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ت باوه‌ری پێ نیه‌ و ناشكرێت.
قسه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كاك به‌رهه‌م دڵسۆز بێت یان نه‌بێت بۆ حزبێك یان نا و وه‌كو ئیستحقاقی حزبی شایانی ئه‌و پۆسته‌ بێت به‌ڵكو وه‌كو شه‌خسی و كه‌سایه‌تی خۆی و مێژووی ژیانی و ره‌فتار وبۆچونه‌كانی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی له‌ به‌غدا بووه‌، له‌گه‌ڵ كاری حزبایه‌تی و فكری و ره‌فتاری له‌كوردستانیشدا، ئه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێنم.
* ئه‌وه‌ ده‌زانین له‌ عیراق و كوردستان ته‌نها له‌ فه‌رمانكردن و ده‌سه‌ڵاتی پۆستی گه‌وره‌ زیاتر شتێكی ئه‌وتۆی سه‌ختی نه‌كردووه‌ و كوری رۆژی ته‌نگانه‌ی لێنه‌بینراوه‌ و به‌ به‌ڵگه‌شه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆی نه‌ك به‌ كورد به‌ڵكو به‌ دونیا نه‌گۆریوه‌ته‌وه‌ . كه‌ له‌به‌غداش بووه‌ ته‌نها بۆ فروانكردنی جه‌ماوه‌ریی و ناو و ناوبانگی خۆی لای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له‌سه‌ر حسابی كورد و ته‌نانه‌ت وه‌ك گاڵته‌ پێكردن به‌ میله‌تێكی ژێر ده‌سته‌ لای خه‌ڵكی توندره‌ و یان رۆشنبیرانی له‌ به‌غدا ره‌فتاری كردووه‌ و رۆڵێ خۆی گیراوه‌ و دابراو بووه‌ له‌ وه‌زعی كوردستان و مه‌یل و ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی له‌به‌رچاو بووه‌ نه‌ك كورد و كوردستان، مامۆستایانی زاكۆكانی به‌غدا و واسط و شوێنه‌كانی تر شایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌موو دیدارێكی به‌ ره‌خنه‌ و قسه‌ی خراپ و گاڵته‌جاری به‌ كورد ده‌ستی به‌ وته‌كانی كردووه، وك ئه‌وه‌ی هه‌ستی كوردبونی نه‌مابێت خۆی دره‌خستوه‌ و سه‌لماندووه‌‌.
* ئه‌وه‌ی دیار بێت سه‌رجه‌م پۆسته‌كان له‌ عیراق به‌ پێی به‌شی مه‌زهه‌بی و ئیتنی دابه‌ش ده‌كرێت و له‌وكاته‌ی عیراق رزگار بووه‌ سونه‌ و شیعه‌ به‌ راسته‌خۆ و ناراستوخۆ كار بۆ خۆیان ده‌كه‌ن، تاكه‌ ئه‌ركێكی تایبه‌ت به‌ كورد و سودبه‌خشین بگه‌رێته‌وه‌ بۆ كورد له‌ لایه‌ن ئه‌م پیاوه‌ نیه‌، كه‌ ته‌نها ئیمتیازات و شتی تایبه‌تی خۆی نه‌بێت له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ چه‌ندین پۆستی له‌ عیراق به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، با ئه‌و ورده‌ كارانه‌ نه‌ژمێرن كه‌ له‌ سه‌ر حسابی كورد و له‌ گیرفانی خودی كورد و ئه‌ویش له‌و كاته‌دا بووه‌ كه‌ له‌ كوردستان پۆستی هه‌بووه‌ نه‌ك له‌ عیراق.
* هه‌ر كه‌سێك ته‌نها ته‌ماشای كه‌ناڵی شه‌رقیه‌ بكات ده‌زانێت كێ له‌ پشتیه‌وه‌یه‌ و به‌ چی بیروبۆچون و ئایدیۆلۆجیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك به‌رێوه‌ده‌چێت و په‌یره‌وی كێ جێبه‌جێده‌كات. زۆر هه‌ڵوێست دیار ناخی ئه‌و كه‌ناڵه‌مان بۆ ده‌رده‌خات له‌ ئاست كوردو مافه‌ ره‌واكه‌ی، به‌ تایبه‌تی پرسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابراوه‌كان و تایبه‌ته‌مه‌ندیه‌كانی گه‌لی كوردستان و مافه‌ ره‌واكانی، كه‌چی هه‌ڵوێستی له‌مه‌ر ئه‌م كاك به‌رهه‌مه‌ وه‌كو كوره‌ بچوك نازی ده‌كێشێت، له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و ئێستاش وه‌كو نوێنه‌ری خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و هنه‌وڵی بۆ ده‌دات، من ده‌پرسم خێره‌ كه‌ناڵێكی گوماناوی و پشت به‌ستو به‌ پاره‌ی به‌عس و به‌عسیه‌كان پشتگیری له‌م كاك به‌رهه‌مه‌ بكات ئه‌گه‌ر نه‌زانێت له‌ قازانجی ئه‌وان ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ماسته‌كه‌ موی تێدا نه‌بێت.
* ئه‌وانه‌ی له‌ عێراق پێیان باشه‌ دوكتۆر به‌رهه‌م ئه‌و پۆسته‌ وه‌رگرێت چه‌ند به‌شێكن:
A- ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ دژی هێزه‌كانی كوردستانن و ده‌یانه‌وێت دكتۆر به‌رهه‌م بۆ كاری تایبه‌تی خۆیان و دژ به‌و دوو حزبه‌ به‌كاری بێنن وه‌كو چۆن پێشتر له‌وێدا كاری كردووه، جگه‌ له‌ پارێزه‌رانی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق وه‌كو لایه‌نی ده‌ره‌كی و نێوخۆییش‌.
B- ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ چاویان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابراوه‌كانه‌ و یه‌كێكیان ده‌وێت له‌وباره‌وه‌ له‌ ژیانیدا هه‌ڵوێستێكی ده‌رنه‌بریبێت و بتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مه‌رامه‌كانیان جیووه‌جێ بكه‌ن یان كه‌سێك بێت خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌وجۆره‌ كارانه‌ نه‌دات له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی خۆی.
C- له‌و لایه‌نانه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت ناكۆكی له‌ نێو لایه‌نه‌كانی كوردستان دروست بێت و كه‌سێك له‌و پۆسته‌دا نه‌بێت هه‌وڵی چاكه‌خوازی وچاكسازی و ئاشته‌وایی و رێكخستنی باری ناله‌باری نێوخۆیی كوردستان‌ بدات.
D- ئه‌و خه‌ڵكانه‌ن كه‌ كه‌سێكیان ده‌وێت باوه‌ر به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پرسی ره‌واكه‌ی نه‌بێت و رۆژێك باسی نه‌كردبێت، كه‌چی داخه‌كه‌م خه‌ریكه‌ ناكۆكی نێوخۆیی له‌ ئاست حزبه‌ زلهێزه‌كانی كوردستان و نێوخۆیی یه‌كێتیش به‌ شێوه‌یك بشكێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری كاندید كردنی ئه‌م كاك به‌رهه‌مه‌ له‌ ئارادا بێت، كه‌ ده‌بوو هیچ كه‌س باسی نه‌كردایه‌ به‌ پێی ئه‌و ستراتیجیه‌ سه‌ره‌كیه‌ی پێویسته‌ كورد له‌ عیراق په‌یره‌وی بكات و له‌ عه‌قڵیه‌تی دكتۆر به‌ره‌هه‌مدا نیه‌ و به‌ڵكو دژ به‌و بۆچونه‌ پراگماتیه‌ كوردستانیانه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌و رزگاری یه‌كجاره‌كی بمانبات. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی عیراقچیه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ به‌ زه‌قی دیاره‌ به‌ڵام ململانێی حزبی و نێوخۆیی ناهێڵێت وه‌كو خۆی بۆهه‌مووان ده‌ربكه‌وێت و روون بێت.
* گرنگترین خاڵی نه‌رێنی له‌ كاندید كردنی كاك به‌رهه‌م بۆ ئه‌و پۆسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت مه‌یلی سه‌ربه‌خۆخوازی لای كورد له‌ چاڵ بنرێت و، نه‌ك وه‌زعی هه‌رێم وا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت چاوه‌رێی ئه‌وه‌ش بین كه‌ پاشه‌كشه‌ی باشی لێ ده‌كرێت.
* ناكۆكیه‌ نێوخۆییه‌كانی كوردستان زه‌قتر ده‌بن و كه‌سێكی ئه‌وتۆی خاوه‌ن پێگه‌ و پۆستی كاریگه‌ر نامێنێت كه‌ رۆڵی باش له‌ هێوركردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ ببینێت، ئه‌وه‌ی زۆر شتی روون كرده‌وه‌ پارتی خاوه‌نی بیر و جێبه‌جێ كردنی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو كه‌چی له‌م كاته‌دا داوای ئه‌و پۆسته‌ ده‌كات بۆ خۆی كه‌ پۆستی پاراستنی یه‌كێتی و یه‌كبونی عیراقه‌، یان وا ده‌رده‌كه‌‌وێت پشتگیری له‌ یه‌كێكی وه‌كو كاكه‌ به‌رهه‌م ده‌كات كه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ زیاتر بخاته‌ گۆر و چاڵێكی قوڵی له‌بن نه‌هاتووب بۆ دروست بكات‌.
من لێره‌دا هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌تی له‌م قسانه‌دا نیه‌ وبگره‌ زه‌ره‌ریشمه‌، ئه‌و كاندیدانه‌ی باسكراون بۆ ئه‌و پۆسته‌ سه‌رجه‌میان تا راده‌یه‌ك به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌م كاك به‌رهه‌مه‌ن هه‌رچه‌ند له‌ زۆر رووه‌وه‌ زه‌ره‌ریان كه‌متره‌، بۆیه‌ دیاری كردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق پارێزه‌ی یه‌كپارچه‌یی و سه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی ئه‌و وڵاته‌ و گه‌له‌كه‌ی با بۆ عه‌ره‌بی عیراقی بێت هه‌ر نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پۆستێكی زیاتر سودبه‌خش بۆ كورد به‌و خاڵانه‌ی هه‌یه‌تی ده‌ستی بكه‌وێت، ئه‌گه‌ر كاندیدێكی باشترتان ده‌ست ناكه‌وێت كه‌ له‌ رووه‌ ستراتیجیه‌ته‌كه‌ی كورده‌وه‌ قازانجی نه‌بێت، یان هه‌ر نه‌بێت كوردێك به‌ واتا كوردبوون و بۆچونی كوردپه‌روه‌رانه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاری ستارتیجی تایبه‌تی خۆی به‌ باشی بكات كه‌ له‌ سوودی گه‌لی كوردستان بكه‌وێته‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
عیماد عەلی

About عیماد عەلی