هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رپێی، به‌راوردیێكی كورت مه‌ودا له‌ نێوان یاده‌وه‌ری خه‌ڵك و سه‌ركرده‌و پیاوی دیاری رۆژئاواو ئه‌وانه‌ی لای خۆمان بكه‌ین، له‌ سه‌ره‌تادا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌مانه‌ی ئێره‌ هیچ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی و خراپه‌یه‌كیان نه‌كردووه‌ و مه‌عسوم بوون له‌ هه‌موو كارێكی نابه‌جێ، له‌ هه‌ڵه‌تی لاوێتیه‌وه‌ بگره‌  تاوه‌كو رۆژگاری ئه‌مرۆمان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ خۆیان هۆكاری رووداوه‌ گه‌وره‌ و خه‌ته‌رناك و كوشنده‌كانیش بووبن! له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ نه‌ شه‌ری نێوخۆ بووه‌ و نه‌ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ری ئه‌وی تری ناكۆك، نه‌ خۆ په‌رستی و خۆده‌ربازبون بووه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی و نه‌ش سازش و ته‌سلیم بون و وره‌به‌ردان بووه‌ له‌ لایه‌ن خودی یاده‌وه‌ری نوسانه‌وه.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت، كه‌ له‌ ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون:

1- یه‌كه‌م سلبیات تێیدا به‌ زه‌قی دیاره‌، ئه‌وه‌یه‌؛ گونجاندنی رێره‌و و چونێتی به‌رێكردنی ئه‌و رۆژانه‌ و یادكردنه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و روداوه‌كان له‌گه‌ڵ  پێداویستی ئه‌مرۆ و سیاسه‌تی رۆژدا یه‌كانگیر ده‌كرێت و ده‌نوسرێته‌وه.

2- هه‌ڵسه‌نگاندنی كاراكه‌ته‌ری سه‌ره‌كی و لاوه‌كیی رووداو و كێشه‌و بێشه‌ و لادان و ناپاكیه‌كان، به‌ پێی ئاستی باشی و خراپیی  په‌وه‌ندی ئه‌مرۆی ئه‌و كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌رانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كاكی یاده‌وه‌رینوسدا. نه‌ك وتنی حه‌قیقه‌ت به‌ پێی روداوه‌كه‌ و به‌و بارودۆخه‌ خودی و بابه‌تیه‌ی كه‌ تێیدا بووه‌ یان روویداوه‌.

3- دورینه‌وه‌ی كارو رووداوی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر به‌ پێی ئایدیۆلۆژیای كاكی نوسه‌ره‌ و” به‌ نیازی به‌ده‌ستهێناتی پێداویستی كه‌سی و ئایدیۆلۆجی و حزبی له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ بیره‌وه‌ریه‌كه‌ی تێدا نوسیوه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و قۆناغه‌ نوسیبێتی كه‌ تێیدا نوسراوه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی داناوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بێت و دواتر ئێكسپایه‌ر بێت.

4- دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ سه‌لبیاتی خودی نوسه‌ر و خۆ به‌ په‌ری و مه‌لایكه‌ زان و نه‌بونی ته‌نانه‌ت پله‌یه‌كی نزم له‌ ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن له‌ هه‌ڵه‌ی و په‌ڵه‌یه‌كی بچوك لێره‌و له‌وێ روویدابێت له‌ده‌رئه‌نجامی بیروبۆچون و كاری ئه‌ودا تا ئه‌مرۆ مابێته‌وه‌.

5- سازش كردن له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی هه‌ندێك رووداو یان به‌سه‌ردا تێپه‌ربون به‌پێی هه‌ڵوێستی كه‌سی خاوه‌ن یاده‌وه‌ری و له‌به‌ر خاترانه‌ی سیاسه‌تی رۆژ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان.

6- زۆر له‌به‌رچاوگرتنی هاورێیه‌تی و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندی شه‌خسی له‌كاتی نوسینه‌وه‌ی یادوره‌یه‌كاندا، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری تایبه‌تی و حزبی.

7- له‌به‌رچاورتنی كاتی نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و خۆلادان له‌حه‌قیقه‌ت، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار؛ له‌وانه‌ش له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی گشتی كوردستان و سیاسه‌ت و هاوكێشه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی ئه‌مرۆ، یان له‌به‌ر ئاامانجێكی دیاریكراوی شه‌خسی یاده‌وه‌رنوس، یان بۆ مه‌به‌ستێكی بچوكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی.

8- خۆلادان له‌ هه‌ندێك رووداوی گرنگ و كاریگه‌ر، كه‌ ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ت له‌و باره‌دا زۆر په‌ند و ده‌رسی خۆی ده‌بێت بۆ نه‌وه‌ی نوێ.

بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ یاده‌وه‌ری كه‌سایه‌تیه‌  رۆژئاواییه‌كان ده‌یبینین له‌ به‌راشكاوی نوسین و ده‌رخستنی سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كان كتومت وه‌ك خۆی، بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ شتێكی رۆژ و باسكردنی سه‌لبیاتی خودی  له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیه‌كانی خودی بیره‌وه‌رینوس، یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانی ئه‌وان  و هه‌مه‌یشه‌ده‌رس و په‌ندی گه‌وه‌ر به‌ نه‌وه‌كانیان ده‌به‌خشن. به‌ڵام لێره‌ به‌ پێی یاده‌وه‌ریه‌كان بێت سه‌رجه‌م نوسه‌رهی یاده‌وه‌ریه‌كان چاكسازیخوازی بێ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتی و بێ كیشه‌و بێشه‌ بوون و، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و گیروگرفت و كێشه‌ گه‌وره‌ و ته‌نانه‌ت ناپاكیانه‌ش خه‌ڵكی ده‌ره‌كی دروستی كردبن نه‌ك ئه‌م خاوه‌ن یاده‌وه‌ریانه‌ و ره‌فتاره‌كانیان له‌و رۆژگارانه‌دا. ‌‌

  ‌

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە