هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هه‌ر رۆژه‌ و شتی نوێمان بۆ ئاشكرا ده‌بێت و تا وای لێهاتووه‌ زۆر ره‌شبین بین له‌ جه‌وهه‌ری ئه‌و نیازانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مه‌ر ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. ئه‌وه‌ی تا ئێستا گوێمان لێ نه‌بووه‌ و تازه‌ به‌ شه‌رمه‌وه‌ ده‌رده‌خرێت ئامانجی توركیا و پیلانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانێتی له‌مه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشهاتێكدا و، مه‌رامی راسته‌قینه‌ی له‌ شكاندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌رئه‌نجامێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی توركیا نه‌ك كوردی خاوه‌ن وڵات و ماڵی خۆی.
ئه‌وه‌ی وه‌زعی باكووری قوبرس بزانێت كه‌ به‌ ناراسته‌وخۆ بۆ زیاتر له‌ چل ساڵه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركیادایه،‌ ده‌توانێت وه‌زعی كوردستان له‌ پاش سه‌ربه‌خۆییه‌كی به‌م مه‌رجانه‌ هه‌ڵهێنجێنێت.
توركیا له‌ 20ی ته‌موزی ساڵی 1974 قوبرسی داگیركرد و، له‌ 15ی ته‌شرینی دووه‌می ساڵی 1983 كۆماری باكووری قوبرسی توركی راگه‌یه‌ندرا، واته‌ به‌شه‌ توركیه‌كه‌ی و به‌ هاندان و پیلانی راسته‌وخۆی توركیا جیابونه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند و تا ئه‌مرۆ میله‌تی قوبرس بونه‌ته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی توركیا. بۆ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ گفتوگۆدان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی قوبرس كه‌چی توركیا بۆ مه‌رام و پیلانی خۆی هه‌ر جاره‌و به‌هانه‌یه‌ك دێنێته‌وه‌ و رێگه‌ له‌ به‌دیهێنانی ڕێكخستنه‌وه‌ی گه‌لی قوبرسی یه‌كگرتوو ده‌گرێت” سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی گه‌له‌ توركه‌ قوبرسیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی و یه‌كێتی قوبرسدان و له‌گه‌ڵ یه‌ك وڵاتیدان كه‌ به‌ ئۆرپاوه‌ به‌سترابێته‌وه‌ . ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه‌ی توركیا له‌ قوبرس له‌به‌رامبه‌ر ململانێكانی توركیا له‌گه‌ڵ یونان و دابینكردنی دووراییه‌كی ستراتیجی سیاسیه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆیدا، جگه‌ له‌ ره‌گه‌زپه‌رستی و لایه‌نگیری توركه‌كانی قوبرس كه‌ زۆرینه‌یان له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا به‌ هاورده‌ ناسراون و زیاتر له‌ سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان ڕە‌وانه‌ی ئه‌وێ كراون یان كۆچره‌ویان كردووه‌. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پێشتر عوسمانیه‌كان له‌ساڵی 1570 قوبرسیان داگیر كرد و بۆ ماوه‌ی 310 ساڵ تێیدا مانه‌وه‌ و كاریگه‌ری ریشه‌ییان له‌سه‌ر گۆرینی دیموگرافی و بارودۆخی تایبه‌تی قوبرس كرد.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش بۆ توركیا قازانجێكی گه‌وره‌ی ستراتیجی هه‌یه‌ و بۆ مه‌به‌ستی ململانێی ناوچه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ دوور مه‌وداكانی به‌كاری دێنێت، چ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وربه‌ریدا بێت یان وه‌ك كارتێك بۆ سه‌پاندنی سیاسه‌تی خۆی و دوور خستنه‌وه‌ی كاریگه‌ری ولاتانی ده‌وروبه‌ر به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌نی رۆژئاواو باشووری رۆژئاوایه‌وه‌ به‌سه‌ر نێوخۆیی توركیا به‌كاری دێنێت. ‌
ئه‌مرۆ توركیا خۆی به‌ یاریچیه‌كی راسته‌وخۆی نێو ململانێكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌زانێت و به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌نی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌جوڵێته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌قی پشێوی و شڵه‌ژان و گۆرانكاریه‌كاندا هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت و ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌ك خه‌وزڕێنه‌ بۆ ئارامی توركیا و، وه‌ك قوبرس وڵاتێك نیه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی پارێزگاری لێبكات. بۆیه‌ بیری له‌ دروستكردنی هاوشێوه‌ی قوبرسێكی تر له‌م ناوچه‌یه‌ كردۆته‌وه‌ و، تا بۆی بكرێت وڵاتێكی ژێر ده‌سته‌ی خۆی دروست ده‌كات كه‌ رۆڵی قوبرسی له‌ رۆژهه‌ڵات و باشووری ده‌ره‌وه‌ی سنوری توركیا بۆ ببینێت، جا كه‌ تا ئێستا بۆی نه‌كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو وڵاتی به‌هێزی خاوه‌ن مێژوو دراوسێی بوون، كه‌ ئیران و عیراقی شارستانیه‌ و بۆی نه‌لواوه‌ و نه‌كراوه‌ له‌م ماوه‌ دوورو درێژه‌ی دوای كۆتاییهاتنی ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی ده‌سته‌مۆیان بكات یان به‌كاریان بهێنێت.
ئا له‌م بیركردنه‌وه‌ و ئه‌م ئامانجه‌ ستراتیجیه‌ی توركیا و ئه‌م ره‌فتار و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ له‌ مه‌ودایه‌كی دووردا ئارامی و خۆفه‌رزكردنی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا مه‌یسه‌ر بكات، له‌ بیركردنه‌وه‌ و لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی فراواندا ده‌ژی و، ئه‌مرۆش كه‌ به‌ده‌ست پرسی كورد له‌ نێوخۆی خۆیدا گیرۆده‌ بووه‌، ده‌كرێت به‌ هه‌ناگوێكی ستراتیجی ناوچه‌یی چه‌ندین ئامانج بپێكێت، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و رێگا ره‌خساوانه‌ش ئیستغلال كردنی وه‌زعی عیراق و كوردستانی باشوور و هه‌وڵی پێكهێنانی قوبرسێكی تره‌ بۆ دابینكردنی هه‌مان خاڵه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی به‌ هه‌مان شێوه‌ی قوبرس ئاسا و خۆفه‌رز كردنی بۆ ماویه‌كی دوورو درێژ، كه‌ به‌م ره‌فتار و دیده‌ی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت‌ وا بیرده‌كاته‌وه‌ به‌دوورده‌بێت له‌ گۆرینی وه‌زعه‌ نێوخۆییه‌كه‌ی خۆی و پیلانه‌كانی بۆی ده‌چێته‌سه‌ر.
ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی توركیا له‌مه‌ر ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بخوێنێته‌وه‌ كه‌وا دوور له‌ ئه‌خلاق و مێژووی خۆی به‌ نه‌رم و نیانی ده‌رێده‌برێت. ئه‌م ره‌فتارانه‌ی ئه‌وه‌مان بۆده‌رده‌خات كه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانیان خوێندۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بێت له‌به‌رچاو گرتووه‌، بۆیه‌ مه‌رجه‌كانی توركیا له‌ لایه‌نی سه‌ربازیه‌وه‌ بۆ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ ( سه‌ر به ‌توركیا ) به‌هه‌مان ره‌فتاری قوبرس و به‌هه‌مان ده‌ردی ئه‌و ده‌برێت و بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ئاگره‌سووره‌ له‌ خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌ و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا قازانجی تایبه‌تی له‌ كوردستان به‌ زیاده‌وه‌ ده‌بێنێت و كوردستانه‌ ده‌وڵمه‌نده‌ شێوه‌قوبرسه‌كه‌ به‌ باشتر بۆ توركیا ده‌كه‌وێته‌وه و له‌رووی سیاسی و ئابووریه‌وه‌ قازانجێكی ستراتیجیی قوبرسێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی لێده‌بینێت.
بۆیه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌توانێت ئامانجی كورت مه‌وداش بپێكێت له‌وانه‌ش، به‌كارهێنانی كوردستانی باشوور وه‌ك موسته‌عمه‌ره‌یه‌كی خۆی و به‌ هێزه‌بڵاوه‌پێكراوه‌كانی له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا له‌دژی په‌كه‌كه‌ به‌كاریی دینێت‌ و تا بتوانێت هێزه‌كانی به‌ به‌ربڵاوی له‌ كوردستاندا جێگیر ده‌كات و، وه‌ك كۆماری قوبرسی توركی ئاوهاش كۆماری كوردستانی توركی بۆ مه‌هامی زۆرتر و گرنگتر به‌كاردێنێت.
جا ئه‌گه‌ر توركیا ناچار بوو له‌دواجاردا مل بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بدات ئه‌وه‌ له‌م چوارچێوه‌دا ده‌رناچێت و تا بۆی بكرێت له‌ سه‌ره‌تادا به‌ میانره‌وی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی عیراق و ئێران له‌ زۆر بواردا بێ ئومێد بووه‌.
جا له‌م رووه‌وه‌، زۆر شتمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت له‌وانه‌ش گوێنه‌دانی پارتی به‌ دابه‌شبونی هه‌رێمی كوردستان بۆ دوو به‌ش و مانه‌وه‌ی ده‌ستی باڵای ئێران به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستی توركیا به‌سه‌ر زۆنه‌كه‌ی خۆیدا و، ده‌كرێت هه‌ڵوێستی توندی ئیران له‌م باره‌وه‌ و له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌م روانگه‌وه‌ بخوێنینه‌وه‌ وله‌وێشدا دوارۆژی سه‌ختی كوردستانمان بۆ ده‌ركه‌وێت.
بۆیه‌، ده‌كرێت به‌م بۆچونانه‌ گۆرانكاری ریشه‌یی له‌مه‌ر سنوره‌كان و هه‌ڵویستی وڵاتانی ناوه‌كه‌ و ستراتیجیه‌تی هه‌ر وڵاتێك و دیدی دوور مه‌ودایان له‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵویستیان له‌سه‌ر ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دیاری بكه‌ین.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا، تاچه‌ند گه‌لی كوردستان مه‌یلی رازیبون و توانای ره‌تكردنه‌وه‌ی چاڵدێرانێكی تریان هه‌یه‌ و كامه‌یان له‌ قازانجی ده‌كه‌وێته‌وه‌؛ مانه‌وه‌ به‌م وه‌زع و شێوه‌یه‌ یان گۆرینی ریشه‌یی و خه‌باتێكی نوێی جیاواز. جموجوڵه‌كانی ئێران و توركیا و مامه‌ڵه‌ی وڵاتانی زلهێز و هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌یان له‌مه‌ر ئه‌م گۆرانكاریانه‌ رۆلێكی گه‌وره‌ له‌م كه‌ینوبه‌ینه‌دا ده‌بینێت و، ئه‌م پلانانه‌ دوور نیه‌ له‌ دید و بینینی ئه‌وانیش له‌مه‌ر چۆنێتی هاتنه‌ ئارای رۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌راستی نوێ، كه‌ ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی تره‌ و پێویستی به‌ شیكردنه‌وه‌یكی جیاوازه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت