هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

وا به‌ روونی و زه‌قی ده‌یبینین، تازه‌به‌تازه‌ ئینتمای عه‌شایه‌ری به‌ جۆره‌ها شێوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و یاد و فیستیڤاڵی تایبه‌تی بۆ ده‌كه‌ن و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا پاڵ به‌ مه‌یلی خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌ت و ئه‌و جۆره‌ پێكهاتانه‌وه‌ ده‌ده‌ن. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ له‌وێدایه‌، بۆچی به‌م شێویه‌ و له‌م كاته‌دا؟ ئایا چاولێكه‌ریه‌ یان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، یان ئه‌میش جۆری تازه‌ی كاری حزبی و داهێنانی حزبه‌كانه‌؟ یان ئاستی هۆشیاری گشتی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتیه‌ كه‌ له‌ پابه‌ندبون به‌ پێكهاته‌ی ته‌سكه‌وه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌،‌ زیاتر له‌وه‌ی بیرو فكری نه‌ته‌وه‌ و ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی له‌ بیرو بۆچونیدا چه‌كه‌ره‌ی كردبێت و چه‌سپیبێت؟ یان بێهوده‌یی و نائومێدیه‌ به‌ حزب و داموده‌زگا و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئینتمایه‌كی تره‌ له‌ جیاتی حزب و پێكهاته‌ی سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی عه‌شیره‌ت و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكدا؟ یان به‌ عه‌سه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی حزبی و حۆری رێكخستنی حزبیه‌ به‌م شێوه‌ كراوه‌ و فراوانیه‌ی كه‌ له‌ عه‌شیره‌تدا خۆی ببینێته‌وه‌ و ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردن به‌كار بێن؟
له‌ كاتێكدا تۆ له‌ جێگه‌ی خۆت ره‌ق وه‌ستابیت و جوڵه‌یه‌كت تێدا نه‌بێت و، ناكۆكی و مشتومری حزبی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی كوردستان باڵی به‌سه‌ر كۆی كارلێك و كیبركێی سروشتیی خه‌ڵكی كوردستاندا كێشابێت و، گه‌نده‌ڵی و بێمتمانه‌یی به‌ هه‌موو لایه‌ك خۆی سه‌پاندبێت به‌ سه‌ر روانینی تاكی كوردا و، جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مادی، هیچ پابه‌ندبون و ئیلتزامێكی فكری و فه‌لسه‌فی له‌ عه‌قڵیه‌ت و دیدی كه‌سێكی ئه‌م كوردستانه‌ به‌هیچ لایه‌كه‌وه‌ نه‌مابێت و خۆی له‌ نێو هیچ رێكخراوێكدا به‌ عه‌قڵ و باوه‌ربونی راسته‌قینه‌ و متمناه‌وه‌ نه‌بینێته‌وه، بێگومان راسته‌وخۆ و به‌ خۆرسكی به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤدا ده‌گه‌رێت. كه‌ ئه‌مه‌ له‌ سروشتی بیرو عه‌قڵی مرۆڤدایه‌ و هه‌میشه‌ خۆی له‌ كۆی پێكهاته‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌توێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پێی زانستی سۆسیۆلۆجی بێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ تێركردنی ناته‌واوی و نه‌قسی سایكۆلۆجی، له‌ كاتی فه‌راهه‌م بونی ئینتمای كۆمه‌ڵایه‌تی و گردبونه‌وه‌ و یه‌كانگیری له‌ نیو كۆی هاوره‌گه‌ز و پێكهاته‌ بچوكه‌كانی تری سه‌روی تاك له‌ نێو كۆمه‌ڵدا.
ئه‌گه‌ر هاندانی سایكۆلوجی وكۆمه‌ڵایه‌تی له‌ پێشه‌وه‌ی هۆكاره‌كان به‌ ناراستۆخۆش بێت و، له‌ده‌رئه‌نجامی ره‌فتار و كارو كرده‌وه‌ی حزبه‌كان بێت و، هیچ هاندانێك یان پاڵنانێكی سروشتی له‌ خودی خه‌ڵكهكه‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بێت، بۆ ئه‌م چالاكیه سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی كه‌ له‌ گردبونه‌وه‌یان به‌ناوی تیره‌و عه‌شیره‌ت و هۆزه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و، به‌ ئازادیه‌وه‌ بیری ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی و خۆ به‌ستنه‌وه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌وه‌ زیاتر به‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی بچوكی تردا زاڵ نه‌بێت ، ئه‌وا به‌اخه‌وه‌ ده‌ڵێین، تا ئێستا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و بیر و ئینتمای گه‌وره‌ له‌ عه‌قڵیه‌تی ئێمه‌ی كورد دا، خۆی به‌سه‌ر ئیینتمای بچوكتردا فه‌رزنه‌كردووه‌. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر خۆ دوور خستنه‌وه‌ له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ و كه‌بتی شاره‌كان و نه‌داری و قه‌یرانی دارایی بۆ هۆكاری تایبه‌تی پاڵپێوه‌نانی رۆشنبیرانی ئه‌م چالاكی وكرده‌وانه‌ وه‌لا بنێین، كه‌ له‌ بۆچونی مندا زیاتر پاڵنه‌ره‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ چالاكی و دیاردانه‌ی كه‌ تازه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و جێگه‌ی چالاكی سیاسی حزبی و رۆشنبیری و وه‌رزشی و هونه‌ری گرتۆته‌وه‌، كه‌ زیاتر له‌ ناوچه‌ په‌راوێز خراوه‌كاندا خۆی سه‌پاندووه‌.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر هاندانی حزب و ته‌نانه‌ت فه‌رمانی هه‌ندیك به‌رپرس بخوێنینه‌وه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌وان قازانجده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌ لایه‌نگر و هه‌وادارانیان به‌م شێوه‌یه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی موردی و رێكخستنی خۆیاندا بهێڵنه‌وه‌، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی خه‌ڵك باوه‌ریان پێ نه‌ماوه‌ و حزبایه‌تی و سیاسه‌ت قێزه‌ون بووه‌، جگه‌ له‌وانه‌ی كه‌ راستهو‌خۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانیان وه‌ك وه‌زیفه‌ به‌كاری حزبیه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كێبركێی عه‌شیره‌ته‌كان كارێكی ئاساییه‌ و له‌ زیهنی خه‌ڵكه‌كه‌ داته‌پیوه‌ و هه‌ریه‌كه‌و ده‌یه‌وێت خۆی به‌گه‌وره‌تر و فراوانتر و كۆنترو ره‌سه‌نتر دابنێت، بۆ زاڵبون له‌و ململانێ سروشتیه‌ی قۆناغه‌كانی ژیانی خه‌ڵك كه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی ئینتما و پابه‌ندبون و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌. له‌ قوڵایی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ و بۆچون و كرده‌وه‌یاندا له‌ پابه‌ندبون و ئینتمای خوار له‌ نه‌ته‌وه‌ نه‌په‌ریونه‌ته‌وه‌. لێره‌دا دیسان حزبه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م گه‌رانه‌وه‌ و دواكه‌تنه‌ن له‌ پێشكه‌وتنی ئاسایی ژیان و بیركرنده‌وه‌ و هۆشیاری و رۆشنبیری خه‌ڵكی كوردستاندا له‌ لایه‌كه‌وه‌ و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ خۆبه‌ستنه‌وه‌ی ته‌سكو ته‌نگ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی كه‌سی و قازانج كردن به‌ هێزی كۆی كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك له‌ هۆكاره‌ تایبه‌تیه‌كانی ئه‌م كێبركێیه‌یه‌، كه‌ تازه‌ به‌تازه‌ له‌ كوردستان هێنراوه‌ یان هاتۆته‌ ئاراوه‌ و حزبه‌كان مه‌به‌ستی خۆیان هه‌یه‌ و ده‌یبوژێننه‌وه‌ و كه‌سه‌كانیش هه‌ر یه‌كه‌ و به‌پێی بۆچون و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌م دیارده‌یه‌ ده‌روانێت و، بۆ له‌م قۆناغه‌دا به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌كردندایه‌ . نازانم بڵیم خوا كێ بگرێت، جگه‌ له‌ حزب و سه‌ركرده‌ ته‌سك به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌كان.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە