هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

دیاره‌ ئه‌مرۆ له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌و بیروبۆچون و دیده‌ی نوێنه‌رانی عیراق له‌ئاست كورددا دایان نیشانی سه‌رجه‌م جیهانی دا و بۆ دۆست و دوژمنی ده‌رخست كه‌ له‌ یه‌كه‌م دانیشتندا چۆن به‌ خێرایی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌ مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی كورده‌وه‌ بریاری خۆیان له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌یان بۆ هه‌ندێك خۆشباوه‌ری كوردیش به‌ گۆرینی عیراق سه‌لماند كه‌ تا ئێستا و وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ر سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی نێوخۆیی كوردستان چوبونه‌ ژێر ركێڤی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی عیراقه‌وه‌ تاراده‌ی هه‌ڵوێستی سه‌لبیشیان هه‌بوو له‌مه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كوردیش.
مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ میراتیه‌ باوه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ی كه‌ پابه‌ندن ( به‌ ئه‌و بۆچونه‌ هاورده‌ بیابانیه‌ی؛ ده‌بێت برا له‌پشت برابێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌رناحه‌قیش بیت) و وه‌ك كلتورێكی تایبه‌تی خۆیان ئێمه‌ی كوردی دلساف و خاوه‌ن سۆز و دوور له‌ پێویستیه‌كانی به‌ عه‌قڵ بریاردان به‌ خۆشباوه‌ریمان تا ئێستا وا به‌م شێوه‌یه‌ ماوینه‌ته‌وه‌.
بۆیه‌ وا پێویست ده‌كات كه‌ هه‌لوێستی كوردستان له‌ ئاست ئه‌م ته‌حه‌دایه‌ بێت و یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌كگرتوویی له‌م كاته‌دا به‌ هه‌نگاوه‌ كرده‌وییه‌كان ده‌بێت، جارێك با ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌م بریاره‌ی په‌رله‌مانی عیراق هێزی یاسایی چۆنه‌ و چۆن وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌:
1- ئه‌م بریاره‌ی تایبه‌ته‌ به‌ ئامانج و خه‌ون هه‌وڵ و ته‌قه‌لای مێژینه‌ی گه‌لی كوردستانه‌وه‌، به‌ ته‌نها له‌كاتێكدا جێی خۆی ده‌گرێت كه‌ له‌ به‌ژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت و بابه‌تێكی له‌م جۆره‌ی وه‌ك بریاری ریشه‌یی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی واته‌ جیابونه‌ و؛ جیابونه‌وه‌ش واته‌ خۆ قوتاركردن و خۆده‌ركردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م یاسا و بریاره‌كانی عیراق به‌ هێزی ده‌نگدان و هه‌ڵوێستی خه‌ڵك و هێزی یاسایی هیچ به‌هایه‌كی بۆ كوردستان نامێنێت.
2- ئه‌گه‌ر دووله‌سه‌ر سێی خه‌ڵكی سێ پارێزگای هه‌رێمی كوردستان هاوده‌نگ بن و بریاری خۆیان به‌ یه‌ك شێوه‌ بده‌ن، ده‌توانن ده‌ستوری عیراق ره‌تبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رووی په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی عیراقه‌وه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها بریارێكی په‌رله‌مانه‌كه‌ی به‌ ده‌نگی هه‌مووان ره‌تبووه‌، واته‌ به‌ده‌نگدانی دوو له‌سه‌ر سێی خه‌ڵكی دوو پارێزگای كوردستان بهۆ ریفراندۆم، ده‌ستوره‌كه‌ی عیراق هێزێكی یاسایی نامێنێت و سه‌رجه‌م یاسا وبریاره‌كانی عیراق و په‌رله‌مانه‌كه‌ی پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ له‌ئاست كوردا و هیچ هێزێكی به‌ یاسایی نامێنێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م یاسا و بریاره‌ پێشینه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ بۆ كوردستان پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌.
3- بایكۆت كردنی نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق یه‌ك ده‌نگی كوردی ده‌رخست و ئه‌و به‌هانه‌ش به‌ده‌سته‌وه‌ نادات كه‌ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به‌ نه‌بونی یه‌كگرتوویی كورده‌وه‌ نانو پیازه بخۆن و، واتا بریاره‌كه‌ی په‌رله‌مان عیراق بووه‌ته‌ بریارێكی نه‌ته‌وه‌یی زۆرینه‌ی سه‌رده‌ست له‌ به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌سته‌ی كه‌مینه‌، نه‌ك بریاری سه‌رجه‌م عیراقیه‌كان به‌ قه‌وڵی خۆیان.
بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ پر له‌ واتا و زۆر ئاسایی و چاوروانكراو و دوور له‌ راچڵه‌كێنه‌ی ئێمه‌مانان، وای كرد كه‌ ئه‌وانه‌ی تائێستا باوه‌ریان به‌ پێكه‌وه‌ ژیان هه‌یه‌ و عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵكی عیراق به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و پشتخانه‌وه‌ ناناسن و تا ئێستاش نه‌یانزانی كه‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و تا راده‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی به‌وشێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی مافی گه‌لانی تر بپارێزن و رێز له‌ ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵكی غیره‌ خۆیان بگرن . بۆیه‌ پێوویسته‌ به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌ و تائێستا خه‌ریكی خۆخۆری و ململانێی لابه‌لای زیانبه‌خشی چاره‌نوسمان بووین، له‌م كاته‌دا قه‌ره‌بووی كاته‌ به‌ فیرۆ رۆیشتووه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ یه‌كگرتوویی وه‌ڵامی سه‌رجه‌م هه‌ڵوێسته‌كانی نه‌یاران بده‌ینه‌وه‌، بۆیه‌:
1- ده‌بیت ئه‌مرۆ كه‌ له‌ كاتێكی زۆر هه‌ستیاری بێ شێوه‌ین له‌م سه‌رده‌مه‌دا، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سی و حزبیه‌ رێگر بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا رێی لێگرتوین، بریاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بده‌ین و به‌ یه‌ك ده‌نگ و ره‌نگ وه‌ڵامی نه‌یارانی مێژوییمان بده‌ینه‌وه‌، ئا له‌م كاته‌دا ده‌توانین به‌ هێزی گه‌ل و هێمنی و یه‌كگرتویی حزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و وه‌لانانی شتی لاوه‌كی و به‌ هێمنی هه‌ڵوێست و بۆچونی كوردستانیانه‌ب به‌هێزه‌وه‌ و به‌ ره‌فتاری عاقڵانه‌ وه‌ڵامی راست و دروستی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بده‌ینه‌وه‌، هه‌ر له‌م كاته‌شدا ده‌زانین كه‌ كورد چه‌ند تامه‌زرۆی رزگاری یه‌كجارییه‌ و به‌ هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌ قوربانی بۆ ده‌دات .
2- به‌ زووترین كات په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و به‌ یه‌ك ده‌نگی و تێكرا بریار له‌سه‌ر ریفراندۆم بده‌ن و وه‌ڵامێكی یاسایی گورچكبری بریاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق بده‌نه‌وه‌ و ئه‌و بریار و بۆچونه‌ تایبه‌ته‌ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به‌ یاسا بۆچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌.
3- له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا به‌ هه‌موو جیهانی رابگه‌یه‌نین كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ داواكردنی مافی خۆی راناوه‌ستێت و دواناكه‌وێت و له‌ كاتی خۆیدا ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین و سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین.
4- ناوچه‌ دابراوه‌كان و سنوره‌كانی كرودستان بپارێزین و هه‌مووان به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كاندا بكه‌ین و به‌یه‌ك ده‌نگ و بۆچون و هه‌ڵوێست و ئامانجی له‌مێژینه‌ی گه‌لی كوردستان بۆ جیهان ده‌رخه‌ین.
5- نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق هه‌ڵوێستێكی یه‌كلاكه‌روه‌ بده‌ن و به‌یه‌ك ده‌نگ ئه‌م بریاره‌ به‌ كرده‌وه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌ و دراسه‌تی قوڵی بكرێت ئه‌گه‌ر به‌ قازانجی بزانین بكشێنه‌وه‌ بۆ كوردستان، یان بریار له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی عیراق بدرێت له‌ ئاستی سه‌ركردایه‌تی كوردستاندا، بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، تا ئه‌وكاته‌ی ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ كاته‌دا به‌ خۆرسك سه‌رجه‌م ئه‌و كاروباره‌ لابه‌لایانه‌ خۆی له‌ خۆیدا یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌.
بۆیه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ حزبه‌ كوردستانیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان له‌ هه‌ولێرن، له‌ ئاست ئه‌م كرده‌وه‌ی په‌رهله‌مان و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست هه‌ڵوێستی خۆیان به‌ ده‌نگی به‌رز و به‌هێزه‌وه‌ ده‌ربرن و پیشانی بده‌ن كه‌ له‌م جۆره‌ ره‌فتار و بۆچون و هه‌ڵوێستانه‌ گه‌لی كوردستان و نوێنه‌رانیان هیچ سازشێك ناكه‌ن.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت