هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا به‌ وردی ته‌ماشای راگه‌یاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران بكه‌یت و نه‌زانیت ئامانج و ئاواته‌كانی خه‌ڵكی وابه‌سته‌گی گۆران له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی و جه‌وڵه‌تی كوردستانه‌ و چه‌ند تامه‌زرۆی ئامانحه‌ گشتی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكه‌ی كوردستانه‌، هه‌زار و یه‌ك بیرت به‌ مێشكدا دێت و وا ده‌زانێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ دژی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌.
ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌م ریفراندۆمه‌ی بۆ مه‌به‌ستی تری به‌دوور له‌ ئامانجه‌ تاهیبه‌ته‌كه‌ی هێنابێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌وا خه‌ڵكی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ راهێناوه‌ كه‌ خۆی به‌ هه‌ڵگری په‌یامه‌ پیرۆزه‌كه‌ی كوردستان پیشان بدات و” گوایه‌ حزبێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆییخوازی عه‌یار بیست وچواره‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ پارتیش ده‌ناسن خه‌ریكه‌ باوه‌ری پێده‌كه‌ن و ئه‌و ئامانجه‌ شاراوانه‌ی دوور له‌ جه‌وهه‌ری ریفرادنۆم و مافی سه‌ربه‌خۆیی مه‌به‌ستێتی له‌م هه‌ڵاوهوریایه‌ په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن . له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی داهاتوودا بۆ هه‌مو لایه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پارتی چ مه‌به‌ستێكی له‌م هه‌راوهوریایه‌ هه‌یه‌ و بۆ چ مه‌رامێك له‌م كاته‌دا بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی كوردستان بێنێت و په‌رله‌مان كاربكاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌” به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك یاسا و رێسای پرۆسه‌كه‌شی پشت گوێخستووه‌ و خه‌ڵك باوه‌رێكی وایان بۆ دروست بووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ پارتیه‌ له‌گه‌ڵ ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستاندایه‌ و خه‌ڵكی تر پشتیان لێكردووه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا گۆران وه‌ك لایه‌نێكی به‌رامبه‌ر خۆی خستۆته‌ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌، كه‌ خه‌ڵك وا بیربكه‌نه‌وه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ وردو درشتیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا نیه‌ و هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ دوژمنانی میه‌له‌ته‌كه‌ماندایه‌ . هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م بۆچونه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌هه‌ڵه‌ به‌رێوه‌بردنی راگه‌یاندنه‌كه‌یه‌تی، كه‌ شتی وا ده‌كات و چاوپێكه‌وتنی وا ده‌رده‌خات و لێدوانی وا بڵاوده‌كاته‌وه‌ ته‌نانت خه‌ڵكی هه‌واداری خۆشیان گومانی لێده‌كه‌ن كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێت و له‌گه‌ڵ ره‌وتی بیروبۆچون و ئاوات و ئامانجی خه‌ڵكدا نه‌بێت. ئه‌گینا مه‌عقوله‌ له‌م كاته‌دا تۆ له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ته‌وه‌ بیروبۆچونی خه‌ڵكانێك په‌خش بكه‌یت، كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا دژ به‌ ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردن و، به‌شێویه‌كی گشتی هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ گه‌رانه‌وه‌ی میله‌تی كورده‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و ژیانی كوڵه‌مه‌رگی زه‌مانی به‌عس ئاسا . تۆیه‌ك خه‌ڵكی وا بێنیته‌ سه‌ر شاشه‌كه‌ت كه‌ هه‌نگاوێك بێ توركیا نه‌جوڵێته‌وه‌ و راوبۆچونه‌ ژه‌هراویه‌كانی بڵاوبكه‌یته‌وه‌ . سیاسه‌تی( دوژمنی دوژمنم دۆستمه‌ ) په‌یره‌و بكه‌یت كه‌ ئێستا له‌ هیچ كونجێكی دونیا پشتی پێنابه‌سترێت .
ئه‌م سیاسه‌ت و راگه‌یاندنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران چی له‌ كوردستان و چی له‌ به‌غدا و چی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی بنده‌ستی توركیا و لایه‌نگرانی وڵاتانی داگیركه‌ری كورد” به‌ پێچه‌وانه‌ بۆیان بكه‌وێته‌وه‌ و، چه‌واشه‌كاریه‌كانی پارتی لای خه‌ڵك راست بێت نه‌ك راگه‌یاندنه‌كه‌ی گۆران، ئه‌گه‌ر له‌ بنه‌ره‌تیشدا سیاسه‌ت و بۆچونی راست و دروست وحه‌قیقه‌تی وه‌زعه‌كه‌ و ئامانجی مه‌بده‌ئیانه‌ش لای گۆران بێت و ته‌نها ته‌كتیك و چه‌واشه‌كاری لای پارتی بێت.
به‌ڵی، ئه‌گه‌ر پارتی و راگه‌یاندنه‌كه‌ی و خه‌ڵكی وابه‌سته‌ و كاسه‌لێسه‌كانی و هه‌وادارانی له‌ده‌روه‌ی حزبه‌كه‌ی و شێخانی ده‌رباریش ئه‌و ماكینه‌ گه‌وره‌یان خستۆته‌ كار بۆ ته‌كتیكه‌كه‌ی پارتی و، به‌ چه‌واشه‌كاری ده‌یانه‌وێت ئه‌م قۆناغه‌ بپه‌رنه‌وه‌ و خۆیان به‌ ناوی سه‌ربه‌خۆیی و ریفراندۆمه‌وه‌ قوتار بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا هه‌ندێك سیاسه‌تی لایه‌نه‌كانی تر و كه‌سایه‌تی و ته‌نانه‌ت نه‌یارانی پارتی و راگه‌یاندنه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان و له‌ پێشه‌وه‌شیان راگه‌یاندنه‌كانی گۆران و لێدوانه‌كانی هه‌ندێك خۆ به‌ به‌رپرس زانیان، رێك به‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌ و ده‌كه‌وێته‌ به‌ره‌ی پارتی و چه‌واشه‌كاریه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ خۆیان بزانن یان نا . بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك بزانێت كه‌ پارتی له‌م كاته‌دا زۆر به‌ دیقه‌ت یاری ده‌كات و ده‌یه‌ویت به‌ ( كلمة حق یُراد بها الباطل) خه‌ڵك فریوبدات و خه‌ڵك و راگه‌یاندنكاره‌كانی وه‌ك خۆیان ده‌یانه‌وێت پروپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا هه‌ڵه‌كاركردنی حزبه‌كانی تر و به‌ تایبه‌تی راگه‌یاندنی گۆران له‌ خزمه‌تی ئامانج و مه‌به‌سته‌كانی پارتی ده‌كه‌وێته‌وه‌ و، ئه‌مه‌ش به‌ ته‌نها زیان به‌ میله‌ت ده‌گه‌نێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت