هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

قسه‌كانی كاك مه‌سعود له‌ په‌رله‌مانی، ئۆرپا زۆر شتی بۆ هه‌وادار و نه‌یاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌رخست، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانی و نیشاندانی ئاستی سه‌ركرادیه‌تی كورد و به‌ تایبه‌تی پارتی و كاك مه‌سعود بوو له‌گه‌ڵ پرسێكی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، ئه‌وه‌ی ئیدعای ده‌كات پێویستی به‌ نیازی و ناخ پاكی و گه‌وره‌ییه‌، كه‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ باڵاترین ره‌هه‌ندی نیشتمانی به‌ گونجاوی مامه‌ڵه‌ بكات، هه‌مووان بێنه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستی كاك مه‌سعود سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌، به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. له‌م كاته‌دا سه‌ره‌رای نه‌بونی زه‌مینه‌ سازی و پێویستیه‌ زه‌رهورریه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كه‌چی ره‌فتاری وا نه‌ك ناچێته‌ خزمه‌ت هێوركردنه‌وه‌ و نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان، به‌ڵكو ده‌لاقه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات و خه‌ڵك گومانی زیاتر ده‌بێت له‌م كرده‌وه‌ زۆر نابه‌جێیانه‌ و حساب نه‌كردن بۆ هیچ كه‌س و لایه‌ن و ته‌نانه‌ت كاته‌كه‌ش، وه‌ك ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه‌ی خودی مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا له‌م كاته‌دا له‌ شوێنێكی وه‌ك په‌رله‌مانی ئۆرپا كه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیدا نه‌بوو .
پێداویستی سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ فه‌راهه‌مكردنی ته‌بایی و هاوخه‌باتی و هاوخه‌می و هه‌وڵی یه‌كگرتوویی و وه‌لانانی بوغز و كینه‌ و ڕقی سیاسی و كه‌سی و حزبی و پیشاندانی گه‌وره‌یی به‌ گفتار و ره‌فتاردا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌ن یه‌كێكه‌وه‌ كه‌ خۆی به‌ تۆماركردنی مه‌جدێكی گه‌وره‌ ئاماده‌ كردووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ خود حه‌قیقه‌ت ده‌رده‌خات و ئه‌م قسانه‌ ناخی كاك مه‌سعودی بۆ زۆر لا ده‌رخست كه‌ گه‌وره‌یی و سه‌ركردایه‌تی دروست به‌ قسه‌ نابێت به‌ڵكو به‌ ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ ده‌بێت و كه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی و ئه‌و قسانه‌ی ئه‌ویش له‌جێگه‌ی خۆدیدا نه‌بوو و جگه‌ له‌ زه‌ره‌ر له‌ هه‌موو شتێك هیچی تری تێدا نادۆزێته‌وه‌ .
خه‌ڵكانێكی وه‌ك ئێمه‌ كه‌ باوره‌مان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دیاریكردنی چاره‌نوسی گه‌لی كوردستانه‌ و، به‌دوور له‌ گۆشه‌ی حزبی و روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی كه‌سی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی و ریفراندۆمدا ده‌كه‌ین، به‌م قسانه‌ توشی شۆك بوین و ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئامانجی گه‌وره‌ به‌ پیاوی گه‌وره‌ ده‌كرێت و ئێمه‌ش له‌و كه‌سانه‌ بێ به‌شین. وتمان سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌ ده‌هێنێت كه‌ ناله‌باری بارودۆخ په‌یوه‌ندیه‌كان بخه‌ینه‌ لاوه‌ و ئه‌گه‌ر دوژمنێكی سه‌ره‌سه‌ختی گه‌لی كوردسنتانیش هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ره‌به‌خۆیی كوردستان بنێت به‌دڵ و گیان له‌گه‌ڵیدا ده‌بین و هیچ گوێ به‌ ململانێی حزبه‌كان ناده‌ین. وتمان نه‌یارانی ریفراندۆم پشت به‌ مه‌رامی حزبی و به‌رژوه‌ندی ته‌سك ده‌به‌ستن و ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ هیچ ئه‌رزشێكی نیه‌، وتمان پارتی بێت یان یه‌كێتی یان گۆران یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حزبی به‌عسیش بگه‌رێته‌وه‌ و مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی هه‌نگاونان بێت بۆ سه‌ره‌به‌خۆیی كوردستان پشتگیری لێ ده‌كه‌ین، وتمان پێویسته‌ ناكۆكیه‌كان بخرێته‌ لاوه‌ یان هه‌ر هیچ نه‌بێت دوا بخرێت بۆ دوای ریفراندۆم، وتمان ئامانجی گه‌وره‌ پیاوی گوره‌ و دڵی گه‌وره‌ و عه‌قڵی گه‌وره‌ و ناخی پاك و عه‌قیده‌ی كوردپه‌روه‌ری ده‌وێت، وتمان ته‌نازول لایه‌نه‌ نێوخۆییه‌كان بۆ یه‌كتر به‌ گه‌وره‌یی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌نوسرێت، كه‌چی به‌م ره‌فتاره‌ی كاك مه‌سعود له‌ ماڵی بێگانه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ململانێی نێوخۆدایه‌ و هیچ ئامانجێكی وه‌ك ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له‌ ویژدانیدا جۆش نه‌خواته‌، ئا به‌و به‌و شێوه‌یه‌ و بێ منه‌تانه‌ قسه‌ی كرد و به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ریسه‌كه‌ی كورد و كوردپه‌روه‌رانی كرده‌وه‌ به‌ خوری و نیازپاكی و دوور بینی له‌ خۆی دوور خسته‌وه‌ وقسه‌كانی ته‌نها له‌ شه‌ره‌ده‌ندوكی حزبی نێوخۆیی نه‌بێت هیچ تری لێ ناخوێنرێته‌وه‌.
ئه‌م قسانه‌ی كاك مه‌سعود دژ به‌گۆران نه‌بوو به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامدا دژ به‌ ئه‌و ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌ی كوردستان بوو و به‌ زیانێكی زۆر گه‌وره‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و ئاستی گه‌وره‌یی و چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردنی كاك مه‌سعودی له‌گه‌ڵ پرسێكی گه‌وره‌ی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی و توانا و دیدی سیاسی به‌ وردی روون كرده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م قسانه‌ خه‌می گومانی ئێمه‌ومانانی له‌مه‌ر راستگۆیی پارتی و بارزانی بۆ پرسێكی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی زیاتر كرد و ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ تا ئێستاش پارتی و بارزانی بۆ خۆقوتاركردن له‌ قه‌یرانه‌كان ده‌ستیان بۆ ئه‌م ئامانجه‌ پیرۆزه‌ بردووه‌.
به‌ڵێ ده‌لێم ئه‌م قسانه‌ی ئه‌م به‌رێزه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌م كاته‌دا له‌ نێوخۆی كوردستان بكردایه‌ قبوڵكراو نه‌بوو، نه‌وه‌ك له‌ جێگهایه‌كی وه‌ك په‌رله‌مانی ئۆرپا كه‌ ده‌بوایه‌ باڵاتر و گه‌وره‌ترو وردتر و به‌ به‌رپرسیارێته‌كی گه‌وره‌تره‌وه‌ قسه‌ بكات و، ته‌نانه‌ت ده‌بوایه‌ زۆرێك له‌ كێشه‌وبێشه‌ نێوخۆییه‌كان بشارێته‌وه‌ و ئاستی باڵای ته‌بایی لایه‌نه‌كان ده‌ربخات و په‌یمانی یه‌كریزی و ته‌بایی لایه‌نه‌كانی كوردستان و جێبه‌جێكردنی یاسا و شه‌رعیه‌ت دان به‌ پرسه‌ك گرنگه‌كه‌ بدات نه‌ك به‌خۆی واقعی كوردستان وه‌ك خۆی و خراپتر ده‌ربخات و ناكۆكیه‌كان قوڵتر بكاته‌وه‌ و خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ش بێ ئومێد بكات، ئه‌وانیش به‌و قسه‌ زۆر ئاست نزمانه‌ بمانخوێننه‌وه‌ و نه‌ك سه‌ربه‌خۆیی به‌ڵكو قیدراڵیشمانپێ ره‌وانه‌بینن . به‌لێ كاكم به‌م قسه‌ و ره‌فتارانه‌ ویستی چاوی برێژێت كوێری كرد.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە