هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

جێگه‌ی شۆكه‌ كه‌ خۆت تا دوێنی و له‌ كاتی دوو حكومه‌تیه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌ قۆناغی شه‌ری نێوخۆدا، له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ گله‌یی ئه‌وه‌ت كردبێت كه‌ شوێنه‌كانی به‌ده‌ر له‌ سلێمانی په‌راوێزخراون و ده‌بێت فشار بكرێت بۆ ئاوردانه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ و هاواری یه‌كپارچه‌یی كوردستان بكه‌یت و، ئیدعای عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوڵاتیبون و یه‌كسانی بكه‌یت وله‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دواتر داوای پله‌وپایه‌ له‌ لایه‌نی ده‌سڵاتدار بكه‌یت و، كه‌ بزانیت به‌ده‌ستی ناهێنیت داوای دووله‌ت كردنی كوردستان بۆ دوو هه‌رێم بكه‌یت. له‌م باره‌وه‌ ئه‌گه‌ر دوو هه‌رێمیش دروست بێت، سبه‌ی به‌ ناوی په‌راوێز خستنی ناوچه‌كانی په‌راوێز به‌ده‌ر له‌هه‌رێمی سلێمانی داوای هه‌ریمی تر ده‌كه‌یت.
ئه‌وه‌ی به‌ روونی ته‌ماشای ئه‌م وه‌زعه‌ سیاسیه‌ و راوبۆچونی خه‌ڵكانێك بكات كه‌ ته‌نها له‌پیناو ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی به‌ چاپلوسی بۆ رای هه‌ندێك و مه‌رامێكی تایبه‌ت، سیاسه‌تێكی پۆپۆلیزمانه‌ی رووت بكات و، ده‌زانێت ئه‌م راوبۆچونه‌ هه‌رزه‌كارانه‌ ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یارانی گه‌لی كوردستان و دژ دوارژی میله‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌‌ و قوڵایی ستراتیجی گه‌لی كوردستان و ئه‌و ئاواته‌ی شه‌هیدان كه‌ خوێنی خۆیان له‌ پێانویدا رشت، ده‌داته‌ ده‌ست دوژمنانه‌وه‌. داواكردنی هه‌رێمی سلێمانی جگه‌ له‌ رازیكردنی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانه‌ی له‌م باره‌وه‌ ده‌روانن و به‌ نیازی هه‌مه‌جۆره‌وه‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن هیچی تر نیه‌ . ئه‌گینا مه‌عقوله‌ كه‌ تۆ له‌ هه‌ستان و دانیشتندا ره‌خنه‌ت له‌ شاری سلێمانی و ره‌فتار و كرده‌وه‌كانی سیاسیه‌كانی بێت، ئێستا به‌مه‌به‌ستێكی زۆر ته‌سك داوای هه‌رێمی سلێمانی بكه‌یت و به‌ هه‌ڵویست بۆت حسابی بكه‌ن.
جێگه‌ی داخه‌ كه‌ ئه‌م به‌ناو سیاسی و رۆشنبیرانه‌ خۆیان به‌ تیۆریزانی گه‌لی كورد له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و، ده‌یانه‌وێت ئامانجێكی گه‌وره‌ی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی له‌ پێناو دژایه‌تی لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێكی كوردستان بسرنه‌وه‌ و، ده‌یانه‌وێت له‌م كاته‌ ناسكه‌دا ئیستغلالی سۆزی خه‌ڵكی كوردستان له‌مه‌ر له‌ده‌ستدانی سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك كاك نه‌وشیروان له‌ داوایه‌كی كورت مه‌ودا و ته‌سكبینی و كورتبینی كورتبكه‌نه‌وه‌. كه‌سانێك كه‌ له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حزبی وه‌زعی كوردستان شیبكه‌نه‌وه‌ و ته‌نها بۆ چه‌ند ده‌نگێكی خه‌ڵك و بۆ رازیكردنی كۆمه‌ڵێك قسه‌ی بێ بنه‌ماو زه‌ره‌به‌خش هه‌ڵوێست ده‌ربریت و دوارۆژی میله‌ت نه‌خوێنیته‌وه‌، ئه‌م كرده‌وانه‌ شایانی نه‌فره‌ت لێكردنه‌.
ئه‌گه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی كوردستان گه‌نده‌ڵ بن و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا تا ئێستا ئاسه‌واری دوو زۆنی نه‌سریبێتنه‌وه‌، ئه‌وه‌ گوناحی خه‌ڵك نیه‌ و به‌ڵكو خستنه‌ بازاری هه‌ڵوێست و بۆچونی ئاوها كێشه‌كه‌ قورستر ده‌كات و لاته‌ریكی خه‌ڵك زیاتر ده‌كات و نزیكبونه‌وه‌ و چارره‌سه‌ر قورستر ده‌كات و له‌ ستراتیجی قوڵی میله‌ت ده‌دات له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خزمه‌تی بكات .
به‌ڵێ ده‌بێت كوێخایه‌تی كۆتایی پێ بێت و قۆرخكاری نه‌مێنێت، ئه‌ویش به‌ پرۆژه‌ی هه‌مه‌گیر و رێكه‌وتنی هه‌ماهه‌نگی لایه‌نكان و به‌ تایبه‌تی یه‌كێتی گۆران ده‌كرێت نه‌ك به‌ دروستكردنی دوو هه‌رێمی. ئه‌وه‌ دوارۆژێكی باش و ده‌یان هه‌ڵبژاردنمان له‌به‌رده‌مدایه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م حزبانه‌ زۆرینه‌ بن و یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمان و هه‌ماهه‌گ بن ده‌توانن له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هه‌موو شتێك بگۆرن، نه‌ك كوردستان دووله‌ت بكه‌ن به‌ سۆز وبۆچونی بچوك و ته‌سكی شارچێتی و ناوچه‌چێتیی زۆرێك له‌ نیمچه‌ سیاسه‌تمه‌داران و رۆشنبیرانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌.
ئه‌وه‌ی بیرته‌سكی هه‌ندێك ده‌رده‌خات كه‌ له‌ زۆر قۆناغدا بزانن به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شه‌خسیه‌كانیان زه‌ره‌ له‌ هه‌ڵوێستی راست ده‌كات فزه‌یان لێوه‌ نایه‌ت و له‌ قۆناغێكی تردا كه‌ بزانن به‌رژه‌وه‌ندیان وا پێویست ده‌كات بۆ پركردنه‌وه‌ی ره‌سیدی جه‌ماوه‌ری قسه‌ی پوچه‌ڵ ده‌كه‌ن و ته‌نها وه‌ك رێگه‌یه‌كی پۆپۆلیستانه‌ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكه‌ له‌به‌رچاو بگرن.
داواكردنی دوو هه‌رێمی یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی سه‌رجه‌م وڵاتانی ده‌ورو به‌ ئێران و توركیا و به‌ ناوه‌ندی عیراقیشه‌وه‌، ئه‌م ئامانجه‌ نه‌ك هه‌رێم ناهێلیت له‌ عیراق به‌ڵكو نه‌گاوێكه‌ بۆ ناوه‌ندێتی عێراق، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌چێته‌ پله‌ی خیانه‌ته‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی هه‌ڵه‌ وزه‌ره‌ری گه‌وره‌ له‌ گه‌لی كوردستان و خوێنی شه‌هیدان به‌ فیرۆده‌دات.
پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی كوردستان و هێنانهدی‌ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی كوردستان خه‌یاڵپڵاوی نیه‌ و به‌ڵكو پیرۆزترین ئامانجی گه‌لی كوردستانه‌. دامه‌زراندنی دوڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ زاخۆوه‌ بۆ مه‌نده‌لێ شیعار نیه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئاواتی هه‌ڵقوڵاوی دڵ و ده‌روونی سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستانه‌، جگه‌ له‌خه‌ڵكانی ته‌سك بین و بیری ناوچه‌چێتی و شارچێتی و حزبچێتی و به‌رژوه‌ندته‌سكخوازی. بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی و دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمان ئه‌وه‌نده‌ گوێ له‌ بیروبۆچونی دایكی شه‌هیدیك بگرن نه‌ك خه‌ڵكانی هه‌ڵوێست فرۆش له‌ پێناو ئامانجێكی شه‌خسی ته‌سكدا. تا ئه‌م راده‌یه‌ به‌سه‌، ئه‌گینا له‌م باره‌وه‌ زۆرمان پێیه‌ بیڵێین بۆ سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی له‌ مباره‌وه‌ شه‌نوكه‌و ده‌كه‌ن و دتوانین وردیكه‌ینه‌وه‌.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت