هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هه‌مووان له‌و قه‌ناعه‌ته‌دان كه‌ وه‌زعه‌ سیاسیه‌كه‌ وای لێهاتووه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ركه‌ سه‌ركیه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پارتی و بارزانی و ده‌رئه‌نجامی سه‌ركیشیه‌كه‌ رووبه‌روی ئه‌وان ده‌بێته‌وه‌ . لێره‌دا باس له‌سه‌ر پشت و پاڵنانی ناچاری و بازدانیان به‌سه‌ر زۆر شتدا ناكه‌ین كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی راگه‌یاندنی له‌ ناكاوی جێبه‌جێ كردنی ریفراندۆم و گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی بوو .
مه‌به‌ستمان له‌م نوسینه‌ چۆنێتی ده‌رخستنی حه‌قیقه‌تی راستگۆیی پارتیه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌ و چۆنێتی باوه‌رهێنانی لایه‌ن و كه‌سایه‌تیه‌كانی تری كوردستانه‌ له‌مه‌ر خودی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ك ته‌نها پاڵپێوه‌نانی ناچاری بۆ په‌نابردنی هاوڵاتیان بۆ كرده‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ كه‌ نه‌هامه‌تی و قه‌یرانه‌ په‌یوه‌یسته‌كان به‌ناجۆری گوزه‌ران و ژیانیانه‌وه‌ له‌بیر بكه‌ن . چۆن لایه‌نه‌كان و خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت به‌ په‌یمان و قه‌وڵ و راستگۆیی پارتی ده‌كه‌ن ؟
1- په‌شیمان نه‌بوونه‌وه‌ به‌ هیچ فشار و هه‌ڵوێستێكی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی و به‌ هیچ به‌هانه‌ و هۆكارێكی پشت مه‌به‌ستی دواخستن و نه‌هێشتنی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ و به‌دوای به‌هانه‌ نه‌گه‌ران بۆ په‌شیمان بوونه‌وه‌ .
2- ته‌نازول كردن له‌ زۆر شتی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان یه‌كلابكاته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی پارتی ئامانجی ته‌سكی حزبی و شه‌خسی نیه‌ و ته‌نها و ته‌نها گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌، له‌وانه‌ش راگه‌یاندن و په‌یماندانی خۆ نه‌هڵبژاردنی بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كات و ساتی خۆیدا و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌كاتی خۆیدا، به‌دوور له‌وه‌ی ریفراندم و پرۆسه‌كه‌ بكرێته‌ هۆكارێك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن .
3- سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی په‌رله‌مان به‌ پاكێجێك بخرێته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ و بریاردان له‌ماوه‌یه‌كی یه‌كجار كورتدا و، كاراكردنه‌وه‌ ی په‌رله‌مان ته‌نها بۆ ریفراندۆم نه‌بێت و تا دوا هه‌ناسه‌ هه‌وڵی یه‌كێتی و ته‌بایی و یه‌كبونی لایه‌نه‌كان له‌مه‌ر قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌كه‌ بدرێت .
4- پارتی واز له‌ بێ منه‌تی بهێنێت و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان به‌ زۆری و كه‌می و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم نه‌خوێنێته‌وه‌ .
5- به‌گور و ته‌وژمه‌وه‌ ده‌ست بۆ یاسا گرنگه‌كان ببات و ئه‌گه‌ر بواری تێپه‌راندنی ده‌ستور نه‌بێت، ده‌كرێت له‌گه‌ڵ یاسای په‌یوه‌ست به‌ ریفراندۆم یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سیستمی سیاسی په‌یوه‌ست بكرێت به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ تێپه‌رێنرێت .
6- هه‌وڵی رازیكردنی زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵك بۆ به‌شداری ریفراندۆم بدرێت، ئه‌ویش به‌ نیازپاكی و دوور خستنه‌وه‌ی گومان و هه‌نگاوی جدی له‌مه‌ر خۆنه‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بچوكه‌ حزبی و كه‌سیه‌ ته‌سكه‌كان، واته‌ ئاماده‌بونی پارتی بۆ ئیمزا كردنی لاپه‌ره‌ی سپی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئه‌ته‌كێتی حزبی و كاتكوشتن و لاساری و مناوه‌ره‌ .
7- ته‌نازولی نێوخۆیی و ملكه‌چ نه‌بون بۆ فشاری ده‌ره‌كی نه‌ك بۆ دوارۆژی پارتی و بارزانی گرنگ و چاره‌نوسسازه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌ڵوێستی له‌م جۆره‌ی راست وره‌ها مه‌جدێكی گه‌وره‌ بۆ پارتی بارزانی دروست ده‌كات .
8- ئاشت كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و خستنه‌ به‌رده‌ستی سه‌رجه‌م توانا مادی و مه‌عنه‌ویه‌كانی سه‌ركردایه‌تی و حزبه‌كان داراكان به‌ تایبه‌تی پارتی وه‌ك ده‌ڵێن به‌كارهێنانی پاره‌ی سپی بۆ رۆژی ره‌ش، كه‌ هه‌موو لایه‌ك گومانی نیه‌ له‌ هه‌بوونی ئه‌و جۆره‌ پارانه‌ چی شه‌خسی سه‌ركردایه‌تی بێت له‌ رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كۆیان كردبێته‌وه‌ یان هی حزبه‌كان .
9- مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ كۆن و تازه‌كان به‌و پێیه‌ی كه‌ ده‌بێت بژێوی چه‌ندین مانگ و تاوه‌كو سالیش له‌ حاڵه‌تی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراودا بۆ موچه‌خۆران ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن .
10- خیرا كردن له‌ هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كان و خۆنه‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ كۆبونه‌وه‌ زۆرو بێ كه‌ڵكه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان به‌ لێكتێگه‌یشتنی خێرا و له‌به‌رچاوگرتنی كات.
11- خۆتوندكردن و دانانی پلانی هه‌مه‌جۆر بۆ سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌، به‌ یه‌كلابونه‌وه‌ له‌ بریاری یه‌كجاره‌كی بێ په‌شیمان بونه‌وه‌ و خۆ مه‌شغول كردن و، گرنگیدان به‌ ئه‌وله‌ویاتی په‌یوه‌ست به‌ قۆناغه‌كه‌ .
به‌م هه‌نگاوانه‌ و خۆگۆرینی پارتی نه‌ك ته‌نها پارتی و خه‌ڵك قازانج ده‌كه‌ن و ئامانجه‌كان ده‌پێكین به‌ڵكو وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ش له‌ میژووی گه‌لی كوردستاندا دروست ده‌كه‌ن . بۆیه‌ یان به‌م روحیه‌ت و ئاراسته‌ فكری و سیاسیه‌وه‌ پارتی سه‌رده‌كه‌وێت و خه‌ڵكیش باوه‌ری پێ ده‌كه‌ن یان سه‌رجه‌م كارته‌ حزبیه‌ نهێنیه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون و له‌و كاته‌دا سه‌رجه‌م قسه‌ روكه‌شه‌ حزبی و كه‌سیه‌ كان هیچ دادی نادات و ته‌نانه‌ت له‌ كه‌مبونه‌وه‌ و مردنی جه‌ماوه‌رێتی خۆی نزیك ده‌بێته‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌ قۆناغێكی ترسناكه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژوویدا نه‌یبینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش بۆی روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌م ره‌فتارانه‌ی له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ شكستی حوكم و قه‌یرانه‌كان قوتاری بێت زیاتر له‌ زه‌لكاوه‌كه‌ نوقم ده‌بێت. به‌و پێیه‌ش خۆی و خه‌ڵكیش ده‌كه‌ونه‌ حاڵه‌تی هه‌لاكته‌وه‌ و توشی نسكۆیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بین.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت