هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

کاتێک باس لە بژاردەی میلەت لە بریاردانی چارەنوسی خۆی دەکەین، بەو واتایە نیە مەبەستمان لەوەبێت ئەم ئامانجە لە روانگەی رەگەزپەرستی و شۆفینیزم و رق و کینە لەویتر و حەزکردن لە لاتەریکی و خۆجیاکردنەوە لەخەڵکی تر هەڵقوڵابێت. بەهیچ شێوەیەک خەڵکی کوردستان بەوە رازی نابێت کە زیندانیەکی تر بە دەستی خۆی دروست بکات کە تادوێنێ ئەگەر بە دەستی غەیرەکورد خزێندرابێتە نێو ئەو واقیعەوە، ئەمرۆ بەدەستی ئەوانەی بە تۆپزی خۆیان بەسەریدا سەپاندووە یاری پێ بکەن و تەنها رەگەز و زمانی جەلادەکان بگۆردرێن و بە پشت و زمانەکەی خۆیان غەدر و زوڵمیان لێبکرێت . نەخێر بەو مەبەستەش نیە کە بەربەست بخەنە نێوان مرۆڤدۆستان لە نەتەوەکانی تر و خەڵکی کوردستانەوە، بەدێهێنانی ئەم ئاواتەی کورد بە کاردانەوەیەک لە رق وتۆڵە بەرامبەر ئەوانەش نیە کە بە ئامرازی تودوتیژی هەمەجۆر ئازاریان داوین و تەنانەت کیمیابارانیان کردوین . میژوو شایەتی لە خۆبوردویی و لێبوردەیی گەلی کوردە لە هەموو کاتێکدا بە تایبەتی لە کاتی بەهێزی و بەتواناییدا. ئەم داوا حەقە لە سەر بناغەی رق بەرامبەر نەتەوەی عەرەب و فارس و تورک نیە، هەروەک چۆن بەرامبەر هیچ ئاین و مەزهەبێکیش نیە، هەروەها بۆ بەکارهێنانی دەوڵەت لە سەر بناغەی فادەمینتاڵیزم دژ بە ئەویتر نیە و نەش بۆ خۆبەرزکردنەوە و بەدیهێنانی ئامانجە کاتیەکانی حزبی و شەخسی و بۆ ئایدۆلۆجیەتێکی تایبەتە کە هەندێک حزب و کەسی دیاریکراو هەوڵی بۆ دەجەن.
بەڵێ تەنانەت داواکردنی دەوڵەتی کوردی لە بارەوە سەریهەڵنەداوە کە وابزانین ئەم سەرکردایەتیە و ئەم سیتیمە و بەم پێکهاتەو حزبانە بتوانن خزمەتی میلەت بکەن و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی بهێننەدی و، لەسەر بناغەی بۆچون و تێرواننی مرۆڤدۆستانەوە حوکمی دەوڵەت بکەن. نەخێر بەڵکو باوەرمان بەوەش نیە کە ئەم دەسەڵاتە بتوانێت لە پاش پێکهێنانی دەوڵەتیش سیستمی پێشکەوتنخواز و دادپەروەر و شارستانی و عەلمانی سەردەمانە بینێتەکایەوە. بەڵکو لەوە باورەدانین کە دەوڵەتی کرودستانیس پێکبێت ئەم فەرمانرەوایانە بتوانن سەقامگیری سیاسی و ئابووری مەیسەر بکەن. بەڵکو زۆرینەی میلەتی کورد لەوباوەرەدایە کە خۆرێکخستنەوە بە پشتبەستن و بەکارهێنانی بیروبۆچونی شارستانی و عەلمانی و رۆشنبیری سەردەمیانەی مرۆڤدۆستانە و بە فکرێکی کراوەی عاقڵمەندانە، تاکە رێگەی گەیشتنە بە بەدەستهاتنی ئامانج و دەستکەوتی خەڵکی کوردستان. بەڵام بەم پێکهاتەی جەسەڵات و بەم سیاسەت و سەرکردایەتیە و بەم وەزعەوە مەحاڵە شتێک لەوبارەوە بێتەدی.
کەوابێت بۆچی زۆرینەی رەهای خەڵک داوای سەربەخۆیی دەکات و باوەری پتەوی پێی هەیە و مکورە لەسەر ئەوەی کە ئامانجێکە و دەبێت بێتەدی، لەهەر کاتێکدا بێت زوو یان درەنگ.
لەو روانگەیەوە کە بە درێژایی مێژوو توشی نەهامەتی و زوڵم و زۆر و لێقەومان و شەرو شۆر و دژایەتی و بەسوک و نزم سەیرکردن بوین و ئەوەی بەدەستی دەسەڵاتە ناوەندیەکانەوە خەڵک دەیناڵد و، لەوە یەکلابووەوە کە ناوەند بەبەردەوامی لە هەوڵی تواندنەوەی گەلی کوردە، بۆیە باوەری بەتینی لەوەوە هات کە سەربەخۆیی هەر هیچ نەبێت لەو میحنەتە بەردەوامە رزگاری دەکات و هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە و رووە رزگاری یەکجاری لە دەستی دوژمنی ناوەکی و دەرەکیش. بۆیە سەربەخۆیی بۆ میلەت لەمانەوەی بەژێردەستەیی بۆ ناوەند بە باشتر دەزانرێت، بەتایبەتی تا ئێستا و نبە گۆرینی دیکتاتۆریتیش، ناوەند بەهەمان فکر و عەقڵیەت و بە بۆچونێکی دواکەوتوانەی دینی و مەزهەبیەوە مامەڵە لەگەڵ خۆیان هەرێمیشدا دەکات. خەڵک بۆی روون بووەوە کە ناوەند تەنها بە شێوە و پێکهاتەوە گۆراوە، ئەگینا بە هەمان عەقڵیەت و روانین بۆ مەسەلەکان و هەندێکی خراپتریش، فەرمانرەوایی دەکات. میلەتی کورد بۆی روون بووەوە کە هەرکەس و لایەنێک لە ناوەند حوکم بکات، لەژێر سایەی ئەم بارودۆخە خودی و بابەتیدا بە هیچ شێوەیەک و لە قۆناغێکی دوورمەوداشدا، هیچ لە بەرژەوەندی ئەودا نیە.
بۆیە لەبەر زۆرێک هۆکاری سەرەکی و لاوەکیی تر، خەڵک لە نێوان خراپ و خراپتر، خراپەکە هەڵدەبژێرێت. بۆیە، بەو ئومێدەی کە لە پاش دروستبونی دەوڵەتی کوردستان هەوڵی گۆرینی ریشەیی لە دەموچاو و پێکهاتەی حزبی و شەخسیی دەسڵاتدارانی کوردستان ئاسانتر دەبێت و، شتێک نامێنێت کە ناوی ترس بێت لە گەرانەوە بۆ خاڵی سفر، بۆیە هەموو کردار و رەفتار و هەڵوێستێک بەکاردێت بەرامبەر گەندەڵکاران، بێ ئەوەی زۆر بیر لە دوژمنی دەرەکی بکرێتەوە. واتە کەس لەوباوەرەدا نابێت کە لە کاتی بەرقەراربونی دەوڵەتی کوردستان گەلی کوردستان لە ئاست ئەم گەندەڵی و نادادپەروەری و مشەخۆری و قەرانە هەمەجۆرانەدا بێدەگ بێت. بۆیە سەرەتای بەرپابونی شۆرشێکی هەمەگیر دەست پێدەکات و، لە لایەکی ترەوە و لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، دروستبونی دەوڵەتی کوردستان تەنانەت قازانجی بۆ میلەتانی تری سەردەست دەبێت و، دەوڵەتانی ناوەندیش لە هۆکارێکی زەرەمەندی خۆیان دووردەکەونەوە و، تا رادەیەک لەوێشدا فاکتەری سەقامگیری مەیسەر دەبێت. بۆیە بەم حاڵەتەی کە تێیداین لە کوردستانێکی قەیراناوی و گەندەڵ تا سەر ئێسقان و وابەستەی ناوەندێک تا ئێستا خەڵکانێک بەرێوەی دەبەن کە هیچ جیاوازیەکیان لەوانەی پێشتر نەبوبێت.
بەم شێوەیە دەتاونین بڵێین لە نێوان خراپ و خراپتر، دامەزاندنی دەوڵەت لە سایەی ئەمانە لە خراپەکانە نەک خراپتر کە مانەوەیە لە سایە و ژێردەستەیی دەسەڵاتی ناوەند بەم عەقڵیەت و مامەڵە کردن و پشتخانەی فەرمانرەوایەتیانەوە. بەڵام دەتوانین پرسیارێکی گرنگ و ریشەیی و چارەنوساز بکەین، دوور لە موزایەدەی شەخسی و حزبی و قسەی تەکتیکیانەی تەسکی قۆناغەکە، کێ بە راستی بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەوڵ دەدات و کێ دەتوانێت دایمەزرێنێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت