هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

حکومەتی عێراق چەند هەنگاوێکی گرتۆتەبەر بۆ لەباربردن و نەهێشتنی جوڵەی پیشەسازی و بازرگانی لەهەرێمی کوردستاندا، ئەو هەنگاوو ڕێوشوێنانەش گرتویەتیەبەر تاڕادەیەکی زۆر کاریگەرییان داناوەو گەربەردەوام بێت ئەوا لەئایندەدا بەتەواوەتی جوڵەی بازرگانی بەگشتی و پیشەسازیش بەتایبەتیش لەوەستان نزیکدەکاتەوە . لەئێستادا لەکۆی ( 3500 ) کارگەی بەرهەم هێنانی کاڵاوشمەکی جۆراوجۆر، کە کەرتی تایبەت خاوەندارێتیان دەکات زیاتر لە ( 2000 ) هەزارکارگەیان دەرگاکانیان کڵۆم دراون و لەکارکردن وەستاون، کەبەشێکی زۆریان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆقەیرانی دارایی، ئەمەجگە لەوەی کەلەکۆی ئەو (32) کارگە حکومیەی کەلەساڵانی ڕابردوودا لەکاردابوون لەئێستادا کەمتر لەنیوەیان لەکارکردن بەردەوامن.
گەر لەساڵانی ڕابردوودا بەنموونە ساڵی (2013) لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردسنانەوە ( 400 بۆ 500 ) مۆڵەتی کارکردن و کردنەوەی کارگە وەرگیرابێت، ئەوا لەمساڵدا (2017) لەلایەن ئەو وەزارەتەوە تەنها ( 120 بۆ 130 ) مۆڵەت دراوە بە وەبەرهێن و بازرگانان، وە لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و ڕوداوەکانی( 16)ی ئۆکتۆبەرو ڕۆژانی دواتر هیچ بازرگان و خاوەن کارێک داوای مۆڵەت وکردنەوەی کارگەی نەکردوە.
حکومەتی ناوەند چەند ڕێوشوێنێکی لەئێستادا گرۆتۆتەبەر کەگەڕ بیر لەچارەسەرییان نەکرێتەوە ئەوا دوور نیە هەردوو بواری بازرگانی و پیشەسازی بەرەو پوکانەوە بچن. لەو ڕێوشوێنانەش کەگیراونەتەبەر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بریتین لە:
A- دەبێت بازرگانانی هەرێم مۆڵەتی کارکردنیان لەوەزارەتی بازرگانی عێراق وەربگرن بۆ کارکردن، نەک وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
B- ئەو کاڵاو شمەکانەی لەکارگەکانی هەرێمەوە بەرهەم دەهێنرێن و هەناردەی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەکرێت لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە گومرک دەکرێن وەک هەر کاڵاو شمەکێکی تر کەلە وڵاتانی ترەوە هاوردەی عێراق دەکرێت، تەنانەت زۆرجار جگە لەگومرککردنی کاڵاو شمەکەکان کۆسپ ولەمپەریش بۆ بازرگانانی کوردو بەرهەمەکانیانیشیان دروستدەکەن، کەبە پێی یاسا ناکرێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک کاڵاوشمەک لەنێوان شارەکانی وڵاتێکدا گومرک بکرێت لەکاتی گواستنەوەیان لەنێوان شارەکاندا.
C- زیاتر لە (40)ڕۆژە دەروازەکانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بەداخراوی هێڵدراونەتەوەو ناشزانرێت ئایندەیان بەکوێ دەگات، ئەوەش وایکردوە تاڕادەیەکی زۆر ئاڕاستەی بازرگانی کەپێشتر لەو دەروازانەوە ئەنجامدەدران بگۆڕدرێن بۆدەروازەکانی تری سەربەحکومەتی ناوەند، ئەمە جگە لەبێکارکردنی هەزاران کەس کەپێشتر ژیان و گوزەرانیان لەسەرئەو دەروازانە بوون.
گەرحکومەتی ناوەند ئەم ڕێوشوێنانەی گرتبێتەبەر بۆ داتەپینی پیشەسازی و بازرگانی هەرێم، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستانیش شتێکی لەو کەمتر نەکردوە بۆ پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی هەردوو بوارەکە، کە لەبری کارئاسانی و هاوکاریکردنی بواری پیشەسازی ئەویش بە دروستکردنی بازاڕ بۆ ساخ کردنەوەی بەرهەمەکانیان و پاراستنیان، کەچی دێت و لەکاتێکدا بێ بازاڕی تەنگی پێ هەڵچنیون و ڕێژەی هەژاریش لەچاوپێش دروستبونی قەیران و تەنگەژەی دارایی بۆ لە (400٪ ) بەرزبۆتەوە، ئەمیش دێت نرخی کارەبا لەسەر ناوچە پیشەسازی و بازرگانیەکان بەبەراورد بەساڵی (2013 ) لە ( 420٪ ) زیادکردوە بێ ئەوەی پرس و ڕاوێژ تەنانەت بە بەرپرسانی وەزارەتی پەیوەندیداریش بکرێت.
ئەمەجگە لەزیادکردنی باج و ڕسومات و تاریفەی گومرکی، بەم هەنگاوانەش لەم دۆخەدا هەرێم خۆشی پشکی گەورەی بەردەکەوێت لە لاوازکردن و مراندنی بواری بازرگانی و پیشەسازی.
بۆیە گەر بەزوویی بەڕاوێژکردن بەپسپۆڕان و شارەزایانی هەردوو بوارەکە نەخشە ڕێگاو میکانیزمی خێراو گونجاو نەدۆزرێتەوەو دانەنرێت ئەوا لەچەند ساڵێکی زۆرنزیکی داهاتوودا سێکتەرەکانی پیشەسازی و بازرگانی یان دەبنە سفر یان نزیکدەبێتەوە لێی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت