هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

سەیرە تائێستاش هەندێ کەس هەن بەرگری و داکۆکی لەم حکومەتە ئیفلیجە دەکەن و ناوێکی زل و قەبەشیان کردۆتە پێشگرو پاشگری بەرپرسەکانی و بەدەوڵەتمەدار ناویان دەبات، بۆیە تەنها لەسەر سوتەمەنی هەڵسەنگاندنێکی کورت وپوخت دەکەین و لێیان دەپرسین:
1- حکومەتێک نەتوانێت لەساڵێکداکە (366) ڕۆژە بۆ خێزانێک تەنها (200) لیتر نەوتی سپی دابین بکات کەڕۆژانە کەمترلە دوولیتر دەکات، چ ناو و پێناسێک شایانیەتی.
2- حکومەتێک نەتوانێت لەمانگێکدا تەنها لیترێک سوتەمەنی بداتە فڕن و نانەواخانەکان، چەند ڕووقایمیە بەخۆی بڵێ حکومەت لەکاتێکدا پێشتر مانگانە بۆهەر فڕنێک بڕی (4000)لیتر سوتەمەنییان پێدەدرا.
3- حکومەتێک موەلیدەی ئەهلی تێیدا بتوانێت لەحکومەت و وەزارەتی کارەباکەی زیاتر تەزوی کارەبا بگەیەنێتە هاوڵاتیەکانی، کەچی نەتوانێت تەنها لیترێک گازیان بداتێ، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو لیترێک گاز بەنرخی (415) دینار دەدرایە خاوەن موەلیدەکان.
4- حکومەتێک نەتوانێت سوتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبای خۆشی دابین بکات، دەبێت چ ئومێدێکی لەسەر هەڵبچنرێت.
لەکوێی دنیادا هەبوە لەهەرێمێکی بچوکی (5) ملیۆن کەسی ( 5 بۆ 6 ) هەزار موەلیدەی گەورە لەکوچەوکۆڵان و بازاڕی شاروشارۆچکەکانیدا بونیان هەبێت، لەگەڵ چەندین هێند زیاتر موەلیدەی تایبەتی بە دوکان و ماڵان.
بۆیە دەبێت ئەوەش بزانین کاتێک حکومەت نەیتوانی یان نەیویست سوتەمەنی بۆ موەلیدە گشتی و فڕنەکانی نان و سەممون کردن دابین بکات، ناشتوانێت گوشارو فشاریان لەسەر دروست بکات و بەمەش زیانلێکەوتەی گشتی کۆی هاوڵاتیانە بەتایبەت لەبەرزکردنەوەی نرخەکاندا.
دووساڵە حکومەت خۆی لەدابینکردنی نەوتی سپی ماڵان بێ بەریکردوە و هاوڵاتیانیش بەهۆی ئەو هەموو تەنگەژەو قەیرانە داراییەی بەسەریاندا سەپێنراوە نەیانتوانیوە سوتەمەنی پێویست بۆخۆیان دابین بکەن.
سەیرە پێشترو ئێستاش ڕۆژانە بتوانرێت سەدان هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بۆری و دەیان هەزاریش لەڕێگەی تانکەرو بەقاچاخ هەناردەی دەرەوە بکەیت کەچی هاونیشتمانیەکانت لەبەربێ سوتەمەنیی مەمرەومەژی ژیان بگوزەرێنن و لەزستاندا سەرما هەڵیان بلەرزێنێ.
لەوەش سەیرترکەمایەی شەرمکردنیشە ئەوەیە هیچ بەلاتەوە عەیبە نەبێت و ڕۆژانە چاوەڕوانی پێنج تانکەر نەوتی سپی لەحکومەتی ناوەند بکەیت بۆ هەرپارێزگایەک.
تۆبڵێی ئەم حکومەتەو دەوەڵەتمەدارەکانی ئەوەیان ورد کردبێتەوە کە ئەو (30) ملیۆن لیترەی حکومەتی ناوەند بڕیاریداوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات هەرخێزانێک یاخود ماڵێک چەند لیتری بەردەکەوێت.
ئەی زانیویەتی تەنها پارێزگای هەولێر پێویستی بە(100) ملیۆن لیترنەوتی سپی هەیە، ئەی خێرە لەبەرامبەر پێدانی بەرمیلێک نەوت بەهاوڵاتیان لەهەولێردا بڕی (51) هەزار دینار وەردەگیرێت، کەچی لەسلێمانی بڕی (54) هەزار دینارلە هەرخێزانێک وەردەگیرێت لەکاتێکدا ئەو نەوتەی دێتە هەولێرو سلێمانی سەرچاوەکەی حکومەتی ناوەندە.
بۆیە گەر تەنها لەگۆشەی سێکتەری سوتەمەنییەوە، کە هەموو سێکتەرەکانی تریشیان بۆ کردۆتە قوربانی وبڕیاری سەربەخۆیی ئابوریشیان لەسەردا، بڕوانینە ئەم حکومەتەو دەوڵەتمەدارەکانی ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کەئەوەی لەم هەرێمەدا ڕوودەدات تەنها ئەو پەندەی پڕبەپێسته، کەدەڵێ: (ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێت ) وە زۆر نالۆژیکی و ناڕاست و نەشیاویشە چەمکەکانی حکومەت و دەوڵەتداری بلکێنرێت بەمانەوە، چونکە ئەمانە لەهەموو سێکتەرێکدا سەرکەوتوو بون تەنها دەوڵەت و دەوڵەتمەداری نەبێت.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.