هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

بێباکی یاخود خەمساردی دوو چەمکن کەدەکرێت زیاتر بەوکەسانە بوترێت کەلە ئاست هەموو ڕوداووپێشهاتەکاندا باش بن یاخراپ بێدەنگی هەڵدەبژێرن و هیچ کۆمێنت و هەڵوێست و کاردانەوەیەکیان لەئاستیدا نیەونابێت.
بێدەنگبونی دەستەجەمعیش لەئاست هەر کردەیەکدا نەخۆشیەکی کوشندەیەو مرۆڤەکان نزیکدەکاتەوە لەکەناری بێ هیوابون و دواتریش کێشانی ڕۆحی بەدوادادێت.
لەباشوری کوردستاندا یاخود ئەوەی لەئێستادا پێیدەوترێت هەرێمی کوردستان خەمساردی و بێ باکیەکی گشتگیر خەریکە باڵ دەکێشێت بەسەر هەمواندا کەگەر بێت و بەردەوامی هەبێت وردە وردە خۆری هیواکان ئاوادەبن و بەدیهێنانی ئاسۆیەکی ڕوونیش لەمەحاڵ نزیکمان دەکاتەوە.
ئاخر ئەوە چ کارەساتێکە لەم مەملەکەتەدا دنیایەک ڕووداوو تەنانەت کارەساتیش ڕوودەدات کەچی خەڵکی هەر بێدەنگی هەڵبژاردوە بەشێوەیەک ئەڵێی لەسوڕی متبوندایە.
چەند سەیرە تۆچوار ساڵە نان وقوتی ڕۆژانەت بڕدراوەو ژیانێکی مەمرەومەژی دەبەیتەسەر کەچی هەر بێدەنگیت، تۆبە داتاو ژمارەی دروست بزانیت لەماوەی سێ ساڵدا یانەکانی ڕیال مەدریدو بەرشەلۆنە گرێبەستیان لەگەڵ چەند یاریزان کردوەو هەریەکەیان چەندییان لەو بوارەدا خەرجکردوە، بەڵام خۆت نەزانی چەند مانگە موچەت وەرنەگرتوەو چەندت لێبڕاوەو چەندیشت بۆ پاشەکەوتکراوە؟ لەسادەترین و سەرەتایترین مافەکانی ژیانت بێبەشکراویت کەچی هەربێباکیت، هیچ بەهاوشکۆیەکی مرۆڤایەتیان بۆ مرۆڤەکان نەهێشتۆتەوە کەچی تۆهەرخەمساردتردەبیت.
من تێناگەم لەهیچ شوێنێکی دنیادا نەبوەونابێت دامەزراوەی یاسایت پەکبخرێت، حکومەتت شکست لەدوای شکست تۆماریان بکات، پەت و تۆڕی ژیانی کۆمەڵایەتیت لەپچڕانی تەواوەتی نزیک ببێتەوە کەچی مێشێک میوانت نیەو لەبێباک بێ باکترو بێدەنگیشت لەلاڵبون نزیکدەبێتەوە.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە لەنیوەشەوێکدا زیاتر لەنیوەی خاک و خەڵکی کوردستانت ڕادەستی حەشدی شەعبی و هێزەعێراقیەکان بکرێت و خەڵکێکی زۆریش ئاوارەو دەربەدەری شاران بکرێت تۆهەر سەیرکەربیت و حزبەکانی خاوەن هێزی چەکداریش تەخوینی یەکدی بکەن.
ئاخەر خودایە چ کارەساتێکە بەشێکی کوردستانت ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەو هێرش و پەلاماردان بوبێتەوە کەچی خەڵکی لەم هەرێمەوە تەنها ڕۆڵی تەماشاکەر ببینێت و ئامەدەش نەبێت وەک پاڵپشتیەک بەشداری گردبونەوەو خۆپیشاندانێکی نیو کاژێری بکات بۆیان.
چ معقوڵیەتێکی تێدایە بەشداربوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لەزۆربەی پایتەختەکانی دونیادا دژی پالاماردانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەرکانتۆنی عەفرین لەبەشداربوانی پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆرتروزیاتربن.
چەند عەجیبە ئەنجومەنی ئاسایش و پەرلەمانی ئەوروپا کۆبونەوەی تایبەت بەبارودۆخی عەفرین بکەن و بەئاشکرا دژی پەلامارەکانی تورکیا بوەستنەوە کەچی لەپەرلەمانەکەی هەرێمی کوردستاندا زاتی ئەوەنەکرێت چەمکەکانی شەڕڤان و یەپەگەویەپەژە ناوبهێنرێت کەلەئێسنادا بونەتە وێردی سەرزاری دونیاو ڕۆژانە داستانی موعجیزەئاسا تۆمار دەکەن، لەوەش عەجیبتر بێدەنگی و بێسەنگی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمە لەئاست ئەو قەتل و عام و وێرانکارییانەی دەکرێتە سەرعەفرین و دانشتوانەکەی.
بۆیە ئەو خەمساردی و بێ باکیەی لەئێستاداو لەنێو هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەیدا هەیەو بەردەوامە بەتەواوەتی لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردەو دیاردەیەکی کوشندەو مەترسیداریش کەخەریکە گیان لەهەموان دەکێشێت.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.