هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیاربوو سێ شەمە 12- 06- 2018 ئەنجامبدرێت بەهۆکاری ئەوەی تیمی حکومەت ناتوانن ئامادەبن لەدانیشتنەکە, کەتایبەت بوو بەیاسای چاکسازی لەموچەو دەرماڵەو خانەنشینی و ئیمتیازاتەکان بەهانەو پاساوێکی زۆرلاوازە، چونکە دەبوو ڕۆژی پێشتر سەرۆکایەتی پەرلەمان دڵنیایی وەربگرتایە لەهاتنی نوێنەرو وەزیرە تایبەتمەندەکانی حکومەت ئینجا بانگەوازی ئەندامانی پەرلەمان بکات بۆ کۆبونەوە.
هەموو ئاماژەکان پێماندەڵێن کەحکومەت بەو گۆڕانکاریانە ڕازی نەبوە کەلەلایەن لیژنەکانی یاسایی و دارایی لەپڕۆژەکەدا کراون، بەتایبەت هەڵگرتن و لابردنی ئەو ماددەیەی کەتایبەتە بەدەرماڵەی فەرمانبەران کەئەمە کاری حکومەت خۆیەتی بیکات نەک پەرلەمان.
هەروەها پابەندکردنی حکومەت بەلابردنی سیستمی پاشەکەوتی موچە لەدوای دەرچونی یاساکە بەماوەیەک, بۆیە پێناچێت پڕۆژەکە بەئاسانی و بەو شێوەیەی حکومەت گەرەکیەتی بکرێتە یاسا.
ئاماژەکانیش وادەردەکەون کەپڕۆژەکە لەباربچێت و هەربەپڕۆژەیی بمێنێتەوەو نەبێتە یاسا یاخود گەرلەپەرلەمانیش تێپەڕێنرێت بەو شێوەی بەخواستی حکومەت نیە ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک ئەو دەیان یاساگرنگانەی تر کەپەرلەمان دەریچواندون تاهەنوکەش لەسەر ڕەفەکانی حکومەت تۆزیان لێنیشتوە لەزەقترین نمونەش وەلانانی گرنگترین یاسا کەلەم خولەدادەرچوێنرا کەیاسای سندوقی کوردستان بۆداهاتە نەوتی وگازییەکان بوو، هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە کەناوی چاکسازی لێنراوە لەڕاستیدا پاکسازییە لەموچەو خانەنشینی و دەرماڵەو ئێمتیازاتەکان، چونکە چاکسازی گەلێک گشتگیرترو هەمەلایەنترە و دەکرێت چاکسازی لە سێکتەری سوتەمەنی، باج و ڕسومات، دەروازەسنوری و کۆمپانیاکان بکرێت.
چونکە ئەم پڕۆژەیەی کەئێستا حکومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان و ناوی چاکسازی لێناوە لەڕاستیدا زیاتر لە 90٪ ی بریتیە لەو کارە نایاسایی و نائیدارییانەی کەحکومەت لەماوەی چارەکەسەدەی حکومڕانی خۆی کردونی و چۆن زۆر جار بەکلیکێک هەزاران کاری نایاسایی کردوە، هەرخۆیشی دەتوانی بەهەمان کلیک کارە نایاسایی و ناکارگێڕییەکانی کەکراون ڕاست بکاتەوە.
بەڵام بۆچی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە نایکەن، وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکرایە و هەموان لەوە دڵنیاین کەچاکسازی ڕاستەقینە بەکەسانی چاکساز دەکرێت، نەک کەسانێک خۆیان خوڵقێنەرەی ئەو هەموو گەندەڵیە بوبێتن.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.