هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

چەند ڕۆژێکە باسی چاکسازیکردن و ئامادەکردنی پڕۆژە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەومەبەستە بۆتەبابەتی گەرمی ڕۆژو نێو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبینراو، بیستراو، خوێنراوەوە.
پێم وانیە هیچ کەسێک جگە لەگەندەڵخوازان و ئەوانەی تابیناقاقایان نقومی گەندەڵی بون هەبێت دژی پڕۆسەی چاکسازی بن، بەڵام چاکسازییەک هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە نەک هەرناو و چەمکەکەش بکەنە گاڵتەجاڕی مەملەکەت ومرۆڤ بێز لەناوهێنانیشی بکاتەوە.
چەندساڵێکە حکومەت چەندین بڕیار ڕیزدەکات و زوو زوو دەشڵێن دەستمانکرد بەپڕۆسەی چاکسازی کەچی لەسەرزەمینی واقیعدا وادەرنەچوون، باشترین نمونەش ئەنجامدانی پڕۆسەی بایۆمەتری بوو لەساڵی (2016)دا کەدواتر دەرکەوت لەگەڵ ئەوەی نزیکەی ( 146 ) هەزارو ( 628)ناوی موچەخۆری وەهمی و بندیوارو دوو موچە لەنێولیستی موچەخۆراندائاشکرابون و کەمیانکرد کەچی ئەوپارەیەی کەمانگانە بۆموچەی فەرمانبەران خەرجدەکرا ( 24) ملیاردو (500) ملیۆن دینار زیادیکرد، ڕێک ئەو پەندە کوردییەم بیرهاتەوە کەدەڵێت ( چاکی مەکەن باخراپ نەبێت ) ئەمەڕێک لەمەتەڵێکی بێ وەڵام دەچێت چونکە هیچ بیردۆزێک نیە لەجیهاندا جگەلەم هەرێمە ئەوە بسەلمێنێت کە ژمارەی موچەخۆران لە ( 1 ملیۆن و 395 هەزارو 109 )کەسەوە کەمبێتەوەو ببێتە ( 1 ملیۆن و 249 هەزارو 481 )کەس کەچی بڕی موچەی پێوستی مانگانەبۆ موچەی فەرمانبەران وموچەخۆران لە(873) ملیاردەوەبەرزببێتەوە بۆ ( 897) ملیاردو (500)ملیۆن دینار .
ئەم حکومەتە گەر نیەت و ویستێکی ڕاستەقینەی هەبێت بۆچاکسازی ئەوا زۆر ئاسانەو تەنها ئەوکارە نایاساییانەی کەلەچارەکە سەدەی فەرمانڕەواییاندا کردویانە لەبەر ڕازیکردنی دڵی کەس ، گروپ، حیزب و….. هتد ، هەڵبوەشێننەوە ئەوا گەورەترین چاکسازییەگەر بیکەن کە بەهۆیەوە پارەیەکی خەیاڵی دەگەڕێتەوە بۆخەزێنەکانی حکومەت .
من تێناگەم (25) ساڵە مانگانە پارەلەموچەی فەرمانبەران دەبڕێت بەناوی خانەنشینی کەچی تازە بەتازە بەرپرسەکانی ئەم حکومەتە دەڵێن لە سەرەتای ساڵی (2018)وە سندوقی خانەنشینی دادەنێین ودەستکاری پارەکەی ناوی ناکەین .
ئاخەر پێمان ناڵێیت بۆچی و لەپای چی سەدان کەستان بەپلەی جیاوازی هاوشێوەی وەزیر، وەکیل وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکارو پلەی جیاوازجیاوازی سەربازی خانەنشینکردوە بێ ئەوەی بۆلەحزەیەکیش بەدیداری ئەوپۆستانە شادبوبێتن و وێنەیەکی یادگاریشیان بۆئەرشیفی خۆیان تەنانەت لەوشوێنانەشدا گرتبێت.
لەم هەرێمەدا هێندە پاسەوانی کەسی و بارەگای حیزبی و حکومی بەیاسا ڕێکنەخراوی تێدایە کەژمارەیان لە ( 55 بۆ 60 )هەزارکەسی تێپەڕاندوە، کە ڕەنگە بەڕێوەبەرانی کتێبی گینس بۆژمارە پێوانەییەکان پێبزانن هەر زوو لای خۆیان بەڕەنگێکی سوری تۆخ تۆماری بکەن، ئەی باشە پێم ناڵێیت کەجگەلەدەرماڵەجێگیرەکان چ پێویست بوو زیاتر لە (25) جۆری تردەرماڵە ببەخشیت کەمانگانە بودجەکەی زیاترە لە ( 300) ملیارد دینارە کەهەندێکیان وەک کاڵابەباڵا دوراون، ئەوەشمان پێ بڵێن کەبەپێی یاسای ڕاژەی موچەی فەرمانبەران ژمارە (22)ی ساڵی ( 2008)ی عێراقی بەدەق پێت دەڵێت نابێت دەرماڵەی هیچ موچەخۆرێک لە ( 200 ٪) زیاد بێت بۆچی دەرماڵەی وەزارەتێکت ( 200 ٪)ەو هی دامەزراوەیەکی ترت لە ( 300 ٪ ) ەو فەرمانگەیەکی زەبەلاحیشت (350 ٪ )یە.
دەتوانن هەر بەو کلیکەش و لەهەمان کۆمپیتەردا دەیان هەزار کەس کەبێ گوێدانە هیچ پێوەروپێودانگێک ونەبونی هیچ مەرجێکی یاسایی داتان مەزراندوەو بەشێوەیەکی تیرئاساش خانەنشینتانکردوە کە هیچ دۆسیەیەکیشیان نیە مەگەر حیلەیەکتان بۆ دۆزیبێتەوە، بیسڕنەوە ئەوسا دەتوانین بڵێین ئێوە دەتانەوێت چاکسازی بکەن.
گەر وانەکەن ئەوا نەپلانتان بۆی هەیە، نەویست و ئارەزووشتانە، وەلێشتان تێک نەچێت چۆن کەسانی پاک و بێگەرد بەدەنگێکی بەرزودلێرو بێ سڵەمینەوە دژی گەندەڵی دەجەنگن، ئەوا چاکسازیکردنیش پێویستی بەسوارچاکی بوێرو ئازاو کەسانی چاکساز هەیەو، هەر بەوانیش دەکرێت.
چونکە چاکسازیکردن بریتی نیە لەقسەی بریقەداری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و لەبەرکردنی قاتی ئوتوکراو و گرانبەها لە گەڵ بەستنی ڕیباتی مارکە بەناوبانگەکان .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت