هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

زۆرێک لەو گفتوگۆیانەى سەبارەت بە کاراکردنەوەى پەرلەمان دەکرێن، پێمان دەڵێن: کە نیازى هەڵبژاردن نیە لە ئایندەى نزیکدا. چونکە ئەگەر بەرنامە یان بڕیار هەبێت بۆ هەڵبژاردن لە 1ى نۆڤێمبەردا، بۆچی باسی کارەکانی پەرلەمان دەکرێت؟ دواى کاراکردنەوەى کە لە ڕووى یاساییەوە ئەم پەرلەمانە پەنجا ڕۆژى ماوە بۆ ئەوەى بەتەواوى ئێکسپایەر ببێت. ئەگەر هەر ئەمڕۆ کە 9- 9 ى 2017 یە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەوا پەرلەمان فریاى ئەوە ناکەوێت دەست بۆ دەرکردنی هەندێ یاساو هەموارکردنەوەى هەندێ یاساى تر ببات، بە تایبەتی هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتی هەرێم. کەواتە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت ئەوا کاراکردنەوەى ئەم پەرلەمانەى ئێستا تەنیا بۆ ڕووکەش کارا دەکرێتـەوەو رەنگە تەنیا یاسایەکی پێ دەربکرێت بۆ ریفراندۆم و شەرعیەتیش بدات بە خانەنشینکردنی سوپایەکی تر بە ناوى ئەندام پەرلەمان و راوێژکارى پەرلەمان و …تاد. ئەگەر هەڵبژاردنیش نەکرێت ئەوا کاراکردنەوەى پەرلەمان یان رەوایەتی دەدات بە درێژکردنەوەى مانەوەى خۆى کە ئەوەش نایاساییەو ئەو نایاسایی بوونەش رەوایەتی دەدات بە درێژکردنەوەى جارێکی ترى ماوەى سەرۆکایەتی هەرێم.
ئێستا دوو ئاراستە لە کوردستان هەیە، یەکەمیان پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو کە ئەم سێ لایەنە بە ئاشکرا هەر یەکەیان لەبەر هۆکارى خۆى نایانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت. پارتی چاوەڕوانی ئەنجامی ریفراندۆم دەکات و ئەگەر زۆرینەى بەدەستهێنا، ئەوا لە رووى مەعنەوى و جەماوەریشەوەو لەسەر زەمینەى واقیعیش سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت و هەروا بەئاسانی سەنگەر چۆڵ ناکات بۆ نەیارەکانی بە تایبەتی لە گۆڕان و کۆمەڵ و دەیشیەوێت بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم بمێنێتەوە تا سەروەریى بڕیاردانى سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان نەدات بە کەس و لایەنێکی ترو ئەو سەروەریە بەخۆى ببڕێت. بەڵام ئەگەر دەنگی بەڵێ زۆرینەى بەدەست نەهێنا ئەوا خەون و پلانەکانی پارتی ئاوەژوو دەبنەوەو ئەوسا لێکدانەوەکان بە بارێکی تردا دەکرێن.
بەگوێرەى یەکێتی نیشتیمانی کە سەربارى دەوربینینی وەکو ناوبژیوان و دانبەخۆداگرتنیشی لەبەرامبەر رەخنەى گۆڕان و کۆمەڵ و تاوانبارکردنی بە پاشکۆیەتی بۆ پارتی و تەنانەت رەخنەلێگرتنیشی لەلایەن پارتیەوە بەوەى کە هەڵوێستێکی روونی نیە، بەڵام لەم رووەوە یەکێتی وەکو یاریکەرێکی باش یاریی خۆیی کردووەو دیارە ئامانجی دیارى خۆیشی هەیە لەم جۆرە یاریکردنە لە کاتێکدا کە یەکێتی خۆى لەبەردەم مەترسی ەورەى هەڵوەشاندنەوەدایە ئەگەر ناوماڵی خۆى چاک نەکات. لە راستیدا یەکێتی سەربارى راگەیاندنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، ئەگەر بە لۆجیکی عەقڵ بیربکاتەوە، نایەوێت نە لە مانگی نۆڤێمبەرو نە لە ئایندەى نزیکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت لەبەر هۆیەکی زۆر ئاشکرا ئەویش پەیوەندى بە پێگەى ئێستاى بزووتنەوەى گۆڕانەوە هەیە کە بەهەموو پێوانەیەک سەربارى کۆچی رێکخەرى گشتی ئەو بزووتنەوەیە، تاکو ئێستا پێگەو جەماوەردارێتی گۆڕان لە پێگەى یەکێتی نیشتیمانی بەهێزترە. بە روانینی یەکێتی ئەگەر لە ئێستادا هەڵبژاردن بکرێت بۆ بزووتنەوەى گۆڕان کە هێشتا سێبەرى کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا بەسەر سەرى جەماوەرو لایەنگران و دەنگدەرانیەوە ماوە، گۆڕان ئەگەر هەمان رێژەى دەنگەکانی پێشتریشى نەهێنێت، شتێکی ئەوتۆ دانابەزێت، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن بۆ نموونە بۆ ماوەى دوو ساڵ دوا بکەوێت، ئەگەرى زۆر هەیە کە ئاستی جەماوەرێتی گۆڕان داببەزێت و ئەوەش بە روانینی یەکێتی لە قازانجی ئەو دەشکێتەوە. بە تایبەتی دواى ئەوەى کە بزووتنەوەى گۆڕان ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن بوون و ئەزموونی بەشداریکردنی لە دەسەڵاتـدا تاقیکردەوەو لە هەردوو بارەکەدا نەیتوانی گۆڕانکارى دیارو لەبەرچاو لە سیستێمی فەرمانڕەوایی کوردستاندا بکات، کە ئەم دوو ئەزموونەش لە سەردەمی رابەرایەتیکردنی ئەو بزووتنەوەیەدا بووە لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە، کە بە بۆچوونی یەکێتی ئەو سەرکردەى ریزى یەکەم بووە لە کوردستاندا، بەڵام ئایا گۆڕان لە نەمانی ئەو سەرکردە یەکەمیەو رابەرایەتی کردنی ئێستاى لە لایەن ریزێک لە سەرکردەکانی ریزى سێیەم و چوارەمەوەو لە ململانێی نێوان نەوەى کۆن و نەوى نوێشدا کە نەوەى نوێ فڕێدراونەتە پەراوێزى بڕیارەوە چۆن دەبێت؟ دەشێ یەکێتی چاوەڕوانی لاوازبوونی زیاترى گۆڕان بکات و لەبەر ئەو هۆیەش یەکێتی نایەوێت لە ئێستادا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. هەروەک یەکێتی نایەوێت باسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم بکات چونکە سەرکردایەتی ئەم حیزبە لەسەر ئەوە رێکناکەون کە پاڵێوراوێکی گونجاو بۆ ئەو پۆستەیان هەبێت، کە تاکە بەرپرسێکی یەکێتی کە لە ئێستادا ئەو بنەمایانەى تێدا بێت کە بۆ سەرۆکی هەرێم بشێت تەنیا دکتۆر بەرهەم ساڵحە، کە بەشێک لە بڕیاربەدەستانی یەکێتی ئەگەر توانایان هەبێت نایەڵن ببێت بە قایمقامی سلێمانیش.
هەر لێرەشەوە ئاشکرایە کە رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان کە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا کراوەو هەریەکەش لەو دوو لایەنە ئامانجی تایبەتی خۆیی لەو رێکەوتنە هەبووەو زیاتر لە هەر شتێک بۆ بەهێزکردنی خۆى بووە لەسەر حیسابی ئەویتریان… ئێستا دەردەکەوێت ئەو رێکەوتنە وەکو جۆرێک لە یەکتر فریودان وابووەو پێش دەچێت هەر لایەنە ئامانجی لایەنەکەى ترى لەو رێککەوتنە بۆ دەرکەوتبێت، بەڵام ترس لە هەژموونی پارتی زۆرجار ناچارییان دەکات ئەگەر بە رووکەشیش بێت و دڵنیاش بن کە ئەنجامیشی نابێت باس لە پاراستن یان گرنگی ئەو رێکەوتنە بکەن.
بزووتنەوەى گۆڕان لە ئێستادا ئەگەر رازی بێت بە کاراکردنەوەى پەرلەمان، ئەوا دەبێ دوو خاڵی گرنگ لەبەرچاو بگرێت:

یەکەم/ رازیبوونی بە چوونەوە ناوپەرلەمان ئەگەر تەنیا بۆ دەرکردنی یاسایەک بێت بۆ ریفراندۆم، ئەوا ماناى وایە گۆڕان پاشەکشەى لە هەموو بەرنامەو پرۆژەکانی خۆى کردووە، بە تایبەتی هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتی هەرێم و سنوقى نەوت گازو … ئەگەر هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا بکرێت ئەوا پەرلەمان وەکو پێشتر گوتمان فریاى هیچ ناکەوێت. ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت کە ئەمە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، ئەوا گۆڕان دەبێ لە پەرلەمان لەوشوێنەوە دەست پێبکاتەوە کە وەکو خۆیان دەڵێن تیایدا پەرلەمان لەکار خرا. لەبارێکی وەهاشدا هەمان سیناریۆکانی رابردوو دووبارە دەبێتەوە بە تایبەتی ئەگەر ریفراندۆم زۆرینە بەدەست بهێنێت، هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نیە بۆ ئەوەى پارتی رێگا بە گۆڕان و کۆمەڵ و کەسانی تریش بدات نەخشەى دوورخستنەوەى مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم جێبەجێ بکەن یان تەنانەت کاریشی بۆ بکەن. بۆیە چوونەوە ناو پەرلەمانی گۆڕان لە هیچ بارێکدا لە قازانجی گۆڕان نیە مەگەر دەستبەردارى شەڕى بنەماڵەى بارزانی ببێت، کە ئەم خاڵە لەو پرینسیپە بنەڕەتیانەیە کە نەوشیروان مستەفا بڕواى پێی بووەو لە مێژووى دوورو درێژى سیاسی خۆیدا کارى بۆکردووەو سیناریۆى بۆ داناوە، بەڵام هەرگیز لەسەرکەوتن نزیک نەبووەوە… ئایا سەرکردایەتی ئێستاى گۆڕان تواناى ئەوەى هەیە دابڕان لەگەڵ قۆناغی نەوشیروانی بکات و روانینی خۆى بۆ پارتی و بنەماڵەى بارزانی لە دژەوە بگۆڕێت بۆ ناکۆک یان جیاواز؟
دووەم/ گۆڕان بەرژەوەندى لەوەدایە کە ریفراندۆم دوابکەوێت و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەویش یەکەم وەکو پێشتر گوتمان لەبەرئەوەى لە ئێستادا جەماوەرى گۆڕان پاشەکشەى لەو بەڵیننامە رۆحی و مەعنەویە نەکردووە کە بە نەوشیروان مستەفاى دابوو، بۆیە مەترسی کەمکردنی دەنگەکانی گۆڕان لە ئێستادا مەترسیەکی گەورە نیە، بەڵام ئەگەر هەڵبژادن دوابخرێت و لە ریفراندۆمیشدا دەنگی بەڵی سەربکەوێت، ئاستی پابەندبوونی جەماوەرى گۆڕان بە بەڵیننامە رۆحیەکەیانەوە بۆ گۆڕان رەنگە گۆڕانکارى بەسەردا بێت و ئەوەش لە قازانجی ئەو بزووتنەوەیە نابێت. دووەم هەموو ئەو کەموکورتیانەى لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا کە گۆڕان رەخنەى لێیان هەیە تاکو ئێستا وەکو خۆیان ماون، بە تایبەتی پاشەکەوتی موچەو بژێوى ژیانی خەڵک و گەندەڵی و… تاد، کە گۆڕان کردوویەنێتیە مەرج بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان، ئەو هۆکارانەش تاکو ئێستا وەکو خۆیان ماون. بە بڕواى من پارتی پێش گۆڕانکارى لە موچەو بژێوى خەڵکدا هەڵبژاردن ناکات و بەئاسانی رێگا نادات چاککردنی موچەو بژێوى خەڵک ببێتە دەستکەوتی گۆڕان و کۆمەڵ و پاشانیش لە هەڵبژاردندا بیکەنە دروشمی خۆیان بۆ راکێشانی جەماوەر. بۆیە ئەوە دەبینرێت لە ئێستادا پارتی هەموو هەوڵێکی بۆ سەرخستنی دەنگی بەڵێیە لە ریفراندۆمی کوردستاندا، یەکێتی لەو رووەوە هەڵوێستێکی روونی نیە. گۆڕان دەیەوێت ریفراندۆم دوابخرێت و هەڵبژاردن بکرێت یەکگرتوو کۆمەڵ رۆل َو کاریگەرییەکی ئاشکراى ئەوتۆیان نیە لەسەر بارودۆخەکە. بەڵام ئەوەى چاوەڕوانکراوە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم نە لە کاتی خۆیی و نە لە ئایندەى نزیکدا ناکرێت، ئەمەش لە قازانجی پارتیە بە پلەى یەکەم و یەکێتیش وەکو خۆیان پێشبینی دەکەن. بەڵام بە تەواوەتی بە زیانی بزووتنەوەى گۆڕان دەشکێتەوە. کەواتە دەبێ بزووتنەوەى گۆڕان چی بکات؟ بێگومان ئەوە خۆیان دەیزانن!

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە