هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

سەرەتا دەبێ جارێکی تر پێداگرى لەسەر ئەوە بکەم کە سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردى یان کوردستان چ لە هەر بەشێکی کوردستاندا یان لە کوردستانی گەورەدا مافێکی رەواى خەڵکی کوردستانە. سەرەتاى سەرهەڵدانی بزووتنەوى رزگاریخوازى گەلی کورد کە دەگەڕێتەوە بۆ دەیەى پێنجەمی سەدەى نۆزدەیەم، ئامانجی سەرەکی ئازادى و سەربەخۆیی بووە، با ئەوەش رانەگەیەندرابێت. ئەو کاتە بنەماڵەى بەدرخانیەکان کە بنەماڵەیەکی منەوەرى کورد بوون، راپەڕینێکیان بەرپاکرد لە پێناوى داواکردنی بەشێک لە مافە رەواکانی کورددا لەو کاتەدا کە کورد چەوساوەى ژێر سایەى دەسەڵاتی عوسمانی و فارسی- قاجەرى-بوو. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بززوتنەوەى رزگاریخوازى نیشتیمانی کوردستان بەردەوامەو, کورد خوێن و ژیانی خۆى لە پێناوى ئازادى و سەربەخۆیی و کەرامەتی مرۆیی خۆیدا دەبەخشێت. لەم مێژووە درێژەدا بزووتنەوەو راپەڕینەکانی کورد درووشمی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتیان هەبوو بێت یان نا خەباتی کورد لەو پێناوەدا بووە. مەبەستمان لەم پێشەکیە ئەوەیە بڵێین کورد سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت بە ئامانجی سەرەکی خۆی و بە مافی رەواى خۆیی دەزانێت و لەم رووەوە هەموو جۆرە دژایەتیکردنێکی سەربەخۆیی و گاڵتەکردن بە درووستکردنی دەوڵەت کارى پێچەوانەى بنەما نەتەوەییەکانە. دەبێ ئەوەش بڵێین هەندێ لەو دەربڕینانەى کە وەکو دژایەتی و رەتکردنەوەى ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەردەکەوێت لە لایەک کاردانەوەى خەڵکە بەرامبەر بە نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەشێکیشی دەرهاوێشتەى کەلتوورى نەخۆشی حیزبایەتیە لە کوردستاندا واتە دەرهاوێشتەى ململانێی کەلتوورى جەلالی و مەلایی کۆن و نیو جەلالیزم و پارتیە لە ئێستادا. کە ئەو کەلتوورە نەخۆشە هەر رابردووى کوردى وێران نەکردووە بە تەنیا، بەڵکو ئێستاشی کوشتووەو مەترسی ئەوەشی هەیە کە داهاتووشمان وێران بکات، ئەگەر جڵەوى کاروبارەکان بە عەقڵ رێکنەخرێن و لە دەستی عاقڵەکان و حەکیمەکاندا نەبن، ئەوا ئایندەشمان لەبەردەم مەترسیدا دەبێت.
من لە ئەنجامی خەریکبوونی متەوازیعانەى خۆم بە مێژووى بزاڤی کوردایەتی و عەقڵی سیاسی کوردى و پێکهاتەو سرووشتی ژیانی حیزبایەتی کوردى و گوتارى ناسیونالیزمی کوردیەوە رەنگە کەمێ لەوە تێبگەم کە گرفتی سەرەکی لە کوردستان چیەو پەى بەوەش ببەم نەتوانینی بڕیاردانی حیزبی کوردى لە کوردستاندا بە گشتی و لە باشوور بە تایبەتی بۆ سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت پەیوەندى بە نەبوونی پرۆژەى سەربەخۆیی و دەوڵەتەوە هەیە. ئەوەش راستەوخۆ دەرهاوێشتەى لاوازى ناسیونالیزمی کوردیە. ئەگەر وانەبووایە هەڵبەت ئێمە پێشتر دەمانتوانی دەوڵەت درووست بکەین. ئێستا لەم هەلومەرجەدا کە پەیوەندى بە قۆناغی دواى داعیش و ئەگەرى سەرلەنوێ داڕشتنەوەى نەخشەى جوگرافیاى سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، کورد بە جۆرێک باسی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردستان دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکە باسی راپرسی گشتی دەکرێـت و سەرئەنجامیش کاتی راپرسی دیاریکرا. ئەم هەنگاوانە لە رووى تیۆرییەوە گرنگن، بەڵام ئاشکرایە تەنیا تیۆریی بەس نیە، بەڵکو گرنگتر، ئەو پێداویستیانەیە کە دەبێ بە کردەوە لەسەر زەمینەى واقیعی کوردستان جێبەجێ بکرێن. من لێرەدا هەوڵدەدەم ئەو خاڵە گرنگانەى کە پێویستن پێش ریفراندۆم جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەى زیاترین ژمارەى بەڵی بۆ سەربەخۆیی بەدەست بهێنرێت، لێرەدا کۆبکەمەوە:
یەکەم: لەسەر ئاستی ناوخۆى کوردستان دوو خاڵی گرنگ هەن کە بە بێ جێبەجێکردنیان ریفر اندۆم لە برى ئەوەى ببێتە هۆى یەکخستن و یەکبوونی نەتەوە، ئەگەرى ئەوە هەیە لەوەى ئێستا زیاتر نەتەوە دابەش و پەرت بکات. هەموو دابەشبوون و پەرتبوونێکیش بە زەرەر دەشکێتەوە. خاڵی یەکەم رێکخستنەوەى ناو ماڵی سیاسی کوردە، ئەوەش تەنیا بە دەستبەرداربوونی پارتی دەبێت لە هەندێ مەرج و بەند کە ئامانجی سەربەخۆیی زۆر لەو مەرج و بەندانە گەورەترن. بە واتا پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان بێ هیچ مەرج و بەندێک پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوە بەو شێوەیەى کە لایەنکانی ترو بە تایبەتی بزووتنەوە گۆڕان دەیەوێت. ئەمەش ماناى ئەوە نیە کە پارتی لە ترسا ئەوە دەکات بەڵکو ماناى ئەوەیە ئامانجی سەربەخۆیی زۆر لەوە گەورەترە کە ببەسترێت بە هەندێ کێشەى بچووکەوە وەکو کێشەى سەرۆکایەتی پەرلەمان. کاتێک من ئەم قسەیە دەکەم هەرچی متمانە بێت لە یەکەم پەرلەمانی کوردستانەوە بە پەرلەمان نەمبووەو نیمەو پەرلەمان بەو دامەزراوەیە دەزانم کە وەکو خەڵوەتگەى پیرى وایە، حیزبەکان هەر چوار ساڵ جارێک هەندێ لە کادیرەکانی خۆیانی دەنێرنە ناو بۆ ئەوەى بەشێکی مفت لە سامانی میللەتیان بەسەردا ببەخشنەوەو دەوڵەمەندیان بکەن و پاشانیش بە موچەى بەرز خانەنشینیان بکەن و لەکاریان بخەن و بیانکەنە بەرخۆر. بەڵام سەربارى ئەوەش پێویستە پارتی پەرلەمان زیندوو بکاتەوە بۆ ئەوەى بیانووى گۆڕان بۆ ئاساییکردنەوەى بارودۆخەکە ببڕێت. خۆیشی لە موزایەدەى یەکێتی نیشتیمانیش رزگار بکات. لەگەڵ ئەم خاڵەشدا وەزیرو بەرپرسە دەرکراوەکانی گۆڕان بگێڕێتەوە بۆ سەرپۆستەکانیان. بەمەش هەم گۆران ناچار دەکات ئەو سەنگەرى دژایەتیکردنەى ئێستاى بەجێبهێڵێت، هەم بارودۆخەکەش هێمن دەبێتەوەو هەم یەکێتیش ناچاردەبێت دەستبەردارى موزایەدەو هەڵوێستی دوو فاقی ئێستاى ببێت و بیرێک لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی سلێمانی بکاتەوە کە ئێستا لە رووى ئیدارییەوە جەستەیەکی شەکەتی بێ سەرە. ئەگەر واقیعیانە سەیر بکەین دەبێ دان بەو راستیەدا بنێین کە ئاسان نیە گۆڕانێک کە بە چەند ئەفسەرو پۆلیسێک و لە خاڵێکی پشکنین سەرۆک پەرلەمانەکەى رێگرى لێبکرێت و بەرەو دێگەڵە پاشەو پاش بگێڕدرێتەوەو باى باى لە وەزیرەکانی بکرێت و ئێستاش بەو بارەوە بچێتە کۆبوونەوەى پارتی و بە جۆرێک کار بکات وەکو ئەوەى هیچ رووینەدابێت. ئەگەر پێداگرى لەسەر ئەوە بکەین کە گۆڕان لە ئێستادا وەها رەفتار بکات کە هیچی بەرامبەر نەکراوە، پێموایە قسەیەکی ناواقیعی دەکەین، چونکە ئەوەى ئەو بزووتنەوەیە هیواى پێی هەیە دەنگی دەنگدەرانیەتی، باشە کاتێ ئەم هەموو شتەى بەرامبەر کرابێـت بێ گوێ پێدان بچێتـەوە بەردەمی پاتی ، چۆن وەڵامی دەنگدەرەکانی بداتەوە؟ کەواتە هەڵوێستە تووندەکانی گۆڕان و تەنانەت موزایەدەو یارییەکانی یەکێتیش لە ژێرکاریگەرى مەترسی دۆڕاندنی دەنگدەرەکانیاندایە. ئێستا ئاشکرایە پارتی بۆ ریفراندۆم پێویستی بە زیاترین دەنگ هەیە، گۆڕان و یەکێتیش بۆ ئەوەى دەنگەکانی هەڵبژارندی داهاتوویان لەدەست نەچێت وادەزانن نابێت لەبەردەمی پارتی و ئەو راپرسیەشدا ملکەچ بن کە لە رووى راستیەوە پارتی خاوەندارێتیەکەى گرتووەتە ئەستۆ. بۆیە دەشێ لە نێوان ئەم سێ لایەنەدا سازان، یان رێکەوتن و سەوداگەرى بکرێت بە لۆجیکێک کە هەم گۆڕان ببێتە پاڵپشت و پشتگیریکەرى ریفراندۆم، هەم پارێزگاریش لە جەماوەرو دەنگدەرانی خۆى بکات، هەم گۆڕانیش رۆڵی ئەرێنی خۆى لە راپرسی گشتیدا ببینێت. بە بۆچوونی من ئەگەر پارتی مەبەستی بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی کوردو بەشداریکردنی زیاترین ژمارەى خەڵک بێت لە ریفراندۆمدا دەبێ بێ ترس بەم لۆجیکە ئیش بکات. هەروەها لە لاکەى تریشەوە پێویستە بزووتنەوەى گۆڕان دایەلۆگ و پێکەوەدانیشتن و گەڕان بە دواى چارەسەردا رەت نەکاتەوە، ئەویش لەبەر یەک هۆى سادە، کە ئەوەیە گریمان گۆڕان بەشدارى راپرسی نەکات و دژى بوەستێت، بەڵام راپرسی سەرووى پەنجا بەدەست بهێنێت، ئەوا بێگومان ئەو بزووتنەوەیە لەبەرامبەر جەماوەرەکەیدا دووچارى ئیحراجیەکی خراپ دەبێت و ئەوەش کاریگەرى نەرێنی لەسەر دەنگدەرەکانی دەبێت. بۆیە من پێموایە ئەگەر بڕوامان بە یەکێتی نەتەوەیی کورد هەبێت دەبێ بە دایەلۆک و لێکتێگەیشتن رێگاى باشترین و بەهێزترین یەکێتی نەتەوەیی بۆ پرسە چارەنووسسازەکان دەستەبەر بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش نابێت هیچ مەرجێکمان هەبێت.
دووەم هەنگاو کە پێویستە پێش ریفراندۆم و هەر لە ئێستدا واتە بێ دواکەوتن ئەنجام بدرێت، بریتیە لە چارەسەرکردنی کێشەى بژێوى خەڵک، گۆڕانکارى لەپاشەکەوتی موچەدا بە شێوەیەک لە بەرژەوەندى زۆرینەى خەڵک یان ئەو موچەخۆرانەدا بێت کە لە رێگاى ساڵانی خزمەتیانەوە موچەکانیان گەیشتبووە ئاستێک کە بتوانن پێی بژین. ئاشکرایە کە خواستە جەستەییەکان ( تێرکردنی گەدەو زۆرێک لە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیانی رۆژانە دەکەونە پێش بیرکردنەوە لە ئازادى و سەربەخۆی )، بۆیە دەبێ سەرکردایەتی پارتی باش بیر لەو لۆجیکە بکاتەوە کە ئازادى و سەربەخۆیی بە گەدەى برسیەوە هیچ ئومێدێک بە جەماوەر نابەخشێت. بۆیە پێویستە سەرەتا پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵبدات جەماوەر لەم قەیرانە ترسناکەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی باشتر بۆ ئەوەى پاڵنەرى بەشداریکردنی راپرسی و دەنگدان بە بەڵی زیاتر بێت. من رۆژانە گوێم لەوە دەبێت کە دەگوترێت میللەتێک ئەنفال و کیمیایی باران کرابێت و زیندەبەچاڵ کرابێت و گوندو شارى وێرانکرابێت، دوو دڵ نابێت لە دەنگدان بەسەربەخۆیی، بەڵام ئەم قسەیە لەسەر بنەماى عاتیفە هەڵچنراوە. ئێمە سەردەمی بەعسمان لە بیرە. کە سەربارى وێرانکردنی کوردستان و سەربارى رەشەکوژى بەعس و سەربارى کێمیاباران و ئەنفال بەڵام رووبەرێکی فراوان تەنانەت لەوانەشی کە گوندو ناوچەکانیان وێران و خاپوورکرابوون بووبوونە جاشێ رژێم. پرسی ریفراندۆم شتێک نیە یارى پێوە بکرێت، ئەگەر خوانەخواستە ئەو پرسە دەنگی پێویست بەدەست نەهێنێت ئەوا لەوەى ئێستا پەرتترو دابەشبووتر دەبین.
سێیەم: ئایا بەڕاستی کوردستان لەو قەیرانە خنکێنەرەى دارایدایە کە حکومەت نەتوانێت موچەى موچەخۆرانی وەکو پێویست بدات؟ ئایا نابێت حکومەت کاتێ دەیەوێت راپرسی بکات بۆ سەربەخۆیی خاوەنی پاشەکەوتێکی باش بێت؟ گریمان راپرسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بێگومان دەبێ کاتێکیش کە دوور نەبێت بۆ جیابوونەوەو سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان دیارى بکرێت. ئایا حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی پارتی کە ئەو بڕیاربەستی راپرسی و هەموو شتێکی ترە لە کوردستاندا، ئەوەندەى پارەى پاشەکەوتکردووە ئەگەر ئەو دەولەَتەى بە هیواین درووستی بکەین کەوتە ژێر ئابڵوقەى ئابوورى داگیرکەرانی عێراقی و ئێرانی و تورکیەوە (کە ئومێد دەکەین ئەوە روونەدات)، ئایا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی باش بژێوى خەڵک دابین بکات؟
لەسەر ئاستی دەرەوەى کوردستان: ئایا سەرکردایەتی پارتی هەوڵی جدى داوە تا حکومەتی بەغداو عەرەبی شیعەو سوونە تێبگەیەنێت و رازییان بکات کە کاتێ ئێمە راپرسی دەکەین و لە عێراق جیا دەبینەوە، دەمانەوێت نزیکترین دۆستی دەوڵەتی عێراقی بین و کێشەى ناوچە جێناکۆکەکانیش بە گفتوگۆو لێکتێگەیشتن و بە پێی ویستی خەڵکی ئەو ناوچانە یەکلا بکەینەوە. ئایا سەرکردایەتی پارتی هەوڵیداوە بە رێگاى دیپلۆماسیانە ئێران تورکیا تێبگەیەنێت لە هەموو بارێکدا ئەگەر دەوڵەتی کوردیمان درووستکرد، ئەوا باشترین دراوسێ دەبین بۆ ئەوان و بە پێی یاساو رێسا نێودەوڵەتیەکان مامەڵە دەکەین و هیچ گرفتێک بۆ ئەوان درووست ناکەین. ئایا هەوڵدراوە دەوڵەتانی بڕیار بەدەست و هەژمووندار بەسەر ناوچەکەدا تێبگەیەندرێن کە راپرسی و سەربەخۆیی و جیابوونەوەو درووستکردنی دەولەَتی کوردى دەبێتە فاکتەرى سەقامگیرى بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیان بە بەرژەوەندى ئەوانی تر ناگەیەنێت.
ئەگەر ریفراندۆم بە بێ ئەم ئامادە باشیانە بکرێت ئەوا ئەگەرى ئەوەى هەیە لە لایەک یەکێتی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ لەوەى ئێستاى خراپتر بکات و لەسەر ئاستی دەرەوەش بێ متمانەیی زیاتر بە کوردو ئایندەى کوردستان درووست بکات. بۆیە بە بڕواى من ئەگەر ئەم ئامادەبشیانە لە زووترین کاتدا نەکرێت، باشتروایە ریفراندۆم دوابخرێت بۆ کاتێکی تر، واتە بۆ دواى ئەنجامدانی ئەم زەمینە سازیانە، چونکە بە بێ ئامادەباشی تەواو کە ئەمانەى سەرەوە سەرەکیەکانیەتی، ئەگەر شکستی بەدەستهێنانی زۆرینە لەو راپرسیدا چاوەڕوانکراوە. دیارە هەر دەرئەنجامێکی شکستیش لە پرۆسێسێکی وەها گرنگدا زیانی گەورەى بۆ سەر ئایندەى کوردستان دەبێت و رەنگە ببێتە هۆى کوشتنی مێژووى هەندێ شارو ناوچەى کوردستانیش بە تایبەتی شارێکی وەکو سلێمانی کە مێژووى پرشنگدارى خەباتی نەتەوەیی و کەلتوورى کوردە ئەگەر لە شوێنەکانی ترى کوردستانیشەوە دەستیان پێنەکردبێت ئەوا ئاشکرایە لە سلێمانیەوە پرشنگیان جۆرێک لە ئیلهامیان وەرگرتووە. شکستی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە بۆ سەربەخۆیی لە سلێمانیدا دەبێتە کوشتنی سەروەرییەکانی رابردووى ئەم شارە. ئەوەش دەکەوێـتە ئەستۆى پارتی و گۆڕان و یەکێتی.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە