هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

قەیرانی هوشیارى نەتەوەیی، قەیرانی ناسیونالیزم

کامیان مێژوو درووست دەکەن تاکەکەس یان خەڵک؟ کامیان شارستانێتی بەرهەم دەهێنن، تاکەکەس یان خەڵک؟ کام جۆرە خەڵک شارستانێتی بەرهەم دەهێنن، ئەوانەى پاشکۆن و لە دەرەوەى دەوڵەتن یان ئەوانەى دەوڵەتیان هەیەو خاوەنی دەوڵەتەن؟ رۆڵی تاکەکەس چیە لە مێژوودا؟ ئایا تەنیا بۆ ئەوەیە پیرۆز بکرێت یان لەبەرئەوەیە رابەرایەتی رۆحی گشتی کۆمەڵگەى کردووە بەرەو لوتکەى بڵندبوون و لەوێشەوە ئەو رۆحە بڵندبووە گوزارشتی لەخۆى کردووەو ئەوەش لە چوارچێوەى دەوڵەتدا بەرجەستبووە؟ ئایا لە کام کۆمەڵگەدا رۆڵی تاکەکەس بایەخێکی هەیە؟ ئایا ئەو کۆمەڵگەیانەى کە تاکەکەس رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت کۆمەڵگەى ئاسایین یان جۆرێک لە ناسرووشتی یان کەمو کورتییان تێدایە؟ ئایا رۆڵی تاکەکەس لە مێژووى کورددا چی بووەو ئێستا چییە؟ ئایا سەردەمی کۆتایی هاتنی تاکەکەس بۆ درووستکردنی مێژوو کۆتایی هاتووە؟ ئایا چۆن سەیری رۆڵی تاکەکەس لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا دەکرێت؟ ئایا لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا پێناسەى تاک چۆن دەکرێت و چ شوێن و پێگەیەک بۆ تاکەکەسی باڵا درووست دەکات، یان بە شێوەیەکی تر ئایا لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا رووبەرێک هەیە بۆ ئەوەی تاکەکەسی باڵا پیادەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بکات؟
دەشێ چەندین پرسیاری تری لەم جۆرە بەرز بکرێتەوە کە پەیوەستن بە بوون و رۆڵی تاکەکەسەوە لە کۆمەڵگەدا. بێگومان لە کۆمەڵگە نەریتی و پێکهاتە هەرەمییەکاندا کە بە کۆمەڵگەى داخراو ناو دەبرێن، لەبەرئەوەى سرووشتی بنیادی کۆمەڵگە خێڵایەتیە یان باشتر بڵێین سرووشتی پێکهاتن لەو کۆمەڵگەیانەدا سرووشتێکی هەرەمی هەمان شێوازی هەرەمی ئایینیە، بۆیە رۆڵی تاکەکەس دیارو لەبەرچاو دەبێت. ئەوە ئاشکرایە لە هەرمی خێڵدا تەنیا ترۆپکی هەرەمەکە بوونی هەیە کە ئەویش شوێنی کەسی یەکەمی ناو ئەو پێکهاتەیەیە. هەڵبەت هەرەمی ئایینیش هەمان سرووشتی پێکهاتنی هەیەو هێزی باڵای خواوەند لە لوتکەى هەرەمەکەدایەو لە دوای ئەو هێزە باڵایەش پێغەمبەران دێن وەکو نوێتەری خواوەند لەسەر زەوی. هەڵبەت لەم دوو هەرەمە هاوشێوەیەدا رۆڵی تاکەکەس گرنگ و دیارە. ئەم دوو هەرەمەش کەوەکو هەرەمی پێکهاتنی دامەزراوەکانی قۆناغێکی دیاری کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی سەیر دەکرێن کە قۆناغی دەسەڵاتی خێڵ یان دەسەڵاتی دامەزراوەى ئایینیە، قۆناغێکە نزیک لە ژیانی قۆناغی نێو سرووشت کە ئەو قۆناغەش لە مێژووى کۆمەڵناسیدا بە قۆناغی درووستبوونی پاڵەوانە رۆمانسیەکان دەناسرێت. کە دەشێ لەم قۆناغەدا تاکەکەس رۆڵی دیار بینیبێت لە درووستکردنی جۆرێک لە مێژوودا. زۆرێک لەو ناوانەى کە لە مێژووى رابردووی مرۆڤایەتیدا ئێستا وەکو ناوی ئەفسانەیی سەیر دەکرێن و، دەشێ ئەو پاڵەوانە رۆمانسیانە بن کە لە قۆناغێکدا توانیوویانە کۆی هێزى جەماوەر لە خۆیاندا کۆبکەنەوەو جەماوەر پاسیڤ بکەن و خۆیان نوێنەرایەتی ئەو هێزە بکەن و لەبری خەڵک یان جەماوەر مێژووى ئەو قۆناغە بە ناوی ئەم جۆرە تاکەکەسانەوە تۆمار بکرێت. بە واتایەکی تر پاڵەوانەکانی رابردوو کە گوایە مێژوویان درووست کردووە بە گشتی ئەو کەسێتە ئەفسانەییانەن کە قەناعەت هێنان بە رۆڵی راستەقینەى ئەوان لەسەر زەمینەى واقیع تا ئەندازەیەکی ئاشکرا جێگای گومانە. هەر لێرەوە پێموایە لە رابردووشدا رۆڵی دیاری تاکەکەس لە مێژوودا لەسەر بنەمای ناهوشیاری و بێ ئاگایی کۆمەڵگە درووستبووە. بە مانایەکی تر ئەو بۆچوونەى کە پێی وایە تاکەکەس لە رابردوودا مێژووى درووست کردووە، ئەویش جۆرێک لە ناهەقی تێدایە بەرامبەر بە کۆمەڵگە چونکە تاکەکەسی دیاری رابردوو هەموو تواناکانی کۆمەڵگە یان جەماوەری بەکارهێناوە لە پێناوی خۆیداو ئەوەى کە بە تواناو هێزی ئەوان بەرهەم هێنراوە بە ناوی ئەوى تاکەکەسی رابەر یان سەرکردەوە تۆمار کراوە.
هۆکاری ئەوەش کە کۆی کۆمەڵگە پاسیڤ کراوەو لەسەر جەستەى پاسیڤکراوی ئەو شووناس بە تاکەکەسی باڵا یان دیار بڕاوە کە پێگەى رابەر، سەرۆک یان پێشەوای وەرگرتووە، دیسان ناسرووشتیبوونی ئەو دامەزراوە نیشان دەدات کە کۆمەڵگەیە. بە مانایەکی تر تاکەکەس تەنیا لەو کۆمەڵگەیانەدا توانیووێتی لە رابردوودا مێژوو دروووست بکات کە کۆمەڵگەیەک بوون تیایاندا خەڵک یان جەماوەر ئامادەبوونی ئەوەى نەبووە کە گوزارشت لە بوونی خۆی بکات و هەموو ئەوەى ئەو کردوویەتی بۆ تاکەکەسێک تۆمارکراوە کە دەشێ سەربارى هەندێ تایبەتمەندى تاکەکەسی تواناى کۆنترۆڵکردنی جەماوەر یان خەڵکیشی هەبووبێت و لەو رووەشەوە ناهوشیارى کۆمەڵگە یارمەتیدەرى یەکەم بووە بۆ باڵادەستبوونی تاکەکەس. لە مێژووى کۆنی میسردا ناوی فیرعەونەکان دیارو زانراون بەڵام ئایا ئەوانە کێبوون کە بەردە دوو تەنیو سێ تەنییەکانیان بۆ بەرزایی 146 مەتر بەرز کردۆتەوە. ئایا ئەوانە کێ بوون بەردە بیست بۆ پەنجا تەنییەکانیان لە رۆژئاوای لەندەن کۆکردووەتەوەو بازنەى ( ستەون هێنج) یان لێدرووست کردوون؟ ئایا ئەوانە کێبوون کە دیواری چین و قەڵای هەولێرو دیواری نەینەوایان درووستکردووە؟ ئایا تاکەکەسەکان بوون کە مێژوو بە ناوی ئەوانەوە تۆمار کراوە، یان جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بوون، واتە ئەوانەى کە کەسانی بەهێز یان دەسەڵاتی ئەو سەردەمە وەکو کۆیلە بەکاریان هێناون؟ بەهەرحاڵ مێژوو بە ناوی تاکە کەسە بەهێزەکانەوە تۆمار کراوە بەڵام ئەو مێژووەش مێژوویەکی راستگۆ نیە. هەمووش دەزانین لە هەموو سەردەمەکاندا مێژوو دەسەڵاتداران نووسیوویانەتەوە، یان لە بەرژەوەندی ئەوان نووسراوەتەوە. هەربۆیە نووسینەوەى مێژوو وەکو ئەوەى کە پێشکەش کراوە بایەخێکی ئەوتۆی نیە ئەگەر ئەو مێژووە وەکو مادەى خاو بۆ لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەوخوێندنەوە بە دید و عەقڵی رەخنەگرانەوە لێی نەڕوانرێت و نەخوێ، درێتەوە.
ئایا لە مێژووى کورددا رۆڵی تاکەکەس چی بووە؟ بێگومان پێش لەوەى باس لە رۆڵی تاکەکەس لە مێژووى کورددا بکەین دەبێ بپرسین ئایا کورد خۆی وەکو نەتەوە لە مێژوودا چ ئامادەبوونێکی هەیە؟ ئایا لە مێژووى مرۆڤایەتی و لە شارستانێتی مرۆڤایەتیدا کورد هیچ بەشدارییەکی هەبووە کە بووبێتە هۆی ئەوەى بە لایەنی کەمەوە شووناسێکی بۆ دەستەبەر بکات؟ هەڵبەت ئەوە واقیعێکی تاڵە کە کورد لە رابردوودا وەکو نەتەوە یان کۆمەڵگە بەشداری نەبووە لە بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا هەر بەوپێیەش نەبووەتە بکەرێکی رووداو درووستکەر، بۆیە هەر شتێکیش لەرابردوودا ئێمە وەکو کورد خۆمان بۆ پڕکردنەوەى گرێی هەست بەکەمیکردنمان بە ناوی کوردەوە ناوی ببەین هیچ بۆ ئێمە بەرهەم ناهێنێت و نابێتە بەشێک لە مێژووى ئێمە. گرنگ نیە سەلاحەدینی ئەیوبی چی کردووە، یان بەشێک لە زانایانی بواری ئیسلامناسی و ئایینی ئیسلام کە بە رەگەز کورد بوون چیان کردووە، چونکە ئەوەی ئەوان کردوویانە بۆ مێژووى کورد نیەو لە چوار چێوەى شارستانێتییەکدا کراوە کە شارستانێتی کوردى نیە وەکو نەتەوە. لە رووی ئەو تاکەکەسانەشەوە کە لەسەر جوگرافیای کوردستان بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەو بیستدا کە دەورێکیان بینیووە، دەورێکی سنووردارەو تەنیا لەسەر جوگرافیای ناوخۆیەو جێگەو پێگەى ئەوان وەکو تاکەکەس و کوردیش وەکو نەتەوەو کۆمەڵگە دەورو کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لە مێژووى مرۆڤایەتی و شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. کەواتە لێرەوە تێدەگەین کە کورد هەرچۆن بە گشتی رۆڵی نەبووە لە درووستکردنی مێژووى مرۆڤایەتیدا، تاکەکەسە دیارەکانیشی رۆڵیان لەو بوارەدا نەبووەو ئەوەش ئاشکرایە ئەو رۆڵە ناوخۆییەى کە تاکەکەسی دیار لەبەکارهێنانی توانای خەڵکدا بۆخۆیی دەستەبەر کردووە، رۆڵی ناوخۆیی و ناوچەییەو هەربەو پێیەش ئەو تاکەکەسانەش بوونەتە خاوەنی شووناسی ناوخۆیی. کە دەشێ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان یان ئەو دامەزراوانەى کە تیایدا بوون لە دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەت و میرنشین و بزووتنەوەو راپەڕین و حیزب و تەکێ و خانەقا… ناوێکیان بۆ درووستبووبێت و لە سنووری دامەزراوەکەى خۆیاندا کە دامەزراوەیەکی سنووردار بووە دەسەڵات و پێگەیەکی دیاریان بۆ بەرهەم هاتبێت.
بەڵام لە راستیدا لە کۆمەڵگەى هاوچەرخدا ئەوەى بایەخی هەیە رۆڵی تاکەکەسە بە تایبەتی کە چۆن تاکەکەس دەبێتە تاکێکی ئامادەو خاوەن شووناسی ئەو تۆ کە بوونی خۆی وەکو تاکەکەس بسەلمێنێت. رەنگە بە هەمان پێوانەش ئەو تاکەکەسانەى کە بنەمایەکی کەسێتی بەهێزیان هەیە بتوانن نەک لەسەر ئاستی لۆکاڵی خۆیان بسەلمێننو ببنە خاوەنی شووناسی تایبەتی خۆیان بەڵکو لەسەر ئاستی ئەو لۆکاڵێتیەوە زیاتر پەل بهاون و ببنە کەسێتی جیهانی و راستەخۆ یان ناراستەوخۆ بەشداری بکەن لە درووستکردنی بۆچوونێکی مرۆیی باڵادا بە جۆرێک کە مرۆڤایەتی بە ئاسانی دەنگیان ببیستێت، بۆ نموونە کەسێکی وەکو نیلسۆن ماندێلا کە لە رێگای خەبات و تێکۆشانەوە لە ئاستێکی لۆکاڵیەوە بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێکی جیهانی و شووناسێکی نێونەتەوەیی بەدەستهێناوەو وەکو هێمای ئازادی و یەکسانی دەناسرێت.
لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا تاکەکەس لەرێگای ئامادەبوونی تاکەکەسیی خۆیەوە دەبێتە خاوەنی شووناس و شووناسی تاکەکەسیش لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا لە سەربنەمای توانا تایبەتیەکانی ئەو تاکە کەسە خۆی دەستەبەر دەبێت. هەروەک لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا کۆی پەیوەندییەکان ئاسۆین و مێژوو هەمووان درووستی دەکەن و تەنانەت ئەگەر تاکەکەسی باڵاش دەرکەوت ئەوە کۆی تاکەکانی کۆمەڵگەن لە رێگای دەنگ پێدان و هەڵبژاردنەوە پێگەو جێگەیەکی باڵا بەو تاکەکەس دەدەن. واتە تاکەکەسی دیار یان باڵا لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا لە رێگای خەڵکەوە دیاری دەکرێت و متمانەى دەدرێتێ بۆ ئەوەى نوێنەرایەتی ئەوان بکات. کە ئەو تاکەکەسەش هەرگیز ناتوانێت بە تەنیا بڕیاربدات یان رووداو درووست بکات، چونکە لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا دەبێ هەمووان یان نوێنەرانی هەمووان لەو بوارانەدا بەشدار بن، هەر بەو پێیەش هەمووان واتە گەل مێژوو درووست دەکات. کە لە کۆمەڵگەى کوردیدا هەرچۆن تاکەکەس نەیتوانیووە تاکو ئێستا مێژوو درووست بکات، بە هەمان شێوە خەڵکیش نەیتوانیووە مێژوو درووست بکات. کەواتە دەتوانین بڵێن کورد نە لەرێگای تاکەکەسەوە نە لە رێگای خەڵک یان جەماوەر یان گشتەوە نەگەیشتووەتە ئاستی مێژوو درووست کردن ئەمەش پەیوەستە بە لاوازى ئاستی هوشیارى جەماوەرو نەبوونی ناسیونالیزمی خاوەن شووناس و خاوەن پرۆژەى دەوڵەتەوە. بەڵکو ئەوەى کە تاکەکەسی کوردى و جەماوەرى کورد تاکو ئێستا کردوویەتی و هەیەتی ئەو مێژووە لۆکاڵیەیە کە خۆمان بەشان و باڵیدا هەڵدەدەین و دەیکەین بە پاڵپشت و پاڵهێز بۆ نائامادەبوونی ئێستامان، ئەویش مێژووى چەوساندنەوەو ژێردەستەیی و دابەشکردنە، واتە مێژووی کورد تاکو ئێستا بریتیە لە گێڕانەوەى تراژیدیای کوردی و تاکەکەسە دیارەکانیش بە ئەرێنی یان نەرێنی پاڵەوانەکانی ناو ئەو تراژیدیا درێژخایەنانەن.
لەم روانگەیەوە قۆناغی هاتنە ناو مێژووى کورد لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە ببێتە بوویەکی خاوەن شووناس، ئەویش لە ئاستی یەکەمدا شووناسی یاسایی و سیاسیەو لە ئاستی دووەمیشدا شووناسی شارستانێتیە. بەدەستهێنانی شووناسی یاسایی و سیاسی تەنیا کاتێک دەبێت کە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەت و لەپاڵ نەتەوەکانی تردا ئامادەبێت و دان بەبوونیدا بنرێت وەکو نەتەوەیەکی خاوەن شوناسی دەوڵەت لە ریزى ئەوانی تردا بێت. شووناسی شارستانێتیش بەندە بە بەشداریکردنی کوردەوە لەبەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا، بەڵام بەدەستهێنانی ئەم شووناسەش بەبێ بوونی شووناسی دەوڵەت نابێت، چونکە لە رێگاى شووناسی یاسایی و سیاسیەوە کورد دەبێتە ناوێکی ئامادەو هەبوو، ئەگەر کورد ئەم شووناسەی نەبێت بەرزترین بەشداریش لە بەرهەمهێنانی شارستانێتیدا بکات بە ناوى ئەو دەوڵەتانەوە تۆمار دەکرێت کە کورد ئێستا لەسەر ئاستی جیهان شووناسی ئەوانی هەیە کە بریتیە لە شووناسی عێراقی، ئێرانی، تورکی، سووری. کەواتە تاکە رێگا بۆ ئەوەى کورد ببێتە ناوێکی ناسراو و ئامادەو خاوەن شووناس تەنیا لە رێگاى دەوڵەتەوە دەبێت و لەدەرەوەى درووستبوونی دەوڵەتی کوردى شتێک نابێت پێی بگوترێت ئامادەبوونی کورد، واتە بەبێ دەوڵەت کورد لە پەراوێزداو لە دەرەوەى مێژوودا دەمێنێتەوە. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا کورد دەیەوێت بۆ هەتاهەتایە لە دەرەوەى مێژوو لە پەراوێزدا بمێنێتەوە، یان دەیەوێت بێـتە ناو مێژووەو لەبرى پەراوێزبوون هەنگاوى بەرەو ئامادەبوون هەڵبهێنێت؟ ئەگەر بەڕاستی ئەوەى دووەمیانی دەوێت واتە هاتنە ناو مێژووەوە، پێویستە شێوازى بیرکردنەوەو سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی وڵات و مامەڵە لەگەڵ یەکترکردنی و مامەڵەکردنی لەگەڵ دەوروبەرو ئەوانی تر بگۆڕێت و بەجۆرێک کاربکات کە رێگاى بەرەو هاتنە ناو مێژووى بۆ بکاتەوە.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە