هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

بڕگەیەک لە بەرگی سێیەمی گوتارى ناسیونالیزمی کوردى، ئەمڕۆ 10-7-2017 یادى تێپەڕینی 69 ساڵە بەسەر کۆچی دوایی ئەم مێژوونووسە گەورەیەى کورددا، کە 10-7-1948 کۆچی دوایی کرد.
محەمەد ئەمین حاجی عەبدورەحمان مەحمود 1880 لە گەڕەکی کۆیژەى شارى سلێمانی لە دایکبووەو ساڵی 1920 لە کۆلێژى سەرەبازى و ئەرکانی عوسمانی دەرچووە، تا ساڵی 1924 چەندین پلەى سەربازى لە سوپاى عوسمانیدا وەرگرتووە. ساڵی 1925 چووەتە بەغداو بووەتە دوو پشکنەرى فەرماندەی فێرگەى سەربازى. دە جار لە کابینەکانی سەردەمی پاشایەتیدا بووەتە وەزیرو دواجار ساڵی 1942 وازى لە کاری حکومەت هێناوە. لە 10-7-1948 لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە. لە دواى شەرەفخانی بەدلیسی دیارترین کەسە کە بە شێوەیەکی زانستیانە بەشێک لە مێژووى کوردى نووسیووەتەوە. کتێبە دیارەکانی لە بوارى مێژوودا بریتین لە :
1- خولاسەیەکی تەئریخی کوردو کوردستان، بەشی یەکەم ساڵی 1931 و بەشی دووەک ساڵی 1937.
2- تەئریخی وڵاتی سلێمانی، ساڵی 1939.
3- تاریخ الدولە و الامارات الکردیە، ساڵی 1945.
ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین لەسەر بنەماى لێکدانەوەى دیدوبۆچوونەکانی ئەم مێژوونووسەو بە پشت بەستن بە بەرهەمە مێژووییەکانی گوتارى مێژوویی ئەو دیارى بکەین و لەوێشەوە شوێنی ئەو گوتارە بە پێی گوتارى ناوسیونالیزمی کوردى دیارى بکەین. پێش ئەوەش دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە ئەم مێژوونووسە بەشدارى بەڕێوەبردنی سەربازى و مەدەنی کردووەو لە سیستێمی دووان لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کورستاندا کاریى کردووەو، جێگەو پێگەى هەبووە.
سەرەتا وەکو ئەفسەر لە سوپای عوسمانیدا بەشداربووە تا ئەو کاتەى ئەو دەوڵەتە هەڵوەشاوەتەوەو، لە شوێنەکەیدا بەڵام بە قەوارەیەکی بچووکترەوە دەوڵەتی نوێى تورک درووستبووە، واتە تا ئەو کاتەى دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتی فرە ئیتنیک بووە، دەیان ئەفسەرو کاربەدەستی کوردى باشوور لە ناو دامودەزگاکانی ئەو دەوڵەتەدا کاربەدەست بوون، ئەمین زەکی بەگیش یەکێک بووە لەوانە. دواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو دەوڵەتەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراقی و لکاندنی ولایەتی موسڵ یان باشوورى کوردستان بەو دەوڵەتە نوێیەوە بە مەبەستی درووستکردنی هاوسەنگی مەزهەبی لە پێکهاتەى دەوڵەتەکەداو بۆ دابینکردنی بەرژەوەندى زیاترى دەوڵەتانی بڕیاربەدەست، ئەمین زەکی بەگ و چەندین کەسی تر لە کوردانی کاربەدەستی نێو دەولەَتی عوسمانی پێشتر، ئەمجارەیان پەیوەندییان کردووە بە دەوڵەتی نوێی عێراقەوەو لەوێش پلەو پایەیان وەرگرتووە، بە تایبەتی ئەو کەسانەى ئەفسەر بوون لە جۆرى ئەمین زەکی بەگ و تەنانەت رۆڵی کاریگەریشیان هەبووە لە درووستکردنی سوپاى دەوڵەتە نوێیەکەدا. بێگومان بە کاریگەرى کارکردنی لە دامەزراوەکانی دوو دەوڵەتی داگیرکەرى کوردستانداو باڵادەستی نەتەوەى تورک و عەرەب لەو دوو سیستێمەداو کاریگەرى تێکەڵاوبوونی بە رۆژئاوا وەکو خۆیشی ئاماژەى بۆ دەکات و زانینی زمانەکانی فەرەنسی و ئەڵمانی و ئینگلیزى کە رۆڵیان هەبووە لەوەدا کە هەستی نەتەوەیی لاى ئەم مێژوونووسە بەرەو دەرکەوتن و گەشەکردن بچێت و ئەوەش ببێتە پاڵنەرى بۆ ئەوەى بیر لە نووسینەوەى مێژووى کورد بکاتەوە، ئەویش بە سەربەخۆیی واتە جیا لە مێژووى تورک و عەرەب و فارس یان جیا لە مێژووى ئیسلام مێژووى کورد وەکو نەتەوە بنووسێتەوە. تا دەگاتە ئەوەى بیر لە بوون و پێگەى کورد بکاتەوە کە ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ گەڕان بە دواى بابەتێکدا کە لە لاى ئەو ونبووە. نووسەر لە خۆى دەپرسێت: قەومی کورد لە چ نەتەوەیەکە، چی بەسەر هاتووە؟(1).
گەیشتن بەوەى کە پرسیارێکی لەم جۆرە بەرز بکاتەوە بەڵگەى بوونی هەستێکی نەتەوەییە کە واى لێدەکات بە دواى ئەسڵ و بوونی خۆى و ئەو هۆکارانەشدا بگەڕێت کە کوردیان والێکردووە لە بارێکدا بێت بە دڵی ئەو نەبێت. خاڵێکی ترى گرنگ لە نووسینەوەى مێژووى کوردو کوردستاندا لە لایەن ئەمین زەکی بەگەوە ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار کەسێک مێژووى کورد بە کوردى بنووسێتەوە. ئەمە سەربارى ئەوەى کە ئەمین زەکی بەگ لە دواى شەرەفخانی بەدلیسی یەکەم کەسە کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دانراو و بە زانیارى و وردەکارییەوە مێژووى کوردى نووسیووەتەوەو بە زمانی زکماکی خۆى کە زمانی کوردیە ئەو کارەى ئەنجامداوەو ئەوەشی وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی سەیر کردووە. لەو بارەشەوە دەڵێت: بەعزێ لە دۆستان ویستیان کە ئەم کتێبانە یا بە عەرەبی وەیا بە تورکی بنووسم، بەڵام بە راستی لام موناسیب نەبوو، کە تاریخی کوردو کوردستان، لە تەرەف کوردێکەوەو لە هەموو زیاتر بۆ کورد بە زمانێکی غەیرى کورد بنووسرێ(2).
ئەگەر سەیرى ئەوە بکەین کە بۆچی ئەم مێژوونووسە کتێبەکانی خۆیی بە زمانەکانی ترى وەکو عەرەبی و تورکی نەنووسیووە کە بۆ ئەو سەردەمە باوبووەو نووسین بە زمانی کوردى جێگاى گرنگی پێدان نەبووە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە پاڵنەرێکی نەتەوەیی لە پشتی ئەو هەنگاوەوە بووە ئەویش ئەوەیە کە نووسەر خۆى دەڵێت: ئەو مێژووى کوردو بۆ کوردیشی دەنووسێتەوە ئیتر چ پێویست دەکات بە زمانێکی تر بنووسرێت. هەر لێرەشەوە سەربارى ناوەرۆکی کتێبەکانی، نووسین بە کوردى کارکردنە لەسەر یەکێکی تر لە پایە هەرە سەرەکیەکانی بوونی نەتەوە ئەویش زمانە. گەڕانەوە بۆ نووسین بە زمانی نەتەوە لە بوارى مێژووداو وەکو یەکەم دەستپێک، ئەزموونی هەنگاوێکی پڕبایەخە بە گوێرەى کارەکانی ئەم مێژوونووسە.
هەروەها ئەو ناونیشانانەشی کە بۆ کتێبەکانی هەڵبژاردووە بە تایبتی” خولاسەیەکی مێژووى کوردو کوردستان، دەوڵەت و ئیماراتە کوردیەکان، پیاوە گەورەکانی کورد،…). دەبینین ناوى کوردو کوردستان ئامادەبوونێکی تەواوى هەیە لە ناونیشانەکاندا. ئەمەش لە ئاستێکی تردا جیاکردنەوەى مێژووى کوردە لە مێژووى ئەوانی تر بە تایبەتی ئەو نەتەوانەى نزیک لە کوردن و دەوڵەت و ئایینەکانیان کاریگەرى زۆریان هەبووە لەسەر کورد، ئەویش لەوەدا کە هەم کورد سەرکوت بکرێت و نەبێت بە خاوەنی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی سەربەخۆى خۆى، هەم لە رووى کەلتوورى و عەقڵیەوە رۆڵیان هەبووە لە دواخستنی درووستبوونی هەست و هوشیارى نەتەوەیی کوردیدا. هەروەک نووسەر خۆیشی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کارکردن لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا رۆڵی هەبووە لەوەى کە وەها سەیر بکرێت کە هەمووان هاووڵاتی سایەى ئەو ئیمپراتۆرێتەن. لەم بارەیەوە دەڵێت: کەلیمەى جامیعەى عوسمانلی ئەعێابی قەومیەى هەموومانی تا دەرەجەیەک خاوکردبۆوە(3).

ئاشکرایە کە سیاسەتی باوى ئیمپراتۆرێتی عوسمانی ئەوە بووە بەرامبەر بە هەموو نەتەوەو ئیتنیکە جیاوازەکانی سایەى ئەو ئیمپراتۆرێتە کە هەموویان هاووڵاتی عوسمانین و جیاوازى نەتەوەیی و ئیتنیکی گوایە بوونی نیە. لەم رووەشەوە توانیوویانە بۆ ماوەى درێژخایەن هەمووان بەکاربهێن ئەویش زیاتر بە کاریگەرى ئەوەى کە ئەو دەوڵەتە گوایە دەوڵەتی هەموو مسوڵمانانە. دیارە ئەم سیاسەتە تا ئەو کاتە بەردەوام بووە کە کاریگەرى دەرکەوتنی ناسیونالیزمی ئەوروپی و درووستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان گەیشتووەتە سنوورى قەڵەمڕەوى عوسمانی و بەردەوام کاریگەرى لەسەر تورک و ئیتنیکەکانی تریش هەبووە.، سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی لاى ئیتنیکی تورکی بە پلەى یەکەم و لاى ئەوانی تریش دواتر بووەتە هۆى درزبردنی ئەو یەکێتیەو هەر نەتەوەیەک بیرى بەلاى ئەوەدا چووە کە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆیی هەبێت. لەو سەروبەندەشدا دەستبژێرى کورد لە ناو دامەودەزگاو لە شارە گەورەکانی عوسمانیدا ئەو هەستەیان لادرووست بووە، کە ئەوانیش بە دواى بوون و شووناسی خۆیاندا بگەڕێن. پێشتر بەدرخانیەکان بۆ ئەو مەبەستە راپەڕینیان کرد لە پێش ناوەڕاستی سەدەى نۆزدەیەمداو بە نزیکەى سێ دەیە دواى ئەوەش لە ژێر کاریگەرى هەمان هۆکاردا شێخ عوبەیدوڵاى نەهرى راپەڕینی بەرپاکرد. بنەماڵەى بەدرخانیەکان لە ساڵی 1898 دا رۆژنامەى کوردستانیان دەرکرد کە بەرهەمی هەست و هوشیارى نەتەوەیی بوو لە لای ئەندامانی ئەو بنەماڵە منەوەرە. دواتریش لەسەردەمی ئیتیحادو تەرەقیدا بەشێکی تر لە کوردانی خوێندەوارو ئەفسەرانی نێو سوپاى تورک لە ئەنجامی کارکردنی تورکەکان بە چەمکی نەتەوەیی تورک لەبرى چەمکی گشتگرى هاووڵاتی عوسمانلی هەستیان بەو جیاوازیە کردووە، کە یەکێک لەو کەسە دیارانە گەیشتووەتە ئەوەى لە دواى خۆناسین و ناسینی نەتەوەى خۆیان بگەڕێن مەحەمەد ئەمین زەکی بەگ بووە. وەکو خۆى ئاماژەى بۆ دەکات ئەو هەستکردنە بە جیاوازى نەتەوەیی هۆکارى سەرەکی بووە بۆ ئەوەى دواى مێژووى نەتەوەکەى بکەوێت.
نووسەر بە بەرنامەیەکی ئاشکراوە دەستیکردووە بە نووسینەوەى مێژووى کوردو هەر لەسەرەتاوە ئەو تێڕوانینە لە کارەکانیدا بەرچاو دەکەوێت کە ئەو دڵنیابووە کە کورد دەبێ مێژووى تایبەتی خۆیی هەبێت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئەو پێیوابووە کورد نەتەوە یان پێکهاتەیەکی جیاوازە لە ئەوانی ترو بەو پێیەش دەبێ بوون و شووناسی خۆیی هەبێت. بەلاى ئەوەوە شووناسی جیاوازیش لەسەر دوو بنەماى سەرەکی دیارى دەکرێت کە یەکەمیان خاکەو دواى ئەویش بوونی مرۆڤە کە مەبەست مرۆڤى کوردە کە خاوەنی زمان و تایبەتمەندییەکانی خۆى بێت بە هەموو رەگەزو توخم و پایەکانی جیاوازییەوە، کە ئەمانە دەبنە بنەما بۆ بەرهەمێنانی شووناسی جیاواز کە لێرەدا مەبەستمان شووناسی کوردیە. بەشی یەکەمی خۆلاسەى مێژووى کوردو کوردستان بەم ناونیشانە دەست پێ دەکات: کوردستان و جێگەو میقدارى کورد، کوردستان بە کوێ گوتراوە؟(4). سەرەتا نووسەر هەموو ئەو شوێنانەى کە کوردى تێدا نیشتەجێیەو دەژی بە کوردستان ناو دەبات کە ئەوەش پێناسەى خاکی کوردانەو نە کۆنتر خاکی عوسمانلی و سەفەوى بووە، نە لە مێژووى نوێشدا خاکی ئەو دەولەَتانەیە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە لە عەرەب و تورک و فارس. هەروەک جێگەى کوردستانیش دیارى دەکات کە جوگرافیایەکە سنوورى دیاریکراوى خۆیی هەیەو ئەگەرچی لە سیاسەتی نێو دەولەَتی نوێدا هێڵی سنوورى دەستکرد بە ناو جەستەى ئەم نیشتیمانە یان جوگرافیا یەکگرتووەدا کێشراوە بەڵام لە رووى نەتەوەیی و دانیشتوانەوە ئەو هێڵە دەستکردانە نەیانتوانیووە جەستەى کورد یان نەخشەى بنەڕەتی کوردستان لەت بکەن. هەوڵدان بۆ دیاریکردنی جوگرافیاى کوردستان و سنوورەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێیدا دەربڕى بوونی پاڵنەرێکە کە هوشیارى نەتەوەیی جوڵێنەرێتی. بۆیە لەم رووەوە مامەڵەکردنی ئەمین زەکی بەگ لەگەڵ نووسینەوەى مێژووى کورددا دەشێ بۆ ئەو قۆناغە وەها سەیری بکرێت کە ناسیونالیستێکی کورد ئەو مێژووە دەنووسێتەوە. گەڕان بە دواى سنوورە جوگرافیەکان و ژمارەى کوردى ئەو شوێنانەى لێی دەژین و تەنانەت کوێ بە کوردستان ناودەبرێت، بەگشتی ئەو بنەمایانە روون دەکەنەوە کە بە چەمکی کلاسیک نەتەوە پێکدەهێنن. لەم رووەوە ئەمین زەکی بەگ لە مێژووەکەیدا بە دواى ئاشکراکردنی ئەو بنەمایانەوەیە کە کورد بە دیدى کلاسیک دەکەن بە نەتەوە. ئەمەش رووناکی دەخاتە سەر گوتارى مێژوویی ئەم مێژوو نووسەو گوتارەکەى بارگاوى دەکات بە رەگەزە نەتەوەییەکانی کورد یان بە چەمکی نوێ بە رەگەزەکانی ناسیونالیزمی کوردى. بۆیە لێرەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە گوتارى مێژوویی محەمەد ئەمین زەکی بەگ گوتارى نەتەوەیی کوردە.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت