هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئەم دەستەواژەیە لە بەرامبەر ئەو مانایەدا بەکاردێت، کە بەواتا ” گەڕانەوەیە بۆ شێوە و شێوازە ئاینداریەک، کە هاوئاهەنگ بێت بە کلتور و ڕەسەنایەتى کۆمەڵگەیەک. هەڵقوڵاوى ناخى کۆمەڵگە و تێکەڵ بوبێت بە ڕۆحى یەکتر، قبوڵکردن و پێکەوەژیان خۆشەویستى نیشتیمان”.
ئەم دەستەواژەیە زۆرکات دەبیسترێت کە لەبەرامبەر ئەو شێوە ئایندارى و هزرە هاوردانەدا بەکاردێت کە لەگەڵ تێڕوانین و کلتورى ئەو ناوچەى بۆى هاوردەکراوە نایەتەوە. کۆمەڵگەى کوردى یەکێکە لەو کۆمەڵگانەى کە خاوەن کلتور و ڕەسەنایەتى خۆیەتى لە ناوچەکەدا و، هەردەم هەوڵى پاراستنى داوە، لەپاڵ ئەمەشدا جۆرە ئاینداریەکى تەقلیدى، هەردەم پاڵشتى ئەو کلتور و ڕەسەنایەتیەى کردووە. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنى تەوژم و هزرە جیاوازەکاندا، هەوڵدراوە کە ئەو ئاینداریە ڕەسەنە بپارێزرێت بۆ ئەوەى پاڵپشتێکى بەهێزى رۆحى بێت بۆ هێشتنەوەى کلتور بە زیندوویی.
لەگەڵ بلاوبونەوەى ئاینى ئیسلامدا یەکێک لەو هزرانەى کە هاوشان باڵى بەسەر کلتور و تێڕوانینى ناوچە جیاوازەکاندا کێشا، سۆفیگەرى بوو. سۆفیگەرى یەکێکە لەو ڕەوتانەى کە هەمیشە کار لەسەر بەهێزکردنى لایەنى دەرون و زیندوو هێشتنەوەى دەکات. هەرزو رۆدەچێتە ناو ناخ و دەرونى باوەڕدارانەوە، ئەوەش بەهۆى ئەو مەبەست پەیامەیە کە هەڵیگرتووە. هەردەم خاوەن پەیامێکى مرۆڤدۆستانەى ئاشتیانەى دور لە ڕق و کینەیە. لە پەرستش و تقوسدا تەنها مەبەست و ئامانج خودایە و هیچ تەماعێکى سیاسى و ماددى پەنها لە پشتیەوە نیە. لە بانگەواز و کارى ڕوکەشدا مەبەستیانە کە مرۆڤەکان بگەیەنییە فەزیلەت و کۆمەڵکە پڕ بکەن لە ئاشتى و چاکسازى لە لایەنى ئەخلاقیدا بکەن. بەڵام لە بەرامبەریشدا تەرزێکى دیکە لە ئایندارى هەیە، کە کار بە بابەتى ڕواڵەت دەکات و گرنگى بە جموجوڵ و ڕوکەشى دەدات، ئەو ڕوکەشەش چ پەرستش بێت یان دەقى ئاینى.
سۆفیگەرى دەتوانین بڵێین بووە باوەڕى سەرەکى هەموو باوەڕداران-ئیسلام- لە جیهاندا بەشێوەیەک کە بەشداربوون لە موسوڵمانکردنى زۆرینەى ئەفریقیا و باشورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا. واتە هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە تاوەکو مەغریب و جەزائیر هەموو پابەندێکى توندى تەریقەتە سۆفیگەریەکان بوو- بە کوردستانیشەوە-. بەڵام بە دەرکەوتنى بزوتنەوەى –وەهابیەت- ئیدى جۆرێک لە پەرتەوازەیی لەباوەڕدا دروست بوو، ئەو بزوتنەوەش کاریگەرى هەبوو لەسەر لاوازکردنى بیرى سۆفیگەرى لەناوچەکانى دورگەى عەرەبی.
وەهابیەت بە تێڕوانین و ئاماژەکانى هەردەم دژ بە بیرى سۆفیگەرى دەوەستایەوە. بووە مەترسیەکى گەورە لەسەر بیرى پێگەوەژیان و ئازادى ئاینى. چونکە لە بنەڕەتدا پەروەردەى ژینگەیەک بوو کە هیچ لە ئاینە جیاوازەکان لە بەرامبەریدا بوونى نەبوو.
دواتر لەپاش ڕوخانى دەوڵەتى عوسمانى (1924ز) و پەرتەوازەبوونى(موسوڵمانان)، لە ناوچە جیاوازەکانى (جیهانى موسوڵمانان)دا هەوڵدرا کار بۆ ئەوە بکرێت کە ئەو شکۆیە بگەڕێنرێتەوە، ئەمەش لەڕێگەى پێکهێنان و دروستکردنى دەستە و دواتر حزبى سیاسى. دواتر ئەمانە بوونە حزبى سیاسى پاڵپشت بە بیرى وەهابیەت. وەک هەر لایەنێکى دیکە بەشدارى کاریى سیاسیان دەکرد. دەسەڵاتە عەلمانیەکان هەردەم هەوڵیانداوە لەبەرامبەر ئەو بزوتنەوە هێزە ئیسلامیە سیاسیانەدا، هزرە سۆفیگەرەیەکان بەهێز بکەن و بیانقۆزنەوە وەک پاڵپشتێک بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵگە و لاوازکردنى حزبە ئیسلامیەکان، وەک نمونەى (میسر) کە هەر لەسەردەمى (جمال عبدالناێر)ەوە تاوەکو سەردەمى (انور سادات) و (حسنى مبارک) و (عبدالفتاح سیسى) پشتگیرى تەریقەتە سۆفیگەریەکانى باشورى وڵاتیان دەکرد دژ بە (ئیخوان) و، لە (سودان)یش (عومەر بەشیر) پشتگیرى تەریقەتەکان دەکات دژ بە حزبە سیاسیە ئیسلامیەکان. هەروەها لە (جەزائیر)یش (بوتفلیقە) بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتى تەریقەتەکان و بەتایبەت (تیجانیەکان) دەکات. سەنتەرى گەورەى هزرى و فەلسەفى بۆ دامەزراوە. چونکە تەریقەت و (زاویە)کان ڕۆڵێکى زۆر گەورەیان هەبوو لەو ناوچانەدا لە یەکخستنى کۆمەڵگە و پاراستنى کلتور و پاراستنى نیشتیماندا. هەروەها لە (کۆمارى چیچان)یش (رەمەزان قادریۆف) بۆ کۆتایهینان بە پەرتەوازەیی هزرى توندڕەوى لەو ناوچانەدا، بڕیاریدا پشتگیرى لە تەریقەتەکانى وەک(قادرى و نەقشبەندى)بکات. دژى هەموو بیر و هزرێکى هاوردە بوەستێتەوە بە پاڵپشتى (ئیسلامى تەقلیدى).
زۆرێکى دیە لە ناوچەکانى جیهان بۆ ڕوبەڕوو بونەوەى بیرى توندڕەوى ئاینى و وەهابیەت بە تایبەت، هەوڵى پشتگیرى هزرى سۆفیگەرى دەدەن. پێیان وایە سۆفیگەرى ئەو هزر و باوەڕەیە کە هەمووان بە بیر و هزرە جیاوەزەکاندا جێگەیان ببێتەوە تیایدا. بنەما و بنەڕەتى هزرى سۆفیگەرى خوداناسیە بەدور لە هەر ئازار و شکەنجەى بەرامبەر.
دەزگاى (راند) یەکێکە لە دەزگار هەستیارەکانى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانى لە ساڵى (2007) لەبارەى پشێوى هزر و باوەڕى ئاینیەوە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستتدا پێى وایە پێویستە لە بەرامبەر بیرى توندڕەویدا پشتیگیرى و پاڵپشتى هزرى سۆفیگەرى بکرێت، چونکە زۆرترین جیاوازیەکانى تێدا جێ دەبێتەوە.
پێمان وایە کە سۆفیگەرى بە شێوە تەندروستەکەى کە دیوێکى غیرفانى و ڕۆحانیە، لە ئێستادا باشترین جێگرەوەى هزر و بیرە توندڕەوەکان بێت لە گۆڕەپانى کوردستاندا. چونکە لەهەرکات زیاتر پێویستمان بە بیر و هزرێک هەیە کە کلتورى یەکتر قبوڵکردنى کوردەوارى پیرۆز بکات.

بڕوانە دەقى ڕاپۆرتەکەى (راند) :eltwhed

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە