هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ئەم ناونیشانە ڕەنگە سەیر بێت بەلاى هەندێک لە خوێنەر و لێکۆڵەرانەوە، چونکە ئەوەى لێ تێبینى دەکرێت کە (ئەشعەرى) زیاتر بەوە بەناوبانگە کە وەک زانا و کەسایەتیەکى عەقڵانى ژیاوە و هەمیشە لە وەڵامدانەوەى تێڕوانینەکانى (موعتەزیلە) و گروپەکانی دیکەدا کاریى کردووە. (ئەشعەرى) وەک لایەنێکى هزرى و عەقڵانى بەهێز لە کۆتاییەکانى سەدەى سێیەمى کۆچیدا دەرکەوتووە، لایەنە باوەڕیەکەى زیاتر زاڵ بووە بەسەریدا لەچاو لایەنى فەرمودەناسى و فیقهى و سۆفیگەریەکەى. هەرکەسێکیش کە لە ژیانى دەکۆڵێتەوە ئەوەى تێدا بەدى دەکات.
سەرەتاى ژیان و پێگەیشتنى (ئەشعەرى) بە قۆناغێکى زوهد و دنیا نەویستى و زۆرى پەرستشدا تێدەپەڕێت. ئەمەش لە نوسینەکانى(ئیبن عەساکر)دا بە وردى دەردەکەوێت. بەتایبەت (تبین کذب المفترى). باس لە چەند دەقێک دەکات کە لێرەدا دەیخەینەڕوو:” گەورەمان ئەبولحەسەن نزیک لە بیست ساڵ، بە دەستنوێژى خەوتنانەوە نوێژى بەیانى کردووە. ئەم حاڵەت و تێکۆشانەى لاى کەس نەدرکاندووە(1) “.
بەو مانایەى کە تەواوى شەو چاوى لێک نەناوە و نەخەوتووە. سەرقاڵ بووە بە پەرستش و تێکۆشان لەپێناو خودا. خۆ ئەگەر بۆ کەمێکیش پشوى بدایە و بخەوتایە دەبوو دەستنوێژەکەى نوێ بکاتەوە، وەک ئەوەى کە دەزانرێت. هەروەها لە هەمووى گرنگتر باسنەکردنى ئەو پەرستشانەى بووە بۆ خەڵک و، خۆى پاراستووە و خۆى هەڵنەکێشاوە.
لە دەقێکى دیکەدا (ئیبن عەساکر) دەقێکى دیکە لە یەکێک لە خوێندکارەکانیەوە دەگوازێتەوە: ئەبی عیمران لە باوکیەوە دەگێڕێتەوە کە وتویەتى( لە بەسرە خزمەتى پێشەوا ئەبولحەسەنم کرد بۆ چەندین ساڵ. هەروەها لە بەغدادیش هاتوچۆم دەکرد. نەمدیوە کەس وەک ئەو خۆپارێز بێت. هەرگیز بۆ حەڕام و ڕیگەپێنەدراوى نەیڕوانیوە. هیچ کەسێکیم نەدیوە لەو زیاتر خاوەنى شەرم بوبێت لە کاروبارى دنیادا و، چالاکیش لە کاروبارى دواڕۆژدا”(2).
دەردەکەوێت کە (ئەشعەرى) خۆى لە شتە گوماویەکانیش پاراستووە و، ئەوانەى کە بۆنى تاوانى لێدێت. بۆ کاروبارى دنیا بە هەڵپە نەبووە و خەیاڵ و بیرى پۆست و پایەى لەدڵدا نەبووە. بەڵام بە پێچەوانەشەوە بۆ کاروبارى دواڕۆژ تێکۆشاوە و هەوڵى داوە.
(ئیبن عەساکر) دەڵێت: ئەبولحەسەن لە بەرهەمى دەستى خۆى دەخوارد و، لەوەى کە بۆى مابویەوە لە باپیرانیەوە، واتە لە بیلالى کوڕى ئەبى بوردەى کوڕى ئەبی موساى ئەشعەریەوە. هەروەها داهاتى لەماوەى ساڵێکدا حەڤدە درهەم بوو !(3) “.
لەم دەقەدا دەردەکەوێت کە (ئەشعەرى) ئەو بڕە پارەى دەستى کەوتووە بۆ ئەو سەردەمە زۆر بڕێکى کەم بووە. تەنها کەسێک توانیویەتى پێى بژێت کە سیفاتى پێشەوایەتى و گوێنەدان بە دنیاى تێدا کۆ بوبێتەوە. چونکە بەو پێیە بێت لەماوەى یەک مانگدا درهەم و نێوێکیش داهاتى نەبووە!. ژیانى پڕ بووە لە زاهدێتى و خۆپارێزى و زانست، ئەوەى دیکە تەنها بابەتى لاوەکى بووە.
لە سەردەمى ئەشعەریدا دەستەواژەى سۆفیگەرى بە شێوەیەکى بەربڵاو بوونى نەبووە، بەڵام لەسەر ئاستى تاکەکەسدا بوونى هەبووە. ژیانى ڕۆحى لەسەردەمى ئەشعەریدا بەشێوەیەکى بەربڵاو بوونى هەبووە. ئەشعەرى زۆرێک لەو لایەن و کەسایەتیانەى ناسیوە و توانیویەتى ڕەخنەیان لێبگرێت و بیانخاتەڕوو. لە کتێبى (مقالات الاسلامیین و اختلاف المێلین) هەشت گروپى لە ڕۆحانیەکانى سەردەمى خۆى خستۆتەڕوو. بە گروپى ڕۆحى توندڕە و لادەرى لەقەڵەم داون. ئەگەر تەماشاى ئەم دەقانە بکەین، زۆر لایەنى شاراوە لە ژیانى ڕۆحى ئەو سەردەمە و خودى (ئەشعەرى) بەدى ئەکەین.
ئەو گروپانەى کە سۆفین و لادەرن، دەکرێن بەم بەشانەوە.
1- هەندێک پێیان وایە کە دروستە بۆ خودا کە بچێتە ناو تەنەکانەوە، ئەگەر شتێکیان بینى بە گەورەى دەزانن و دەڵێن: نازانین، چونکە ئەمە خودامانە(4)!.
2- هەیانە دەڵێن: خودا بەگوێرەى کار و کردەوەى خۆت دەبینیت. واتە هەرکەس کارێکى باش بکات، ئەوە پەرستراوەکەى بە باشى بینیوە.
3- تیایاندایە کە دەڵێن: ڕێگە پێدراوە کە دەست لە خودا بدەین و لەگەڵى دانیشین لە دنیادا. وەک خۆیان دەڵێن ڕێگەپێدراوە کە دەست لە خودا بدەین !.
4- کۆمەڵێکیان هەیە کە پێیان وایە، خودا خاوەن پەیکەر و پەل و پۆیە. خاوەنى گۆشت و خوێنە و لەسەر شێوەى مرۆڤە. ئەوەى مرۆڤـــ هەیەتى لە پەل و پۆ، ئەویش هەیەتى!.(خودا بەرز و بڵندە لە تێڕوانینى ئەوان).
5- کەسێک هەیە بەناوى (ئەبو شوعەیب)، پێى وایە کە خۆشحاڵ و دڵخۆش دەبێت بە پەرستشى دۆستەکانى بۆى و، ناڕٍەحەت و دڵتەنگیش دەبێت کاتێک تاوان دەکەن !(5).
6- هەندێک هەن پێیان وایە کە پەرستشەکانیان دەیانگەیەنێتە ئاستێک کە لە پەرستش دەسڕێنەوە. هەندێک شتى ڕێگە پێدراو دەبێت بۆ ئەوان و بۆ خەڵکیش حەرامە. زینا و شتەکانى دیکە ڕێگە پێدراوە بۆیان!.
7- هەندێکیان هەیە کە پێیان وایە کە دەگەنە ئاستێک ئیدى خودا دەبینن و لە بەروبومەکانى بەهەشت دەخۆن و، لەگەڵ حۆریەکان پەیوەست دەبن لە دنیادا و، لەگەڵ شەیتانیشدا دەجەنگن.
8- هەندێکیان هەیە کە باوەڕیان وایە کە پەرستشى زۆر دەیانگەیەنێتە ئاستێک کە بەرزتر دەبنەوە لە ئاست و پلەى پەیامبەران و مەلائیکە نزیکەکان!(6).
ئەگەر لەم وتانە ڕابمێنین دەبینین کە (ئەشعەرى) چەندە ئاگادارى سەردەمەکەى بووە. بە دور و درێژى بیروباوەڕە ڕۆحیەکانى ناسیوە. دەریدەخات خاوەن شارەزاییەکى باشى سۆفیگەرى بووە و، جێگەپێى چەسپاو بووە لەناو بیر و کلتورى سۆفیگەریدا. خۆ ئەگەر لە پێنج گروپى سەرەتا ڕابمێنین دەبینین کە پەیوەندیان هەیە بە گروپەکانى(حلول و اتحاد) و (تشبیە و تجسیم)ەوە. وە سێ گروپى کۆتایش لەناو بازنەى پەرستشدایە، بەڵام لەگەڵ هەبوونى بیرى توند و زیادەڕەوى تیایدا. بەڵام ئەمانە هەموى لەلاى (ئەشعەرى) ڕەت دەکرێنەوە و جێگەى پەسەند نین. ئەم دەقانە تەنها بریتین لە گێڕانەوە و خستنەڕوو، بە دەستەواژەکانى (ئەشعەری)دا دەرکەوێت کە پەسەندى ئەم بۆچونانە ناکات و دەستەواژەى(پێیان وایە) بەکار دەهێنیت. هەروەها لە جێگەیەکدا دەڵێت(خودا لەمانە گەورە و بڵندە). واتە ئەوەى دەیڵێن دروست نیە و خودا بەپێچەوانەى ئەو تێڕوانینانەیە. ئەوەى کە تێبینى دەکرێت ئەشعەرى لە ڕوانگەرى زوهد و خۆپارێزى خۆیەوە دژ بەو بۆچونانە وەستاوەتەوە و ڕەتیکردونەتەوە. زۆرن ئەو کەسایەتیانەى کە سەرسامبوون بە هەڵسوکەوت و ڕەوشتە سۆفیگەریەکانى. لەوانە (بندرار کوڕى حسەینى شیرازى(7))کە ماوەیەکى زۆر خزمەتى (ئەشعەرى) کردووە.
بابەتێکى دیکە کە جێگەى گرنگیە، هەبوونى قوتابیەکانیەتى کە کەسایەتى گەورەى (سۆفیگەرى)بوون. کە ئەمەش دیارە لەژێر کاریگەرى(ئەشعەری)دا بووە. وەک (ئیبن عەساکر)دەڵێت: گەورەیی چاولێکەر، بۆ گەورەیی چاولێکراوەکە دەگەڕێتەوە(8)”. (ئەشعەرى) لە خودى خۆیدا بانگەشەى (سۆفیگەرى)ى نەکردووە و، خۆى لە گروپى موسوڵمانان جیا نەکردۆتەوە، بەڵکو بە کردوەوە ئەوەى سەلماندووە کە پابەندە بە(سۆفیگەرى)ەوە. گرنگى بە دڵ و ناخ داوە و بە هەند وەریگرتووە. هەروەک (سوبکى) لەبارەیەوە دەڵێت:”ئەشعەرى گەورە بووە لە سۆفیگەری و ڕەچاوکردنى دڵدا. هەروەک چۆن گەورە بووە زانستى کەلام و زانستەکانى دیکەشدا(9) “.
لە دیارترین کەسایەتیەکانى ناو (سۆفیگەرى) کە خوێندکارى (ئەشعەرى)بوون، ئەمانەن:
1- ئەبولحەسەنى باهیلى، بەسرەیی: ئەم کەسایەتیە یەکێک بووە لە خوێندکارەکانى (ئەشعەرى) کە بە زۆرى پەرستش و زوهد بەناوبانگ بووە. لەنێوان خۆى و قوتابیەکانیدا پەردەى داناوە لەکاتى وانە وتنەوەدا. (ئەبو ئیسحاقی ئیسفەراینى) لە خوێندکارەکانى بووە و لەباریەوە وتویەتى( من لەلاى مامۆستاکەمدا وەک دڵۆپێک ئاوم لەچاو دەریادا!). هەروەها ئەویش لەبارەى (ئەشعەری)وە وتویەتى(من لەلاى مامۆستاکەمدا وەک دڵۆپێک ئاوم لەچاو دەریادا). ئەم کەسایەتیە لەساڵى (370ک/980ز) کۆچى دوایی کردووە(10).
2- ئەبولحەسەن بندار کوڕى حسەینى شیرازى ێۆفى: لە(ئەرجان) لەدایکبووە، لەناوچەى (فارس). زۆر بەتوانا بووە لە زانستى(اێول)دا. سەرەتاى ژیانى خاوەن سەروەتێکى زۆر بووە، هەموو سەروەتەکەى بەخشیوە و دەستى داوەتە زوهد و فێربونى زانست. ماوەیەکى زۆر لەلاى (ئەشعەرى)بووە. ساڵى (353کـ/919ز) مردووە(11). (قوشەیرى(12)) لەبارەیەوە دەڵێت:”زانا بووە بە بنەماکانى ئاین – اێول- هاوەڵى (شیبلى) بووە”. هەروەها خاوەنى چەندین وتەیە:” دوژمنایەتى لەگەڵ نەفسى خۆتتدا مەکە، چونکە هى تۆ نیە، بیدە دەست خاوەنەکەى چۆنى بیەوێ واى لێدەکات”. یان :”دۆستایەتى داهێنەران لە ئایندا – اهل البدع- بەرهەمەکەى دورکەوتنەوە دەبێت لە ڕێگەى ڕاست”(13).هەروەها چەندین وتە و ئاماژەى گرنگى دیکەى هەیە لە (سۆفیگەرى)دا.
3- ئەبو عەبدوڵا، محەمەد کوڕى خەفیفى شیرازى سۆفی: گەورە و پێشەوا، عاریف و فەقیهى پێشەنگ و خاوەن زانست.(ئەبو عەبدوڵا، محەمەدى کوڕى خەفیفى کوڕى ئیسفەکشارى فارسى شیرازى). گەورەى سۆفیەکان.ساڵى (260کـ/874ز) لەدایکبوو. لە پێشەنگى ئەوانە بووە کە دەستى بە قورئان و سوننەتەوە گرتووە، بە عیبادەتى زۆر بەناوبانگ بووە. لەناو خەڵکدا زۆر ڕێزى لێگیراوە.گوتویەتى ئەگەر هەرکات گوێتان لە (بانگ)بوو، منتان نەدى لە ڕیزى پێشەوەى نوێژخوێنان، ئەوە گۆڕستانم بۆ بگەڕێن (ئەبوبەکرى باقەلانى)زانستى لێوە وەرگرتووە. لە ساڵى (371کـ/985ز)مردووە. لەسەرە مەرگیدا زۆرینەى خەڵکى لێى کۆبونەوە و، لەسەر تەرمەکەى نزیکەى (100)جار نوێژیان کرد(14).(سوبکى) بە دور و درێژى باس لە دیدارى (ئیبن خەفیف) لەگەڵ (ئەشعەرى) دەکات(15) ئەم کەسایەتیە یەکێک بووە لەوانەى دەستى باڵاى هەبووە لە (سۆفیگەرى)دا. (ئیبن عەساکر) دەڵێت:” بە ئیبن و خەفیف وترا(فڵان کەس، بە دەنگێکى بەرزەوە بانگەشەى سۆفیگەرى دەکات !. وتى: ئاخر ئەوە سۆفیگەرى بە هەرزانى دەستکەوتووە و بە هەرزانى دەیفرۆشێت !)(16) “. (ئیبن جەوزى)هەندێک شتى لەبارەیەوە وتووە لە کتێبى(تلبیس ابلیس)دا، کە پێچەوانەى قسەکانى خۆیەتى لە کتێبێکى دیکەیدا. لە کتێبى (المنتڤم)دا باس دەکات کە لە گەورە پیاوان بووە . (زەهەبى و ئیبن کەسیر )و تەنانەت خودى (ئیبن جەوزیش)ئەوە رەت دەکەنەوە کە لە (تلبیس ابلیس)دا هاتووە.
4- محەمەد کوڕى سولەیمان کوڕى محەمەد کوڕى هارونى حەنەفى سەعلوکى: فەقیهێکى گەورەى شافیعیەکان بووە. لە گەورە زانایانى ئەدەب و ڕاڤەى قورئان بووە. لە ساڵى (296ک/908ز) لە (ئیسفەهان) لەدایکبووە و لەساڵى(369ک/980ز) لە (نەیشابور) کۆچى دوایی کردووە(17). (ئیبن عەساکیر) دەڵێت:”پێشەواى گەورە، ئەبو سەهلى سەعلوکى، فەقیهو ئەدیب و زمانەوان و نەحوى و شاعیر و موتەکەلیم و ڕاڤەکارى قورئان و موفتى و سۆفى. نوسەر و پێشەواى سەردەمى خۆى(18) .
هەروەها دەڵێت: ئەبو سەهل ڕۆیشتۆتە عێراق و، لەسەردەمى ئەبولحەسەنى ئەشعەریدا دەرسى لەلا خوێندووە(19) . ئەم کەسایەتیە زانایان زۆریان لەبارەوە وتووە. توانیویەتى خزمەتێکى گەورە بە بیروباوەڕى (ئەشعەرى) لە ناوچەکانى (نەیشابور) بکات لەپاش گەڕانەوەى. هەروەها هاوشانى ئەوەش خزمەتى بە (سۆفیگەرى)کردووە. کەواتە دەردەکەوێت وەک چۆن (ئەشعەرى) ڕۆڵى لە پەروەردەکردن و ئاراستەکردنى (ئیبن خەفیف)دا هەبوو. ئاواش هەمان ڕۆڵى لە پێگەیاندنى (ئەبو سەهلى سەعلوکى)دا بینى.
5- ئەبو عەلى دەقاق: ئەمەش یەکێکە لە کەسایەتیە دیارەکانى (سۆفیگەرى). وەک خۆى چاوى بە (ئەشعەرى) نەکەوتووە و دەرسى لەلا نەخوێندووە، بەڵام لەلاى یەکێک لە کەسایەتیە دیارەکانى پاش (ئەشعەرى) کە (قوفالى شاشى)یە دەرسى خوێندووە. دواتر بۆتە پیاوێکى گەورە لە (سۆفیگەرى)دا و هاوشانى بیروباوەڕى (ئەشعەرى)، توانیویەتى خزمەتێکى گەورە بە (تەێەوف) بکات. مامۆستاى (ئەبولقاسمى قوشەیرى) بووە. کەواتە دەتوانین بڵێن کە بیروباوەڕى (ئەشعەرى) ماددەى خاوە بۆ گرنگیدان بە (سۆفیگەرى) و لایەنى دڵ و دەرون. لە (رسالە القشیریە) زۆر باس لە گەورەیی و پایەى ئەم کەسایەتیە کراوە. کەواتە دەتوانین ئەوە بڵێین( ئەشعەرى لەپاڵ ئەوەى کە قوتابخانەیەکى هزرى و کەلامى بووە، لە هەمان کاتیشدا قوتابخانەیەکى گەورەى – سۆفیگەرى- و پەروەردەکردنى دڵ و دەرون بووە. ئەمەش بێگومان بۆ پابەندبونى خۆى دەگەڕێتەوە بەو لایەنەوە. وەک – سوبکى- دەڵێت: گەورە بووە لە سۆفیگەرى و لە بە هەند وەرگرتنى دڵدا، هەروەک چۆن دەستى باڵاى هەبووە لە کەلام و زانستەکانى دیکەدا.”(20)).
کەواتە ناوێکى دیارى لەخۆى نەناوە. بەڵام بە ڕەوشتى بانگەشەى بۆ پەروەردەکردنى دەرون کردووە و ئەمەش لە خوێندکارەکان و شوێنکەوتەکانیدا ڕەنگى داوەتەوە. پێمان وایە کە (ئەشعەرى) ئەگەر خاوەن گوتارێکى کەلامى و عەقڵانى سەردەمەکەى نەبوایە، بێگومان دەبویە ڕابەرێکى ڕۆحى سەردەمەکەى خۆى و بانگەشەى یەکسانى و دادگەرى و دورکەوتنەوە لە ململانێى دەکرد.

پەراوێز و سەرچاوەکان:
1- تبیین کژب المفتری، ێ141.
2- م.ن، ێ141
3- م.س. ێ142. السبکی: گبقات الشافعیە،ج2/ێ248.
4- مقالات الاسلامیین، ێ214.
5- م.ن ، ێ288.
6- م.ن، ێ289.
7- دواتر باس لە ژیانى ئەم کەسایەتیە دەکەین.
8- تبین کژب المفتری. ێ177.
9- گبقات الشافعیە، ج3/ێ351.
10- م.س، ێ135. الژهبی :سیر ڕعلام ، ج16/ێ304.
11- گبقات الشافعیە، ج3/ێ224 ، ابن الملقن:گبقات الڕولیاء ، ج1/ێ120.
12- عەبدولرەحیم کوڕى عەبدولکەریم کوڕى هەوەزانى قوشەیرى. لە وتاربێژ و بانگخوازانى (نەیشابور)بووە. کەسێکى بەتوانا بووە لە زانستە جۆراوجۆرەکاندا. لە تواناى لەبەرکردنى بەهێز بووە. خاوەن پایە بووە لە وتاردان و تەێەوفدا. بۆ زیاتر زانیارى بڕوانە، الزرکلی:الاعلام،ج3/ێ346. ابن کپیر: البدایە و النهایە،ج12/ێ187.
13- القشیری: الرسالە القشیریە، بدون عدد الگبعە، تحقیق:د.عبدالحلیم محمود، د.محمود بن الشریف، دار المعارف، (القاهرە- مێر)، بدون سنە الگبع، ج1/ێ141.
14- سیر ڕعلام، ج12/248-249. ؛ البدایە و النهایە:ج11/300. ؛ المنتڤم ج14/290.
15- بڕوانە (الگبقات الشافعیە الکبرى، ج2/ێ247).
16- تبیین کژب المفتری، ێ 190.
17- ابن خلکان: وفیات الاعیان، ج2/ێ435. الزرکلی:الاعلام ،ج6/ێ149.
18- تبیین کژب المفتری، ێ183-184
19- ن.م ، ێ183.
20- گبقات الشافعیە، ج3/ێ351.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە