هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

پێشەکى:

ئەوەى سەبارەت بێت بەلایەنى کۆمەڵایەتى هۆزە مەغۆلەکان تاڕادەیەکى زۆر ئاڵۆزە و بەهۆى فراوانى ڕووبەرى ناوچەکە و شێوازى ناڕێکى دابەشبونیان و خێراییان بەهۆى زۆرى کۆچ و گواستنەوەى بنەو باریان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى دیکە. ئەمەش دیارە بەهۆى ئەو جیاوازییە زۆرەوە بووە کە لە ئاو و هەوا و سروشتى ئەو ناوچانەدا هەبووە. پێویستە فاکتەرى پشت ئەو کۆچە زۆرانە بخرێنەڕوو.
گرنگى ئەم توێژینەوەیە لەوەدا خۆى دەبینێتەوە کە بەحوکمى ئەم هۆزانە دواتر یەک دەخرێن و دەسەڵات و ئیمپراتۆریەتێکى گەورەیان لێدروست دەکرێت و زۆربەى ناوچەکان دەخەنە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیان و دەسەڵاتى خۆیان دەسەپێنن بەسەر ناوچەکاندا. ڕۆڵێکى گەورە دەبینن لەمێژوودا بەتایبەتى دواى ئەوەى زۆرینەى دەسەڵاتە موسوڵمانەکان لەناودەبەن و لەگرنگترینیان (دەوڵەتى عەبباسى) لەساڵى (656)کۆچى. لەپاش داگیرکردنى (بەغداد) و کوشتنى دوا خەلیفەى ئەو دەسەڵاتە. ئەمە بەشێوەیەکى تایبەت وایکردووە کە مێژوونوسان بەدواى بنەچە و سەرەتاى دروستبوونى ئەم ئیمپراتۆریەتە بگەڕێن و توێژینەوەى لەسەر ئەنجام بدەن.
باس لەوە دەکرێت کە ئەمانە کۆمەڵێک مرۆڤ بوو، کە بەبێ دڵ و ویژدان ژیاون و بە دەگمەن ئەگەر هێرشیان کردبێتە سەر ناوچەیەک و تەواوى خەڵکى ئەو شوێنەیان نەکوشتبێت و قەتڵ و عام نەکردبێت، بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان ژن و پیاو و منداڵ و پیر و گەورە و گەنح و ستەمکار و ستەملێکراو و جەنگاوەر و بێچەک و چەکدار و بە گیانلەبەرانیشەوە(1)
بۆیە ئێمەش بە گرنگمانزانى کە توێژینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەیەن و لەو لایەنانە بکۆڵینەوە کە لەپشت توندیژى هەڵسوکەوتى مەغۆلەکانەوە بووە. زیاتر جەختمان لەبارەى لایەنى کۆمەڵایەتى ئەتەکێکى خیڵەکان کردۆتەوە. هیوادارم سودى ببێت و تارادەیەک بەرچاوڕونى بە خوێنەر بدات.

بەشى یەکەم/ کورتەیەک دەربارەى مەغۆلەکان و ژینگە و خواردن و جل و بەرگیان.هۆزەکانى مەغۆل.
باسى یەکەم/ مەغۆلەکان و ژینگەکەیان:
باسى دووەم/خواردن و جل و بەرگیان و پێکهاتەى جەستەیی بژێویان:
باسی سێیەم/هاوسەرگیرى و ئافرەتى مەغۆلى و خانوو و شێوەى ژیانیان:

باسى یەکەم/ مەغۆلەکان و ژینگەکەیان:
مەغۆلەکان کۆمەڵێک هۆز بوون کە لەسەدەى شەشەمى کۆچى بەرامبەر دوازدەى زاینى دەرکەوتن لەسەر گۆڕەپانى ڕووداوەکان لەڕوژهەڵاتى ئاسیا. لەماوەى کەمتر لە (30) ساڵ، گەورترین ئیمپرتۆریەتیان لەسەر ئاستى ناوچەکەو جیهان لەو ماوەیەدا دامەزراند. ئەم هۆزانە لەناوچەیەکى ناوەڕاستى ئاسیا لەنێوان دوو ڕوبارى (سیحون و جیحون) لەبەشى ڕۆژئاوا تاوەکو سنورى چینى شاخاوى لەلاى ڕۆژهەڵاتەوە تا دەگات ئەوسەر باکورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا(2). هەندبێک مێژوونوسى دیکەش سنور و نیشتیمانى مەغۆلیان دیارى کردووە و دەڵێن: ( لەنێوان سەیحون و جەیحون بوون و، تا کۆتایی بیابانى قبجاى تا کۆتایی دەوروبەرى جۆرجیا و ئەلخەتاى. لە شاخ و و تەپۆڵکە و دارستانەکاندا نیشتەجێبوون)(2).

ژینگەى و بارى ژیانى ئەم هۆزانە:
ئەم هۆز و خیڵانە ڕانەهاتبون لەلادێ و شارەکاندا نیشتەجێبن. شوێنى نیشتەجێ بوونى ئەم هۆزانە لە زستاندا ئەو دۆڵ و دەشتە گەرمەسێرانەبوون کە دەکەونە نێوان چیاکانەوە. ئەم ناوچەیە دەکەوێتە بەشى باکورى ڕۆژئاوا کە ناوچەیەکى سارد و وشکە. لەم ناوچانەدا بەرزاییەکان بە وردە بەرد داپۆشراون. هەندێک لە هۆزەکانیش بە ئاژەڵ بەخێوکردنەوە سەرقاڵن، بۆ گۆشت و پێستە و شیرەکەى(3).
جیاواز لەمەش ناوچەیەى باشورى ڕۆژهەڵاتى کە ناوچەیەکى نزمە و بیابانى (جوبى) و (شاموا)ى تیادایە. ئەم ناوچەیە تەنها لمێکى بڵاوى تەختە و وشکە و، لەگەڵ بایەکى توند کە لمى لەگەڵ خۆى هەڵگرتووە. بەشێوەیەکى گشتى بارى ژیانى ئەم هۆزانە بەپێى وەرزەکان گۆڕانکارى گەورەى بەخۆوە دەبینى لەڕوى ئاو و هەواوە(4). لەزستاندا باران دادەکات و پلەى گەرما دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاست کە لەهەندێک شوێن دگاتە(58) پلە ژێر سفر!. ئیدى ئاوەکان دەیبەستن و تەنانەت سەهۆڵ لەسەر قاپى خواردنەکانیش دەبیرنێت. بەپێچەوانەشەوە وەرزى هاوینى کورتە و پلەى گەرما بەرز دەبێتەوە هەندێجار دەگاتە(60) پلەى سەدى!(5).
ئایا دەبێت ئەم جۆرە لە کەش و هەوا چ جۆرە کەسایەتیکەى پێگەیاندبێت بەگوێرەى ئەو تێوریە و ڕایانەى کە باوەڕیان بەوە هەیە کە ژینگە ڕۆڵى سەرەکى هەیە لە سەر دانیشتوانى ئەو ناوچەیە!.

باسى دووەم/خواردن و جل و بەرگیان و پێکهاتەى جەستەیی و بژێویان:
بەشێوەیەکى گشتى خواردنیان بریتى بووە لە گۆشتى ئاژەڵان بە هەموو جۆرەکانیەوە، (ئەسپ و سەگ و گورگ و رێوى و جرج و مشک و سمۆرە و… هتد). خۆراکیان کەم و کورت بووە بەتایبەتى لە زستاندا کە سەرما تەنگى پێ هەڵدەچنبن. مەغۆلەکان بەرنامەیەکى تایبەتیان بۆ پاراستن و وشککردنەوەى گۆشت دانابوو. کاتێک گیاندارێک یان ئاژەڵێکى مردار دەبویەوە گۆشتەکەیان دەکردە پارچەى تەنک تەنک و لەبەر خۆرەتاو هەڵیان دەواسى تا وشکبێتەوە و بۆگەن نەکات. ئینجا هەڵیاندەگرت و لەزستاندا دەیانخوارد(6). لەکاتى تەنگانەدا دەمارى لاملى ئەسپەکانیان دەبڕى و خوێنەکەیان دەخواردەوە بۆئەوەى لەبرسان نەمرن و دواتر شوێنى برینى ئەسپەکەیان تیمار دەکردەوە(7).
شێوەى پۆشاکى مەغۆلەکانیش سادە بوو، لەگەڵ ئەو ژیانەدا بوو کە تیایدا دەژیان. بەزۆرى جل و بەگیان لە خورى وشتر چنرابوو یان هەر پێستى گیانلەبەریان لەبەرخۆیان دەکرد. جیاوازیەکى ئەوتۆ لەنێوان جل و بەرگى ئافرەتاندا نەبوو. نەریتى مەغۆلەکان بەشێوەیەک بوو کە بەدرێژایی زستان جل و بەرگیان نەدەگۆڕى و بە ڕۆن (پیو) جەستەیان چەور دەکرد. ئەو جل و بەرگەى کە ژنان و پیاوانى مەغۆلى دەیانپۆشى و لەبەریان دەکرد شێوەى زۆر جوانترى لە ئاوریشم دروست دەکرا و لەبەریان دەکرد. بەڵام هاوینان هەر مانگێک جارێک جل و بەرگیان دەگۆڕى. هەروەها هەرگیز جلوبەرگى خۆیان نەدەشۆرد، تاوەکو دەڕزى و شڕ دەبوو لەباریان دەکرد(9).
لەڕوى پێکهاتەى جەستەیى و ڕوخساریانەوە مەغۆلەکان بەشێوەکى گشتى کورتەباڵابوون. سیفەتى جەستەیان بەشێوەیەک بوو کە کاریگەرى ئەو کەش و هەوایەى لەسەربوو. دەم و چاویان پان و سەریان گەوربوو و لوتیان پان و سنگیان بەرز و دەرپەڕیو و چاویان بچوک و قوڵ و خاوەن پێڵوى دکشاو و لێویان توند و چەناگەیان ڕوت و پێستیان گەنمى و نیمچە ڕەش بوو کە خۆر سوتاندبووى و ڕەشەبا و بەفر کارى تێکردبوون. کاریگەرى ئاو و هەواکەیان لەسەربوو. مویان ساف و ڕەش بوو، پیاوان زۆرجار ڕیش و سمێڵیان. موى سەرى خۆیان تاوەکو کەمترین ئاست کورت دەکردەوە یان دەتاشى. بەڵام هەبوو کە بەشێکى قژیان دەتاشى. بەڵام هەبوو کە بەشێکى قژیان لەلایەکەوە درێژ دەکرد و بەری دەدایەوە. ئافرەتان قژیان ڕاستەوخۆ بەرەو پشتەوە شانە دەکرد و دەیانبەست زۆرجار. باڵاى تاکى مەغۆلى کورت و خاوەن جەستەیەکى پڕ، کە وەک گرمۆڵە و تۆپەڵەیی بوو. ماسولکەى باڵەکانیشیان بەهێز بوو(10).
مەغۆلەکان بژێوى ژیانى خۆیان بەشێوەیەکى سەرەکى لەڕیچگەى ڕاو و شکارەوە دابین دەکرد. ڕاوکردن لەلاى مەغۆلەکان بۆ چەند مەبەستێک بوو:
– سەرچاوەیەکى سەرەکى خواردن بوو.
– پیاوانى مەغۆلى ڕادەهێنا لەسەر جولە و وەرزش.
– هەروەها وایلێدەکردن کە هەمیشە ئامادەبن بۆ جەنگ و ڕوبەڕوو بونەوەیەک و دواجاریش وەک سەرگەرمیەک بوو.
مەغۆلەکان بەزۆرى لەسەرپشتى ئەسپەکان ڕاویان دەکرد کە بە تیرێکى گەورە دروست دەکرا لەشاخى (گا) بەسترابوو بەدارێکەوە و دەیانهاویشت بۆ نێچیرەکە. یان بە تیر و کەوان. بەزۆرى ڕاوچیە مەغۆلەکان لەڕوبارەکاندا ماسى و لە جەنگەڵەکاندا ئاژەڵیان ڕاو دەکرد. شێوەى شکاریان لەچەند شێوەیەک جیاوازدا خۆى دەنواند. دستەیەکیان هەبوو کە کاریان ڕاوکردنى ماسیەکان بوو وە ئەوانى دیکەیان لە ناوچە دەشتاییەکاندا شوێن ئاژەڵە فەروودارەکان دەکەوتن، وەک سمۆرە و بازرگانیان پێوە دەکرد. بەسوارى ئامێرى خلیسکاندن کە لە دار یان ئێسک دروست دەکران لە شوێنکارەکانى ئاژەڵان بەهۆى پەت و ڕمەوە نێژیرەکانیان ڕاو دەنا و شوێنیان دەکەوتن. بەزۆرى شوێنکەوتنى نێچیر لە دەشتاییەکاندا بەسوراى ئەسپ بوو. دواى گرتنیان دەیانخستنەسەر ئەسپەکانیان. یان بەدواى خۆیاندا ڕایان دەکێشا و دەیان بردنەوە(11)

باسی سێیەم/هاوسەرگیرى و ئافرەتى مەغۆلى و خانوو و شێوەى ژیانیان:
هاوسەرگیرى لەناو مەغۆلەکاندا بە دوو ڕێگە و شێوەى سەرەکى بوو، یان بەڕێگەى دزینى ئافرەت یان بەڕێگەى داواکردن. زۆرجار ڕویدەدا کە ئەگەر خێڵێک یان هۆزێک سەرکەوتایە بەسەر بەرامبەرەکەیدا ئەوا ئافرەتەکانیان وەک بارمتە دەبرد و لاى خۆیان گلیان دەدانەوە و دەیانکردنە هاوسەرى خۆیان. بەڵام ئەگەر پەیوەندى هاوسەرگیرى لەنێوان مەغۆلەکاندا بەشێوەیەکى ئاشتى و ڕێک و دروست بوایە، ئەوە ئەوکاتە هاوسەرگیریەکە دەبوە هۆى سود گەیاندن بە هەردوو خێزانەکە یان هۆزەکە و بەهێزکردنى پەیوەندیان.پەیوەندیەکى بەهێز و بتەو لەنێوانیاندا دروست دەبوو. بەم هۆیەش مەغۆلەکان کۆمەڵێک کلتور و ڕەسمیاتیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنى هاوسەر و پەیوەندى ژن و مێردایەتى. مەغۆلەکان لەکاتى هاوسەرگیریدا بەداوى بتەوکردنى پێگەى کۆمەڵایەتى دەگەڕان. بە بەدەستهێنانى هاوپەیمانێکى چاک بۆخیان و هۆزەکەیان. زۆربەى هاوپەیمانى و ڕوداوەکانى مەغۆلى لەئەنجامى ئەم شێوازە لە پەیوەندى ڕویداوە. زۆرتر هاوسەرگیرى کاتێک ڕووى دەدا کە بوکەکە(ئافرەت) تەمەنى کەم بوو. دە ساڵ یان بچوکتر بوو. ئەگەر پیاوێک خوازبێنى بکردایە دەبوو دیارییەک بۆ ماڵى بوکەکە ببات. ئەگەر زاواکە فەقیر حاڵبوایە دەبوو لەجیاتى دیارى بردن کاریان بۆ بکات!. کە ئەمەش زۆرجار چەندین ساڵى دەخایاند. لەکاتى هاوسەرگیریدا بوکەکە دەبوو دیارى ببات بۆ ماڵى خێزانى مێردەکەى. بەم شێوەیەش هاوسەرگیرى خۆى لەخۆیدا پرۆسەیەکى ئابووریش بوو بۆ هەردوو خێزانەکە. باوک و دایک دەبونە خاوەنى سەروەت و سامانێک بە گۆڕینەوەى کەرەستە و دیارییەکان، کە خۆى دەبینیەوە لە جل و بەرگ و ئاژەڵ و سکە و خشڵ و جامى نەخشێنراو و جامى شەرابى گرانبەها و… هتد.
لە کۆمەڵگەى مەغۆلیدا فرەژنى ڕەواجى هەبوو، پیاوانى مەغۆلى دەیانتوانى چەند ژنێک بخوازن و بەخێویان بکەن. بەڵام ژنى یەکەم ڕێزێکى زیاتر و تایبەتترى هەبوو لەوانى دیکە. زۆرى ژن لە کۆمەڵگاى مەغۆلیدا نیشانەى دەوڵەمەندى و دەسڕۆیشتویی بوو، خانى مەغۆلى ژمارەیەکى زۆر هاوسەرى هەبوو کە پێى دەوترا (حەرەمسەرا) (12).
ئافرەتى مەغۆلى کۆمەڵێکى زۆر ئەرکى لە ئەستۆدا بوو، کاتێک هاوسەرگیرى دەکرد هەڵبژاردنى خانوو و بەدەستهێنانى خواردنى پێویست و ئامادەکردنى لە ئەستۆى ئەودا بوو. لە گرنگترین کاریان چاودێریکردنى ئاژەڵە ماڵیەکان بوو(بزنەکان و مەڕەکان و ئەسپەکان). هەروەها بەرپرسیاربوو لە دروستکردنى ئەو کەرەستانەى ماڵەوە کە دەیپاراستن لە هاتنى با وسەرما بۆناو خانوەکانیان. هەروەها لێنان و ئامادەکردنى خواردن. دورینى جل و بەرگ و. لەلاى خۆ هێشتنەوەى منداڵانى بچوک لەکاتى کۆچ و کۆچڕەوییە زستانى و هاوینەییەکاندا. هەروەها کۆکردنەوەى خانوەکانیان لەکاتى کۆچ کەلەشیوەى خێوەتێکدابوو. هەروەها ئەرکێکى لەوە پارێزگاریکردن و ئامادەکردن و هەڵگرتنى کەرەستەى جەنگى پیاوان بوو لەلاى خۆیان. هەروەها پەروەردە و بەخێوکردنى منداڵ(13).
ماڵ و خانوى مەغۆلى بریتى بوو لە خێمەیەکى خڕ کە پێستە یان پەڕۆیەک دەدرا بەسەریدا. چوارچێوەیەکى هەبوو کە کۆدەکرایەوە بەئاسانى لەکاتى کۆچکردندا. چوارلایەکى لەدارى نووک تیژ و بەرزى هەبوو. بەشێوەیەکى بازنەیی بوو بۆ گلدانەوەى بەفر و ئاوى باراناو. لەناو خانوەکانیشدا پێستى ئاژەڵ یان فەرش یان حەسیر ڕادەخرا. چوارچێوەکەشى لەناوەوە و اتە دیوارەکەى بە پارچەى نەخشێنراو لە ئاژەڵ و باڵندە و درەخت دەڕازێنرایەوە و هەڵدەواسرا. لەناوەڕاستیدا ئاگر دەکرایەوە، هەروەها لەسەرەوەش دوکەڵکێشى تێدابوو بۆ چونەدەرەوەى دوکەڵەکە. خانوەکە دەکرا بە چەند ئاراستەیەکەوە کە لەبەشى باکوریدا(سەرەوە) کورسیەکى گەورە دانرابوو بۆ سەرۆکى ئەو خێزانە کە دەکەوتە بەرامبەر دەرگاکە. بەشى ڕۆژئاوایشى بۆ دانیشتنى میوان دانرابوو. بەشى ڕۆژهەڵاتى شوێنى تایبەتى ئافرەت بوو بۆ ئامادەکردنى کەرەستەکانى خواردەمەنى. دارایی ئەو خانووە لە سندوقێکدا دادەنرا. کەرەستەى جەنگیش هەڵدەواسرا بە دیوارى خانوەکەدا. بت و گۆشتى وشککراویش بە دایوارەوە هەڵدەواسرا(14).

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1- د.راغب السرجانی: قێە التتار من البدایە الى عین جالوت.ێ10.
2- محمد على الێلابی: مێژووى مەغۆل لەنێوان دەرکەوتن و تێکشکاندا، ل 33.
3- د.حسن ابراهیم حسن:تاریخ الاسلام، ج4/ێ127-128.
4- فواد عیدالمعگى الێیادی: مێژووى مەغۆلەکان، ل32-33.
5- د.پروت عکاشە: اعێار من الشرق جنکیزخان، ێ17.
6- احمد عودات، جمیل بیچون، شحادە ناڤور: التاریخ المغول و الممالیک، ێ21.
7- محمد على الێلابی: مێژووى مەغۆل لەنێوان دەرکەوتن و تێکشکاندا، ل39. د.پروت عکاشە: اعێار من الشرق جنکیزخان، ێ26.
8- فواد عیدالمعگى الێیادی: مێژووى مەغۆلەکان،ل46. تامس استریگاس: تمدنهاى گمشدە(امپراتورى جنگیزخان)، ێ73.
9- د.پروت عکاشە: اعێار من الشرق جنکیزخان، ێ17، تامس استریگاس: تمدنهاى گمشدە(امپراتورى جنگیزخان)، ێ72-73.
10- فواد عیدالمعگى الێیادی: مێژووى مەغۆلەکان،ل25.
11- فواد عیدالمعگى الێیادی: مێژووى مەغۆلەکان،ل35. تامس استریگاس: تمدنهاى گمشدە(امپراتورى جنگیزخان)، ێ62-64.
12- تامس استریگاس: تمدنهاى گمشدە(امپراتورى جنگیزخان)، ێ64.
13- د.پروت عکاشە: اعێار من الشرق جنکیزخان، ێ22. تامس استریگاس: تمدنهاى گمشدە(امپراتورى جنگیزخان)، ێ64-65.
14- د.پروت عکاشە: اعێار من الشرق جنکیزخان، ێ22-23. تامس استریگاس: تمدنهاى گمشدە(امپراتورى جنگیزخان)، ێ69.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت