هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لە کۆتاییەکانى سەدەی سێیەمى کۆچى کاتێک ویستێکى دنیاویستى و کۆکردنەوەى سامان دەرکەوت لە جیهانى ئیسلامیدا، جۆرێک لە ڕەوتى ڕۆحانى دەرکەوت بۆ دژایەتیکردنى ئەو ماددەگەراییە و حەزى کۆکردنەوەى سەروەت و سامان. ئەم بزوتنەوەیە سەرەتا لەسەر بنەماى تاک و لەچەند شوێنێکى جیا جیادا دەرکەوت، بەڵام دواتر وەک کارێکى ڕێکخراوەیی دەرکەوت لەچوارچێوەى یاسا و داب و نەریتێکى دیاریکراودا کە ناونرا بە تەریقەت. ئەم تەریقەتانە بەشێوەیەکى خێرا بڵاوبونەوە لەناو جیهانى ئیسلامیدا و لە بەناوبانگترینیان ( قادرى و نەقشبەندى و سوهرەوەردى و چەشتى و کوبرەوى و شازلى و ریفاعى و… هتد). ئەم تەریقەتانە خاوەن ڕێسا و داب و نەریتى تایبەت بە خۆیانن و خاوەنى کۆمەڵێک ئاماژە و دەستەواژەى تایبەت بە خۆیانن. لەم چوارچێوەى ئەم تەریقەتانەشدا چەندین تەریقەتى بچوکتر هەبوون و خۆیان بە پابەندى یەکێک لەو تەریقەتانە زانیوە. یەکێک لەو تەریقەتانەى کە لە ڕۆژئاواى جیهانى ئیسلامیدا دەرکەوتووە تەریقەتى (کەرکەری) ـە. ئەوەى زیاتر وایکردووە کە ئەم تەریقەتە بە زویی ناوبانگى بڵاوبێتەوە و ببێتەجێگەى سەرنج، ئەو شێوە لە جل و بەرگ و بانگەوازەیانە کە بۆتە هۆى سەرنج ڕاکێشانى دەزگا ڕاگەیاندنەکان و. ئەمەش پاش ئەوە هات کە لە (جەزائیر)دا مشتومڕێکى زۆرى دروستکرد لەنێوان چین و توێژە جیاوازەکاندا. بۆیە بە گرنگمان زانى ئەم تەریقەتە بە خوێنەرى کورد بناسێنین.
ئەم تەریقەتە سەرتاى لە مەغریب دەرکەوت و لەلایەن (محەمەد فەوزى کەرکەرى)ـەوە دامەزراوە. بنچینەى ناوەکەشى بۆ کێوى (کەر کەر) دەگەڕێتەوە لە مەغریب. ئەم بیر و تەریقەتە خاوەنى ژمارەیەکى زۆر شوێنکەوتەیە و چەندین بانگەشەى هەیە کە هەڵقوڵاوى بیرى سۆفیگەرى و لێ هەڵێنجراوى تەریقەتەکانى ناوچەکەیە. ئەم تەریقەتە بنەڕەتى خۆیان دەبەنەوە بۆ لقى تەریقەتى (دەرقاوى شازلى). شێوازى پەرستش و زیکریان بە ڕێگەى جوڵە و جەهریە. سوارى ئامرازەکانى گواستنەوە نابن. جل و بەرگێکى ڕەنگاو ڕەنگى زەق لەبەر ئەکەن. هەروەها کلاو(قبعە)لەسەر دەکەن و گۆچانیش لەدەست دەگرن و تەسبیحى دەنک درێژ لە گەردن دەەئاڵێنن. دامەزرێنەرەکەى لە ئێستادا 43 ساڵ تەمەنیەتى و خاوەنى کتێبى(المحجبە البیچاء)ە. تیایدا بۆچون و هزرى خۆى و تەریقەتەکەى تێدا خستۆتەڕوو. هەروەها چەندین سایت و پێگەى ئەلکترۆنیان هەیە کە پرۆگرام و ئاداب و ڕێساکانیان بڵاو دەکەنەوە.
ئەم تەریقەتە وا خۆى ناساندووە کە تەریقەتێکى پەروەردەییە. هەوڵى ئەوە دەدات کە بەندەکان بباتە باڵاترین ئاست و پلەى پەرستش کە پایەى (ئیحسان)ـە. ئەمەش دیارە بە ماناى (ان تعبد الله کانک تراە، فان لم تکن تراە فانە یراک). بەو مانایەى کە وا خودا بپەرستى کە وابزانى دەیبنی، خۆ ئەگەر تۆ نەیبینى ئەوە ئەو تۆ دەەبینیت. هەوڵ دەدەن ژیان و ئایندارى موریدەکان پڕ بکەن لە خۆشەویستى و مەعریفەتى ئیلاهى بەشێوەیەک کە تەنها و تەنها ژیانیان بۆ خودا بێت. داوا لە موریدەکانیان دەکەن کە بە هەموو شێوەیەک پابەندبن بە کیتاب و سوننەت و شەریعەتى ئیسلامیەوە. چونکە پێیان وایە کە لەپشت هەر کارێک لە کارەکانى شەریعەتەوە نهێنیەکى مەلەکوتى خۆى حەشارداوە. ئەم تەریقەتە بە پشتاوپشت دەەگاتەوە بە پێغەمبەرى ئیسلام لەڕێگەى پێشەوا شازلیەوە. ئەم تەریقەتە ئامانجى بڵاوکردنەوەى مەعریفەت و خۆشەویستى و ئەخلاق و ئاکارى بەرزە. بانگەشەیە بۆ چاککبوون لەگەل خود و خەڵک و خودا و غەیر… مورید پێویستە لەسەرى کە خۆ ڕزگار بکات لە هەرچى کۆت و بەند و چێژى دنیاى هەیە، واتە ئەوەى کە بەدەر لە خودایە. ئەمەش دیارە بەو یاسا چەسپاوەى سۆفیگەرى دەکرێت کە دەڵێت: نەفسى خۆت زەلیل بکە و غەیرى خۆت بە گەورە ڕاگرە، ئەوەى کە بەچاوى کەم تەماشاى خۆى بکات و بە چاوێکى ویقار و گەورە تەماشاى غەیر بکات ئەوە کێشانەى چاکەکانى زیاددەکات و سیفاتى کورت و کەمى تیا کەم دەکات و نامێنێت.
ئەم تەریقەتە لە زۆرێک ناوچەکانى جیهان دامەزراوە و لقى هەیە، لە مەغریب و تونس و جەزائیر و سودان و میسر و… هتد.
هەروەها لە بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپیش وەک (هۆڵەندا و فەرەنسا و بەلجیکا). شوێن و جیگەى ئەم تەریقەتە بە (زاویە)مەشهورە و لە بەرامبەر (تەکیە)دا بەکاردێت. یەکەمین زاویەى ئەم تەریقەتە لەساڵى 1976 دامەزراوە. لەسەردەمى حسن کەرکەرى کە باوکى محەمەد فەوزى کەرکەریە و لەساڵى 2006 کۆچى دوایی کرد. ئەم تەریقەتە لە گەشەسەندنى بەردەوامدایە و ڕۆژ لەڕۆژ موریدەکانى لە زیادبوندایە. لەگەڵ ئەمەشدا زۆر ڕەخنە و گرفت دێتە بەردەم ئەم تەریقەتە و بەتایبەت لە جەزائیر کە دەزگا ڕەسمەیەکان بەتوندى دژى تەشەنە سەندنى ئەم تەریقەتە دەوەستنەوە و داوایان کردووە کەە ڕێ لە چالاکیان بگیرێت. هەروەها یەکێک لە کەسایەتیە دیارەکانى تەریقەتى قادرى لە جەزائیر بەناوى حەسەن حەسانى باسى لە پوچە ئەم باوەڕە کردووە و پێى وابووە کە ژینگە و باوەڕى خەڵک دەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندى خۆیان.هەروەها لە تەریقەتى شازلیشەوە تانەیان لەوە داوە کە بنەچەیان ناچێتەوە سەر پێشەوە ئەبولحەسەنى شازلى.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم تەریقەتە بۆتە جێگەى باس و گرنگیپێدانى ڕاگەیاندنەکان و سەردێڕى هەواڵ و رۆژنامەکان و بەردەوام لە گەشەسەندن دایە.

بۆ زیاتر زانیارى بڕوانە ئەم سەرچاوانە:
1- http://arabic.euronews.com/2017/08/22/tarika-karkariya-in-algeria
2-https://arabic.rt.com/video/895146-%D8%AD%D9%83%D8%A7%D9%8A%D8%A9-%D9%85%D9%88%D8%B3%D9%89-%D8%A8%D9%84%D8%BA%D9%8A%D8%AB-%D9%88%D8%B3%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%B1%D9%8A%D9%82%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9/
3-https://arabic.cnn.com/world/2017/08/22/karkariya-algeria
4-http://www.karkariya.com/site/
5-https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%AD%D9%85%D8%AF_%D9%81%D9%88%D8%B2%D9%8A_%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D9%83%D8%B1%D9%8A

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت