هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

-١-

خۆشترین سات

ئەو ساتانەن

کە، باس لە جیهانی ژن دەکەم.

-٢-

سبەینان

لەبری بتهۆڤن

گوێبیستی ژنێك دەبم .

-٣-

پەرچەمی ژن

ئاڵای

مەملەکەتی دڵمە .

-٤-

چەندین ساڵ بوو

لە خودی خۆم بزر بووبووم

ژنێك هاتو دۆزیمیەوە .

-٥-

ژنێك، پاسپۆرتەکەی دڕاندمو ،

دڵی خۆی

کردە پێناسەم .

-٦-

گڵۆپی ماڵەکەم بکوژێتەوە

تابلۆی ژنێك

هەڵدەواسم .

-٧-

چاوەکانم کزبوون، ئەوە هەورە ؟

یا، چارشێوی ژنە

بەئاسمانەوە ؟

-٨-

مەیگێڕ واوە بڕۆ

ئەمشەو،

من بەبۆنی ژنێك مەستم .

-٩-

سۆمای چاوی من ژنێکە

باران پرسی پێدەکات

کەی ببارێ .

-١٠-

نازی ژنێك، بۆ نەکێشم ؟!

کە ( سۆز ) ی

کردۆتە گەردانە .

-١١-

وا هەستدەکەم

چەقی بازنەی، بوون و نەبوون

کەوا ژن بێ .

-١٢-

تەپڵی شەڕ، هەرگیز

بەپەنجەی ژن ،

لێنادرێ .

-١٣-

باشترین تێشوو

بۆ رێگەی دوور

خەندەی ژنە .

-١٤-

نیگای ژن ،

وەك مۆسیقا

زمانێکی جیهانییە .

-١٥-

بڵێی لە ژن میهرەبانتر

لەسەر زەوی

بوونی هەبێ ؟

-١٦-

ئاسەواری ژین نەمێنێ

گەر ژن

نەبێتە پەرستگای .

-١٧-

دنیا بێ ژن

وەرزی هیچە ..

کە کۆتایی وەرزەکانە .

-١٨-

سەرنج راکێشانی ژنێك

بەهێزترە

لە هێزی کێشکردنی زەوی .

-١٩-

چیا دەبێت :

سەری نزمی بڵندبکا

تاماچ بکا، تەوێڵی بەرزی ژن .

-٢٠-

هەورەتریشقە

دەنگی تووڕەبوونی ئاسمانە

کە، زوڵم لە ژنێك دەکرێ .

-٢١-

شەوی یەڵدا ،

شەوگاری بەهارە

ئەودەمەی ژن، هاودەمت بێ !

-٢٢-

گوڵ و خونچەش، گەر بپشکوێ

بێ بوونی ژن

بەهار نایە .

-٢٣-

گوڵ و رێحانە، ئیرەیی بە

جوانیو بۆنخۆشی ،

ژن دەبەن .

-٢٤-

تۆ بڵێی فریشتە

گرەوی جوانی

لە ژن بباتەوە ؟!

-٢٥-

لە ژن جوانتر

ئەگەر هەبێ

دەبێ ژن بێ.

-٢٦-

ئاوێنە

روخساری خۆی

لە چاوی ژنێکدا، دەبینێ .

-٢٧-

هەبێ و نەبێ

تریفەی مانگەشەو

بریسکەی چاوی ژنێکە .

-٢٨-

کانییە روونەکان

ژنان

تریفەیان بۆ دێنن .

-٢٩-

خۆر

لەگەڵ چاوی ژنا هەڵدێو

بەکوشتنی ئاوا دەبێ .

-٣٠-

گەواڵە هەور

کە ئەشکی ژنێك دەبینێ

باران، لەباریخۆیدەبا .

-٣١-

کە بەفر، دەبێت بە تەرزە

پێش بارینی

داوای بووردن، لە ژن دەکا .

-٣٢-

چاوم لێبوو

روبار ئاوی، خۆی خواردەوە

تا بوار خۆشکا، بۆ پەڕینەوەی ژنێك .

-٣٣-

روبار، دەڕژێتە ناو دەریا

دەریا، دەڕژێتە ناو زەریا

دواهەواری، زەریاش، ژنە .

-٣٤-

هەر کەشتییەك

کاپتنەکەی ژن بێ

بەئاسانی، لەنگەردەگرێ .

-٣٥-

چڵە گوڵەباخی ژن

لەسەر گڵکۆ،

لە رۆژی حەشرا ، سیس دەبێ .

-٣٦-

بەهەشت، دەرگاوانی

ئەگەر هەبێ

دەبێ ژن بێ .

دانیمارك/ ڤالبی

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە