هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لە کەلتوری عەرەبی ئيسلامی/ سەردەمی خەلافەتی عەباسيدا. ڕۆشنبيرێكی فرەلايەن و گيوەرێكی زۆر شارەزا لە گێڕانەوەی مێژوو. علي بن الحسين بن محمد بن أحمد. ناسراو بە أبو فەرج ئەلئەسفەهانی(897ز–967ز). کتێبێكی بەناوی ” كتاب الأغانی”بيستو يەك جەڵد نووسيوە كە نزيكەی پەنجا ساڵ پێوەی خەرێك بووە. ئەم زاتە زادگا و ڕەچەڵەكی بنەماڵەكەی شاری ئەسفەهانە، بەڵام لە شاری بەخدا پەروەردەبووە و پێگەييوە تا بۆتە ئەو كەسايەتييە ناسراوە لە مێژووی توراثی عەرەبيدا.
لەم كتێبەيدا، لە چەندۆكە لاپەرەيەكيدا، چيرۆكێكی پەندئامێز دەگێرێتەوە لەسەر زۆرداریی يەكێك لە فەرماندە خوێنڕێژەكانی سەردەمی خەلافەتی عەبدولمەليك كوڕی مەروان/ی ئەمەوی، بەناوی حەجاج كوڕی يوسفی ثەقەفی(40 – 95 هـ). ناوی ڕاستييەكەی كولەيب/ــە، وشەی كولەيبيش لە زوانی عارەبيدا بچووككراوەی وشەی کەلب(كَلْبْ) واتە سەگ و کولەيب/يش واتە سەگيلە دەگرێتەوە(نەوەك تووتكە سەگ). بەڵام دواتر ناوی خۆی گۆڕيوە بە حەجاج. دڕندەيی و زۆرزانی و لێهاتوویی ( بە تایبەت لە گفتوگۆ و دەمەتەقەدا زوانێکی پاراوی هەبوو) ئەم حەجاج/ـە ئەوەندە لە ڕادەبەدەر بووە كە عبدولمەليك سەرسام بێت پێــی و باوەڕی تەواوی پێبكات. زۆر نزيكی دەكاتەوە لەخۆی و فەرماندەيی سوپای پێــدەبەخشێت بۆ سەركوتكردنی خەوارجەكان و ئەو خەلافەتەی لە شاری مەدينەدا هەبوو تا کار گەیشتە ئەوەی بە مەنجەنیق ئەو شارە ئاگر تێبەردا. دواتر ناردی بۆ عێراق(باشووری عێراقی ئێستا كە لەو سەردەمەدا پێيدوترا ئێراقی عەرەب)بۆ سەركوتكردنی ئەهلی عێراق و ويلايەتی پێسپێردرا و شاری كوفەی كردە نشينگەی (پايتەخت).
چەندۆكە لاپەڕەيەكم لەم كتاب الأغانی/يەدا هاتەديدەم. زۆر سەرنجی ڕاكێشام و يەكسەر بارودۆخی ئێستای زۆر لە وڵاتانی خۆرهەڵات و ئەفریکا و ئاسیا و … بە تایبەت هەرێمۆکۆکەی لای خۆمانم هاتەبەرچاو. دەسبەجێ هەڵمگۆزی و هەڵـمڕشتە ناو سەبەتە كوردييەكەمەوە و ئينجا كەوتمە وەرگێڕانی كە دەڵێت:
ڕۆژێك گەنجێكی تازە پێگەیشتوو لەسەر ڕێگا بە كەژاوەی حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی دەگات و سەری سووڕدەمێنیت لە جوانی ئەسپەكەی و لەو هەموو پاسەوانسوارەی كە بەدەوریەوەن بۆ پارێزگاریكردن، لێیڕا. دەبینێت دە پاسەوانسوار لە پێشییەوە و دە لە دواوەوەی و دە لەلای ڕاستییەوە و دە لەلای چەپیەوە كە هەرچەندە بۆخۆی “گوايە” فەرمانیدابوو نابێت لە دوو پاسەوانسوار زیاتر لە تەك هیچ فەرماندەیەكدا بن.
گەنجەكە بە بینینی ئەمە ڕێك لە ناوەڕاستی ڕێيدا دەوەستێت و هاوار دەكات؛ ڕێگەم پێدەدەیت ڕاشكاوانە قسە لە خزمەتدا بكەم و هیچ گرفتێكم بۆ درووست نەبێت. حەجاج ڕێگەی پێ دەدات و پێی دەڵێت سەرپشك بە لە قسەكردندا.
گەنجەكە ئاوا دەكەوێتە قسە: تۆ هەزارانت لە گەلەكەی خۆت كوشت و سەرنگووم كرد تەنیا لەبەر گەیشتن بە كورسی و دەسەڵات.
یەكسەر حەجاج دەڵێت كەس جورئەتی ئەو قسەیەی بەرامبەر بە من نەكردووە ، تۆ چۆن قسەی وادەڵێیت؟
پاش بێدەنگییەك لە لایەن حەجاجەوە و ئەوسا دەڵێت تۆ ئازادیت و بە سەربەستی قسەكانی خۆت تەواو بكە.
كوڕەكە دەڵێت: تۆ باش دەزانیت كە خوا/ مان تاکە و لە ئاسمانە. بەڵام تۆ هیچ نازانیت و ئاگادار نیت لە بارودۆخی میللەتە بەشمەینەت و داڕماوەكەی خۆت.
ئەی حەجاج…دابەزەرە خوار لە ئەسپەكەت و گوێ لە داواكاریەكانی خەڵكەكەت بگرە و بزانە دەڵێن چی؟
حەجاج دەڵێت؛ چۆن، پێم بڵێ چۆن ئەمە بكەم، گەنجەكەیش هەر زۆر بە ئازایانەوە دەڵێت : كورسییەكەی تۆ ئێستە هەڵواسراوە لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەروەك چۆن ئاوزەنگی ئەسپەكەت دەبینیت. ئێستا نەتۆ بە جوانی و بەباشی خودای خۆت ناسیوە تا ببیتە ڕێگە خۆشكەر بۆ خەڵكەكەت، نە تۆ لە تەكیایاندایت تا بزانیت چییان دەوێت و یا هەوڵ بدەیت ئاسانكاریان بۆ بكەیت.
ئەی حەجاج.. پێت دەڵێم بە كورسییەكەتەوە مەلكێ و بێرەخوار بۆ سەر ئەم خۆڵی زەوی/ يە چونكە ئێستا زۆرزۆر تەنگوتەسك بۆتەوە بۆ تۆ… بچۆرە نێو خەڵكەوە… ئەگەر ناتوانیت ئەمە بكەیت، باشتر وایە تۆ بچیتەوە بۆ ماڵەوە و ئەوسا فەرمانڕەوایەكی دادپەروەری دیكە بۆ خۆمان هەڵدەبژێرین كە زۆر باش خوا و گەلەكەی بناسێت.
حەجاج دەسدەكاتە پێكەنین و فەرمان دەدات بیگرن و بیبەنە نێو زيندانەوە. ئیتر لەو كاتەوە كەس هەواڵ و سۆراخی نەدەزانی تا ئەو كاتەی لە زينداندا دەمرێت.
جا وەك دەگێڕنەوە هەر بەو زنجیرەی لە دەستیدا بوو نێژرا و بەخاكسپێردرا، ئەمەیش لەبەر ئەو قسەیەی حەجاج كە وتبووی : نەبا زیندوو ببێتەوە و خەڵكی لەسەر ڕێگە و كۆڵانەكان دوای كەون.
حەجاج… لە دوا ساڵەكانی ژيانيدا تووشی نەخۆشییەکی قورسی گەدە دەبێت، هەر بەو دەردەوە دەتلێتەوە تا مردن چنگی لێــگير دەكات و گلۆری دەكاتەوە بۆ قەبر.
بەڵام چ قەبرێك؟ قەبرێكی ناديار!
لاشەكەی دەكفنێرێت و لە شوێنێكی ناديار لە شاری كوت قەبری بۆ هەڵدەكەنرێت، نەبا داخ لە دڵان و زوڵم لێكراوان، دەرفەر بهێنن و بچنەسەر قەبرەكەی و گٶرەوشاری بكەن.
ئەم ڕووداوە مێژووييە، پەندێكە بۆ ئەو زاڵم و زۆردارانەی دوای خۆی. بۆ ئەو سەركردە دز و جەردانە، بۆ ئەو ناپاك و خاكــفرۆشانە،كە بەناوی شۆڕشگێڕييەوە خوێنی ميللەتی خۆيان هەڕاجــدەكەن.
ئەمانە چەنێك بژين، هەر ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، لە دوای مردنيش ڕووڕەشی دين و دونيايان بۆ دەمێنێتەوە، دەكەونە بەر ڕقوکينە ميللەت.
ئەگەر قەبر نەيانگرێتە خۆی، ئەوە بە دڵنياييەوە، دەكەونە بەر نەفرەت و گۆڕەوشاركردن.
جا كوا ئەو ڕۆژە بە چاوی خۆمان ببينين.
إِنّ غَداً لنَاظِرِهِ قَرِيبُ

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت