هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

کاتی خۆی لە دانیشتنێکدا برادەرێك پێی گوتم: ئەوروپاییەکان زۆر بەلایانەوە سەیرە و دەڵێن: کە لە هەر عیراقییەک دەپرسیت لە نێوینیشیاندا ئێوەی کورد، بۆ ڕۆژی لە دایکبوونەکەی، وەڵامی زۆرینەی زۆریان بە ( 1-7 ) دێت. ئەو مەسەلەیە چییە؟
منیش بە پێی ئەو کەمە زانییارییەی هەمە ئاوا وەڵامی ئەو برادەم دایەوە و هیوادارم وەڵامەکەم لە جێ خۆیدا بووبێت و پێکابێتم:
سەرژمێری بە یەکێك لە بنەماکانی پێشکەوتنی مرۆیی دادەنرێت لە گشت ڕوویەکەوە، بۆیە وڵاتێکی وەک ئیگلتەرا کە بە زلهێزترین وڵاتی سەردەمی خۆی دەژمێرا ” ئەو ئیمپراتۆرییەتەی هەرگیز خۆری لێ ئاوا نابێت ” لە ساڵی 1066 دا یەکەمین سەرژمێری دانیشتوانەکەی خۆی ئەنجام داوە، بۆسنە و هەرسک لە ساڵی 1743 دا ، ئەمریکا لە 1790 دا، میسر لە 1800 و لە سەردەمی موحەمەد عەلی پاشادا، ئەڵمانیا لە 1871 دا، بەرازیل لە 1872 دا، ڕوسیا لە 1897 دا، یابان لە 1861 دا، فەرەنسا لە 1836 دا، باڵژیک لە 1846 دا، هیندستان لە 1881 دا، ولاتی چیک لە ساڵی 1869 دا، وڵاتی ئیستۆنیا لە ساڵی 1881 دا و…. هتد، سەرژمێریان ئەنجامداوە.
ئەوجا ئەو کاتەی وڵاتی عیراق لە لایەن ئیگلیزەکانەوە بە درەوشە و دەرزی و دەزووی مێوکراو تا زۆر قایم و توندوتۆڵ بێت!، پێکەوە لکێنران ( نامەوێت زۆر ڕۆچم لەسەر چۆنیەتی ئەو دروستکردن و پێکەوەلکانە ) ویستی سەرژمێرییەک لەو وڵاتە تازەپێکهاتووە ژێردەستەیەیدا ئەنجام بدات ئەویش لە ساڵی 1927 دا بوو بەڵام ئەم سەرژمێرییە سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا.
جاران کەس گوێی بە ڕۆژی لە دایکبوون نەدەدا نەیاندەزانی کە چ گرنگییەکی هەیە، کەسانی خوێندەوار ئەوەندە نەبوو دەتوانم بڵێم لە گوندێکدا لە مەلا و چەند کەسێك کە لە ژمارەی پەنجە تێپەڕی نەدەکرد، کەس خوێندەواری نەبوو. هەروەها لە شارەکانیشدا ژمارەی خوێندەواران هەر زۆر کەم بوو، بۆیە شارەزایانی بواری سەرژمێری کە ئەوکات زیاتر فەرمانبەرە ئیگلیزەکان یان ئەو هیندیانە بوون کە وەک هاوکارییەک لە تەک ئینگلیزەکاندا بوون لە عیراقدا، هاتن ڕۆژی 1/7 یان وەک نێوەندی ساڵ بۆ ڕۆژی لە دایکبوون دانا بۆ خەڵکانی ئەو کاتە [ ( 1-7 ) کە دەکاتە نیوەی ساڵ ]. لە دوای ئەمەیش هەر سەرژمێرییەکی دیکە ئەنجام درابێت هەر ئەو ڕۆژەیان دووپاتکردۆتەوە و وەک سەرچاوەیەکی سەرژمێری پێسوو کاریان پێکردووە.

سەرژمێرییەکان کە لە عیراقدا ئەنجام دراون:
1- لە 01- 10- 1927 دا یەکەمین سەرژمێری دانیشتوانی ئەو کات کرا و کە خەڵکی هێندە زانیاریان لەسەر ئەو بابەتە نەبوو تەنیا دەگوترا بۆ زانینی ژمارەی دانیشتوانی (نفووسی) عیراقە. مزگەوت و خوێندنگا و شوێنە فەرمییە حکوومییەکان کرانە جێگەی فەرمی بۆ ئەو کارە بەڵام لە ڕاستیدا سەرکەوتوو نەبوو بۆیە دەوڵەت زۆر بە وردی گوێی پێنەدا و ئەوکات هەموو دانیشتوانی عیراق بە 2،968،540 کەس هاتە ئەژماردن.
2- سەرژمێری 1934 کە دانیشتوان بە 3،213،174 کەس هاتە ئەژماردن کە ئەویش دووبارە ناتەواو و زۆر جێگەی متمانە نەبوو.
3- لە 19- 10- 1947 دا سەرژمێرییەکی دیکەیان کرد کە تا ڕادەیەک بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و ژمارەی دانیشتوان بە 4،816،185 کەس هاتە ئەژماردن.
4- لە 12- 10- 1957 دا سەرژمێرییەکی دیکە کرا و کە بە سەرکەوتوو دادەنرا و ژمارەی دانیشتوان بە 6،536،109 کەس هاتە ئەژمارە.
5- لە 14- 10- 1965 داکرا کە دەبوو لە ساڵی 1967 دا بکرایە، بەڵام پێشخرا لە بەر هۆکاری سیاسی ئەو کات و ژمارەی دانیشتوان بە 8،261،527 کەس دیاریکرا.
6- لە 17- 10- 1977 دا کرا کە ژمارەی دانیشتوان بە 12،497،000 کەس.
7- لە 16- 10- 1987 و لە سەردەمی جەنگی عیراق و ئێراندا بوو بۆیە ئەو ناوچانەی کە لەسەر سنووری ئێران-عیراقدا بوون ئەو سەرژمێرییە نەیگرتنەوە و ژمارەی دانیشتوان بە 16،335،199 کەس دەرچوو.
8- لە 16- 10- 1997 دا کراو، بەلام دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە ، ژمارەی دانیشتوان بە 19،184،543 کەس دەرچوو.
ئێستایشی لە تەکدا بێت سەرژمێری دیکە نەکراوە و لەوەدەچی کوردیش خۆی زۆر مەبەستی نەبێت لەبەر چەند هۆکارێکی سیاسی نەبا زیانی هەبێت لە پێگەی حیزبەکان لەو ناوچانەدا.
تێبینی/ لە دوای ساڵی 1930 وە زیاتر هەوڵی ئەوەدرا کە ئەو سەرژمێرییەی لەمەودوا ئەنجام دەدرێت بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر بێت لەسەر ژمارەی ئەو نێرینانەی 18 ساڵیان تەواوکردوە و تا ئەو یاسایە بیانگرێتەوە کە دەوڵەتی عیراق دەربارەی سەربازی زۆرەملێ ( اجباری ) لە پێناو بەرگری لە خاكی وڵات دەریکردبوو. ئەم یاسای سەربازی زۆرەملێیە تەنیا بۆ عیراقییەکان بوو، وە ئەوەی خۆی بە عیراقی دانەدەنا ( زیاتر ئەوانەی کە لە ئێرانەوە هاتبوون ) ئەو سەربازییە زۆرەملێیە نەیدەگرتنەوە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.