هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

لە مانگی حوزەیرانی 1937 ـەوە تا 1939، تورکە کەمالییەکان هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر ناوچەی دەرسیم دژ بەو شۆڕشەی عەلەوییەکان، کە عوسمانییەکان بە زۆر ئەو ناوەیان بە سەردا سەپاندن و ئەگینا لە بنەڕەتدا بە ناوی هاڵاڤی یەکان ناسرابوون، ( بڕوانە نووسینێکی دکتۆر جەمال نەبەز ) بە سەرکردایەتی سەید ڕەزای دەرسیمی پەرپایان کردبوو دژ بە دەسەڵاتی تورکان و نزیکەی ( 13 تا 15 ) هەزار کوردی بێتاوانیان کوشت و بێ سەروشوێن کرد و چەندینیان دەبەستنەوە بە موورەدار و ئەیاندان بەدەم ئاوی ڕوبارەکانەوە تا بە ئازارەوە بخنکێن.

لەو ساڵەدا کە جەلال بایەر سەرۆکی وەزیران بوو، ڕاستوخۆ داوای لە عیسمەت پاشا ( وەك دەڵێن کە بە ڕەگەز کوردە ) کرد، کە هەرچۆنێك بێت ئەو وەك خۆیان دەڵێن: ئاژاوەیە سەرکوت بکات و،  چی پێویستە ئەوا ئەمان هاوکاریی دەکەن. ئەویش ( عیسمەت پاشا ) چاودەگێڕێت بۆ خوێنڕێژترین سەربازی نێو سوپا، کە ئەویش ( ژەنەڕاڵ ئاڵپ دۆگان )بوو. یەکەم هەنگاو بۆمبۆردوومانی ناوچەکە بوو بە چیا و دۆڵ و ئەشکەوت و…هتد،  زۆر بە سەختی و، ئەوجا کەوتە ڕەشبگیری ناوچەکە و ئەوەی تەمەنی لە 24 تا 26 ساڵان بێت دەبێت هاوبەشی ئەو شەڕە بکات. بەوەی کە دەماودەم خەڵکی ناوچەکە باسییان لێوەکردووە، کە لە ئەشکەوتێکدا نزیکەی 3000 ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتەی تێدا بوو، گشتیان لە نێو ئەو ئەشکەوتەدا کە زوربەیان زیندوو بوون خنکان و سوتان. پاشان دەرگای ئەشکەوتەکەیشیان بە دینامێت تەقاندیانەوە. دەسەڵاتی تورکان هەر بەوەوە نەوەستان بەڵکوو کەوتنە کڕینی سەرۆك خێڵ و عەشیرەتەکانی ناوچەکەو بەمە خۆفڕۆشێکی زۆریان خڕکردەوە بەناوی ئەوەی ئەم عەلەوییانە گومڕا و لادەرن لە ئیسلام و عەلی کوڕی ئەبوو تالیب وەك خودێ چاولێدەکەن و… هتد، تا سۆزی دینیان بجووڵێنن و کارەکەی خۆیانی پێ مسۆگەرکەن.
سەرانی لەشکری تورک توانیان یەكێك لە کوڕەکانی سەید ڕەزا بە ناوی ( زوبێر ) بە پلەوپارە هەڵخەڵەتێنن و بینێرن بۆلای” عەلی شێر ” کە ئازا و دلێرانە سەرکردەی لەشکری دەرسیمییەکانی دەکرد و بە فرتوفێڵ توانی عەلی شێر و هاوسەرەکەی پێکەوە بکوژێت و سەرەکەیشی لە توورەکەیکدا بێنێت و لەبەر پێی ژەنڕال ئاڵپ دا دابنێت.
دوای ئەوەی ئەو شۆڕشە بەو دڕاندانەیە بەرهەڵستی لێکرا، ناچار سەید ڕەزا بەرەو ئارزنجان بڕوات بەڵام جەندرمەکانی تورك دەیگرن و لە ڕۆژی 5 ئەیلوولی 1937 دا زوربەی هەرە زۆری ڕێبەرانی شۆڕش دەسگیرکران و زۆرینەیان لە سێدارە دران. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە کەمالییەکان بەنگوباوی ئەوەیان دوادەخستن کە ئەمانە دەیانەوێت خەلافەت بگێڕنەوە و ئەمانە کۆنەپەرشتن و….. و بەداخەوە هەندێك لە مێژوونووسانی خوشمان دوای ئەو بەندووباوانە کەوتوون و ئێستایشی لە تەکدا بێت هەر باوەڕیان بەو تورکانەیە و کەسیش نییە دوای ڕاستییەکان بکەوێت.
شێخ رەزای دەرسیمی لە کاتی لەسێدارەدانی دا دەڵێ: من بە فێڵەکانی ئێوە نەوەستام، ئەوە با بۆ من ببێتە دەرس، بەڵام منیش چۆکم لەبەر ئێوە دانەدا، ئەوەش با بۆ ئێوە ببێتە دەرس. ئێمە کوڕی کەربەلاین ( واتە کوڕی حوسەینی کوڕی عەلی ) کە ئەویش بەبێ تاوان کوژرا. هەروەها لەسەر پەتی سێدارە بە دەنگی شێراسا و بە زوانی کوردی دەڵێت: من ئێستە تەمەنم 75 ساڵە و ئیتر دەچمە پاڵ شەهیدانی گەلەکەم، ئێوە دەرسیمتان گرت بەڵام کورد هەردەمێنیت و بژی کوردستان و لاوان هەر هەڵدەسنەوە و بمری گشت زاڵمان. بە دەستی پیرۆزی خۆی پەتەکەی خستە ملی خۆێ و بە قاچی خۆی کورسییەکەی لەدا.
لەم دواییەدا ڕەجەب ئەردوگان بۆ مەرامی سیاسی خۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی وەك تراژیدییایەکی مێژووی دەوڵەتی تورکیا باسکرد. و هەروەها دەزگا هەواڵنێرە تورکییەکان لە هەواڵەکانیاندا بڵاویانکردۆتەوە کە بڕیارە شاری ئێستای (تونجەلی) ناوە کوردییەکەی خۆی، کە (دەرسیم)ە، پێ بدرێتەوە.
مانای دەرسیم // ” دەر ” لە کوردیدا بە ” دەرگا ” دێت و ” سیم ” بە مانای ” زیو ” دێت، کەواتە بە لێکدانی ئەو دوانە دەبێتە ” دەرگای زیوین.

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە