هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

بڕیارەكەی سەركردایەتی یەكێتی بەدوورخستنەوەی هاودیدانی لیستەكەی دكتۆر بەرهەم زۆر دواكەوت، ئەبو سەركردایەتی یەكێتی بەتایبەتیش خودی مەكتەبی سیاسی نەختێ بەجورئەتتر لەگەڵ راگەیاندنی ( ناوەندی بڕیار ) دا ئەم ئیجرائاتانەی وەربگرتایە، چونكە زۆر بەروونی دیار بو كە دكتۆر بەرهەم پێش راگەیاندنی ناوەندی بڕیار، بڕیاری خۆی دابو كە لەناو یەكێتی بچێتە دەرەوە، خۆ بیرمان نەچوە لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكەی 2013 دا خۆی گۆشەگییر كردو لە بانگەشەكان دوور كەوتەوە، بەمەش ئۆباڵی لەدەستدانی زیاتر لە 10 كورسی پەرلەمانی كەوتە ئەستۆی ئەوەوە.
زۆر سەیرم بەم هەمو جموجۆڵەی بەشێك لەسەركردەو دەستڕۆشتوەكانی ناو یەكێتیدا ئەهات، كە تا ئەمدواییەناش پەرۆشی گێڕانەوەی دكتۆر بەرهەم بون بۆ ناو یەكێتی، چونكە هەر یەكێك لەمانە ئەگەر تۆزێك شارەزای تەكتیكە سیاسییەكان بونایە، ئاوا بەزەلیلی دوای گێڕانەوەی بەرهەم نەئەكەوتن وەكو ئەوەی یەكێتی بەبێ بەرهەم دێوو درنج بیخۆن، ئەمەش لەكاتێكدا تەنانەت دووركەوتنەوەی كەسایەتیەكی تێكۆشەرو دامەزرێنەرو كاریزمایەكی سیاسی گەورەی وەكو كاك نەوشیروانیش كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر مانەوەی یەكێتی نەبو، پێشتریش جیابونەوەی باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیست لەسەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕش كە ئەوسا هێشتا یەكێتی قەبارەی زۆر گەورەش نەبو، بەڵام توانی خۆی رابگرێت بەرامبەر ئەم گورزە توندانەی بەری كەوتن.
لەدوای شكستپێهینانی دكتۆر بەرهەم لەكاندیدبونی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی عیراق، ئەو بڕیاری جیابونەوەی خۆی دابوو، مانەوەشی تا دواساتی راگەیاندنی هاوپەیمانییەكەی، تەنها بۆ رێكخستنەوەی كارەكانی جیابونەوەو خۆ ئامادەكردن بو، ئێستاش بەو وەهمەی سەرۆكایەتی عیراقەوە ئەو هاوپەیمانییەی دامەزراندوە نەوەك لەپەرۆشی بۆ داخوازیەكانی میللەت بۆ گۆڕانكاری لەسیستەمە سیاسییە سەقەتەكەی هەرێمدا ، دوور نیە ئێستا وەهمێكی تریشی لەلا دروست بوبێ، ئەویش وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمە، ئاخر دكتۆر بەرهەم وەكو دەردەكەی پارتی كە بەبێ دەسەڵاتو پارە هەڵناكەن، ئەویش بەبێ پۆستو پلەوپایە ناتوانێ بەردەوام بێ لەكاری سیاسییدا.
ئەوەی لێرەدا شایەنی ئاماژەپێدان بێت ئەوەیە ، كە بەرهەم بیری چۆتەوە كە:
یەكەم/ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لە قۆناغی داهاتودا بۆ كورد نیەو ئەگەڕێتەوە لای عەرەبە سوننەكان.
دووەم/ ئەگەر ئەم پۆستە لەپشكی كوردیش بێت، هەر ئەبێت بدرێتەوە بە یەكێتی ، نەوەك بدرێتە حزبێك كە چەند مانگێكە دامەزراوە، ئەمەش ئەگەر پارتی مرخی خۆی لەو پۆستە خۆش نەكردبێت.
سێیەم/ تا ئێستاش لەناو یەكێتی باڵەكەی مام جەلال و بنەماڵەكەشی كاریگەرییان ماوە بەسەر بڕیاری سیاسییەوە ، ئەو باڵەی كە دكتۆر بەرهەم گورزی لێوەشاندو پێنج ساڵیشە دژایەتیان ئەكات. چوارەم، هاوكێشەی سیاسی لە كوردستاندا، بەهیچ شێوەیەك رێگا نادات دەسەڵاتی سیاسی بكەوێتە بندەستی حزبو لایەنێكەوە كە هێزی سەربازی و ئەمنی نیە، ئەمانەش كۆڵەگەی ئارامی وراگرتنی تەرازووی هێزن، نە دكتۆر بەرهەمو نە نەوەكەی شاسواریش ئەو هێزەیان نیە ئەگەر لەهەڵبژارندیش سەركەوتو بن، بتوانن حوكمی هەرێم بەڕێوە ببەن، چونكە سادەترین هەڵوێستی پارتی ویەكێتی لەمكاتەدا ئەوە ئەبێت كە هێزی عەسكەری و ئەمنی خۆیان نەخەنە بەردەستی حزبە نەیارەكانیان، بۆیە مەحاڵە حزبێك بتوانێ بەبێ ئەمدو هێزە دەسەڵات بەڕێوە ببات. بزوتنەوەی گۆڕان بە 24 كورسییەوە نەیتوانی پۆستی پارێزگای سلێمانی بەئیستحقاقیش لەدەست یەكێتی خاوەن 16 كورسی دەربكات، چۆن بەرهەم و شاسوار ئەتوانن حوكمی هەرێم لەدەستی پارتی ویەكێتی دەربكەن؟.
بەرهەم چەندینجار خەنجەری ژەهراوی لەپشتەوە لەیەكێتی داوە ، ئەو یەكێتییەی مام جەلال كە ئەوی لەبنی دونیاوە هێنایە كوردستانو كردی بەسەرۆكی حكومەت، دواتریش هەر خودی مام جەلال بردیە بەغداو كردی بە جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق، هەر مامیش بو كردی بەجێگری خۆی لەناو یەكێتیدا، بەڵام بەرهەم وەفای بۆ ئەو زاتە گەورە خاوەن فەزڵەی نەبێت، كەواتە بۆ هیچ كەسێكیتری نابێت.
زۆرجار ئەبیستین كەوا پروپاگندەی ئەوە ئەكرێ گوایە بەرهەم لەسەر رێبازەكەی مام جەلالدا ماوە، بەڵام ئەمە ئەگەر راستبێت و بۆ خەڵەتاندنی جەماوەرەكەی یەكێتی نەبێت ، ئەی كەواتە ئەو هاوپەیمانییەی دامەرزرا بۆچی بو؟ بۆ ئەوە نەبو جەماوەرەكەی یەكێتی لەحزبەكەی مام جەلال جیاكاتەوە؟.
بۆیە لێرەوە ئەڵێین كەوا دەركردنی هاودیدانی بەرهەم زۆر پێویستە، ئەبێ هەمو ئۆرگانەكانی یەكێتیش بگرێتەوە تا ئاستی سەركردایەتی كە ئەبێ كۆنگرە حەسمیان بكات، هەڵبەت لێرەشدا پەیڕەوەی یەكێتی رێگا ئەدات بەئەنجومەنی سەركردایەتی و تەنانەت ئەنجومەنی ناوەندیش كە محاسەبەی هەر سەركردایەتیەك بكەن كە بانگەشە بۆ حیزبێكی نەیارو دەرەوەی یەكێتی بكات، بەتایبەتیش دەنگۆیەك هەیە ئەڵێ، ئەو هاودیدانەی بەرهەم لەناو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ماون، بەنیازن لەدوا ساتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی داهاتودا بڕیاری جیابونەوەی خۆیان بدەن لەناو یەكێتی و بچنە ناو هاوپەیمانییەكەی بەرهەمەوە بۆ ئەوەی كێرفی دەنگەكان لەبەرژەوەندی بەرهەمدا بشكێتەوە.
هیچ حزبێك لەدونیادا نیە رێگا بدات بەئەندامو سەركردەكانی كار بۆ لیستی ترو بەرژەوەندی حزبی تر كار بكەن، ئەمە گەورەترین خیانەتە لەحزب كە ئەندامو كادیرانو سەركردەكانی كار بۆ حزبی نەیاریان بكەن، بۆیە بڕیاری دەركردنی هاودیدانی بەرهەم لەناو یەكێتیدا بڕیارێكی راستو دروستە، خۆزیا ئەوانەشی بگرتایە كە هاودیدو كلك و گوێی پارتیشن، ئەوسا یەكێتیە تێكۆشەرەكەی جارانی مام جەلال پاك ئەبویەوەو ئەگەڕایەوە سەر رێرەرەوە راستەقیینەكەی وەكو حزبی جەماوەری ستەمدیدەو بەشخوراو.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.