هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

من لەگەڵ بونیادنانی دەوڵەتی نیشتمانیم, كە گەرەنتی دابینكردنی دیموكڕاسی و سەربەستی و دادگەری بكات. بەڵام ڕێفەراندۆمێك, كە كەركوكی نیو سەدە خوێن بۆدراو نەگێڕێتەوە ژێر چەتری دەوڵەتی كوردستان چ فایدەی ھەیە؟ ئەگەر وانەبێت ڕێفەراندۆم لەقەشمەریاتی دەھۆڵی ناسیۆلیزمی شاخدار زیاتر ھیچیتر نیە.
ئەگەر بەبێ ناوچە دابڕادابڕاوەكان بەتایبەت كەركوك دەوڵەتی كوردستانی دروست ببێت ئەوە گەڕانەوەیە بۆ نیوسەدە بەرلەئێستاو ڕازی بوونە بە ئۆتۆنۆمی سێ پارێزگای كوردستانی.

ئەم ھەموو ساڵە بۆچی كەركوك نەگەڕێنرایەوە؟
دەزانن كە خودی پارتی دیموكڕاتی كوردستان موسەبیب بووە؟
ئەویش بەھۆكاری ھەبوونی زۆری نفوزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو ناچانە، چونكە پارتی لاوازترین ھێزی كوردستانیە لەكەركوك، ئەگەر پرسەكان بەدەنگی خەڵك یەكالاببنەوەو ناوچە دابڕاوەكان بەشداری بڕیار بكەن، ئەوا پدك حزبی سێیەم و چوارەم دەبوو، ئێستاش ھەروا دەبێت.
لەڕاپەڕینەكەی 91 دا پارتی تەنھا لە دەھۆك یەكەمین بوو، جا ئەگەر كەركوك بگەڕێتەوە، ئەوا دیسان نفوزی پارتی لەدەھۆك لەقولی قاف ھەڵدەكێشرێت.
یەكێتی كە ڕازی بێت بەكردنی ڕێفەراندۆم بەبێ كەركوك ئەوا دیارە ھیچ خەمی دەنگدەری خۆی نیە، بەڵكو مەبەستەكانی لەبازنەی بەرژەوەندیە ئابوریەكانی كۆمەڵە خەڵكێ لەسەركردەكانی دەخولێتەوە.
بەواتایەكیتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن بەقوربانی شەراكەت لەگەڵ پارتی و ئەو پارەیەی كە لەدزی و گەندەڵی دەستیان دەكەوێ.
ئەگینا چۆن دەبێت یەكێتی كە بەكردار ھەڵگری مافی چارەی خۆنووسین بووبێت ئێستا بكەوێتە ژێر كاریگەری خەپاندن و تەڵەكەبازی پارتی و بنەماڵەی بارزانی كە ھەموو مەرامێكیان مانەوەیە لەناشەرعیەتدا.

لەم ڕێفەراندۆمەدا درۆینەیەدا، دوو شتی زۆر غەریب ھەن:
یەكەم: ھەڵگرانی مافی چارەی خۆ نووسین پشتیان كردۆتە مەبدەئی ئەساسی و كەوتوونەتە ژێر كاریگەری خەڵەتاندن لەپێناو ئەو بڕە داھاتە ناشەرعیەی كەدەستیان دەكەوێ.
ھەرچەندە لەمێستادا، یەكێتی دەڵێت: بەبێ ناوچە دابڕاوەكان لەگەڵ ڕێفەراندۆم نین، ئەمە دوای لێدوانی عببادی دێت، بەڵام دیسان خۆیان كردۆتەوە بە دوو بەش وەك ھەمیشە، یەكێتی وەك گرتنی فرچك سیاسەتی دوو ڕوویی پەیڕەو دەكات، بەتایبەت لەئێستادا، خراپتر لەڕێفەراندۆمەكەی بارزانی ھەم ھەوادارانی خۆیان ھەمیش خەڵك و ئەحزابە سیاسیەكان بەم شێوە لەسیاسەت كردنە خەڵەتاندن بەردەوامی پێ دەدەن، بەر لەھەمووشیان بزوتنەوەی گۆڕان كەوتۆتە ژێر كاریگەری ئەو شێوە سیاسەتە خەڵەتێنەرەی یەكێتی، بەوەی كەچاوەڕێی مەوقیف لەكۆمەڵێ چاوچنۆك و خاوەن تورەكەی بن كون دەكات.
دووەم: پارتی بەھۆی بیری خێڵەكیەوە، قایل بەدەركردنی ھۆشیار زێباری نیە لەحكومەتی عێڕاق، ھەرچەندە دەلالەتی ڕوون و ڕەوان ھەن لەسەر تێوەگلانی زێباری لەدزی و بەرتیل و گەندەڵی ئیداری و ئابوری، بۆیە كردوویانە بەسەرۆكی لیژنەی ڕێفەراندۆم تاكو بەخەڵكی كوردستان و عێڕاق بڵێن، ئەوەی لای ئێمە موعتەبەر بێت ھیچ شتێك ناتوانێ بچوكی بكاتەوە.
لەسەردانەكەی شاندی ڕێفەراندۆم بۆ بەغداد باسی پرسی زێباری كرابوو كەوەكو كاتێك لەبەرامبەر قسەی لەبارەوە كرابوو، گوتبویان; بەگێڕانەوەی زێباری بۆ پۆستەكەی یەكپارچەیی خاكی عێڕاق دەپارێزین. لەھەمانكاتدا، ئەوەندەی پرسی دەركردنی زێباری گرنگە بەلای پارتی و خودی مەسعود بارزانیەوە بەسەدا یەك پرسی ناوچە دابڕاوەكان جێگەی دیدو تێڕوانینیان نیە.

لەكۆندا بۆچی ناوچە دابڕاوەكان گرنگ بوون؟
چونكە جێگەی تەماحی ھەردوولا (كورد- عێڕاق) بوو بەھۆی ھەبوونی نەوت، بەڵام لەئێستادا نەوت لەھەرشوێنێكی ھەرێمدا ھەیەو لەبەعزێ شوێندا زیاتر لەكەركوك و ناوچەكانیتر یەدەگی نەوت ھەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجی سەركردایەتی پارتیشە تەنھا نەوتە نەك خاك و خەڵكی كورد.
كەواتە ئەو شۆڕشەی بەناوی كوردەوە كردیان درۆیێكی گەورە بوو، باشتر وایە پێی بڵێین: (شەڕی نەوت).
چونكە ئەوەی موستەفیدی حوكمڕانی كوردیە لەماوەی 26 ساڵدا تەنھا سەرانی بەناو شۆڕشی كوردین كە من ناوی دەنێم (شەڕی نەوت).
بەدەلیلی ئەوەی كە لەماوەی 3 ساڵی قەیرانی ئابوریدا جگە لەمانگێك كۆی نیوموچەكان و پارە خەرجكراوەكانی خزمەتگوزاریەكان (دراوی دەستی دوو) بووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ كە دەستھاتی نەوتی ھەرێم لەماوەی سەربەخۆ فرۆشتندا جگە لەسەرانی پارتی و بەشێكی كەمی سەركردایەتی یەكێتی زیاتر ھیچ كەسێكیتر ئاگای لەو داھاتە نیە، كە مانگانە 1,621,500,000 پارەی دەستكەوتی نەوتی ھەرێمە.
كۆی موچەو خەرجیە گشتیەكانی تر لەباجی نێوخۆیی و داھاتی خاڵە سنوریەكان دابینكراوە، بۆ ئەوەی بڕی دیاریكراوی دزیەكان كەم نەكات.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت