هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

هاوکارەکانی نوسەر لەم نوسینەدا: دلێر پیرۆمەری و ھۆشیار شێركاوەیی

کاراکردنەوەی پەرلەمان لەنێوان گەمە سیاسیەکانی پارتی ویەکێتی و واقیعی هەرێمدا بۆتە هەواڵی گەرمی سیاسیەکانی ئێستای میدیاو ڕۆشنبیران و تەواوی چین و توێژەکانی هەرێم، كاراكردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێک وێنا دەکەن كەدەتوانێ تەواوی ئەو نەهامەتیانەی بەرۆکی خەڵكی گرتووە چارەسەر دەبن، ئیدی خۆشگوزەرانی باڵ دەکێشێ بەسەر کۆمەLگا. بەڵام حقیەقەت ئەوەیە، یەكێتی دەیھەوێ یاریەكانی سەردەمی پڕۆتۆكۆڵی ستراتیجی لەگەڵ پارتی زیندووبكاتەوە، بەبرابەشی لەڕووی سیاسی و ئیداری بەھەمان شكڵی برابەشی ئابوری لەگەڵ پارتی دۆخەكە بگەڕێننەوە پێش قۆناغی بەشداری نەكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت. بەمەش قۆناغێكی تری مەترسیداتر لەقۆناغی جوتڕەوی ڕەھا دێتە ئاراوە، وە دەیانەوە پێكەوە ئەو ڕاگوزەرە وەك شكستی گۆڕان بۆبەرچاوی خەڵكی كوردستان نمایش بكەن.

نیەتە شاراوەکانی یەکێتی لە هاوپەیمانێتیە نوێیەکەی لەگەڵ پارتی:
1- بەکاراکردنەوەی پەرلەمان بەهاوبەشی برا بەشە مێژوویەكەی، ئامانجە وەدینەهاتووەکانی دێنێتەدی، یەکێتی لەخەیاڵی خۆیی خۆی یەکلایی کردۆتەوە، گۆڕان ناێتە ژێرباری داواکاری ئەوان و بەوجۆرە کاراکردنەوەیە رازی نابێت، لەبەرامبەردا یەکێتی ئەو مەرجانەی هەیەتی بەئاسانی بەسەر پارتی دەسەپێنێت، دەسکەوتەكانی دەگەڕێنێتەوە پێش قۆناغی بوونی گۆڕان لەحكومەت.
2- یەکێتی لەبەرامبەر کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ گۆڕان، بەڵێنی لەپارتی وەرگرتووە كە لەئێستادا هیچ هەڵبژاردنێک نەکرێت، تالەو ماوەیە هەوڵی ئاشتكردنەوەی جەماوەرەکەی بدات.
3- یەکێتی خەیاڵی خۆی وا پڕكردووە، كەگۆڕان دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا ئەو هێزە نیە بتوانی ململانێی سیاسی بکات و بەرەو لاوازی دەڕوات، بۆیە كەمینی لەدەنگدەرانی داناوە، بەڵام لەمەیان زۆر بەهەڵەداچووە، چونکە یەکێتی دەبێت ئەوڕاستیە بزانێت قۆناغی دوای نەوشێروان مستەفا هەم بۆ یەکێتی هەمیش بۆ پارتی قورس دەبێت.
4- یەکێتی بەدروستکردنی دووبەرەی ناوخۆیی، (بەرەیەک پاشکۆی پارتی و بەرەیەکیش دژ بەپارتی) دەیەوێت سیاسەتی گەوجێنەر بەرامبەر لایەنگرانی پیادە بکات، بەجۆرێک دەنگە نارازیەکان لەبەرەی دژ بە پارتی ئاشت بکاتەوە، لەبەرامبەریشدا بەرژەوەندیە ئابوریەکانی بە بەرەی دۆست پاشکۆکانی پارتی بەدەست بێنێ.

مەرامی پارتی لەکاراکردنەوەی پەڕلەمان:
1- پارتی دەیەوێت بۆڕاستکردنەوەی هەڵەکانی، سپیکردنەوەی ڕووی تڵخی، سود لە پاشکۆکانی وەربگرێت بە پێدانی کۆمەڵێ بەڵێن کەلەو نێوەندەدا جگە لە پاشکۆکان کەس لێی سودمەند نابێت، سودمەندی ئەوانیش ماوە کورتەو بۆ تێپەراندنی ئەو قۆناغە چەقبەستووەیە كەپارتی تێیكەوتووە، بۆیەش ماوە كورتە چونکە بەدرێژای مێژوو پارتی پابەندی هیچ ڕێکەوتن و بەڵێنێک نەبوە.
2- پارتی دەیەوێت لەڕێ ئەم کاراکردنەوەیە وای نیشانبدات کەسەرچاوەی کێشەکان خودی نەوشیروان مستەفا بووە، ئەو هەمیشە ڕێگر بووبێت لەئاشتەوایی نیشتمانی، بۆیە پارتی دوای وەفاتیشی هەوڵی لێدان لەكەسایەتی نەوشێروان مستەفا دەدات، چونک داینەمۆی هێنانەدی خەباتی مەدەنی بووە دژی حوکمی تاکڕەوی بنەماڵەیی، هەوڵی چەسپاندنی سەروەری یاسا و دیموكڕاسی داوەو دوای خۆشی تۆوی ئەو ھەوڵەی بەباشترین شێوە چاندووە، ھەربۆیە پارتی دوای مردنیشی لێی دەترسێ.
3- پارتی بۆ ئەو گێژاوەی كەبەھۆی پرسی ڕێفەراندۆم تێکەوتووە هەوڵ دەدات بزوتنەوەی گۆڕانیش تێوە بگڵێنێ.
4- پارتی هەوڵ دەدات لەو قۆناغە گۆڕان لەکۆمەڵی ئیسلامی دووربخاتەوە، بەمەش کۆمەڵ لە گۆرەپانی سیاسی تەریك بكات، ئینجا تەسفیە حیسابی خۆی لەگە ڵ کۆمەڵ دەست پێبكات، بەدورخستنەوەی گۆڕان وکۆمەڵیش لەیەکتری کاری پارتی ئاسانتر دەبێت و باشتر دەتوانێ ئەجێنداكانی بەجێ بگەیەنێ.

گۆڕان چی بکات و چۆن بەر بەو یاریەی یەکێتی وپارتی بگرێت؟
گۆڕان لەبەرامبەر یەکێتی
1- پێویستە گۆڕان هەرچی زووە بە پەیوەندیەکانی دابچێتەوە لەگەڵ دەست ڕۆیشتوەکانی یەکێتی، چیتر کاتی خۆی بەمانەوە لەچوارچێوەی پڕۆتۆكۆڵی ١٧/٥ بەفیرۆ نەدات، تا ئاستی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەكە.
2- گۆڕان لەبڕی ئیتفاقیەی لەگەڵ یەکێتی بەرەیێکی جەماوەری بەهێز دروست بکات لەڕۆشنبیران وماموستایان وکەسایەتیەکان و گەنج و تەواوی بەرھەڵستكارانی حوكمی تاكڕەو جوتڕەوی ھەرێم، بەهاوکاری کۆمەڵی ئیسلامی.
3- گۆڕان بەشێوەیەکی فەرمی هەموو ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە باڵ و خەت لەناو یەکێتی، سەر پشکیان بکات لەسیاسەت کردن لەگەڵ پارتی، چیتر ڕێگایان پێ نەدات یاری بەچارەنوسی خەڵکی كوردستان بکەن.
4- زەروورتر لەھەموو شتێ، گۆڕان وادەیەك بۆ تەواوی یەكێتی بەھەموو باڵەكانیەوە دیاری بكات، بۆ یەكلایی بوونەوە، ئاخۆ لەگەڵ پڕۆژە ھاوبەشەكانی پڕۆتۆكۆڵی ١٧/٥ یاخود وەكو پارتی دەست بەرداری گەندەڵی و داسەپاوی نابن.

گۆڕان بەرامبەر پارتی چی بكات؟
1- گۆڕان ڕاستەوخۆ چ داواكاریەکی هەیە بیدات بەپارتی، چیتر مەجالی پاشکۆکانی پارتی نەدات بەیاریە ناشیرنەکانیان یاری بەچارەنوسی میللەت بکەن، کۆتایی بەگەمە ناشرین و دوڕووەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بێنێت.
2- سەقفی داواکاریەکانی گۆڕان تەنها لەکاراکردنەوەی پەرلەمان و هەمواری سەرۆکایەتی هەرێم نەمێنێتەوە، بەڵکو بەرز بێتەوە بۆ باشکردنی بژێوی هاولاتیان و ڕەتکردنەوەی سەرجەم بریارەکانی حكومەت كەلەو ماوەیە دەرچونە، وە داوای گەڕانەوەی سامانی دزراو و موڵكە داگیركراوەكان بكات.
3- بەڕەسمی پارتی داوای لێبوردن لەهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات بەوکودەتای کردی بەرامبەر بەپەرلەمان.
4- پارتی و ھاوئەجێنداكانی ناچاری ئەوە بكرێن، كە دەزگای پەیوەندیەكانی دەرەوەی ھەرێم و دەزگای ئاساییش و دادگا بەزووترین كات ببن بەدەزگای نیشتمانی.
5- وەرگرتنی زەمانەتێکی نێو دەوڵەتی کەچیتر پارتی و دەست وپێوەندەكانی لەحزبەكانیتر، زاتی ئەوە نەكەن دەست بۆ وەها کارێک ببات.

بەدەر لەم خاڵانەی سەرەوە:
پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان ڕوونتر ئەدای سیاسی خۆی بكات، ئەگەر گۆڕان ڕكابەرو ئۆپۆزسیۆنی بارزانی و بەشە حكومەتەكەی پارتیە با دیار بێت، وە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی دەستەڵاتیشە با بۆ خەڵكی كوردستان ڕوونتر ببێتەوە.
چونكە ئەو بەشە حكومەتەی كە لەلای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە زۆر خراپتر لەبەشەكەی پارتی دیموكڕاتی كوردستان بەڕێوە دەبرێت.
بەشی زۆری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی سیاسەتێكی ڕێویانە دەكەن، بۆ خەڵەتاندن و غافڵگیری خەڵكی خۆیان و بزوتنەوەی گۆڕان، لەولاشەوە ئیدامە بەو ڕێڕەوە ئیداریە گەندەڵ و دژ بەبنەماكانی مافی خەڵك دەدەن.
بۆیە زەروورە بزوتنەوەی گۆڕان ئامانجی ئەجێندا سیاسیەكەی گشتگرتربێت و بەڕوونی ڕووبەڕووی ھەردوو بەشە حكومەت و دەستەڵاتەكەی ھەرێم ببێتەوە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت