هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئامادەکردنی: براخاس

بەشى چوارەم و کۆتایی نووسراوێكی وەرگێڕاو لە عارەبييەوە هاتە بەر چاوم كە بەڕێز عەدنان ئەمين بەناوی “پێگەى ئافرەت لاى ئیبن عەرەبی” لەم پاڵپەڕە سەنگينەدا بڵاوكراوەتەوە و ئاوا نووسيويەتی:

{دەرئەنجامى ئەم توێژینەوە: خاڵی پێنجەم كە دەڵێت؛ بەداخەوە نەمتوانى ڕاڤە یان لێكدانەوەى ئیبن عەرەبی دەست بخەم بۆ ئایەتى (الرِّجَالُ قَوامُونَ عَلى النِّساء بِمَا فَضَّلَ اللهُ بَعْضهُمْ عَلى بَعْض). سورة النِّساء( (آیە 34). خۆ ئەگەر یەکێك توانى ئەوە دەستبخات ئەم توێژینەوەمان بۆ تەواو بکات و لە کەم و کوڕى دەریکات}.

هيوادارم ئامادەکردنی ئەم لێكدانەوە، دەروويەكی لێكـــتێگەيشتنمان بۆ واڵابكاتەوە .

سەرەتا، بە لێكدانەوەی وشەی قەووامە(قَوَّامَة) لە زوانی عارەبيدا دەستپێدەکەم، چەند مانايەكی لێكەوتۆتەوە و بەپێی هەندێك لە دەقەكانی ئەهلی دينزانان و زوانەوانيش چەند بەكارهێنانی جۆرانجۆريشیان لێهەڵێنجراوە. لەو ناودارانەی كە ئاماژەيان پێداوە؛ صحيح بوخاری، ئيبن كثير و ئيبن جەڕيڕ و چەندين ڕاڤەر و لێكۆڵەر. لە ڕاڤەی ئەم ئايەتەدا كە دفەرموێت؛(الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ) [النِّساء: 34] وا لێكدەدرێتەوە كە تەنيا پياو لە ژيانی هاوسەرگيريدا بەرپرس و سەرپەرشتە لە بژێوی و پێــسپاردن، لە دابينكردنی خۆشگوزەرانی ماڵ. وەك سالار و گەورەی ماڵ و ڕۆڵی چاودێری و سەرپەرشتی خۆی بگێرێت.

دەشێت ئەم لێكدانەوە و ڕاڤەكردنە بۆ ئەو سەردەمانە بگونجیێت، چونكە زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسيارێتی لە ئەستۆی پياو ياخود هەر نێرينەيەك كە تەمەن ڕەسيو(سِنّ الرُّشد)ی تێپەراندبێت بووە لە ناو خێزاندا. بەڵام ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت كە قورئان بەپێی سەردەم و شوێن لێكدانەوە و ڕاڤەی بۆ دەكرێت و ناكرێت بە عەقلييەتێكی سەردەمانی پێش خۆمان پەيڕەوی و جێبەجێی بكەين. نايشكرێت ئەوانەی پێشوويش بە هەند وەرنەگيرێن و ئاستن بكرێن، لەبەرئەوەی ئەوانە لەسەردەمانی خۆياندا هەر ئەوەندە پەييان بە لێكدانەوەی ئەو ئايەتە قورئانيانە و فەرموودانەی پێغەمبەر پێــبردوون.

ئەگەر بڕوانينە سەردەمی ئێستا كە سەردەمی پێشكەوتنی زانستەكان و تەكنەلۆژيا و گۆڕينی ژيانی مرۆڤ كە زۆر جياوازە لەو سەردەمانەی پێشوو، دەبێت ئەو لێكدانەوە و ڕاڤانە بهاوچەرخێنرێن و تێگەيشتنی سەردەمانەيان بۆ بكرێت.

بێينە سەر لێكدانەوەی وشەی الرِّجال، لە مەوسوعەی لسان العرب(لە دانانی ئيبن مەنظور) و چەند سەرچاوەيەكی زواندا، زۆر بە ڕوونی لێكدراوەتەوە كە هەموو پياوێك نێرينە نييە و هەموو ئافرەتێكيش مێيينە نييە، ئەگەرچی ئەم گوزارەيە لە كورديدا تا ڕادەيەك زەحمەتە هەرسبكرێت، بەڵام دەکرێت هەر بە عارەبی گوزارەی لێــبکەين بڵێين؛ أنه ليس كل رجل ذكراً وليس كل النساء إناث، ئافرەت كە خاوەن ڕاوبۆچوونێكی هەڵاوردەيە(مُتَمَيِّزْ)، دەكرێت پێيــبووترێت رَجُلَة و بۆ پياويش رَجُلْ، لە دۆخـــی كۆدا دەبێتە رِجال. کەواتە کۆوشەی رِجال بۆ پياو و بۆ ئافرەتيش دەستدەدات. مانای مەعنەوی رِجال/يش بە هەردوو چەمكی نێرينە و مێيينە، بەو مرۆڤانە دەوترێن كە چوست(كَفوءْ) و سالار(قەووامە)بن. بە هەمان لێكدانەوەيش وشەی النِّساء بەو نێرينە و مێيينانە دەوترێن كە چوست و سالارييان كەمتر بێت. بە نساء/يش ناودەبرێت چونكە تاك(مفرد)ی وشەی نساء لە نسي/يەوە هاتووە كە لێرەدا بەمانای: دواكەوتووە لە گۆڕانكاری زەيندەبووەكان(متأخرة في تطور الكائنات الحية)، لەبەرئەوە كاتێك کە دەفەرموێت؛ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ، نەيفەرمووە بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضهِن. لێرەوەڕا دەردەکەوێت كە نساء مانای مێيينان ياخود ئافرەتان ناگەيێنێت. لەم مانايەی وا دەگەيێنێت كە فرايستە(فەزڵ)ی نێرينەی نەداوە بەسەر مێيينەدا.

هەر بەدەم ئەم نووسينەوە، ئاماژە بە وشەی إمرأة (ئافرەت) دەكەم كە لە فەرموودەيەكی پێغەمبەر (د.خ)دا هاتووە کە بە چەند گوزارە و شێواز گێڕدراوەتەوە ئەگەر ڕاست بن:

«ما أفلح قوم ولوا أمرهم امرأة »، « لن يفلح قوم تملكهم امرأة»، « لن يفلح قوم ولوا أمرهم امرأة؛ هيچ ميللەتێك دەربازنابێت گەر كاروباريان بدرێتە دەست ئافرەت»،  لێرەدا نامەوێت لەسەر لێكدانەوەی ئەم فەرموودانە بدوێم، تەنيا ئەوەی مەبەستە، ئاماژەيە بە وشەی امرأة. لەم گوزارانەدا زۆر بە ڕوونی دەسنيشانی دەكەن کە إمرأة مەبەستی مێيينەيە.

بۆ زياتر ڕوونكردنەوە وشەی قووامە، چەند نموونەيەك دەهێنينەوە؛ ئەندێرا گاندی، بەنازير بۆتۆ، ئەمانە بە كەسانی سالار(قَوّامَة) ناودەبرێن چونكە بەتوانا و دەنگ زوڵاڵ بوون لە دەسەڵاتڕەويياندا، لەكاتێكدا زۆر لەو سەركردە نێرينانەی وڵاتان كە لاواز و سەرنەكەوتوو و زاڵم بوون لە دەسەڵاتڕەويياندا بە نساء ناودێر دەكرێن. جا لێرەدا وشەی نساء هەردوو سيفەتی ڕەگەزی نێر و مێ هەڵدەگرێت و بەو كەسانەيش دەوترێن كە دواكەوتوو و كەمتەرخەم بوون لە بەرێوەبردن و  تەگبير (تَخَلَّفوا بالإدارة و التدبير) و دەسەڵاتڕەويياندا

چەند نموونەيەكی ديكە لە مێژووی كوردماندا بە كۆن و نوێ/وە دەهێنينەوە تاكو بزانين چۆن بۆياركوتە (ئەمری واقع)ی ڕۆژگار خۆی دەسەپێنێت كە دەبێت چ ئاياتی قورئانی و چ فەرموودەكان بەپێی سەردەم لێكبدرێنەوە. لەو نموونەيش؛ ميرزادە خانزاد/ی قەڕالیجەی سۆران، كچی توولی بەگی حوكمداری سۆران و خۆشكی سلێمان بەگ، بۆ ماوەی حەوت ساڵ حوكمداری میرنشینەكەی دەكرد. خاتوو قەدەم خێری لوڕنەژاد كچی قەندی قەلاوەندی ميری ميرنشينی لوڕستانی بچووك كە لە نزيك ساڵی1925ز لە بەرهەڵستیكردنی دژ بە زڵموزۆری ڕەزاشای ئێران مبر شامرادخان/ی برا گەورەی شەهيد دەبێت. ئەم لە سوارچاكی و سالاری و لێهاتوويی و بوونی سيفەتی قەووامەتێيدا دەسەڵاتی ميرنشينەکە دەگرێتە ئەستۆ و زۆر بە نەبەردانە و سەر بڵندانە و ئازايانە دژی زوڵموزۆری دەوڵەتی ئێران دەجەنگێت، ئازايەتی دەگاتە ئەو ئاستەی كە وەك نەرێتێكی نەتەوەيی لە شيعر و سترانی كوردی/لاوژە فەيلی ڕەنگ بداتەوە، تاكو ئێستا يادی بكەنەنەوە و بڵێن:

قدم خێر سرونی ش كالە   ا‌سارە زنگل ماڵە

گڵ ونی ش تنگوان كوە بی   دهدر رستم زالە

لە سەردەمی ئێستامانيشدا كە سيفەتی قەووامەيان هەڵگرتووە، هەندێك لە وەزيرەكانی هەرێمی كوردستانن كە بە رِجال(كۆی رَجُلَة)دادەنرێن، چونكە خاوەن چوست و سالارن. لە چوارچێوەی خێزانيشدا، كاتێك مێرد بەهۆی نەخۆشييەوە پەكی دەكەوێت ياخود کەمتەرخەم دەبێت لە بەڕێوەبردنی ماڵ، ژنەكە ڕۆڵی دەسەڵات دەگێڕێت بۆ كاروباری خێزان.

خۆ ئەگەر مافی سالاری هەر لە چوارچێوەی خێزاندا تەسك بكرێتەوە و ئەو مافەيش هەر بدرێت بە پياو ياخود نێرينەی خێزان(کە كوڕ دەگرێتەوە)، دەبێت زۆر بە ڕێكوێكانە بەو ئەركە هەستێت كە وەك مەرج، پەيوەستە بە بژێوی و بەخێوی(إنفاق) و پێسپاردن(تەكليف). ئەگەر نێرينەی ئەو خێزانە ئەو دوو مەرجەی تێدا نەبێت ياخود پێيهەڵنەستا، ئەوە ئەو مافی سالارييەی لێدەکەوێت و ئافرەت و هەر مێيينەكەی ناو خێزان بۆی هەيە بەو سالارييە هەستێت. چەندين جار ئافرەت ياخود مێيينەی وا لە ناو خێزاند هەڵكەوتوون كە لە ڕەوشت بەرزی و ژێری و دينداریدا زۆر لە پياوان لەپێشتر بوون. ئەوەتا بە ئاشكرا دەبينين و دەبيستين كە ئەگەر لە چێوەی خێزاندا دەربچين و ئاماژە بۆ ئەو دەوڵەتە زەنگينانە بكەين كە بژێوی و بەخێوی و پێسپاردن دەگرنە ئەستۆيان بۆ كۆمەككردنی دەوڵەتانی هەژار، بەرپرسی يەكەمی هەندێك لەو دەوڵەتانە مێيينەن.

پاشان بە دوايدا دەفەرموێت؛ « وَبِمَا أَنْفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ». ئەگەر ئافرەتێكی مێيينە، زەنگين بێت و چەند کەسێكی نێرينەيەك لەبەر دەستيدا كاربكەن و فەرمانيان بەسەردا بكات، ئەگەر چی تێياندا هەبێت زۆر ڕۆشنبير ياخود هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی باڵايش بن، ئەو ئافرەتە زەنگينە بە تەنيا فەرمان و دوا بڕيار دەدات. ئەمەيش بە هەمان چەشن خێزان و دەرەوەی خێزانيش لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەزگا دەوڵەتييەكانيش دەگرێتەوە.

پاراوی لێكدانەوەكە، لەو چەمكەدا خۆی دەبينێتەوە كە دەشێت خاوەن ماڵ ياخود كەسێكی زەنگين و ژير، سەلار و سالار ڕەفتاری قەووامە هەڵبگرێت ئەگەرچی ژنيش بێت چ لە ناو خێزاندا و چ لە دەرەوی. ئەمە ڕاستييەكی نەشاردراوەيە كە لە بۆياری(واقيعی) ژياندا و هەڵسوکەوتی ڕۆژانە دەگاتە بارودۆخێكی وەها كە دەبێت ئەو جۆرە لێكدانەوانەمان لا پەسەند بێت، ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت كە ئيسلام دينی هيدايەتە و ڕەحمەتە بۆ هەموو جيهان، هەروەها قورئانی پيرۆزيش بۆ هەموو سەردەمێك لەبارە. دەبێت بە عەقل و مەنتيق/يش بڕوامان بەوە هەبێت كە لێكدانەوەی سەردەمانەی بۆ بكەين تاکو لێمان نامۆ نەبێت و کەسانی عەقڵ بەستوو بە عەقڵی بەر لە چەندين ساڵ ببنە ئامۆژيار(واعظ) بۆ لێكدانەوە و ڕاڤەی ئايەتەكان. سەيريش لەوەدايە ئەمانە ئەوەندەی ئەمانە خۆيان بە فەرموودەكانی پێغەمبەر(د،خ) بەستۆتەوە، ئەوەندە ئاوڕ لە سەرچاوەكە نادەنەوە كە قورئانە تاكو بتوانن بەشێوەيەكی سەردەمانە بيگونجێنن.

دەبێت ڕەچاوی ئەوەيش بكرێت كە هەر ميللەتە و بەپێی ئاکار و نەرێتی خۆی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دەقانەدا بكات. ناكرێت بە کەلتوورێكی عارەبی ئيسلامی کە چەندين سەتە بەسەرياندا ڕابووردووە، ئيتر هەر لە ئەمەوييەكانەوە و عەباسييەكانەوە بگرە تا دەگاتە كەلتووری عوسمانلی ئيسلامی. ئەمانە تاكو ئێستايش دينيان كردۆتە ئامراز و دەساوێزێك بۆ خزمەتكردنی دەسەڵاتيان، لەڕێی فەرموودەی دروستكراو و لێكدانەوەی ئايەتە قورئانييەكان(کەمتر خۆيان لە قەرەی دەدەن) چەندين فەتوا و ڕەوايی دەردەكران كە لە سەردەمی ئێستاماندا ڕەنگی داوەتەوە و دەردەكەوێت كە بەناوی دينەوە چەند زوڵميان لە ميللەتە ژێردەستەكان كردووە.

ئێستايش، ئێمەی كورد کە زۆرينەی هاونيشتمانی كوردستان جگە لەوەی موسوڵمانن، چەندەن دين و دينزامان تێدايە، هەموو دەبێت نيشتمانپەروەری و هاونيشتمانی بكەينە هاوکۆلكەی هاوبەش تاكو بتوانين دەرباز و پاراوی بكەينەوە لەو جۆرە کەڵتوورانەی نامۆن لەنێوماندا و بوونەتە کێشە و ئارێشەی ئاڵۆز و ناهەموار. بتوانين بەزمانێكی كوردی پاراو (بِلِسَانٍ كُرْدِيٍّ مُّبِينٍ)ی خۆمان ڕاڤە و لێكدانەوەی وايان بۆ بكەين كە بگونجێن لەگەڵ ئاكار و نەرێتە ڕاستەقينەكانی كوردەواريماندا.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت