شێرزاد شێخانى: كوشتنى خاشقچى و په‌يامێك بۆ ده‌زگاى پاراستنى پارتى.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ئه‌و هه‌ڵايه‌ گه‌وره‌يه‌ى له‌سه‌ر كوشتنى رۆژنامه‌نوس جه‌مال خاشقچى سه‌رانسه‌رى دونياى ته‌نيوه‌، گۆڕانكارييه‌كى زۆر گه‌وره‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى سياسى و ميديايى ناوچه‌كه‌مانه‌‌وه‌. بۆ يه‌كه‌مجاره‌ دونيا به‌گشتى، راى جيهان و ده‌وڵه‌تان به‌مشێوه‌ توونده‌ بێنه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر كوژرانى رۆژنامه‌نووسێك. هه‌ڵبه‌ت به‌درێژايى چه‌ندين ده‌يه‌ى پێشتر سه‌دان رۆژنامه‌نوس و بيرمه‌ندو رۆشنبير له‌م ناوچه‌يه‌دا كوژراون، ده‌يان سياسه‌تمه‌دارى گه‌وره‌ش له‌لايه‌ن ده‌زگا موخابه‌راتيه‌كانى رژێمه‌ ديكتاتۆره‌كانى ناوچه‌كه‌ تيرۆر كراون، هه‌ر له‌حه‌ردان تكريتيه‌وه‌ كه‌ له‌كوه‌يت كوژرا، تا كوشتنى بيستو دوو سه‌ركرده‌ى به‌عس له‌كاتى ‌ده‌ستگرتنى سه‌دام به‌ ده‌سه‌ڵاتى عيراقه‌وه‌، تا كوشتنى سه‌رنوسه‌رى رۆژنامه‌ى حه‌واديس( سليم لوزى ) به‌ده‌ستى‌ موخابه‌راتى رژێمى ئه‌سه‌دى باوك، تا ده‌گاته‌ تيرۆرى فه‌ره‌ج فوده‌ و راوه‌دونانى ده‌يان بيرمه‌ىندى عه‌ره‌بى، به‌ڵام ئێستا له‌سه‌ر كوژرانى يه‌ك رۆژنامه‌نووس دونيا هه‌ڵساوه‌و، خه‌ريكه‌ بگاته‌ ئاستى ئه‌وه‌ى ميرنشينى سعوديه‌ كورسى پاشايه‌تيشى له‌ده‌ستبدات، جگه‌ له‌و ملياران دۆلاره‌ى زه‌ره‌ر به‌ر ده‌سه‌ڵاتى سعوديه‌ كه‌وتوه‌.
لاي خۆشمان هه‌ڵبه‌ت بۆ ساڵانێك ده‌سه‌ڵاتى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى چاويان له‌دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌زمونه‌كه‌ى ئال سعود بون، هه‌وڵيكى زۆريشيان دا بۆ ئه‌وه‌ى ميرنشينێك‌ هاوشێوه‌ى سعوديه‌ له‌كوردستان دروستبكه‌ن له‌رێگه‌ى ريفراندۆمه‌كه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌يان بۆ نه‌چوه‌ سه‌رو شكستيان هێنا، ئێستا له‌رێگه‌ى ته‌زويرى هه‌ڵبژاردن و به‌رده‌واميدان به‌حوكمى تاكڕه‌وى خۆيان و دانانه‌وه‌ى نێچرفان بارزانى له‌پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌يانه‌وێ بۆ درێژترين كات ده‌سه‌ڵاتى ره‌هاى خۆيان له‌كوردستاندا بسه‌پێنن.
گومان له‌وه‌دا نيه‌ ده‌زگاى پاراستنى پارتى هه‌روه‌كو هه‌ر ده‌زگايه‌كى رژێمه‌ ديكتاتۆره‌كان كه‌وتۆته‌ وێزه‌ى رۆشنبيران و ميدياكارانى كوردستان، تا ئێستا چه‌ندين تاوانى كوشتنيان دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامداوه‌ ( سه‌رده‌شت عوسمان وه‌دات حوسين و عه‌بدولسه‌تار تاهير شه‌ريف و سۆرانى مامه‌ حه‌مه‌ ) و ده‌يان رۆژنامه‌نوسيشيان له‌زيندانه‌ تاريكه‌كانى پارتيدا ئه‌شكه‌نجه‌داوه‌و، ئه‌زيه‌تى زۆربه‌ى په‌يامنێرانى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنيان داوه‌، به‌هه‌مان عه‌قلييه‌تى رژێمه‌ ديكتاتۆره‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ميديادا ده‌كه‌ن و، وه‌كو گۆبلزيان لێهاتوه‌ كه‌ وتى ” كاتێك گوێم له‌ وشه‌ى رۆشنبير ئه‌بێ، ده‌ست بۆ ده‌مانچه‌كه‌م ئه‌به‌م”.
ده‌زگاى پاراستنى پارتى به‌هه‌مان عه‌قلييه‌تى ساڵانى په‌نجاو شه‌ستوحه‌فتاكان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌ سياسيه‌كان ئه‌كات، هه‌ميشه‌ ئاماده‌يه‌ بۆ كوشتن و بڕين و ده‌مكوتكردنى رۆشنبيرو نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسان، به‌ڵام له‌مه‌ولا ئيدى ئه‌م ده‌زگايه‌ش بۆى ناچێته‌ سه‌رو ئه‌بێ باش تێبگات كه‌ ئيتر ئه‌و سياسه‌تانه‌ جێگايان نابێته‌وه‌ له‌فه‌زايه‌ك كه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌رزو ‌ئاسمانيشه‌وه‌ كاميراى چاودێرى سه‌رزه‌مينى داگييركردوه‌و، هيچ تاوانێك به‌شاراوه‌يى نامێنێته‌وه‌، له‌مه‌ولا راى گشتى جيهان و ده‌وڵه‌تانيش له‌سه‌ر كوژرانى ناهه‌قى ته‌نها يه‌ك كه‌سيش بێده‌نگ نابنو ئاماده‌ن رژێم و ده‌وڵه‌تانيش بڕوخێنن و، ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كانيش بده‌نه‌ دادگاى نێوده‌وڵه‌تييه‌وه‌ بۆ سزادانيان.
ده‌زگاى پاراستنى‌ پارتى له‌مه‌ولا ئه‌بێ هه‌زارو يه‌ك حيساب بۆ په‌رچه‌كردارى وڵاتان و دونياش بكات به‌ر له‌وه‌ى ده‌ستى بچێته‌ خوێنى نوسه‌رێك يا رۆژنا‌مه‌نوسێك، چونكه‌ ئه‌م تاوانه‌ى جه‌مال خاشقچى چاوى دونياى كرده‌وه‌ له‌ئاست زوڵمو زۆردارى رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانى ناوچه‌كه‌، له‌مه‌ولا هيچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێ تاوانى قێزه‌ون ئه‌نجامبدات به‌بێ باجدان‌و موحاسه‌به‌كردنى.
هيوادارم ده‌زگاى پاراستنى پارتى له‌و په‌يامه‌ گه‌وره‌يه‌ تێگه‌يشتبێت و، وا نه‌زانێ دونيا بێ خه‌به‌ر ئه‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ تاوانه‌كانى كوشتن و گرتنى رۆژنامه‌نوس و رۆشنبيران. ئه‌بێ سه‌رانى ئه‌م ده‌زگايه‌و حزبه‌كه‌شيان ئه‌وه‌يان له‌به‌رچاو بێ كه‌ ئه‌مريكايه‌ك گه‌وره‌ترين هاوپه‌يمان و دۆستى دێرينى وه‌ك سعوديه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌زاران مليار دۆلار به‌يه‌كه‌وه‌يان ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌سه‌ر كوژرانى تاكه‌ نه‌فه‌رێك ئاماده‌ بێ رژێمه‌كه‌يان بروخێنێ، ئامادهش نيه‌ چاوپۆشى له‌ هاوپه‌يمانى بچوكتر له‌سعوديه‌ بكات، ئه‌و كورسييه‌ى سه‌رۆكايه‌تى هه‌ريم كه‌ ئه‌مريكا له‌سه‌ر ريفراندۆمه‌كى درۆزنانه‌ى پارتى‌ له‌ده‌ست مه‌سعود بارزانى ده‌ريهێنا، له‌سه‌ر تاوانێكى له‌مشێوه‌يه‌ ئاماده‌يه‌ ته‌خت و تاراجى حزبه‌كه‌و بنه‌ماڵه‌ى بارزانيش بڕوخێنێ. ئه‌مه‌ په‌يامه‌كه‌يه‌ بۆ ده‌زگاى به‌دناوى پاراستنى پارتى.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
شێرزاد شێخانی

About شێرزاد شێخانی