هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ئەم وتارەم بۆ یادی 40 ڕۆژەی کاکە نەوە لە سویسرا خوێندمەوە.

کاتێک ژیانە نۆڕماڵەکەم جێهێشت، ئیتر کەوتمە ژیانە نوێکە، سەردەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ڕزگار و ئارام و ئاسۆ  و بەکر  و زۆریی تردا کۆتایی هات، بەعس هەموو ئەم ئەزیزانەی ڕێگای ژیانی شاریی لێساندم. ئەوان دابڕان، بەڵام شینی ناخی من لە ئەوان دانابڕێن.

کاتێک ژیانی شارم جێهێشت، ئاشنا بووم بە ژیانی پێشمەرگایەتی و لادێ. ئیتر خەفەرات و حەرەسیات و کۆڕیی شەوی نێو پێشمەرگەو، خڕبوونەوەی بەر مزگەوت و، ڕیزڕێکردنی نێوان گوندو شار و، دەورەی سەربازیی و سیاسی و قسەکردن لەسەر چارەنوس و، جارجارە هەواڵی مەرگی هاوسەنگەرێک و بیرکردنەوە لە  گورزوەشاندنی هێزی دوژمن و هەموو ئەمانە سەرتاپای ژیانە نوێکەم بوو.

لە نێو ئەم ڕێچکەی ژیانەدا، بە زۆر پیاوی ناوداریی شۆڕش گەیشتم، بە ئامۆژگارییەکانی تاڵەبانی و، بە قسە نەستەقەکانی مام عومەر دەبابەو بە وانەکانی دکتۆر کەمال فوئاد و بەهاوڕێ و سەرکردەم ئازاد هەورامی و دلێر جافی نێو کۆڕو دەورانی شەوان و، چەندان مامۆستاو هاوڕێ و ئەزیزی تر، بەڵام لەنێوان ئەوانەدا، چەند جارێک لەکۆڕ و کۆبونەوەو دانیشتنەکاندا، لە گەڵ ئەم پیاوەی ئێستا، کە هەموومان لە کۆڕیی ماتەمینیدا پرسەی بۆ دەگێڕین.

ئەم پیاوە هێشتا، بەهۆی چنجاڵی ژیانی سیاسیەوە، هاوسەرگیری نەکردبوو، لە کۆبوونەوەیەکدا، وا قسەیکرد: ئێمە لێرەین، هەموومان ئامانجێک کۆیکردووینەتەوە، جیاوازییەک لە نێوانماندا  هەبێت، ڕاستگۆیی و نمایشی تواناکانمانە.

دوای ڕاپەڕین، کاک یاسینە ڕەش و خوا لێخۆش بوو پێشمەرگەو هونەرمەند بەهادینی حەلیم، هاتن بەدوامداو وتیان: دەبێت بچین بۆ لای کاک نەوشیروان، کاتێک کاکە نەوەم بینی، هەمان ڕستە هاتەوە بە زەهنمدا. ڕاستگۆیی و نمایشی تواناکان.

ئەو لەسەر ئەو ڕتمە لاینەداو، ڕاستگۆیی و بەگەرخستنی تواناکانی کردە کردار و، بەرهەمی ئەم دروشمەی، گەر گزیی سەر سندوقەکان نەبووایە، بزوتنەوەی گۆڕان پێش حیزبەکان و حیزبی بەناو دایکیش دەکەوت.

لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا سێ ڕووداویی بەڕێکردنی کۆچی سێ سەرکردە، لە سێ ناوچەی جیاواز و لە  سێ ستراتیژی جیاواز دا، یەکێکیان لە ئێران و ئەوی تریان لە میسر و سێهەمیان لەکوردستان. زۆر زەحمەتە بۆ سەرکردەیەکی تریی لەو شێوە شین و بەرێکردنەی هاوشیوەی ئەوان بۆیانکرا، ڕووبداتەوە. ئەگەر بۆ ئاپۆی مەزن بکرێتەوە.

1- خومەینی دوای 1400 ساڵ زیاتر لە خەونی شیعە مەزهەب بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، بەرجەستەی کرد.

2- جەمال عەبدولناسڕ، زیاتر لە 900 ساڵ لە کەوتنی بیری نەتەوەی عەرەب، ئەو ڕاستی کردەوە.

3- نەوشیروان مستەفا، کاک نەوشیروان جگە لەبەردەوامی دوو چەمکی ڕاستگۆیی و بەگەڕخستنی تواناکان، ڕێبەڕایەتی هەموو ئەو هیوا تێکوپێکدراوەی کە لەناخی تاکی کورددا، چەندین ساڵە لە شۆڕشی ئەیلوولەوە بۆ شۆڕشی نوێ بە خەڵکی کوردستانیان دابوو، لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاساو، ئیدارەیەکی دڵسۆز و بێ ڕتوش، کە لەماوەی 25 ساڵی حوکمڕانی کوردیدا ناشرینیان کردبوو، ئەم گیانی بەبەرداکردەوەو، گەیاندیە ئاستی فۆڕمەڵەو کاکڵەکردن.

جگە لەوەش وانەی بەهەموان ووتەوە، کە تاکی کورد چۆن بڕوانێتە ئەرک و ماف و وەک کەسێکی بەرخۆر لەچاوەڕوانی موچەیەکی دەستپانکردنەوەدا نەبێت، تا لەو ڕێگەیەوە، ئازادانە بژین، نەک وەک کۆیلە.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت