هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.

لە سەرەتای ململامنییەکانی بەرزانی باوک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیەکەی، جنێودان دەستی پێکردووە. سەرگوزشتەکان، جنێو و سوکایەتی مستەفا بەرزانی نمایش دەکەن، ئەو لەماوەی ڕابردوودا زۆرترین جنێوی داوە بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەت پارتی، تا سنوری سوکایەتی بە ژن و خێزانەکانیان. هەموو جنێوەکانی بەرزانی بەهەر کەسێکی دابێت، بە کورترین سات پێیگەیشتۆتەوە. خۆشییەکەی لەوەدایە، زۆربەی لە جنێوپێدراو و سوکایەتی پێکراوەکان، لەماوەیەکی کورتدا لەبیریان چۆتەوەو، دواتر لەبەردەم بەرزانیدا کڕنووشبەر بوون. ئەمانە ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتی و ئازادیخواز و مافخوازی گەلەکەی ئێمەبوون، لەڕابردو و ئێستادا.

لەشۆڕشی نوێ داو، دواتر لەماوەی کورتی هەستانەوەی پارتی لەژێر ناوی قیادەی موەقەتەدا، جنێو و شەڕە جنێو بەدیزاینی سیاسی و لەچێوەی مێدیای دا سەری هەڵدایەوەو، هێندە سوکایەتیان بەیەکتری کرد، تاکی کورد قێز دەکاتەوە لە کۆمەڵگایەکدا دەژی تەنها سیاسی و سەرکردەکانی هەڵگری ئەو ستایلە بۆگەنەن.

ئەم تێکستە مێدیایە سیاسییە بۆگەنە، لەدوای پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لەساڵی 1987 و بەدواوە، جار جارەو لێرەو لەوێ سەری هەڵدەدایەوەو، بە دانیشتن و بەڕستە پێکەنینی سەرکردە سیاسیەکان لە کۆبوونەوەیەکدا کۆتایی دەهات و، تا جنێودان و سوکایەتی پێکردن و دانیشتنێکی تر درێژەی دەکێشا.

لەدوای ڕاپەڕین، ئەم ستایلە بۆگەنە لەشەڕی ناوخۆی ساڵی 1994 وە دەستی پێکردەوە، بەڵام بەربڵاوتر . جاران بە ڕادیۆیەکی شڕ و بە ڕۆژنامەیەکی کورت مەودا، خەڵکی لێرەو لەوێ بەرچاو و بەرگوێیان دەکەوت، جگە لەوەش لە کۆبوونەوەی دێهات و شارەکانی ئەم لێپرسراو و ئەو سەرکردە حیزبییە بەناویی کۆبوونەوەیی سیاسی، دیسانەوە دەیانخستەوە بەر گوێی خەڵک. بەڵام دواتر تیڤی و ڕۆژنامەی ڕەنگی و مۆدێرن و ڕادوێی مەودا درێژ و، بە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری خەڵکەوە هاتنەوەو، ئەو پەری سوکایەتیان بەیەکتری کرد.

لەدوای کۆتایی جەولەی دووەمی شەڕی ناوخۆ، بەتایبەتی دوای ڕێکەوتنی واشنتۆن لە نێوان یەکێتی و پارتی، ئەم دوو هێزە شەڕە جنێوەکانیان هێوەر بۆوە، بەڵام جەماوەرەکانیان هێشتا لەناخ و بوونیاندا بەرامبەر بەیەکتر، بەردەوام بوون.

تاڵەبانی باوک، بە توانا فەنتازییە سیاسییەکەی لە دوای ڕوخانی سەدام و ڕژێمەکەی، توانی فۆنتی پیا هەڵدان لە جێگای فۆنتی شەڕە جنیو بهێنێتە ئاراوە. ستایلێکی هێنایە ئاراوە، لە ستایلەکانی پێشووتر بەهیچ شێوەک نەدەچوو. بەڵام پارتی توانی ئەم ستایلەی تاڵەبانی لەپاش و پێشی نەخۆشکەوتنەکەیەوە بقۆزێتەوەو، لەدۆڵە بەرژەوەندییەکانەوە خۆی بگەیەنێتە چەقی یەکێتی و ببێتە کۆنتڕۆڵی ئەم هێزە بە بەرژەوەندی خۆی.

لە دوای نەخۆشکەوتنەکەی تاڵەبانی، یەکێتی توشی شۆکی سیاسی خوود بوو، خودێک ماڵباتی تاڵەبانی بوو، دەیانویست جێگای تاڵەبانی بە خۆیان پڕبکەنەوەو، لاکەی تر کە پارتی کۆنتڕۆڵی بەدەستەوەیە، دەیەوێت لەڕێگای ئەو گروپەی بە خۆیەوە لکاندووە، یەکێتی لێک هەڵوەشێنێتەوە. ئەم ململانییە تا ئێستا بەردەوامەو، خەونی ماڵباتی تاڵەبانی پچوک دەبێتەوە لە هێزیکی گەورەوە بۆ هێزێکی لەنیووە پچووکتر لەجاران و، هی پارتیش کۆتا خەونی بەهۆی ڕێفراندۆمەوە و هاتنە ئارای بزوتنەوەی گۆڕان و دواتر کوتلەی بەرهەم ساڵح و لە ئێستادا نەوەی نوێ. جاران یەکێتی هەبوو لەبەرامبەر پارتی ، ئێستا چوار هێزو، گەشەی بیرکردنەوەی خەڵکی لەبەرامبەر هێزە سیاسییەکان بەهۆی ئەو ڕەوشە تاڵانی و نابەرپرسیارە سیاسییەی یەکێتی و پارتی هێنایانە ئاراوە.

لەپاش ڕێفراندۆم و هەڵەی گەورەی سیاسی بەرزانی کوڕ، پێگەکەی خۆی لەدەستداو، تەنانەت هەموو خەونەکەی لەبەردەم هەڵدێری سیاسی و مێژوویدایە. قسەیەکی سیاسی ئەوروپی هەیە: ئەوەی بیەوێت یەکجار ئەمریکا ڕابووەشێنێت، دەجار دەیگلێنیت و بە ڕەزیلی کۆتا بە ژیانی دێنێت. بەرزانیش نەگبەتی گرتی و لەپێش ئەنجامدانی ڕێفراندۆم ئەمریکای ڕاوەشاند.

لە 16ی ئۆکتۆبەردا، هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی هەرێم بە بڕیارێکی سیاسی هاتنە دواوەو، هەموو خەونی کوردیان کردە قەقنەس.

دووجۆر بیرکردنەوە هەیە لەسەر 16 ئۆکتۆبەر:

1- بە خیانەتی ماڵباتی تاڵەبانی دەزانرێت لە لایەن پارتی و هاوئاوازەکانی و هەندێک هێزی ترەوە.

2- وەک لە بەڵگەکاندا هەیە پارتی لەگەڵ بەغداد ڕێکەوتبوو بکشێتەوە، بەڵام دەیویست یەکێتی دووجار سووک بکات. یەکەم/ گەر دەکرا توشی شەڕی بکات و هێزە سەربازیەکەی تەفروتونا بکات. دووەم/  گەر ئەوەی یەکەم نەبوو، بڵانس بۆ خیانەتی 31 ئاب دروست بکات و 16 ئۆکتۆبەر بکاتە خیانەتی هاوشانی 31 ئاب، ئەمەیان سەری گرد وەک هاشوهوشی سیاسی و میدیایی لە نێو جەماوەرەکەی.

لەئێستادا نێچیرڤان بەرزانی و قوباد تاڵەبانی، یەکەم دەروازەی هەرێمی کوردستانن بە ڕووی دیبلۆماسی و  سیاسی و ئیدارییەوە، ئەم دوو کەسایەتییە، نوێنەری پارتی و یەکێتین، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک خاڵی شاراوە هەیە، کە دەکرێت قسەی زۆر هەڵبگرێت. گرنگ ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، کۆمەڵێک نهێنی و کۆتا هاتنی کەسیاتی سیاسی دەبینین و دەبیستین، ڕوومان رووەو ستایلێکی سیاسی تر وەردەگێڕین.

هەرایەکی شاراوە لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە بیستراو هەیە، ئەویش تاوانبارکردنی یەکێتی لەلایەن سەرانی پارتییەوە، بەوەی لە 16 ئۆکتۆبەردا ماڵباتی تاڵەبانی خیانەتیان کردووە.

لێرە هۆکارە تەکنیکییەکەو هۆکارە سیاسییە گشتییەکە جێدێڵم، لەسەر ئەو خاڵە قسە دەکەم، ئەویش بۆچی لەناو پارتیدا دووجۆر لێدوان هەیە لەسەر 16 ئۆکتۆبەر و، لەناو ماڵباتی تاڵەبانی دووجۆر هەڵوێستە هەیە بۆ بەرگریکردن لەبەرامبەر هەڵمەتی پارتی، دژ بە ڕووداوی 16 ئۆکتۆبەر؟.

نێچیرڤان بەرزانی لەچەند کۆڕێکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی لەسەر ئەوەدەکات، کە ئەوان پێشوەخت ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەغداد کردووە، لەسەر کشانەوە بۆ پیش شەڕی داعش، لەگەڵ ئەوشدا مەسعود بەرزانی و مەسرور بەرزانی و کەمال کەرکوکی و هێمن هەورامی لە چەند بۆنەو چاوپێکەوتنێکدا یەکێتی تاوانبار دەکەن بە ناپاکای نیشتمانی و 16 ئۆکتۆبەر بە هۆکاریی خێزانە دەسەڵاتدارەکەی ناو یەکێتی دەزانن، لێرەدا دووجۆر قسەکردن لەناو ماڵباتی بەرزانی و  پارتیدا دەبیسترێت، ئەم دووجۆرە وتارەی ناو پارتی بۆ ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر، دوو ڕووی سیاسی یان دوو جومگەی سیاسی ناو دەنڕیت یان نا، گرنگ ئەوەیە درزێک لەنێوان قسەکەرە سیاسیە باڵاکانی ناو پارتیدا بە ڕاشکاوانە دەبیستین. کە لەوە دەچێت چنۆکی سیاسی گەورەی بکات و ئەمانیش توشی دابڕانە نۆڕماڵە سیاسیەکەی هەرێم ببن.

کێن ئەوانەی پارتی ڕۆژانە هێرش و سوکایەتیان پێ دەکات لەسەر 16 ئۆکتۆبەر، وەک/ باڤڵ تاڵەبانی و لاهور تاڵەبانی و ئاراس تاڵەبانی و شاناز و هێرۆخانە. ئەمانە هەرە کەسە نزیکەکانی قوبات تاڵەبانین، کەچی قوباد تاڵەبانی وەک بای نەدیبێت و نەباران، ڕۆژانە ئەم هێرش و سوکایەتییە بە هاوگۆشت و خوێنی خۆی دەکەن، لە ڕووی فیزیکییەوە دەکاتە خۆی و، کەچی ئەو بەردەوامی بە کاریی خۆی دەدات لەتەنیشت کەسی یەکەمی ئەمڕۆی پارتی لەهەرێم و  ئەڵێی کەس لەگەڵ ئەویی نییە، ئەم شێوە ڕەفتارەی قوباد، بۆیەکمجارە لەناو ماڵی کورددا سەر دەردێنێت.

من تێناگەم و سەرم سووڕماوە، ئەنجامەکەی بەتارمایی دەبینیم

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە هاوڕێکانت.