هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

هه‌ڵمات به‌ده‌ستی مناڵه‌وه‌ بێنازترین كه‌ره‌سته‌ی یارییه‌، هه‌ر ڕۆژه‌ی شتێكی پێده‌كات، هه‌ندێ جار یاری پێده‌كات، هه‌ندێك جار ئه‌یكات به‌به‌رد و چۆله‌كه‌ی پێده‌كوژێت، هه‌ندێك جار كه‌ ته‌ڵخ و ناشرین و گرنجگرنجاوی بوو، توڕی ئه‌داته‌ ئاوه‌ڕو و سه‌ره‌نوێلكه‌وه‌.
زۆرجاریش بینومانه‌ مناڵ هه‌ڵمات كۆده‌كاته‌وه‌ و له‌گیرفانیدا وه‌ك ڕه‌مزی بردنه‌وه‌ نیشانی هاوڕێكانی ده‌دات، هه‌ڵمات لای منداڵ ئامرازێكی زۆر بێنازه‌، له‌ناكاو هه‌ڵیده‌داته‌ ژێر كه‌نتۆر و سۆفا-ی ماڵه‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دایكی ڕێگه‌ی پێدا به‌ تیرۆكێك ڕایكێشێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وا به‌ دیده‌نی شاد ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا تا ئه‌و ساته‌ی كه‌نتۆرو سۆفا-ی ماڵه‌كه‌ جوڵه‌یان پێنه‌كرێت، مناڵ به‌دیده‌نی شاد نابێته‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ش له‌باشوری كوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە به‌ده‌ستی حزبی كوردییه‌وه‌ وه‌ك ئه‌و هه‌ڵماته‌ی لێهاتووه‌، هه‌ركات بیانه‌وێت ئه‌یكه‌ن به‌ پاڵه‌وان و شاده‌ماری كوردایه‌تی خۆیانی پێ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ركاتیش بیانه‌وێت ناوه‌كه‌ی وه‌ها ونده‌كه‌ن خۆشی نه‌زانێت، ناوی له‌چییه‌وه‌ هاتووه‌!
ئه‌م هه‌ڵماته‌ی ده‌ستی حزبی كوردی زۆرجار ده‌كرێت به‌ ڕه‌مزی دیموكراسی و ده‌یڕژێننه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای دادگایی خه‌ڵكی پێده‌كه‌ن، هه‌ر له‌و لاوه‌ سه‌روو برۆی ئه‌تاشن و ئه‌ینێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ مه‌عشوقیه‌تی.
ئه‌م هه‌ڵماته‌ی ده‌سكه‌لای ده‌ستی حزبی كوردی ئه‌مڕۆ بانگهێشتی كوردایه‌تی پێ لێده‌درێت و به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی مارتی شومی پوچه‌ڵكرێته‌وه‌، ئه‌وا قابلی قبوڵ نییه‌، بێئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵماته‌ ئاڵو وێڵ و نازداره‌ بپرسن، بۆ سواری ده‌بابه‌ی به‌عس-تان كرد له‌31ی ئابی 1996 یان ئه‌رێ بۆ له‌ ڕۆژانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ڕۆژانی دوایی به‌ ته‌نیا جێتانهێشت و ده‌بابه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی نازداریدا رۆیشت؟!.
ئه‌م هه‌ڵماته‌ نازداره‌ی ده‌ستی حزبی كوردی كه‌س نازانێت كێ مووچه‌كه‌ی بۆ دابینده‌كات، له‌لایه‌ك ئه‌مریكا به‌ ملیۆنان دۆلار ئه‌دات به‌ گوێیدا و له‌لایه‌كی تر برسیی و بێده‌ره‌تان، كه‌س نازانێت كه‌ی مووچه‌كه‌ی ده‌درێت!. رۆژی پێیده‌ڵێن تۆ سه‌روه‌ریت و رۆژێكی تر مژده‌ی پاشكه‌وتی مووچه‌ی پێده‌ده‌ن.
ئه‌م هه‌ڵماته‌ی ده‌ستی ئه‌حزابی كوردی ده‌مێك میلیشایه‌ و ده‌مێك ڕۆڵه‌ی قاره‌مان و جاڕ و واته‌واتی شه‌ڕی ناوخۆی پێ لێده‌درێت، هه‌ندێك خه‌میانه‌ تا ئه‌وساته‌ی ده‌نگی بۆ ئه‌دات و هه‌ندێكی تر شه‌وێ دوای ده‌نگدان بیریان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر به‌ چ لیواو فه‌رمانده‌یه‌كن.
له‌و بڕوایه‌دام تا ئه‌م هه‌ڵماته‌ی ده‌ستی ئه‌حزابی كوردی ڕانچڵه‌كێ و ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ نه‌سوتێنێ، نه‌ خۆی پشوو ئه‌دات و نه‌ ده‌سكه‌لابه‌ده‌سته‌كان-یشی ئه‌هێڵن كه‌س له‌باشووری كوردستان پشوو بدات.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.