هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

هەرچەندە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان سەرگەرمی گەڕانە بەدوای دەنگە دزراوەکانیدا، کە ئەمە جگە لەوەی ئەرکێکی حزبییە، لەهەمانکاتدا ئەرکێکی ئەخلاقیشە بەرامبەر ئەوانەی دەنگیان پێداوە، بەڵام لەدوو رۆژی رابردوودا دوو ئەرکی ئەخلاقی سیاسی تر هاتە بەردەم کە تا ئەم ساتە هیچ پەرچەکردارێکی نییە.
حزبی سیاسی بەر لەوەی بەهەڵوێستە حزبیی و بەرژەوەندییە حزبییەکانیدا بناسرێتەوە ئەبێت بە بەرژەوەندییە گشتییەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، لەنەبوونی ئەم هەستانەدا پێویستە لە وەتەری حزبی بدەیت، چونکە ئەگەر لێگەڕێین لە وەتەرەی نەدەین، بێشک وەک زۆربەی حزبەکانی تر لە بەرژەوەندی کۆمۆنی خۆیدا خول دەخوات تا دواتر شتێکی بەدەستەوە نامێنێت، پێی نوێ بێتەوە.
ئەو رووداوە گرنگەی کە لەچەند رۆژی رابردوودا کۆمەڵگەی کوردی هەژاند بریتیبوو لە پێشڕەوی سوپای تورکیا بۆ ناو گوندی بەرمێزی ناحیەی سیدەکان-ی قەزای سۆران. ئێمە لێئەگەڕێین لەوەی کە هاتنی سوپای ئیحتلالی تورکیا بۆ ناو باشوری کوردستان، نوێ نییە، بەڵکو بەرهەمی شەڕی ناوخۆ-ی نێوان پارتی و یەکێتییەو بۆ ساڵی 1997 دەگەڕێتەوە کە پارتی بۆ لێدان لە یەکێتی هێنایە هەرێمی کوردستان و لەناوچەی بامەرنی بنکەیەکی تۆکمەی جێگیرکرد، بەڵام ئەوەی کە رۆژ بەرۆژ ترسەکە هەڵاوگیرتر دەکات پێشڕەویی ئەم سوپای ئیحتلالەیە و بەقوڵاییەکی زۆر پێشڕەوی کردووە، لەسەروو ئەمەوە سوپای ئیحتلال وەک ئیهانە (insult) بەناوی گوندەکەدا هاتووچۆ دەکەن و بەکۆمەڵگەی باشور دەڵێن، کوێمان بوێت بۆی دەڕۆین.
ئەم چاڵنجەی سوپای ئیحتلالی تورکیا پێویستی بە دوو هەڵوێستی جدییە کە بزووتنەوەی گۆڕان پێویستە بیگرێتەبەر و پەلەی لێبکات، یەکەمین گوێ بە هیچ پرەنسپێکی ئیقلیمی نەدات و خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی بۆ ئەنجامبدات، چونکە تا ئەم ساتە ئەم بزووتنەوەیە ساخنەبۆتەوە بەلای هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمیدا، بۆ ئەم خۆپیشاندانەش چ شارێکیش ئەکات بە پنتی جوڵانی، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە لەسەر پرەنسپێکی گشتی و بەرژەوەندی کوردستانی دێتە وەڵام و پێویستیش بە هیچ مۆڵەتێکی وەزارەتی ناوخۆ ناکات بۆ ئەو خۆپیشاندانە.
دووەم لەسبەی زووتر نییە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئەرکی گرنگ لە هەنگاوی دووەمیدا بگرێتە بەر، ئەندامانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوایەکی بەپەلەبکەن بۆ دانیشتنێکی ئەنجومەن و لەو دانیشتنەدا دەرکردنی سوپای ئیحتلال-ی تورکیا لەناو خاکی هەرێم بەجدی وەرگرن و هەڵایەکی میدیایی لەسەر ئاستی عەرەبی لێدروستکەن، دووەمیش لەسەر ئاستی دیپلۆماتی پێویستە هیچ هەڵوێستەی لەسەر نەکەن داوا لەکۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بکەن وەک چۆن داعش نامۆ بوو بەخاکی عیراق، ئەوا سوپای ئیحتلالی تورکیا-ش نامۆ ترە.
لەو بڕوایەدا نیم هیچ کوردێک لەباشوور دژی ئەم هەڵوێستە بێت، جگە لەوانەی کە تەمەنیان لەجاشایەتی دا خەملیوە و فێرن تا ژیان ماوە بە جاشایەتی بژین، خۆ ئەگەر گۆڕان لەم هەڵوێستەدا دواکەوێت ئەوا هەقە ئیتر زوو زوو لایەنگرو هەڵسوڕاوانیان پێی بڵێن، گۆڕان پەلەبکە و هەستە لەخەو.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.