هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

بەر لەماوەیەك چەند فێمنستێکی ڕادیکاڵی نا هاوسەنگ، هەرایەکی گەورەیان کرد لەسەر پەشێوی مەزن سەربارەت بە شیعری [لە ‏دەستم دێ] گوایە دژی کەرامەتی ژنە و سووکایەتی بە پیرۆزی پەیوەندی پیاو و ئافرەت دەکات!‏

ئەو فێمنستانە وەك ئەو ڕاوچیانەن کە بۆمب بەکار دەهێنن لە ڕاودا، بۆ گرتنی چەند ماسیەك هەزاران گیانداری دەریایی و وردیلە ماسی ‏تریش دەکوژن بە هەڕەمەکی! ئەخر بەس من دەزانم پەشێو چەند ڕیز لە ئافرەت دەگرێت، ئەوانیش دێن یەخەی پەشێو دەگرن لەسەر ‏دەقێکی بەر 48 ساڵ، کە سەرەڕای هەر شتێك شاکارێکە بۆ خۆی. وەرە لە ناو ئەو هەموو باوکسالارانەی مەمەلکەت، شەڕ بە پەشێو ‏بفرۆشن!‏
ئەی چی دەکەن بەرامبەر زیاتر لە سەد دەقی جوانی پەشێو کە بۆ ژن و ئافرەت گوتراوە، ماقولە ئەوانە هەمووی نەبینیت لەسەر دەقێکی ‏بەر لە 48 ساڵ نووسراودا هەڵنیشیت، بۆ ئەوەی بیسەلمینیت شاعیر مەزنی کورد باوکسالارانە بیردەکاتەوە!‏
‏” پەشێو لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ڕادیۆی ئەمریکا گووتی: “ئەو شیعرە 48 ساڵ لەمەوبەر و لەناوەڕاستى شەستەکاندا نوسراوە، کە ‏مێردمنداڵێکى بیرکۆتى نوسیویەتى، ئێستا ئەکتیفى دەکەن، ‏‎ “‎ئەوانە چاویان کوێر دەکەن، چونکە زیاتر لە 100 شیعر کەبۆ بەرزڕاگرتن ‏و بەپیرۆز ڕاگرتنى ژن نوسراوە نابینن…. ئەوانە بابچن شیعرەکانى ئاشتى، بەراورد، دوعا، مارگرێت و …هتد، بزانن چییان تێدا وتراوە، ‏کەچى دێن یەخەى شیعرێک دەگرن کە گەنجێک هاتووە خەم خەفەتى خۆى بۆخۆى باس دەکات و لەخۆشى بترازێت هیچ کەسێک ‏نازانێت ئەو شیعرە بۆ کێ نوسراوە‎.
پەشێوی گەورە ئەوەشى وت، “ئەو شیعرە بەستراوەتەوە بەئەفسانەیەک، خۆم لەژیاندام کەسێک لێى نەپرسیوم ئەو ئەفسانەیە ڕاستە؟ کورە نەوەڵا ‏هیچى بەسەر هیچەوە نییە‎.‎
ئەو ئافرەتە فێمنستەی کە ڕەخنەی لە پەشێو گرتبوو، ناوی ڕۆزا حوسێنە، وادیارە لە بەدبەختی ئافرەتی کورد ئەو ڕۆزایە بۆتە ‏داکۆکیکاریان! چونکە کاتی خۆی کە بابەتێکم لەسەر ئافرەت بڵاوکردبوەوە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ئەوەی ئاشنا بێت بە نووسینەکانی من ‏دەزانێت چەند داکۆکی دەکەم لە دۆزی ئافرەت، سەدان وتارم لە پشتگیری دۆزی ئافرەت نووسیوە، لەگەڵ دوو كتێب، کەچی وەڵامێکی دوور ودرێژی بۆ منیش نووسیبوو!‏
خەڵك چۆن گومانی ئافرەت دۆستی لە پەشێوێك دەکات کە ڕوخساری خۆشەویستەکەی وەك کتێبێکی پیرۆز دەبینێت و ئایەتی تێدا ‏دەخوێنیتەوە؟! لە شیعری [بەراورد] دەڵێت:

نیوەشەو بوو ،‎
سروشت مات و دنیا بێهەست‎
تۆ نووستبووی ،‎
ڕوومەتت لەسەر پشتی دەست‎ .
لە ئادگارت وردبوومەوە‎:
پێڵی شەو بۆ هەڵیگرتم ،‎
ڕایهەژاندم ئاوازێکی جاویدانی ،‎
کتێبەکەی دەستم داخست ،‎
خۆم ڕەهاکرد لە زیندانی‎ –
ڕووی پیرۆزی تۆم خوێندەوە ،‎
نەرمە نەرمە ،‎
ئایەت ئایەت ،‎
تا بەیانی

پەشێو پێیوایە با خەڵك و فیزك ناسان چ دەڵێن با بیڵێن دەربارەی چەقی گەردوون چۆنە و لە كوێیە، چونكە لای ئەو چەقی گەردوون ناوكی ژنە وەك هێمایەك بۆ بەردەوامی مرۆڤ و ژیان:

دەستخۆش مۆستا. ئەمەش شعرێکی تری مامۆستا پەشێو. ئیتر لەمە زیاتر چی….!

کێ دەزانێ کوێیە
چەقی ئەم گەردوونە؟
ئەم گەردوونە بێ سنوور و میچ و بنە
ئێوە هەرچی دەڵێن بیڵێن
بەڵام بۆ من
چەقی گەردوون ناوکی ژنە.

لە شیعری
نهێنی دا، ببینە چۆن پەشێو وەك قەدەربەدەستێك لە ئافرەت دەڕوانێت، کە چۆن شتەکان لە دزێوی دەکاتە جوان، و لە ‏هەڵچوون بۆ ئارامی، دنیای بەستەڵەک بۆ ڕەنگینی، لە پەژارەیی بۆ شادی، و لە ئاگر بۆ ئاو و خۆڵەمێش:‏

نهێنی
خانمۆڵه‌كه‌م‎!
ده‌ پێم بڵێ‎:
له‌ كوێ فێر بووی،‎
هۆنراوه‌ بكه‌یته‌ په‌خشان؟‎
له‌ كوێ فێر بووی،‎
ده‌ریای یاخی‎
ئارام بكه‌ی وه‌كوو ئاسمان؟
خۆ تۆ شلكه‌نه‌مامێكی، گیانی گیانان،‎
چۆن ده‌توانی‎
سندم له‌ پێی گڕكان بكه‌ی،‎
لغاو بكه‌ی ده‌می زریان؟
چۆن به‌ ساتێك‎
ئاوا ژینم ده‌ڕه‌نگێنی،‎
به‌ ساتێكیش‎
به‌سته‌ڵه‌كی تیا ده‌كه‌یته‌ سه‌رچۆپیكێش؟‎
چۆن به‌ ساتێك‎
وه‌كوو ئاگر هه‌ڵمده‌كه‌ی،‎
به‌ ساتێكیش ئاوا ده‌مكه‌ی به‌ خۆڵه‌مێش؟

گوێبگرن بۆ ئەو شاکارەی [دوعا] ببینە چۆن پیاو لە خۆی تەریق دەبێتەوە، بارتەقای سەد کتێبی فێمنستان بەرگری لە ‏ئافرەت دەکات و کوشتنیان شەرمەزار دەکات:‏

ئێستا گومان لە چی بکەم؟‎
لە چی نەکەم؟‎
ئێستا گومان لە کێ بکەم؟‎
لە کێ نەکەم؟‎
لە هەر 40 هەزار پێغەمبەر؟‎
لە کتێبە پیرۆزەکان؟‎
لە کردگار ؟‎
فیرعەونەکان دنیایان خوارد ‏‎
بۆچی موسا دارعەسا کەی هەڵنابرێ ؟‎
و نایکا بە مار؟‎
ئەوا دیسان بەردبارانی مەجدەلیە‎
کەنگی مەسیح دێتە هاوار؟‎
بۆ شێخ ئادی مەرقەدەکەی جێناهێڵێ؟‎
بۆ گومبەتێک منارەیەک بە زەویدا ناچێتە خوار؟‎
ئەی من بۆچی ناتپارێزم؟ ئازیزەکەم ،جگەر گۆشەم‎
نیشتیمانی بن پێلەقە و بلۆک و دار ‏‎
بۆ بڵێسەی قەڵەمەکەم دەوراندەوری جەستەی پیرۆز‎
هەڵنابەستێ شورە و دیوار؟‎
دەک شەرمەزار بم ، شەرمەزار بم‎, ‎شەرمەزار‎

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە خودی شیعرەکەی [لە دەستم دێ] وەرە لە پەڕاوێزی ئەو وتارە بیخوێنەوە، ببینە چ شاکارێکە، جەستەت پڕی ‏تەزوو دەکات، بەڵام بەو مێژووەوەش، کە بەر لە 48 ساڵ نووسراوە، هێشتا دەیسەلمێنێت کە پەشێو ئەو کاتەش جیاواز و جوامێر بیری ‏کردۆتەوە، کە دەیتوانی وەك هەر گەنجێکی زامداری ئاسایی، هەڕەشەکانی لە دژی دلبەری بێ وەفا جێبەجێ بکات، بەڵام خۆشەویستی ‏زاڵ کردوە بەسەر ڕق و قینی لە خۆشەویستە ناجوامێرەکەی.‏
پەشێو دەڵێت: ئەوانەى کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو شیعرە دەکەن نایەن بزانن لەکوێ و لەچ بارودۆخێکى کۆمەڵایەتیدا نوسراوە، ڕاستە ‏شیعرەکە لە لەحزەیەکى توڕەیدا نوسراوە، بەڵام هەر بەو مێردمنداڵیەش هەستم بەوە کردووە، ئەو شتانەم لەدەست دێت وەک هەموو ‏کەسێکى دواکەوتووى کۆمەڵگا، بۆیە وتومە‎:‎
بەڵام: چی بكەم؟‎!
خۆشەویستیت‎
نەهەنگێكە‎
خوێنی هەڵچووم ئەخواتەوه‎
خۆشەویستیت‎
ڕووبارێكه‎
قینی ڕەشم ئەشواتەوه

هیچ فێمنستێك و فێمنستامەیەك و وتارێکی فێمنستی بە قەد ئەو شیعرە کاریگەری هەیە لەسەر پیاو و مرۆڤی کورد، ئەگەر بێتوو لە ‏قوتابخانەکاندا بخرێتە ناو مەنهەجەکانەوە؟! باوەڕناکەم!‏

ژێدەرەکان:

‏1- ئەمەش دەقی شیعرى لەدەستم دێى، عەبدوڵا پەشێوە‎ .‎

لە دەستم دێ‎
كاتژمێری، كامەرانیت بوەستێنم‎
لەدەستم دێ‎
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ‌ دەم،‎
نامەی بەختت بسوتینم‎!
لەدەستم دێ‎
هەموشتێك ئاشكراكەم‎
كام شەوت كەش و ڕووناكه‎
ئەو شەوە پف لە چراكەم‎

لەدەستم دێ‎
بەدوو وشه‎
دڵی زاوای نوستوت ڕەشكەم‎
لەخۆشاوی‎
شەوی پەردەتان بێبەش كەم‎
‎***
نامەكانت‎
یەك یەك ماون‎
دیارییە سادەكانت‎
یەك یەك ماون‎
چاویان شۆڕە‎
دەست لەسەر سنك بۆم وەستاون‎!
لەتاوی ئەوكارەساتەم‎
ئارەقەی شەرم ئەتكێنن‎
مۆری حەزێكی ئاگرین‎
بەناوچاوتەوە ئەلكێنن‎!
‎***
تاڵێكی چت نەماوت‎
تێرتێربۆنم نەكردبێ‎!
جێی دەرزی یەك‎
لەسنكی برسیت نەماوە‎
پەنچەم پەى پێ نەبردبێ‎!
گەواهی ئەدەن…لەسەرت،‎
دارتێلەكانی، سەرشەقام‎!
گەواهی ئەدەن…ئەوانەی‎
نامەی تۆیان بۆدەهێنام‎
بەڵێ گیانه‎
گەربمهەوێ‎
كاتژمێری كامەرانیت بوەستێنم‎
گەربمەوێ‎
ئەڵقەی پەنچەت پێ فڕێ دەم‎
نامەی بەختت بسووتێنم‎
بەڵگەم پێ یه‎!
هەزار بەڵگەی ئاشكراو ڕوون‎
بەڵگەی چوار ساڵ پێكەوەبوون‎
بەڵام: چی بكەم؟‎!
خۆشەویستیت‎
نەهەنگێكە‎
خوێنی هەڵچووم ئەخواتەوه‎
خۆشەویستیت‎
ڕووبارێكه‎
قینی ڕەشم ئەشواتەوه

‏2- شیعری دوعا:‏

عەبدوڵا پەشێو – بۆ دوعا

ئێستا گومان لە چی بکەم؟ لە چی نەکەم؟ئێستا گومان لە کێ بکەم؟لە کێ نەکەم؟لە هەر ٤٠هەزار پێغەمبەر؟لە کتێبە پیرۆزەکان؟لە کردگار ؟فیرعەونەکان دنیایان خوارد بۆچی موسا دارعەسا کەی هەڵنابرێ ؟و نایکا بە مار؟ئەوا دیسان بەردبارانی مەجدەلیەکەنگی مەسیح دێتە هاوار؟بۆ شێخ ادی مەرقەدەکەی جێناهێڵێ؟بۆ گومبەتێک منارەیەک بە زەویدا ناچێتە خوار؟ئەی من بۆچی ناتپارێزم؟ ئازیزەکەم ،جگەر گۆشەمنیشتیمانی بن پێلەقە و بلۆک و دار بۆ بڵێسەی قەڵەمەکەم دەوراندەوری جەستەی پیرۆزهەڵنابەستێ شورە و دیوار؟دەک شەمەزار بم ، شەمەزار بم, شەرمەزار——-#پەشێوبۆ دوعا

Opslået af ‎شیعرەکانی عەبدوڵڵا پەشێو‎ på 8. januar 2016

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە