هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

جەنگ یان شەڕ حاڵەتی پێکدادانی دوو یان چەند وڵات، دەستە یان ھێزە کە بۆ ماوەیێک و بە شێوەیێکی مونەززەم بەڕێوە دەچێت. شەڕ ئاکامگەلێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەیە و دەبێتە ھۆی لە ناوچوونی ژیانی مرۆڤ و لەناوچوونی بنگە ئابوورییەکانی کۆمەڵگا.
هەر لە ڕوانگەی ئەم پێناسەیەوە ڕۆدەچینە نێو بابەتەکەمان و داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعش و پاشان ئامادەکاری بۆ ئازادکردنەوەی بەبێ رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان، دەبێتە باس وخواسی دەستپێکی ووتارەکەمان.
موسڵ. سێهەمین شاری گەورەی عێراقە دوای بەغدا و بەسرە، وەیەکەمین شاری گەورەی سونەنشینە لەناوچەکەدا بەکوردو عەرەب و چەند کەمایەتیەکی ترەوە.
موسڵ پارێزگایەکە کە بەچەند ملیۆن دانیشتوانەوە و یەکێک بوو لە مەڵبەندەکانی لانکەی شارستانیەت و رۆشنبیری و خوێندن و پیشەسازی و نوێنەرایەتی کلتورە
جیاوازەکانی دەکرد لە ناوچەکەدا.
بەڵام . بەڕۆژی ڕوناک لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ماوەی چەند سه‌عاتێکدا بە دەریایەک چەک و جبەخانەوە پێشکەش بە داعش کراو ئەفسەرو سەربازەکانیشیان بەڕووت و قووتی بەرەو مۆڵگاکانیان پاشەکشەیان کرد.!
ئەوە چەند ساڵێکیشە لەژێردەستی دڕندانەی داعشدا وێران و خاپور بووه‌ و دانیشتوانەکەی لەجەهەنمدا دەسوتێنرێت. ماوەی چەند ساڵێکیشە بەسەرکردایەتی ئەمەریکاو هاوپەیمانان ئامادەکاری کرا بۆ ئازادکردنەوەی. لەم چەند ساڵەدا سوپای عێراقی تائیفی و حه‌شدی شەعبی درووستکراوی ئیران و جۆرەها میلیشایی درووستکراوی ووڵاتانیتر، تورکیای عوسمانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان بێبەش نەبووە لەودەستسازی پیلان گێریەدا، کە ئەوەی داعش نەیتوانی بیکات بۆ کاولکردنی موسڵ و کوشتنی خەڵکە بێتاوانەکەی ئەم دەستەوتاقمانە کردیان.
هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەسەرکردایەتی ئەمریکا و هاپەیمانان ڕاهێنانی باشیان پێکرا بۆ پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ و شوێنەداگیرکراوە کوردستانیەکانی لەئەستۆ گرت. ئەوەی جێی خۆشحاڵیە هیزی پێشمەرگە لەو تاقمانە جیادەکاتەوەو وەکوهێزێکی دیارو لێهاتو لە میدیا جیهانیەکانەوە باسی لێوەدەکرا رەفتاری مرۆڤ دۆستانەبوو لەگەڵ ئەو خەڵکانەی کە ناوچەکانیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد دەکرا. بەڵام ئەو سوپا بەنا نیزامیەو چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نیازوو مەرامێکیتری لە پشتەوە بوو.!
ئەم هەموو پلان داڕشتنە بۆ ئەوە بوو ڕزکار کردنی موصڵ ناوچەکانی بەکەمترین زیان و ماڵوێرانی لێی دەرچن و مافی مرۆڤ و بنەما یاسییەکانی مرۆڤ دۆستانەی نێودەوڵەتی تیادا بەرجەستەبکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە نەک هەر ڕەچاوی یاساو مافەکانی مرۆڤی تیابەدی نەکرا بەڵکوئەوەی کاری نامرۆڤانەبوو لەو شەڕە نەگریسەدا بەرانبەر بە دانیشتوانی ئەو شارەکرا کە هیچی کەمتر نەبوە لەو تاوانانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرانبەربەو خەڵکە ستەم لێکراوەی کرد.
ڕاستە شەڕ ماڵوێرانی و نەهامەتی لەگەڵ خۆی دێنێ، هەر لەبەر ئەوەشە کە دەووترێت هیچ لایەنێک لەشەڕدا براوەنیە، هەر بۆیە یاسای نێودەوڵەتی بە چەند خاڵێک ئەو ڕێوشوێن و مەترسیانەی وەک مافێکی رەوایی و ئەخلاقی بۆ کەم کردنەوەی ئەودەستدرێژی و کوشتوکوشتارەی خەڵک کە لەکاتی جەنگە بێ ئامانەکاندا ڕوودەدات لانیکەم ئەگەر بنەبڕیشی نەکات بەڵام کەمی دەکاتەوەو لەچوارچێوەیەکی یاساییدا قەتیسی دەکات.
یاسای مرۆڤ دۆستانەی نێودەوڵەتی بە گشتی پێكهاتوو لە 15 خاڵی ئەخلاقی و حقووقی كە لە زانستگاكانی سەرتاسەری وڵاتان دەخوێندرێت ئەم خاڵانە لە دوو تێرمی خوێندن بەئەنجام دێت كە لێرەدا هەوڵدەدەم كۆلیاتێك لە هەر 15 خەڵەكەتان بەبێ درێژدادڕی پێشكەش بكەم:
((ڕێسای یەكەم: “جیاكاری” پێویستە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكان تەنیا نیزامی و سەربازی بێت و خەڵكێك كە بەشداری ڕاستەوخۆ لەشەڕدا ناكەن نابێ ببنە ئامانج. وەكوو شی كردنەوە: ئاراستەكردنی لێدانەكان دژی خەڵكی مەدەنی یان دامەزراوەی مەدەنی بە تەواوی قەدەغەیە. بەڵام لێرەدا مەبەست لە بەشدار بووانی ڕاستەوخۆ لە شەڕ و هەر وەها خەڵكی مەدەنی كێیە؟ دامەزراوە مەدەنیەكان چین؟ بەشدار بووانی ڕاستەوخۆی شەڕ پێكهاتوون لەو كەسانەی كە: چەكداربن ( لە هەر ڕەگەز و تەمەنێك) – بەشداری كردن لە كردە سەربازییەكاندا، پلان دانان بۆ كردە تاكتیكیەكان / ئامادەسازیەكان – كۆكرنەوەی زانیاری سیخوڕی و تاكتیكی – رۆیشتن بۆ جێبەجێ كردنی كردەی سەربازی و گەرانەوە لێی.
ئەو كەسانەی كە ناڕاستەوخۆ لە شەڕدا بەشداری دەكەن پێكهاتوون لە ئەو كەسانەی كە: فرۆشتنی خۆراك یان كەرەستە بەلایەنی بەرامبەر – گواستنەوەی زانیاری ناسەربازی بۆلایەنی بەرامبەر – گواستنەوەی خۆراك یان كەرەستەی ناسەربازی بۆلایەنی بەرامبەر – دابینكردنی یارمەتی پزیشكی بۆ هەر لایەنێك لە لایەنەكان – پاڵپشتی كردنی دارایی یەكێك لە لایەنەكانی پێكدادان – كار كردن لە بەرژەوەندی حكومەت یان لە كار و بارە فریاگوزاریەكاندا.
دامەزراوە مەدەنیەكان پێكهاتوو لە: خانووە مەدەنییەكا – زۆربەی باڵەخانە دەوڵەتیەكان – كارگەكان / دامەزراوە نا سەربازییەكان (تەنانەت ئەگەر پەیوەندیدار بە سپا یان ئەرتەش بێت) – گۆڕەپانە گشتییەكان – شوێنەكانی خواپەرست –قوتابخانەكان، جێگای ئاماژەیە دامەزراوە مەدەنییەكان لە ئەگەری ئەوی كە ببنە بنكە یان كۆگای نیزامی ناتوانین بڵێن لە حاڵەتی مەدەنیدا ماونەتەوە.
رێسای دووهەم- بەراورد كردن: لەكاتی لێدانی ئامانجی سەربازییدا، پێویستە دڵنیایی بدرێت كە زیانە لاوەكیە پێشبینی كراوەكان زیاتر نین و بەراورد بە سوودە سەربازییەكەی كراوە. وەكوو نموونە لە ئەگەری ئەوەی كە چەكدارێكی داعش بە تەنیا لە وەزارەتخانەیەكدا بێت، دەبێ خۆی بكوژڕی یان دەستگیر بكرێ و نابێ وەزارەتەكە بەسەریدا وێران بكەن و زیان ماڵی بەرفراوان بدەن.
رێسای سێهەم- ڕەچاوكردن: پێویستە ڕەچاوی هەموو ئەگەرێك بكرێت كە لەوانەیە ڕووبدات بۆ خۆ بەدورگرتن لە ڕوودانی زیانە لاوەكیەكان یان كەم كردنەوەیان بۆ كەمترین ئاست.
رێسای چوارەم- هۆكار و شێوازەكانی شەڕكردن: نابێت چەكی قەدەغەكراو یان شێوازە نایاسایەكانی شەڕكردن بەكاربهێنرێت.
رێسای پێنجەم- نەخۆش و بریندار: پێویستە هەموو بریندار و مردووەكان كۆ بكرێنەوە، ئەگەرچی سەر بە لایەنی دۆست بن یان دوژمن جیاوازی نیە و دەبێت چاودێری پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
رێسای شەشەم- گارانتی بنەڕەتی و دەسبەسەر كردن: پێویستە مامەڵەیەكی مرۆڤدۆستانە لەگەڵ دەسبەسەركراوەكان یان تەسلیمیەكان بكرێت و رێز لە مافە بنەرەتی یەكانیان بگیرێت. (هەر كەس خۆی دا بەدەستەوە یان دەسبەسەركرا یان ئەسیر كرا دەبێت چاودێری بكرێت و ئازار نەدرێت).
رێسای حەوت- بارمتە و قەڵغانی مرۆیی: پێویستە گاراتنی بارمتە و بەكارهێنانی قەڵغانی مرۆیی قەدەغە بكرێت.
رێسای هەشتەم- ڕاگواستن: نابێت خەڵكی مەدەنی ڕاگوێزرێت، مەگەر لە بەر سەلامەتی خۆیان یان لەبەر هۆكاری ئەمنیەتی و سەربازی و لە كاتی گواستەوەیان ئەركە كە پارێزگاری هەمەلایەنەیان لێ بكرێت.
رێسای نۆهەم- موڵك و ماڵ: پێەویستە ڕێز لە موڵك و ماڵی مەدەنی بگێرێت. پێەویستە بەهەمو شێوەیەك خۆ لە تاڵانی و دزی نەدرێت و مڵك و ماڵی خەڵك تاڵان نەكرێت.
رێسای دەیەم- توند و تیژی سێكسی: پێویستە رێز لە ژنان و منداڵان بگیردرێت، پەلاماردان و دەستدرێژی كردنی سێكسی بۆ سەر هەر ژن یان منداڵێك قەدەغەیە، بە واتایەكی دیكە نابێت دەستڕێژی بكرێتە سەر شكۆی هیچ كەسێك، لە ناویشیاندا مامەڵەی سوكانە و بێ ڕێزی كردن، پەلاماردان، ناچار كردن بە لەش فرۆشی و… قەدەغەیە.
ڕێسای یازدەهەم- منداڵان: پێویستە دڵنیایی بدرێت لە بەهرەمەند بوونی منداڵان لە یارمەتی و چاودێری پێویست بۆیان. پێویستە بە سەربازكردنی منداڵان لە ناو هێزە چەكدارەكاندا یان بەكار هێنانیان لە كردە سەربازیەكاندا قەدەغە بكرێت.
رێسای دووانزە- لۆگۆكان: پێویستە ڕێز لە پزیشك و دامەزراوە پزیشكییەكان بگیرێت، لە ناویشیاندا ئەوانەی لۆگۆی سەلیبی سووری نێودەوڵەتی / مانگی سوور / كریستاڵی سوور و نیشانەی تری ئاژانسە مرۆیەكانیتریان هەڵگرتوە.
رێسای سێزدەهەم- هاوكاری مرۆیی: پێویستە رێگە بە كارەكانی هاوكاری مرۆیی بدرێت و ئاسانكاری بكرێت بۆ گەیاندنیان بەو خەڵكە مەدەنییەی پێویستیان پێیەتی.
رێسای چواردەیەم- تۆڵەسەندنەوە و دڵ رەقی: نابێت كاری تۆڵەسەندنەوە و دڵ رەقی ئەنجام بدرێت چونكوو ئەوە پێشێل كردنی یاسای پێكدادانە چەكدارییەكانە.
رێسای پازدەیەم – پابەند بوون: پێویستە كاریی تەواو بكرێت بۆ ئەوەی یاسای پێكدادانە چەكداریەكان لە لایەن هێزە چەكدارەكانی بەرامبەرەوە پێشێل نەكرێت و لە كاتی ڕوودانی پێشێلكاریەكاندا، پێویستە هەنگاوی گونجاو بنرێت بۆ لێكۆڵینەوە و سزادانی پێشێل كاران)).
ڕاستە جەنگ یان شەڕ لە هەر حاڵەتێكدا ڕووداوو کارەساتێکی دژبە مرۆڤایەتیەو دانانی یاسا و ڕێسا بۆی هیچ مانایەكی نیە، چونکە شەڕ هەر شەڕە و بریندار هەر بریندارە و كۆژراویش هەر كوژراوە. بەڵام بە بوونی ئەم پانزە خاڵە گەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوەڕێگری لە حەجمێكی بەرفراوان لە ژینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ئاژەڵی و ژینگەیی دەگیرێت و وەكوو یاسایەكی هەمیشەیی بەرچاو، چونکە بونی چەک وچەک هەڵگر بێگوومان دەبێتە ئامانجی شەڕ.
تێبینی: هەر 15خاڵەکە بە سوپاسەوە لە ئەکاونتی کاک شاهۆ محمودیەوە وەرگیراوە.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت