هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ڕیفراندۆم شێوازێكی دیكەیە لە شێوازەكانی بەشداریكردنی هاووڵاتییان (دەنگدەران) لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا، بەیەكێك لە رێگاكانی دیموكراسی راستەوخۆ دادەنرێت و دەرفەتی ئەوە بۆ هاوڵاتیان زیاتر دەڕەخسێنێت, كە لەبارەی پرسێكی دیاریكراوو چارەنوسساز, بە بەڵێ, یان بە نەخێر دەنگ بدەن، خۆ ئەگەرپشت ئەستووربێت بە دەستورو یاسا بەرکارەکانی هەرێم ئەوە بێشک متمانەی زیاتر بەدەست دەهێنێت لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.
‌ بەڵام. ئەوانەی بڕیار لەسەر ریفراندۆم دەدەن لەهەرێمی کوردستان تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە، کە ئایا گشت پرسی له‌سه‌ر بنه‌مای‌ یاسایی‌ یاخود سیاسی‌ ئەنجام دەدەن، ئه‌گه‌ر نیازیان وایە لە‌سه‌ر بنه‌مای‌ سیاسی‌ بێت ئه‌وا پێویست ناکات خۆیان ماندووکەن. چونکە شتێکی تازەیان اکتشاف نەکردووە، لەبەر ئەوەی له ‌ساڵی‌ 2005دا له‌ 99%ی‌ خه‌ڵك داوای‌ جیابوونه‌وه‌ یان کرد، بەڵام ئه‌و كاته‌ رایه‌كی‌ گشتی‌ نه‌جوڵاند، لەبەرئەوەی جوڵانەوەکە لەسەر بنەمایەکی یاسایی نەبوو بۆیە هیچی لێ سەوز نەبوو، تەنها ئەوە نەبێت کە یه‌ك هه‌ڵوێستی‌ دەنگی کوردستانیانی یه‌كلایی كرده‌وه‌.
زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری یاسای دەستووری وای بۆ دەچن کە ریفراندۆم له‌ دۆخی‌ ئێستادا ئەگەر بکرێت دەبێت ریفراندۆمێك بێت‌، بنه‌مایه‌كی‌ یاسایی‌ له‌ پشت بێت بۆ ئه‌و مەبەستەش پێویسته‌ په‌رله‌مان كارابکرێتەوە تالایەنە سیاسیەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو یاسایەدابکەن نه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نێك”.
کەچی بڕیاردەری كاروباری یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان کەلەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە به‌ ماڵپه‌ڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: به‌ڕێوه‌چوونی گشتپرسی، پێویستی به‌ په‌رله‌مان و یاسا نییه‌، چونكه‌ له‌ یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا هاتووه‌، كه‌ كۆمسیۆن ده‌توانێ بۆ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی، پشت به‌و نیزامه‌ ببه‌ستێت كه‌ خۆی ده‌ری ده‌كات. بەپێی بۆچوونی ئەم بەڕێزەبێت پەڕلەمان زیادەیە وئەگەر نەشبێت ئاساییەو زەروور نیە.!
هەروەها زیاتردرێژە بەقسەکانی دەدات و ده‌ڵێ: ناوی ته‌واوی كۆمسیۆنه‌كه‌، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسییه‌، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی راپرسییه‌ و مافی یاسایی ئه‌وه‌ی پێ دراوه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌ركێكی بۆ جێبه‌جێ نه‌كرا و پێویستی به‌ یاسا هه‌بوو، ده‌توانێ خۆی نیزام ده‌ربكات.
لەهەمووی سەیرترو نالۆژیکیتر (مه‌حموود محه‌ممه‌د) گووتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: مه‌رج نییه‌ گشتپرسی پێویستی به‌ یاسا هه‌بێت”.! بۆ وەڵامی ئەم بەڕێزانە بە پێویستی دەزانم پێکەوە بڕوانینە
بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان کە مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە دەسەڵاتەکان لە هەرێم، هیچ یه‌كێك لە دەسەڵاتەکان (پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم، جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان عێراق، کە کۆمیسیۆن تەنها دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێکخستن و دەرکردنی رێنمایی تایبەت بە یاساکانی هەڵبژاردنی پێداون، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بکرێت کە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی هەیە لەگەڵ دیاری کردنی وردەکاری ریفراندۆم٠
بۆیە ئەم جۆرە لێدونانەی هەندێک لەبەرپرسان نەک خزمەت بە پرۆسەکە ناکات بەڵکودەشیخاتە ژێرپرسیارەوە.! لەهەمان کاتیشدا خۆدزینەوەیە لە بەیاسایی کردنی پرسێکی گرنگی وەک ڕیفراندۆم کە ئەگەر بکرێت ئەوەچاوی دونیای دەچێتەسەر. ئاخر بەڕێزینە هەرچی بڕیارێک لە بارەگا حیزبیەکانەوە دەردەچێت ناچێتە چوار چیوەی یاساوە، تەنها بڕیارێکی سیاسیەو هیچیتر،دواتر نەیارەکانمان دەتوانن تانەی لێبدرێت و ڕاوەستێنرێت تاڕەدەی هەڵوەشێاندنەوەش، لەبەر ئەوەی پەڕلەمان تەنها شوێنی شەرعی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و شوێنی دەرکردنی یاساوبریارە چارەنوس سازەکانە، ئەودەزگا شەرعیەیە کە هەڵبژێرراوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. پاشان. لەگەڵ ئەوەی هێزێکی یاسایی هەیە لە هەمان کاتیشدا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە معتبر ترەو زیاتر باوەڕ پێکراوە.
هەرجەندە لەئێستا‌ پرسی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی پراكتیكی، وابڕیاره‌ له‌ چەند ڕۆژی داهاتودا به‌ڕێوه‌ بچێت. بەڵام تائێستا ساغ نەبۆتەوە لەسەر بنەمای سیاسی ئەنجام دەدرێت یاخود لەسەر بنەمای یاسایی.! بەبڕوای بەندە دەنگدان بۆ گشتپرسی بەبێ پاڵپشتی یاسا وەک ئەوە وایە هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا ئەنجام بدەی.

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت