هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

کێشە ئەوە نیە فەتلاوى چى دەڵێت، کێشە ئەوەیە لە ناوخۆماندا سەدان کەس رۆژانە زۆر خراپتر دەڵێن. ئاماژە دان بەوەى فەتلاوى دەیڵێت، ڕوویەکى بۆ لە بیر بردنەوەى ئەو هەموو جوێنەیە کە هەندێک بە ناو سیاسى و پەرلەمانتێر و ورگزلى کورد کورد دەیڵێن. تۆ کە یەکجار لە سەر جنێوو قسەى ناشرینى پەرلەمانتێرێک یان سەرکردەیەک کە چى ناشێت دەیڵێت هەڵوێست وەرناگرى، هەق نیە لە دوو قسەى فەتلاوى توڕە بیت، کە نەکەس بایەخى پێدەدات نەکەس بە تورێکى قوڕاوى دەیکڕێت. سەیرى نێو ماڵەکە بکە، هەڵبەت ئەگەر خۆمان تەباو رێک بین، ئەگەر بڕوامان بە دەستاو دەستى دەسەڵات هەبێت، ئەگەر لانى کەم پێکەوە بین و پەرلەمانتێر وەک کادیرى ناوچەو کۆمیتە خراپتر نەکەوێتە وێزەى هاونیشتمانیەکەى خۆى، فەتلاوى با هەر لە گوپى دات.
کێشەکانى هەرێم لەو کاتەوە دەستى پێکرد، کە بارزانى بۆ مانەوەى خۆى لە سەر کورسى دەسەڵات و بۆ ئەوەى وەک ڕێبەرى هەرێمى کوردستان خۆى نیشانبدات. چووە شەڕێکى کەسیەوە لە گەڵ مالکى، ئەمە سەرەتاى کێشەکە بوو، لە کاتێکا مالکى بە سەر فەرشى بارزانى لە هەولێرەوە کرایەوە بە سەرۆک وەزیران، شەڕەکەش، شەڕى کورسى و نەوت و پۆست بوو. شەڕى نەتەوەو نیشتمان و مادەى 140 نەبوو. یەک بەڵگە نیە بڵێت شەڕەکە شەڕى نەتەوەو نیشتمان و مادەى 140بووە. دواتریش بەزمەکە لە ناوخۆدا لە سەر ئەوە دروست بوو، کە ئیدى نابێت کەس باسى پرسى سەرۆکایەتى هەرێم و رێکخستنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم بکات. چ ئەو دەم و چ دواى کێشەى کورسیەکەى سەرۆکایەتى هەرێم هەبوون نقەیان لە خۆیان بڕى و هەڵوێستێکى ڕوونیان نەبوو، بەڵام بە قسەیەکى فەتلاوى دەچن بە حەوادا. کێشەکانى ناوخۆى هەرێم، نەمانى موچە، قەیرانى داراى، سەرهەڵگرتنى لاوان، تێکچوونى پەیوەندیەکان هەمووى گرێدراوى بە یاسایى کردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم بوو، کە بۆ پارتى و هەندێ پەرلەمانتارى پارتى ئەم کورسیە وا لێکدراوەتەوە تا دنیا دنیایە لاى ماڵباتى بارزانى بێت، گەر نا ئەو شەڕەى بۆ چى بوو.
تێکچوونى بارو دۆخەکە لە 30 حوزەیرانى 2013 لە ئەستۆى ئەو بابایە بوو کە ” فرسەتى دەویست بۆ تێپەڕاندن ” لە دواى ئەوەشەوە نەگوناهى گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکان بوو، نە ئەوەى گوایە سەرۆکى پارلەمان بە تەماى کودەتا بووە، ئاخر سەرۆکى پارلەمان کودەتا لێکراو بوو نەک کودەتا کەر، هەموارى یاسایى سەرۆکایەتى هەرێم هى بزوتنەوەى گۆڕان و نەوشیروان مستەفا نەبوو بە تەنها، هى یەکێتى و کۆمەڵ و یەکگرتوى ئیسلامیش بوو، دەى با یەکێتى بیکاتە مەرج کە هەموارى یاساکەى ئەو ببێتە بابەتى قسەلەسەر کردن، بە مەرجێک بڵێن کێ پارلەمان و کوردستانى بەو دەردە برد.
فەتلاوى کەى کێشەیە، کێشە لە نێو ماڵەکەى خۆماندایە، ڕەگى شێرپەنجەکە لە جەستەى خۆماندایە نەک بۆمان نێردرابێت.

 

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە