هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی دنیادا، کاتێک کەسێک کۆچی دوایی دەکات، جوانترین و بە نرخترین بەرگ و پۆشاکی لەبەردەکەن، بەڵام: ( پۆشاک مردوو زیندوو ناکاتەوە )، جا خوایدەکرد ئەو پۆشاکە، لــــە تاڵ و داوی تەڵا و گــەوهـەریش دروستکرابێت. بە گشتی پەیڕە و پڕۆگرامی حیزبەکانی باشوری کوردستان، بە تایبەتیش هەردوو حیزبی بنەماڵەی پارتی و یەکێتی، بە بیرۆکەی ناوازە و نایاب و دروشمی بریقەداری وا ڕازاونەتەوە، شان لە شانی حیزبە سوشیاڵ دیموکراتەکان و حیزبە پێشکەوتووەکانی دنیا دەدەن، بەڵام ڕێک لەو پۆشاکە دەچن، کە بە زۆر لە جەستەی مردووی ورگنی چاوبرسی هەڵکێشراون و مەحاڵە بتوانن خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن. بێگومان پێش ئەمانیش ئەگەر سەرۆک عەشیرەتێک، کوێخایەک، یان حیزبێک هەبوو بێت، لە مان باشتر نەبوون و نەیانتوانیوە خزمەتی وڵات و میللەت بکەن. بە درێژایی ئەو مێژووە لە خوێن هەڵکێشراوەش، بەشی هەرە زۆری ڕوناکبیران، لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا، لایەنی هەقیان بەرداوە و نۆکەر و کاسەلێسی ئەو کەس و حیزبە خۆسەپینەرانە بوون و گوزارشتییان لە خواستی خەڵکی نەکردووە و یەک هەنگاو کۆمەڵگاکەیان بەرەو پێش نە بردووە، تا لە دەستی ئەو زاڵــم و ستەمکــارانە ڕزگاریان بێ.
لە ڕۆژی 30- 10- 1918 دا دەوڵەتە نەخۆشەکەی عوسمانی هەرسدەهێنێت، لە ساڵی 1921 دا دەوڵەتی عیراق لەسەردەستی ئینگلیزدا دادەمەزرێت، لە هەمان کاتیشدا کوردستانیش دابەشدەکرێت و بەشێکی بە زۆر دەخرێتە سەر عیراق. بەریتانیا پێش روخانی حکومەتی عوسمانی کۆمەڵیک ڕاوێژکار و شارەزای خۆی دەنێرێت بۆ ناوچەکە، یەکێک لەوانە خاتوونێک بووە بە ناوی ( میس بێڵ ) ـەوە، کە لە ساڵی 1917 دا لەگەڵ سوپای بەریتانیادا گەیشتۆتە عیراق و بە ئەندازیاری سەرەکی دامەزرێنەری عیراق دادەنرێت. ئەو ماوەیەی لە عیراقدا بووە ، 1600 نامەی بۆ باوکی و دایکی نووسیوە و سەدان ڕاپۆرتیشی بۆ دەزگای هەواڵگری بەریتانیا ناردووە، ناوبراو شارەزا و ئاگاداری کێشەی کورد بووە، گەلێ لە کەسایەتییەکانی کوردی ناسیوە، ناوچەکانی شارباژێر و شارەزور و هەورامان و سلێمانی گەڕاوە و پێشوازییان لێ کردووە، ئەوەتا بە دەمی خۆشی دەڵی: من کوردستانم خۆشویست بە وڵات و خەڵکەکەیەوە و هەرگیز وڵاتی وا جوان و دڵفرینم بە چاو نەدیوە. کەچی لە خەمی کێشەکەیدا نەبووە و لە ڕووی سیاسییەوە پشتگیری دۆزەکەی نەکردوون.
جا پرسیار ئەوەیە: لە کاتێکدا کوردستان و کوردی خۆشویستووە، دەی باشە بۆ دەبێت دۆز و خواستی کوردی فەرامۆشکردبێت؟. بێگومان لە نامەکانیدا بەمجۆرە هۆکارەکانی باسکردووە:
1- سەرکردەکانی کوردی بە پیاوی دەوڵەت نەزانیوە
2- لە نێو خۆیاندا پارچە پارچە و ناتەبا و ناکۆکن
3- تاڵانچی و ستەمکارن
4- نەیانتوانیوە لەگەڵ ئینگلیزدا خۆیان رێکبخەن و زۆر جاریش بوونەتە پیاو و نۆکەری تورکیا
ئەوەی شایانی باسە ئەم خانمە تا خوا حەزبکات ڕقی لە هەڵسوکەوتی سەرکردەکانی کورد بووە، هەر کەسێک باسی داخوازییەکانی کوردی بۆ کردبێت، قینی لێی هەستاوە و دژی وەستاوەتەوە و بوغزاندویەتی. مرۆڤ کاتێک هەست بەم ڕقە ئەستورەی ئەم خاتوونە دەکات، هۆنراوەکانی پیرەمێردی نەمر و حەمدی ساحبقڕانی دێتەوە یاد، کە لە کاتی خۆیدا بۆ شیخ مەحمودیان نووسیوە. پیرەمێرد لە هۆنراوەیەکدا ڕەخنەی توند لە شێخ دەگرێت و دەفەرموێت:

صلاح الدین جلالی وای نەبوو تاریخ لەبەرچاوە
هەموو پاشای بابان مردن بە حەسرەت ڕۆژێکی واوە
شەوێ دەس ئەهرمەن کەوت خاتەمی ملکی سلێمانی
کەچی میر و گزیری پێ ئەکرد، قەدری وەها زانی

خۆ حەمدی ساحبقڕان لە هۆنراوەی ( تەشکیلاتی سانی ) دا ئەوەندە بەشێوازێکی کۆمیدیی و گاڵتە جارییەوە باس لە کەموکورتی حکومەتەکەی شێخ مەحمود دەکات، کە بەڕاستی حەزناکەم لیردا بیانووسمەوە. ئێستا با وادابنێین، پێش سەد ساڵ بەر لە ئێستا خاتوو بیڵ بە ختوخۆڕایی ڕقی لە کورد بووە و پیرەمێردی نەمر و حەمدی شاعیریش هەر وا بە ناهەق ڕخنەیان لە شێخ مەحمود گرتووە، دەی باشە ئەوەتا ئەمڕۆ، کە ساڵی 2017 یە، ئێمە خۆشمان بە هەمان شێوەی ئەوان بیردەکەینەوە و بە تەواوی لە سەرکردەکانمان بێزار و نیگەرانیین، کە دوای کارەساتەکانی: ئاشبەتاڵ و ئەنفال و تەختکردنی چوارهەزار و پێنج سەد گوند و مەرگی پێنج هەزار سورەگوڵی هەڵەبجە و شەهیدبوونی هەشت هەزار بارزانی بێ تاوان و هەزاران هەزار ڕۆڵەی فەقیر و هەژار و بوونی 27 زانکۆ و سەدان کەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرز، کەچی ئەوەی فێری نەبوون یەکگرتووییە و هەر ڕۆژەی داردەستی داگیرکەرێکن و لە هەموو هەستێکی نیشتمانی شۆراونەتەوە و بەمجۆرە سەقەتەی ئەمرۆ دەوڵەتداریمان بۆ دەکەن، ئاخر لە م دنیایەدا چ حکومەتێک هەیە ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، کەچی هاوڵاتییەکانی پارەی شیری منداڵەکانیان پیێ نەبێت و بە شەرمەوە سەری بەرزیان بۆ سواڵ دابنەوێنن، ئەمە چ حکومەتێکە، کە بۆ 27 ساڵدەچێت نەیتوانیوە کارەبا و ئاو و سووتەمەنی بۆ میللەتە کڵۆڵەکەی دابین بکات و ژێرخانی ئابورییەکەی بەجۆرێکی وا داتەپیبێت ( 95% ) ی پێویستییەکانی لە دەرەو بهێنیت، چ حکومەتێک لەم دنیایەدا هەیە ژمارەی فەرمانبەرانی بندیواری لە فەرمانبەرانی ڕاستەقینەی زیاتر بیت و لە ناو لیستی مووچە خۆرانی بندیوارەکانیشدا ( 73 ) کەری مووچە خۆر هەبێت و ڕۆژانەش تەنها 3 کەریان کاربکەن و ساڵانەش دەرماڵەی: کۆپان و ناڵ و ئالیک و مەترسی بۆ هەر حەفتاوسێیان خەرجبکرێت .
لە ساڵی 2017 دا ئەمە بەرهەمی ڕاستەقینەی حکومەتی کوردییە، جا دەبی پیش سەدساڵ بەر لە ئێستا شێوەی حوکمرانی و هەڵسوکەوتی عەنتیکەی سەرکردەکانی کورد چۆن بوو بێت، کە وای لە خاتوو بێل کردبێت وەک ئەمڕۆی ئێمە ڕقی لە هەڵسوکەوتی سەرکردەکانی کورد بێت. ئەرێ بە ڕاست ئێمە چ جۆرە بەشەرێکین، کە دوای ئەو هەموو تەپڵی تۆپێن و مێژووە خوێناوییە، کەچی هێشتا لە خــۆمـــان نەگەیشتووین؟.

*****
تێبینی : بۆ ئەم نووسینە سوود لە کتێبی : کورد لە نامەکانی ( میس بێڵ ) وەرگیراوە، کە کاک : محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق کردوویەتی بە کوردی.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت