هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا بینیمان، پێمان دەڵێت كە چوار ساڵی داهاتوویش ئومێدبەخش نییە، كاتێك حكوومەتی عێراقی بڕیاری گەمارۆ خستنەسەر هەرێمی دا و پاشان هێرشی كردە سەر كوردستان و دەبابەكانی عێراق پێشمەرگەكانی كورستانی شەهید دەكرد، سەرۆككۆمارە كوردەكەی عێراق هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، تەنانەت دەسەڵاتی گۆڕینی پاسەوانێكی تایبەتیشی نەبوو.
خولی ئەمجارە زۆر جیاوازترە، جگە لەوەی بەرهەم ساڵح پاڵپشتیی هەموو كوتلە كوردییەكانی نییە، لەناو حیزبەكەیشیدا (یەكێتی) پاڵپشتیی كەمینەیەكی زۆر لاوازی هەیە، لە لایەكی ترەوە بۆ گەیشتن بەم پۆستە ئامادە بوو هەموو دۆستەكانی جێبهێڵێت، لە هەمان كاتدا هەڵوێست و كردارەكانی ڕابردووی پێمان دەڵێن، كە ئەم سیاسییە لە داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بەرپرسیارێتییەدا دەكات.
كاتێك سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بوو، بەپێی پرۆگرام و پلانێكی بەرنامەبۆداڕێژراو كاری بۆ ئەوە كرد كە حكوومەتی دوای خۆی ڕووبەرووی قەیرانێكی قووڵی دارایی ببێتەوە و قەرزێكی زۆریشی بۆ سەرۆكی حكوومەتی دوای خۆی بەجێهێشت، كە دوو مەبەستی لە پشت بوو، یەكەمیان بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆی ژمارەیەكی زۆری ئەندام و لایەنگری حیزبەكەی بە نایاسایی خانەنشین كرد و لە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەزاران بندیواری حیزبیی هەبوو، دووەمیان بە مەبەستی دروستكردنی ئاستەنگ بوو بۆ سەرۆكی حكوومەتی دوای خۆی كە دەیزانی پارتییە.
ساڵح، رۆڵێكی زۆر نێگەتیڤی هەبوو لە قووڵكردنەوەی كێشەكانی ناو یەكێتیدا، بە تایبەتی لەگەڵ ماڵی مام جەلال، بە شێوەیەك كاتێك بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكوومەت بوو، هاوسەری مام جەلال خۆی برپرسیاریێتیی مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتیی وەرگرت و لە ئەنجامی ململانێی كەسیی نێوانیان، سلێمانی گەورەترین زیانی پێگەیشت لە رووی خزمەتگوزاری و بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی.
بەپێی لێدوانی خودی مالیكی، كاتێك ئەو سەرۆكوەزیرانی هەرێم بووە، بۆ یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندییە كەسی وحیزبییەكانی، داوای لە مالیكی كردووە كە هێزی سەربازی بەكار بهێنێ بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە دابڕێنراوەكان و بەڕێوەبردنی ئەم ناوچانە لەلایەن حكوومەتی ناوەندیی عێراقەوە.
رۆڵی بەرهەم ساڵح لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا، تەواوكاری هەنگاوە داگیركارییەكانی حكوومەتی ناوەندی بوو، لەلایەك داوای پێكهێنانی حكوومەتی رزگاریی نیشتمانیی دەكرد و لەلایەكی ترەوە سەركردایەتیی وەفدە حیزبییەكانی دەكرد بۆ بەغدا، كە داواكاریی سەرەكییان لە عەبادی، بەردەوامیدان بوو بە بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان، هاوكات بیرۆكەی هەڵوەشانەوەی حكوومەتی هەرێم و مامەڵەكرددنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن ئەوەوە پێشنیاز كرابوو بۆ عەبادی.
دواهەمین كاریشی، بریتی بوو لە دروستكردنی قەوارەیەك بە ناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كە زۆرێك لە ئەندام و لایەنگرە زیزبووەكانی یەكێتی و حیزبە ئیسلامییەكانی لە خۆی كۆ كردەوە و بەڵێنی چاكسازی و دروستكردنی مۆدێلێكی نوێی لە حیزبایەتی بەم هاودیدانە بەخشی، بەڵام لەیەكەم دەرفەتدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار، هەمووانی بە تەنیا جێهێشت.
ئەگەر سەركردەیەكی سیاسی ئەوەندە بێباك بێ تەنیا بۆ وەرگرتنی پۆستێكی وەك سەرۆككۆمار كە حەزێكی كەسییە، ئامادە بێت بە دەیان گەنج و هاودیدی بێئومێد بكات كە متمانەی تەواویان پێی هەبوو، ئەوا زۆر ئاساییە لە داهاتوودا كە بوو بە سەرۆككۆمار، هەمان هەڵسوكەوت بەرامبەر بە گەلەكەی بكات.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.