هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

ژیننامەی پێغەمبەر یان السیرة هێندە پڕ شەڕ و جەنگە، هەر لە کۆنەوە ژیینامەیان ناو نابوو ( المغازي ) واتە غەزاکان! ‏چونکە ڕووداویی غەزاکان سێ چارەگی ڕووبەری سیرە داگیر دەکات، هەرچەندە 13 ساڵی یەکەمی پێغەمبەرایەتی لە ‏مەککە بووە و بانگەوازیی کردووە، بەڵام شتێکی وا لەسەر باس ناکرێت بە بەراورد بە ژیانی پڕ لە کێشمەکێش و جەنگی ‏مەدینە! ژیننامەی پێغەمبەر بڕێکی زۆری شەڕوشۆر و ڕەفتاری زبر و تووند و کوشتاری تێدایە، دەتوانیت بڵێین ئەو ‏ڕوحیەتە جەنگاوەرە زاڵە بەسەر هەموو مانا و بەهاکانی تر کە ئیسلام لە پێناویدا هاتبوو!‏

هەر بۆ نموونە چەند ڕوداوێك باس دەکەین، کە لە هەموو کتێبەکانی سیرە باس دەکرێن، و بێگومان کاریگەری خۆی ‏بەجێهێشتووە لەسەر میزاج و عەقڵیەتی جەنگاوەری موسڵمان:‏
‏[ کەسانێك لە هۆزی عوکل هاتنە لای پێغەمبەر [د.خ] بەیعەتیان پێکرد. دوایی تەندروستیان تێك چوو، سکاڵایان کرد لای ‏پێغەمبەر، ئەویش فەرمووی: بۆ ناچن لەگەل شوانی وشترەکانمان سوود لە خواردنەوەی میز و شیریان ببینن؟ گووتیان: ‏بەڵی، دەرکەوتن میز و شیریان خواردەوە، تەندروستیان باش بوو، دەمودەست شوانەکەیان کوشت، و وشترەکانیان ڕفاند، ‏پێغەمبەر پێی زانین و ناردی بەدوایاندا تا دەستگیرکران و هێنایانن، فەرمانی دا بەبرینی دەست و پێیان لە بنەوە، ‏و چاویانیش هەڵکۆڵن، ئینجا خرانە بەرخۆر تا مردن!! لە ڕیوایەتێکی تردا (انس) دەڵێت: یەکێکیانم دی دەمی لە زەوی دەدات ‏لە تێنوێتیدا، هەتا هەموویان مردن! دوایی ئەو ئایەتە هاتە خوارەوە:‏‎ : ( ‎إنما جزاء الذين يحاربون الله ورسوله.
قال أنس: فلقد رأيت أحدهم يكدم الأرض بفيه عطشا حتى ماتوا ، ونزلت‎ : ‎إنما جزاء الذين يحاربون الله ورسوله‏‎ ) ‎الآية)‏‎ .‎
بۆ چاو کۆڵین لە ڕیوایەتی تر هاتوە کە ئەوانیش چاوی شوانەکەیان کۆڵیبوو، بەس دەستوپێ بڕین و فڕێدانە بەر خۆر و ‏داوای ئاو بکەن و نەیاندرێتێ، وابزانم زیادەیە، ئەوان کەسانێکی نەزان و نەفام بوون، بەڵام ناکرێ پیغيمبەرێك کە وەك ‏ڕەحمەت بۆیان نێردرا بێت لەوان زیاتر بکات! من ناچیت بە عەقڵم کە ئەو ئایەتە لە باسی چەند کەسێکی هەرچی و پەرچی ‏و برسی هاتبێتە خوارەوە، چونکە موحارەبەی خوا و پێغەمبەر بە دزینی چەند وشترێك و کوشتنی شوانێك نایەتە دی! ناشڵێم ‏ئەوانە تاوانیان نەکردبوو، بەڵام تۆڵەی وا بە قەسوەت، ئەگەر ڕاست بێت، گوومانی تێدا نیە کە توندوتیژی لای ئەوانە ‏دروست دەکات، کە ئەو تەفسیرە و ریوایەتانە دەخوێننەوە و باوەڕی پێ دەکەن، چونکە ئەوان بۆ وانەکەن ئەگەر قودوەی ‏ئەوان کە پێغەمبەرە وایکردبێت؟!‏

غەزوەی بەنی قورەیزە

کاتێك دێیتە سەر ژینامە و سونە چیرۆکی پڕ خوێناوی دەخوێنیتەوە وەك ڕووداوەکەی بني قریظة لە ساڵی پێنجەمی کۆچیدا، ‏کە لە پاش گەمارۆدانیان 25 ڕۆژ، خۆیان دایە دەست و پاش ئەوەی کۆمەڵێك لە هۆزی ئەوس چوونە لای پێغەمبەر ‏وگووتیان چۆن باش بوویت لەگەڵ بنی قینقاع کە هاوپەیمانی خەزرەج بوون، ئاواش باش بە، لەگەل بنی قریظەی ‏هاوپەیمانی ئێمە. دوای ئەوە جووەکان ڕازی بوون بە داوەری سعد بن معاذ، کە هاوپەیمان بوو لەگەلیان، کەچی سەعد ‏چونکە زامدار ببوو لە گەمارۆکەی مەدینەدا، لە ژێر فشاری تۆڵە و ئازاری خۆی حوکمی کرد بە کوشتنی زیاتر لە 700 ‏پیاو و هەر مێردمنداڵێکی کە مووی بەری سەریان دەرکردبوو یانی منداڵی نێوان 13- 14 ساڵیش! هەروەها بە بە ‏کۆیلەکردنی ژنان و منداڵان و ماڵ و سامانیان.‏

بە نسبەت هەڵەی بەنی قورەیزە، واتە دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ قوڕەیش لە دژی پێغەمبەر، ئەگەر ڕاست بێت، غەدر و ‏خیانەتێکی گەورەیە، بەڵام دەڵێم ئەوانەی بەرپرس بوون و کاربەدەست بوون موستەهەقی سزا بوون، هەر سەرۆك هۆزەکە ‏و چەند دەست و پێوەندێکی نزیکیەتی، نەك مێرد منداڵی تازە بەرهاتووش سزا بدرێت، کە هیچ پەیوەندیەکی بەو بڕیارەی ‏خیانەت نییە، و هەتا پەیوەندیشی پێ بووبێت لەبەر بچووکی تەمەنی هیچ سزایەکی ئەرز و ئاسمانی نایگرێتەوە تا ڕادەی ‏مل پەڕاندن!‏

‏ ئەو سزایەش هی دینێك نییە کتێبە پیرۆزەکەی بڵێت گوناهی کەس بەکەس هەڵمەگرن! [ولا تزروا وازرة وزر اخری] ئەو ‏جۆرە سزایە، وەك سزای هۆلاکۆ و کۆمەنەستی سۆڤیەتی و بەعس و ڕژێمی تورکیای عوسمانی و ئەتاتۆرکی، و هەر ‏دکتاتۆر و ملهوڕێك و سەرلێ شێواوێکی ترە، کە خەڵك بە کۆمەڵ سزا بدەن، لە کتێبەکانی سیرە و حەدیس هاتووە هەتا ‏منداڵی 12 -13 ساڵیش لە ملی دراوە! ئەو ڕیوایەتەی کە باسی کوشتنی منداڵی توك و بەر لێهاتوو دەکات عطية القرظي ‏سەحابی دەیگێڕێتەوە، کە یەکێکە لە زانایانی سەحابە، و خۆشی منداڵێكی جووی ڕزگاربووی بەنی قورەیزەیە و دەڵێت:‏
‏( وعن عطیة قال: { عرضنا على النبي صلى الله عليه وسلم يوم قريظة، فكان من أنبت قتل، ومن لم ينبت خلي سبيله، وكنت ممن لم ينبت ‏فخلي سبيلي } رواه الخمسة وصححه الترمذي وفي لفظ: { فمن كان محتلما أو نبتت عانته قتل، ومن لا ترك } رواه احمد و ‏النسائي.‏
‏[ئیمە نیشاندارین بە پێغەمبەر [د.خ] ڕۆژی قورەیزە، ئەوەی موو لەبەری هاتبایە دەکوژرا، ئەوەشی مووی لێ نەهاتبوو ‏بەردەدرا، منیش لەوانە بووم کە مووم لی نەهاتبوو، بۆیە ئازاد کرام لە مردن]‏

باوەڕ ناکەم کتێبێکی سیرە و حەدیس و فقه و تفسیر هەبێت ئەو ریوایەتەی تێدا نەبێت، لای زانایانی ئەو زانستانە هیچ ‏کیشەیەك لەوەدا نییە، من لە زۆر دەمێکە ئەو دیاردەیەم سەرنج داوە لە زاناکانی ئیسلام، کە زۆر بێ هەست و نائینسان و ‏پڕ قەسوەتن بەرامبەر ئینسان، چونکە بە هەمان ئەو ڕوحیەتە جەنگاوەرە پەروەردە بوون، کە زۆربەی ڕووبەری ‏ئیسلامی داگیرکردوە!‏
بۆیە کەباسی ئەو کوشتارە دەکەن، زۆر بە شێوەیەکی سارد و بی باکانە باسی دەکەن، وەك ڕوداوەکەی زینا کە مالیك ‏دەیگێڕێتەوە- دوایی باسی دەکەین- تەنها وەك کەرەستەیەکی فیقهی باسی دەکەن و بەس! دەڵێن ئەوە بەڵگەیە لەسەر ‏ڕەوایەتی کوشتنی هەر کەسێك تەنها بەری تووکی لێهاتبێت!!‏
هەتا خودی ئەو منداڵە جووە ڕزگاربووە لەو کوشتارگەیە، مەبەستم گێڕانەوەی عطية القرظي یە، ئەویش بەهەمان ‏ئیحساسی مردوو وسارد، وەك ڕوداوێکی ئاسایی دەیگێڕێتەوە کە حوکمێکی شەرعی لێ ئیستیفادە دەکرێت! هەرچەندە بەو ‏گێڕانەوەی شایەدیەکی مێژوویی و کارێکی زۆر گەورە و ترسناکی کردوە!‏

ئەوەی زۆر سەیرە ئەو حوکمە ئەگەر ڕاست بێت، چونکە من هەردەم بە گومانەوە دەڕوانمە ڕیوایەتەکان، ئەوە زیاتر لە ‏حوکمی تەورات و هۆز و عەشایرەکان دەچێت، نەك حوکمی خوا لە ژوور حەوت ئاسمانەوە وەك حەدیسێک بەو مانایە لە ‏پێغەمبەر دەگێڕنەوە. [لقد حكمت فيهم بحكم الله من فوق سبعة ارقعة ‏‎ -‎أي سماوات]! ‏

کێشەکە ئەوە نییە ئەو ڕیوایەتە و ڕووداوە ڕاستە یان نا، باوەڕی پێدەکەین یان نا، بەڵکو کێشە ئەوەیە ئەو ریوایەتە هەردەم ‏ئامادەیە لە هەموو کتێبەکانی حەدیس و تەفسیر و فقه و مێژوو، هەتا لەناو قورئانیش کاتێ ئایەتەکانی ٢٥ – ٢٦ الاحزاب ‏تایبەت بەو ڕوداوە یش دەخوێنیتەوە: ‏‎:‎‏{وَرَدَّ اللَّهُ الَّذِينَ كَفَرُوا بِغَيْظِهِمْ لَمْ يَنَالُوا خَيْراً وَكَفَى اللَّهُ الْمُؤْمِنِينَ الْقِتَالَ وَكَانَ اللَّهُ قَوِيّاً ‏عَزِيزاً {25} وَأَنزَلَ الَّذِينَ ظَاهَرُوهُم مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ مِن صَيَاصِيهِمْ وَقَذَفَ فِي قُلُوبِهِمُ الرُّعْبَ فَرِيقاً تَقْتُلُونَ وَتَأْسِرُونَ فَرِيقاً ‏‏{26}‏‎ ‎وَأَوْرَثَكُمْ أَرْضَهُمْ وَدِيَارَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ وَأَرْضاً لَّمْ تَطَؤُوهَا وَكَانَ اللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيراً‎} ‎سورة الأحزاب‎{‎‏ بتەوێ لە مانا ‏و تەفسیری تێبگەیت، هەر تەفسیرێك بکەیتەوە ئەو شەڕە و ئەو وردەکاریەت پیدەڵێت، یانی ڕاست بێت یان ڕاست نەبێت، ‏کاریگەری خۆی جێهێشتوە لەسەر فۆرمەڵەکردنی عەقڵیەتی موسڵمانی سەلەفی بە تایبەتی و موسڵمانەکانی تر بە گشتی!‏

ڕووداوی لەو جۆرە و هەڵسوکەوتی زبر و تووندوتیژ زۆرن لە سیرەدا، بەڵام هەر هێندە بوار دەبێت بۆ باسکردن، ڕەنگە ‏لە پڕۆژەی کتێبەکەم زیاتر باسی بکەم!‏

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە