هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

ڕوحی جەنگاوەری لە لای زانایانی ئومەت

بێگوومان زانایان و ئیمامەکان و موفەسیر وفەقیهەکان و موحەدیسەکان بەو ڕووحە جەنگاوەریەی ئیسلام بەسیان ‏نەکردوە، بەڵکو دەهێندە کەلەپووری پڕ لە قینەی لۆکاڵی عەرەبی خۆیان خستۆتە سەر وتێکەڵیان کردوە بە تەفسیر و بە ‏فیقه و بە هەڵبەستنی حەدیس و بە شیعر وئەدەبیات هۆنینەوە.‏
بۆ نمونە وەرە ببینە لە قورئاندا ئایەتیك نیە باسی بەردبارانکردنی زیناکار بکات، کەچی زانایانی عەرەب هاتوون بە ‏هەزار شێوە چەندین ڕیوایاتیان دروستکردوە تا بەزۆر ئەو حوکمەی بەردبارانکردنە بکەنە حوکمێکی قورئانی بە ناوی ‏ئایەتێك کە دەنگی هەیە و رەسمی نییە لەناو قورئاندا! یانی هەتا گریمان رەجم وەك دەیەها حەدیس دەڵێن، لەسەر دەستی ‏پێغەمبەر [د.خ] کراوە، بەڵام کاتێ قورئان کۆکراوەتەوە دیارە ئەو ئایەتە بە تەواوی نەسخ کراوە و لابراوە، لە جیاتی ‏زانایانی ئیسلام بە هەلی بزانن بۆ لادانی ئەو حوکمە پڕ قەسوەت و زبرە [بە گوزارشی السیوطي] کەچی هاتوون و شەڕی ‏مان و نەمان دەکەن بۆ سەلماندنی. یانی کاتێك هەل و مەرجیشیان لەبار بێت بۆ جوانکردنی وێنەی خۆیان و دینەکەیان، ‏سوورن لەسەر خۆدزێوی!‏
مالک بن انس لە کتێبە ناودارەکەی الموطأ کە بە یەکەمین کتێبی مەنهەجی ڕێكوپێك نوسراوی حەدیس دادەنرێت، هەتا ‏شافیعی بەر لە دەرکەوتنی سەحیحی بوخاری دەیگووت: ما كتاب بعد كتاب الله أنفع من كتاب مالك بن أنس! هیچ کتێبێك لە ‏الموطأ مالك بن انس لە دوای کتێبی خودا بەسودتر نییە! حەدیسی ئایەتی رەجمی گواستۆتەوە و دەڵێت:‏
‏[ ئاگادار بە هیلاك نەچن لە ئایەتی ڕەجمدا، کەسێك نەڵێت: ناکرێت دوو سزا هەبێت لە کتێبی خوادا [بۆ یەك تاوان]، چونکە ‏پێغەمبەر ڕەجمی کرد و ئێمەش لەگەڵیدا ڕەجممان کرد، قەسەم بەوەی ژیانی منی بە دەستە ئەگەر لەبەر گۆتە گۆتی خەڵك ‏نەبێت بڵێن: عومەر شتی زیاد کردوە بۆ کیتابی خوا دەمنوسی: پیرەمێرد و پیرە ژن بەردبارانیان کەن تامردن، ئێمە ‏دەمانخوێندەوە!]‏
ئەو ڕیوایەتە کێشەی زۆر زۆرە لە وتارێکی تر باسم کردوە، بەڵام ئەو ئایەتە کێشەی زۆر بۆ قورئان دروست دەکات، ‏ئەگەر لە قورئاندا بووە چی پیویستی دەکرد عومەر بە بیری خەڵکی بهێنیتەوە، بە تایبەتی ئەو کاتە قورئان جەمع ‏نەکرابوەوە؟! ئەگەر ڕەجم لە ئایەتیکی ڕاشکاوی وەك پیرەمێرد و پیرەژنی داماو باسی کرابێت، بۆ دەبێت خەڵك لە بیری ‏چوو بێت و پێویست بە عومەر بکات بیریان خاتەوە؟! ئەگەر ڕاستە عومەر وا بە پەرۆشیەوە ئەو ئایەتەی بیری خەڵک ‏هینابێتەوە، بۆ پاش ماوەیەکی کەم لە هاتنی حەزرەتی عوسمان، ئەوانەی قورئانیان کۆکردەوە ئەو ئایەتەیان لەبیر چوەوە؟ ‏ئەی ئەوە کێشە بۆ [انا نحن نزلنا الذکر وانا لە لحافظون] دروست ناکات؟!‏
ئەهلی حەدیس وەک پیشەی هەمیشەییان لە عوزرهێنانەوە بۆ هەموو ناماقوڵیەکان، زوو بە هانای ئەو دەرەنجامە ‏ترسناکەی ئەو ئایەتەی رەجم هاتنەوە و گووتیان [لەفزی نەسخ کراوە و حوکمی ماوە] السیوطي قسەیەکی سەیر دەکات لە ‏‏[الاتقان في علوم القرآن] دەربارەی هۆی لابردنی خوێندنەوەی ئایەتەکە لە قورئان و دەڵێت: من بیرۆکەیەکی باشم بۆ هات، ‏ئەویش ئەوەیە لابردنی ئەو ئایەتە لە قورئان بۆ سوك کردنەوەی ئەو سزایەیە لەسەر ئومەت بە نەخوێندنەوەی و نووسینی ‏لە قورئاندا، هەرچەندە حوکمیشی مابێت، چونکە قورسترین حوکم و تووندترینیان و زبرترین سزایە، و ئەوەش ئاماژەیە بۆ ‏چاکی سەترکردن و داپۆشینی [شتی زبر و قورس]!‏
‏”‏‎ ‎قلت وخطر لي في ذلك نكتة حسنة وهو أن سببه التخفيف على الأمة بعدم اشتهار تلاوتها وكتابتها في المصحف وإن كان ‏حكمها باقيا لأنه أثقل الأحكام وأشدها وأغلظ الحدود وفيه الإشارة إلى ندب الستر”‏
ئەوەی مایەی پێکەنینە بەو قسەیەی السیوطي ئەوەیە ئەگەر ئایەتی ڕەجم هێندە بە ئازاربیت بۆ تەنها خوێندنەوە و گوێ ‏لێبوون وخوا بەزەیی بە ئادەمیزادەوە هاتبێت و نەسخی کردبێت تا گوێ و چاوی ئەزیەت نەدات، ئەی کاتێك لەسەر ئەرز بە ‏کردار ئەو ڕەجمە دەکرێت دەبێت چەند قاتی تر بە ئازار بێت، و بۆ هیچ بەزەییەك نە جوڵا؟! ئەوە قەسوەتی جەنگاوەرانە ‏کە هیچ بیانوێك بۆ ڕزگارکردنی ئادەمیزاد نادۆزێتەوە لەو چارەنوسە پڕ قەسوەتە! ئێمە لەو سەردەمەی پێشکەوتنی ‏مرۆڤایەتیدا، لە سایەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی و نوێنەرەکانیان لە داعش و قاعیدە و تاڵیبان و گروپە تیرۆرستەکانیتر، ‏چەندین ڤیدیۆی بەردبارانکردنمان دیت دەزانین چەند ئازار بەخشە، تا ڕادەی ئەوەی دڵنیام هەزاران کەسی لە دین ‏وەرگەڕاندوە!‏
لە ڕیوایەتێکی تری مالك ئەو قەسوەتە زۆر ئاشکرا دەردەکەوێت کاتێ حەدیسێکی ڕەجم باس دەکات:‏
حدثنا مالك عن نافع عن عبد الله بن عمر أنه قال جاءت اليهود إلى رسول الله صلى الله عليه وسلم فذكروا له أن رجلا منهم وامرأة زنيا……. ‏فأمر بهما رسول الله صلى الله عليه وسلم فرجما فقال عبد الله بن عمر فرأيت الرجل يحني على المرأة يقيها الحجارة قال مالك يعني يحني يكب ‏عليها حتى تقع الحجارة عليه.‏
‏[کاتێ ژن و پیاوێکی جولەکە بریاری بەردبارانکردنیان دەدرێت، و عەبدوڵای کوڕی عومەر دەڵێت: دیم پیاوەکە خۆی ‏چەماندۆتەوە سەر ژنەکە بۆ ئەوەی لە بەردەکان بیپارێزێت! مالیك دەڵێت: چەماوەتەوە سەری، یانی دەیپارێزێت لەبەرد تا ‏پێی نەکەوێت، هەی ئافەرین بۆ ڕوونکردنەوەت.‏
لە کتێبی‎ ‎المدونة الكبرى لمالك بن أنس، كِتَابُ الرَّجْمِ ئەو گفتوگۆیە هاتوە لە لایەن نوسەری مودەوەنەکە:‏
گووتم: ئەوەی رەجم دەکرێت چاڵی بۆ لیدەدرێت لای مالك؟ ‏
گووتی: مالك پرسیاری ئەوەی لێکرا، و گووتی گوێم لێنەبوە لە هیچ کەسێك کە چاڵ لێبدات، من پێموایە چاڵی بۆ لێنادرێت.‏
مالیك دەڵێت: ئەوەی بەڵگەشە لەسەر ئەوە، ئەو حەدیسەیە کە دەڵێت: دیم پیاوەکە خۆی چەماندۆتەوە سەر ژنەکە بۆ ئەوەی ‏لە بەردەکان بیپارێزێت! “فرأيت الرجل يحني على المرأة يقيها الحجارة” ئەگەر لە چاڵ بان نەیدەتوان بجەمێتەوە بۆسەر ‏ئافرەتەکە.‏
یانی مالك ئەو دیمەنە تراژیدیەی پڕ لە خۆشەویستیە سەرنجی ڕاناکێشێت، بەڵکو کیشەی تەنها حوکمێکی فیقهیە کە ئایە ‏ئەوانەی ڕەجم دەکرێن قۆرت وچاڵیان بۆ لێدەدرێت یان نا!!!‏
ئەوە چ جۆرە قەسوەتێکە، کە تراژیدیایەکی وا سەرنجت ڕانەکێشێت؟! ئینجا دەڵێن ئەو وەحشە بەشەریانەی داعش لە کوێوە ‏هاتوون! هەر ئەو قەسوەتەیە پەڕیوەتەوە بۆ هەموو کایەکانی تری زانستە ئیسلامیەکان لە فیقه و تەفسیر وحەدیس و هتد، ‏لە وێوەش بۆ توندڕەوان و داعشیەکان.‏
لە ئیسلامدا مەدرەسەی ئەهلی حەدیس، لەبەر توندوتیژی ڕوئیا و بیروبۆچونی، هەردەم لایەنگری توندترکردنی توندەکان ‏بووە، بۆیە دەستکاری کردنە ماناکانی قورئان لە ڕێگای بەستنەوەی بە روایات و تەفسیری تایبەت کە خزمەت بە ‏تەعالیمەکانی ئەو مدرسەیە بکات، بە ئەئویل و روایات و نەسخ کردنەوە، وەك ئایەتی السیف، کە بەپیی تێگەیشتنی ئەو ‏قوتابخانەیە ئەو یەك دوو ئایەتە هەموو ئایەتەکانی ئاشتی و دەستدرێژی نەکردن و ئازادی بیروباوەڕی و پیکەوەژیانی ‏نەسخکردوە، کە ژمارەیان لە ١٢٤ ئایەت زیاترە، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا پاڵنان بوو بە ئیسلام بۆ بەرەی توندوتیژی ‏وەک ابن القيم دەڵێت:‏
‏((…. فأقام ـ أي الرسول صلى الله عليه وسلم ـ بضع عشرة سنة بعد نبوته ينذر بالدعوة بغير قتال ولا جزية ويؤمر بالكف والصبر والصفح‎ ‎ ثم ‏أذن له بالهجرة, وأذن له بالقتال, ثم أمره أن يقاتل من قاتله, ويكفّ عمّن اعتزله ولم يقاتله, ثم أمره بقتال المشركين حتى يكون ‏الدين كله لله….)) انتهى. [زاد المعاد ج3 ص159] [پێغەمبەر [د.خ] زیاتر لە دەساڵ داوەتی بۆ دینەکەی دەکرد بەبێ شەڕ و ‏جزیە، و فەرمانی پێدەکرا بە دەس نەکردنەوە و ئارامگرتن و لێبوردەیی، ئینجا مۆڵەتی پیدرا بۆ کۆچ کردن، ئینجا ڕێگای ‏پیدرا بۆ جەنگ، ئینجا فەرمانی پێکرا بە جەنگ گیڕان دژی ئەوەی جەنگی لە دژیدا بەرپاکرد، و دەستیشی درێژ نەکات بۆ ‏ئەوانەی شەڕیان دەرهەق ناکەن، دوایی فەرماانی پێکرد بە شەڕکردن لە دژی موشریکان [بە رەهایی] تا دین هەمووی بۆ ‏خوا دەبێت] یانی ئیسلام دەبێت لە شەڕێکی بێ پسانەوەدا بێت لەبەر ئەوەی کارمان بە ئاشتی و ئازادی و هەموو مانا ‏جوانەکان نەماوە کە هەموویان کردە قوربانی ئایەتەکانی شمشێر!‏

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت