هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت

چونکە ئیسلام لە بنەڕەتدا وەك دینێکی جەنگاوەرانە هاتە ئارا، بۆیە موفرەداتی شەڕ و جیهاد و شمشێر و غەزوو ‏وتوندوتیژی ڕەگێکی دوور و درێژی داکوتاوە لە کۆی ئیسلام و مێژووی ئیسلامدا، و بە ئەنجامیش لە دەروونی تاکی ‏موسڵماندا. دینی جەنگاوەر مەبەستم لەو دینەیە کە تەنها بە بانگەوازی ئاشتیانە و بە دەعوە و قسە بۆ خەڵك کردن ‏بڵاونەبوبێتەوە و خۆی نەپاراستبێت، بەڵکو بێ هێزی و بانگەوازی تەنها لە قۆناغێکی کاتی نواندبیت، وەك قۆناغی ‏مەککی، ولە قۆناغی مەدەنی دواتر خۆی پڕ چەك کردبیت بۆ پاراستنی خۆی و دوایی بۆ پەل هاوێشتنی. دینی یەهودیەت ‏یش ئەو سروشتە جەنگاوەریەی هەیە، زۆربەی پێغەمبەرانیان حاکم و فەرمانرەوای دەوڵەت و سوپا بوون و وەك ئیسلام ‏دیانەتگەلێکی جەنگاوەر بوون. بەڵام مەسیحیەت و بودایەت بۆ نمونە دوو دیانەتی تەبشیرین و بە تەنها بانگەوازیان بەکار ‏دەهێنن بۆ بەردەوام بوونیان، هەرچەندە مەسیحیەت خیانەتی لێکرا لەسەر دەستی پاپا و کاهینەکانی کە لە دیانەتیکی ‏بانگەوازیەوە گۆڕیان بۆ دیانەتیکی جەنگاوەر.‏

لەو باسەدا، من باسی ستەمکار و ستەملێکراو، دەستدرێژی کەر و دەستدرێژی بۆسەرکراو ناکەم، چونکە ئەوە بابەتێکی ‏ترە، خودی ئیسلام دیانەتێکی تەبشیری ڕووت نەبوو لە بەکارهێنانی چەك و هیز وەك دینەکانی تر، کە تەنها بە بانگەوازی ‏کردن هەوڵی بڵاوبوونەوەیان دەدا، چونکە لە بنەڕەتدا ئیسلام وەک دینێکی شمولی و کودەتایی و یەکلاییکەرەوە هات و ‏هیچ بژاردەیەکی بۆ کۆمەڵگای عەرەبی قورەیشی مەککە نەهێشتەوە جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوە. لە کۆی بڵاوبوونەوە و ‏باڵکێشانی ئیسلام بەسەر جەزیرەی عەرەبی و شەڕەکانی پێغەمبەر [د.خ] و قورەیش و هۆزە عەرەبیەکانی تر، وشەڕی ‏لەگەڵ هۆزە جولەکەکان و هەموو غەزەواتەکان کە ژمارەیان 29 شەڕ و غەزوەیە و سەرەڕای 38 بەعسە و سەریە ناردن ‏بۆ شەڕ. ئەو هەموو شەڕ وغەزەواتانە بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر دەروونی مێژوویی و میزاجی دینداری تاکی ‏موسڵمان، بە زانا و خەڵکی ئاساییەوە، ودەبێتە سەرچاوەیەکی ئیلهام و سرووشی موسڵمانان، بە تایبەتی ئەگەر شەڕ و ‏فتوحاتە دینیەکانی تری دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدین و ئەمەوی وعەباسی و… هتد، بخەینە سەر، هەروەها شەڕە تایفیەکانی ‏تری خەواریج و موعتەزیلە و شیعە وسونە وخاچ پەرستەکانیش.‏
وەك گووتم من باسی ڕەوایەتی وناڕەوایەتی ئەو شەڕانە ناکەم، بەڵکو زیاتر باسی دامەزراندنی نمونەیەکی دینی ‏جەنگاوەری دەکەم، کە دەق بە پێچەوانەی دینە تەبشیریەکانی تر بوە وەك مەسیحیەت لە لایەنە تیۆریەکەیەوە بەلایەنی ‏کەم، کە هانی شوێنکەوتانی دەدات بە ئەوپەڕی سەبر ودان بەخۆدا گرتن بەرامبەر ناحەزان و دوژمنانیان، هەتا ئەگەر ‏شەقێکیان لە ڕووی ڕاستیان دا، دەبیت ڕووی چەپیشی بۆ هەڵسوڕێنیت! هەروەها خاڵێکی تری مەسیحیەت وەك دیانەتێکی ‏تەبشیری جیای دەکاتەوە لە دیانەتێکی جەنگاوەری وەك ئیسلام بریتیە لە مونافەسە نەکردنی دەسەڵاتداران لەسەر حوکم و ‏گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات، [ئەوەی خوا واز لێبینە بۆ خوا، ئەوەشی بۆ تزار بۆ تزار] هەرچەندە مەسیحیەت لەسەر ‏دەستی پاپاکان وکاهینەکانی ئەو دوو خاسیەتە گرنگەی خۆی لە دەستدا، ئێستا لە پاش ڕێنیسانس و شۆڕشی پیشەسازی لە ‏ئەوروپا، چۆتەوە قەبارەی جارانی خۆی، بەبێ شەڕ و بێ کێشمەکێش کردن لەگەڵ فەرمانڕەوایان کاریگەریەکی زۆر ‏بەهێزی هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵك. هەتا دینی جولەکەش ئەو خاسیەتەی هەوڵدان بۆ حوکمی دینی تا ‏ڕادەیەکی زۆر لە دەست داوە، ئەگەرچی بۆتە سەرجاوەی ئیلهام و سروشی زایۆنیزم، کە ئەفسانەکانی جولەکە وتەورات ‏بەکار دەهێنێت لە پڕۆژەکانی.‏

عیبادەت یارییە لە چاو جیهاد
لە ئیسلامدا، جگە لە بەشێکی زۆری ئەهلی تەسەوف نەبێت، هەموو ئەوانەی کە هاتوون لە ئیمامەکان و زانایان و ‏مەزاهیبەکان و موفەسیرەکان و موحەدیسەکان و فەقیهەکان بە ڕادەیەکی زۆر کاریگەری ئەو لایەنە جەنگاوەریەی ‏ئیسلامیان پیوە دیارە لە شێوازی بیرکردنەوە و قسەکانیان و فەتواکانیان و هەڵسەنگاندنەکانیان و شەڕ وکردەوەکانیشیان. ‏ئەو شیعرە بەهێزەی عبدالله بن مبارك بە چاکترین شێوە گوزارش لەو ڕوحە جەنگاوەریەی ئیسلام دەکات، کە عبدالله ‏کوڕی موبارەك وەك نامە بۆ فضیل بن العیاض نارد، تیایدا ئەو ڕوحە جەنگاوەرە دەخوێنینەوە کە لە چاو جیهاد دا گاڵتەی ‏بە عیبادەتی عابیدێکی ناوداری وەك فضیل دێت، ئەو قەسیدەیەی کە ڕۆژانە لەسەر مینبەرەکان دەیڵێن و دەیڵێنەوە‎ ‎، ‏بەچاکترین شێوە گوزارش لەو ڕوحە جەنگاوەرەی ئیسلامدا دەکات، کە دەڵێت:‏

يا عابدَ الحرمين لو أبصرتْـَنا … لعلمتَ أنَّكَ في العبادةِ تلعبُ ‏
مَنْ كانَ يخضبُ خدَّه بدموعِه … فنحورنُـا بدمـائِنا تَتَخْضَبُ ‏
أوكان يتعبُ خيله في بـاطل … فخيـولنا يوم الصبيحة تتعبُ ‏
ريحُ العبيرٍ لكم ونحنُ عبـيرُنا … رَهَجُ السنابكِ والغبارُ الأطيبُ ‏
ولقد أتـانا مـن مقالِ نبيِنا … قولٌ صحيحٌ صادقٌ لا يَكذبُ ‏
لا يستوي غبـارُ أهلِ الله في … أنفِ أمرئٍ ودخانُ نارٍ تَلهبُ ‏
هذا كتابُ الله ينـطقُ بيننا … ليسَ الشهيدُ بميـتٍ لا يكذبُ

ئەی خواپەرستی ناو دوو حەرەم ئەگەر دەمان بینیت…..دەزانی تۆ لە عیبادەتەکانتا خەریکی یاری کردنی
ئەوەی ڕوومەتی بە فرمێسکەکانی تەڕ دەبێت ….ئەوا ئێمە ناوقەدمان بە خوێنمان سوور هەڵدەگەڕێت
یان ئەوەی ئەسپی لە ناهەقدا ماندوو و تاودەدات …..ئەسپەکانی ئێمە هەر لەبەرەبەیاندا ماندووە
با بۆنی خۆشی عەبیر بۆ ئێوە بێت، عەبیری ئێمە…..چەخماخەی قاچی ئەسپەکانە و بۆنی تۆزوخۆڵ لای ئێمە پەسندترە
قسەی پێغەمبەرە وپێمان گەیشتووە ….قسەیەکی ڕاست ودروست ودوور لە درۆ
تۆزوخۆڵی پیاوانی خوا یەکسان کۆنابیتەوە لە ….لووتی کەسێك لەگەڵ دووکەڵی ئاگرێکی بڵیسەدار
‏ [ئاماژەیە بۆ فەرمودەی: لا يجتمع غبار في سبيل الله في منخر عبد ودخان جهنم] ‏
ئەوەتە کتێبی خوا داوەریمان دەکات …کە شەهید مردوو نیە و درۆ ناکات
ئاماژەیە بۆ چەندین ئایەت بۆ نمونە:{‏‎ ‎وَلا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتاً بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ } [آل ‏عمران:169]‏

سەیر لەوەدایە ئەو قەسیدەیە ناودارە کە لە دەیەها کتێبی تەفسیر وحەدیس و مێژوو باسی کراوە و بۆتە کەلەپۆرێك، دەیەها ‏زانا و دیندار بە نمونە دەیهێننەوە، هەتا درۆ و هەڵبەستراویش بێت کاری خۆی کردووە، کەچی ئێستا و تازە بە تازە دەڵێن ‏ئەو حەدیسە لاوازە لە ڕووی سەنەد و مەتنەوە! و دەڵێن ماقول نیە کەسێکی وەك عبداللە بن المبارك عیبادەت بە یاری ‏بشوبهێنێت! ئەو حەدیسە لە سەنەدیش لاواز بێت ئەوە لە مەتن هەرگیز لاواز نییە، چونکە سەدەها دەق هەیە لە قورئان و ‏سونەدا لە کۆی گشتیدا ئەو مانایە دەبەخشێ، کە هیچ عیبادەتێك ناگاتە جیهادکردن لە پێناو خوادا، هەتا لە سونەتدا ‏عیبادەتەکانی هەشتا ساڵ بە شەوێک لە شەوەکانی ئێشکگیری جیهاد یەکسان دەکات! بۆیە بەڕای من ئەو قەسیدەیە زۆر بە ‏وردی و بلیمەتی گوزارش دەکات لەو ڕووحە جەنگاوەرەی دینداری موسڵمان کە گاڵتەی بە تقوس و رێکارە ئاینیەکان دێت ‏لە بەراوردا لەگەڵ ئەو فەزڵەی جەنگاوەر لە جیهاددا دەستی دەکەوێت.

تێبینی: ئەو بابەتە توێژینەوەیەکە لە 10 ئەڵقەدا، بۆ ئەوەی تێبگەیت لەو ڕوحە جەنگاوەریەی لەناو خودی ئیسلامدا هەیە، دەبێ بە سەبرەوە ئەو زنجیرەیە بخوێنیتەوە. هەر ئەڵقەیەك 850وشەیەك دەبێت. سوپاس

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سموولانەیە، تا ئەم بابەتە بگات بە هاوڕێکانت