هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە

من زۆر دەمانێکە گوێم لە وتاری هەندێ نووسەر و کرێگرتەی حزبی و کەسانێکی توندڕەوی ئایدیۆلۆژی دەبێت، کە باسی بە ئیسلامی ‏بوونی گۆڕان و زاراوەی ئیسلامییەکانی ناو گۆڕان دەکەن، بەڵام هێندە گوێیم پێ نەدەدا، چونکە پێموانەبوو ئەوە ترسانە لەو قەبارەیە بن، ‏و موستەهەقی وەڵامدانەوەش بێت. بەڵام ئێستا پاش کۆچی دوایی ڕێکخەر و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، لە نێو ئەو ئەگەرانەی کە ‏باس دەکرێن بۆ ئایندەی بزوتنەوەکە، ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی ئیسلامییەکانی ناو گۆڕانە بەسەر بزوتنەوەکە، و گۆڕینیەتی بۆ ‏بزوتنەوەیەکی ئیسلامی دینی!‏
با بزانین ئەو تێزە تا چەند ڕاستییە، وئایا شتێك هەیە بە ناوی ئیسلامی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان؟!‏
دیارترین ئەو دەمووچاوانەی کە دەڵێن: ئیسلامین کێن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا؟!‏
ئایە گۆڕان و ڕێکخەرەکەی تا چەند دوور ونزیکە لە ئیسلامی سیاسی؟!‏
لە کۆتا پرسیار دەست پێ دەکەم. نەوشێروان مستەفا لە هەموو ژیانیدا بە یەك ڕستەش نە بە دەم، نە بە کردار و خەبات پشتگیری لە ‏چەمکی ئیسلامی سیاسی نەکردوە، بەڵکو لەناو نێوەندی ئیسلامیدا لە کاتی خۆیدا و تا ئێستاش قسەیەك هەیە بە دەمی نەوشێروانی ‏دەگێڕنەوە کە گوایە وتوویەتی: دەبێت قورئانە عەرەبیەکە بە وشتری عەرەبی بنێرینەوە بۆ عەرەبستان، تا گوێدرێژی کوردی ماندوو ‏نەبێت! لەوە ناجێت ئەوە قسەی نەوشێران بێت، بەڵام زۆر باوە ئەو قسەیە، بە تایبەت لە کاتی تووڕەبوونی ئیسلامیەکان لە هەر ‏هەڵوێستێکی نەوشێروان!‏
بەڵام لە بیرمان نەچێت، ڕێشی تێدەچێت لە هەڕەتی چەپڕەویدا قسەیەکی وای کردبێت، چونکە نەوشێروان بیر و هەڵوێستی بەردەوام لە ‏گۆڕاندا بووە لەو پەڕی توندیەوە بۆ مام ناوندی و تا دەگاتە نەرمی نواندن. هەموو ئەدەبیاتی گۆڕان ئاماژە بە حوکمی عەلمانیەت و ‏دیموکراتیبوون دەکەن قەت نەمزانیوە لە بڕگەیەکیش باسی حوکمی ئیسلامی کرابێت!‏
ئەوەی زۆر زەقە لەو بوارەدا وتە بەناوبانگەکەی نەوشێروان بوو لە چاوپێکەوتنێکدا گووتی: ئێمە دژی هەموو یاسایەك دەوەستینەوە ‏پێچەوانەی سەوابتی [نەگۆڕەکانی] ئیسلام بکات!‏
ئەوە وتەیە تەرجەمەی وردی دەستوری عێڕاقییە، کە زۆر بێ مانایە و دەڵێت نابێ ئەحکامی ئەو دەستورە پێچەوانە بکات لەگەڵ ‏دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و هەروەها لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام!‏
چونکە هەر خودی دیموکراسیەت پێچەوانەی بنەماکان و سەوابتی ئیسلامە لە زۆر لایەنەوە. کاک نەوشێروان وەك دەگوترێ یەکیکە ‏بەژداری کردوە لە داڕشتنی دەستوری عێڕاق، جا یان خۆی داڕێژەری ئەو بیرۆکەیە بووە، یانیش کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو ‏بیرۆکەیە پڕ لە هەڤدژییە. بۆ نمونە یەکسانی ژن وپیاو لە خوێن و لە میرات و لە بوونە سەرۆكی وڵات پیچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە. ‏کە ئایەتەکانیشی دەبنە سەوابت! هەروەها جزیە وەرگرتن لە فەلە و مەسیحیەکان لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراوە، و دیموکراتیەت قبوڵی ناکات!‏
کاک نەوشێروان لە چاکترین حالەتدا، لەبەر دژایەتی تووندی پارتی و یەکێتی بۆ خۆیی و پڕۆژەکەی، بە چەند ڕستەیەکی وا لاستیکی و ‏چەند فاتیحە و قورئان ماچ کردنێك ویستی ڕای گشتی خەڵکی موسڵمان ودیندار، ئینجا ئیسلامییەکانیش بەڵای خۆیدا ڕاکێشێت، بێگومان ‏سەرکەوتووش بوو لەوەدا، هەتا دڵداری لەگەڵ سەلەفیەکی جیهادی وەك کرێکاریش کەوتە بەینەوە، کە وەسفی نەوشێروانی کرد وەك ‏عەدنان مەندەریس [ 1899 – 1961]‏
مەندەریس لە 1950 – 1960 سەرۆك وەزیری تورکیا بوو، توانی ئەفسانەی حزبی ئەتاتۆرك بشکێنێ و حزبی دیموکراتی ئەو ‏سەرکەوێت. کە هاتە سەر دەسەڵات ئەو ڕێکارە سێکیولارە ئەتاتۆرکیە توندڕەوانەی سووك کردەوە، وەك ڕێگادان بە بانگدان بە عەرەبی ‏و ئازادکردنی خوێندنەوەی قورئان و کردنەوەی قوتابخانە دینیەکان.‏
یانی بە کورتیەکەی دینی بەکار دەهێنا بۆ زیادکردنی شەعبیەتی و بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکان، دوور نییە ئەگەر کودەتای لەسەر نەکرابا ‏وەك ئەردۆگانی لێدەهات و دەبووە ئەو ئیسلامییە تەڵەکەبازە کە ناوەرۆکی سێکیولار ودیموکراتیەتی تورکیای بەتاڵ کردۆتەوە! یانیش وەك ‏نەوشیروانی لێدهات لە باوەڕی بە دیموکراتیەوە و بەکارهێنانی هەست و سۆزی دینییەوە ئەو کرانەوەیەی دەکرد بەسەر شەقامی ‏ئیسلامی.‏
بەڵام نکوڵی لێ ناکرێت کە ئیسلامییەکان لە سنوری ئەو کرانەوەیە جوزئیەوە ناوەستن، سیفەتێکی عەرەبیان بۆ هاتووە لەگەڵ بیروڕاکانی ‏ئیسلامیەکان، کە کورد بە پەندێك گوزارشی لێدەکات و دەڵێت: ڕەنگ نیە بە عەرەب بلێی مەرحەبا‎ ‎، ئەوەی دەیخوا ئەوی دەخاتە بن ‏عەبا!‏‎
با بزانین ئەو تێزە تا چەند ڕاستییە، وئایا شتێك هەیە بە ناوی ئیسلامی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان؟!‏ ڕای چەند نووسەرێك ‏دەخەینە ڕوو و دوایش گفتوگۆی رایەکانیان دەکەین و لەگەڵ گوتنی ڕای خۆشمان‎.‎
بیروڕایەکی زۆر جیاواز هەیە لەسەر بوونی دیاردەی ئیسلامی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەک لەسەرەتای ئەو وتارە ‏گوتمان هەر ‏یەکەی بە پالنەرێکەوە دەیڵێ!‏
بۆ نمونە حەمەسەعید حەسەنی سەر بە پارتی، ئاماژە بەوە دەدات “سەروەختێک سادات خۆی بە ئیخوانەوە هەڵدەکێشا و ‏بە پشتبەستن ‏بەوان، بە گژ چەپەکاندا دەچووەوە، زۆری نەبرد، نەک هەر لێی هەڵگەڕانەوە، بەڵکوو تیرۆریشیان کرد. ‏پێموایە چارەنووسی ‏نەوشیروان مستەفای کۆنە چەپ کە بە کۆمەکی ئیخوان، سەنگەری لە پدک و ینک گرتووە، لە هی ‏سادات رۆشنتر نابێت. بەوەدا خەباتی ‏گۆڕان لە پێناوی سەرخستنی پرەنسیپە نەگۆڕ و جێگیرەکانی ئیسلامدایە، بەوەدا لای ‏گۆڕانیش هەر ئیسلام چارەسەرە، بەوەدا سەرۆکی ‏لیستی گۆڕان، کۆنە ئیخوان بوو، بەوەدا کۆنە ئیخوانەکانی نێو لیستی ‏گۆڕان زۆرترین دەنگیان هێنا، کەواتە گۆڕانیش وەک یەکگرتوو، ‏حزبێکی ئیخوانییە، بەڵام ئەو بوێرییە شک نابات، ‏ناسنامەی خۆی ئاشکراتر بکات و پاشگری (ئیسلامی) یش بە ناوی خۆیەوە بلکێنێت‎.
ئومێد قەرەداغی، پێیوایە ئەوەی پەرلەمانتارێکی وەک “عەلی حەمەساڵح” داوای دەکات تائێستا یەکگرتووی ئیسلامی ‏داوایی نەکردووە. ‏دەڵێت: بزووتنەوەی گۆران خوازیاری دەسەڵاتی لایەنداری ئاینییە نەک دەسەڵاتێک بێلایەن بێت ‏بەرانبەر بە هەموو ئاین و تایفە و ‏نەتەوەیەک (دەسەڵاتی عەلمانی بێت).. ئومێد قەرەداغی وتیشی ” ئەگەر بزووتنەوەی ‏گۆڕان راشکاوانە باوەڕی بە دەسەڵاتێکی بێلایەن ‏بەرانبەر بە ئاین و نەتەوە و خێڵ (دەسەڵاتی عەلمانی) نەبێت، ئەوا ‏پێویستە بە جیددی هەڵوێستی لە بەرانبەر وەربگیرێت بە تایبەت پێش ‏هەموو کەس پێویستە رۆشنبیران و ئازادیخوازەکانی ‏ناو بزووتنەوەی گۆڕان بێدەنگ نەبن و رەخنەی لێبگرن، بزووتنەوەی گۆڕان ‏تەنانەت ناتوانێت وەک پارتی داد و ‏گەشەپێدان کە پارتێکی پاشخان ئیسلامییە راشکاو و بە جورئەت بێت، داد و گەشەپێدان راشکاوانە ‏دەڵێت لەگەڵ ‏حوکمڕانییەکی عەلمانیدایە و حوکمڕانی عەلمانیش پێچەوانە نییە بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام، بەڵکو زەمینە بۆ ئیسلام و ‏‏هەموو ئاینەکانی تریش دەڕەخسێنێت بە ئازادانە مومارەسەی بیر و کاری خۆیان بکەن. ‏

هاوکارییەکەت ئەمەیە، کلیک بکەرە سەر ئەم سمبولانەو ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە